بەرزان عەلی حەمە : چەرخی جەهالەتی نەجیبزادەکان .

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەمڕۆ لە یەکێک لە قوتابخانە گران بەهاکانی هەولێر بووم ، منداڵەکان هەر لە پۆلی یەکەم و دووەمی سەرەتاییەوە فێری ئینگلیزییەکی ڕەوان دەکرێن ، فێری میوزیک و ئەتەکێت و ڕەفتاری ئەوروپاییانە دەکرێن . 

من لە پۆلی یەکی سەرەتاییەوە تا زانکۆشم تەواو کرد ، هەموو ئەو پارەیەی خەرجم کرد ، تێچووی یەک ساڵی منداڵێکی ئەم قوتابخانە ئەنتەرناشناڵانە نەبوو . هیچ ڕۆژێکم بیر نایەت کە لە حانوتی قوتابخانەدا دینارێکم خەرج کردبێت . من ئەگەر قەڵەم و دەفتەرم پێویست بایە ـ نەبوو ، جانتام بویستایە ـ نەبوو ، پانتۆڵ و پێڵاوم بویستایە ـ نەبوو بۆم بکڕن ، دەشبوو دەرچم ، گەر دەریش نەچووبام ، شەق هەبوو ، لێدان و سوکایەتی و شکاندن و بوغزاندنم هەبوو .
ئەمڕۆ سەیری منداڵەکانم دەکرد ، سەیری دایکیان ، سەیری باوکیان ، سەیری پۆشاک و جل و بەرگ و ناز و بەدەمەوە چوونیان ، نایشارمەوە ، بەچاوی موحیبەتەوە نا ، بەڵام بەچاوی ڕقیشەوە نا … قووڵ قووڵ هەناسەی بێزاریم بۆ گچکەیی خۆم و منداڵی هەرچی برسی و پرۆلیتاریای گەوادە هەڵدەکێشا .
ئاخۆ ئەم منداڵانە دەبن بەچی ؟ ئەمانەی کە هەر کنتاکی و کۆپەرژینە و سوفلاکی و پیتزایان دەرخوارد دەدرێت . ئەمانەی ، کە بە فیراری و پۆرش و ڕەینجرۆڤەر و لێگزس دەهێنرێنە پێش دەرگای قوتابخانە ، ئەوانەشی کە لە 25 ساڵی رابردووەوە هەرچی خۆشبوو ، دەرخواردیان درا ، ئەدی کوان ؟ بۆ من لە شێخەڵا نایان بینم ؟ بۆ لە ئیسکان نایان بینم ؟ بۆ لە بەر بەلەدێکە و لای مزگەوتی گەورە نایان بینم ؟ ، کە ئەم هەموو قوتابخانە ئەنتەرناشناڵانەتان هەیە ، بۆچی هەر منداڵی لات و پووت و برسییەکان ، دەبنە پزیشک ، دەبنە مامۆستا ، دەبنە ئەندازیار ، دەبنە ئەفسەر و پێشمەرگە ؟! دەبنە خزمەتکاری ئەم کاولە وڵاتە ؟! دەبنە من ، منی برسی ، منێک کە تێچووی 30 ساڵی تەمەنم ، خەرجی تەنیا یەک مانگی ئێستای منداڵەکانی ئێوە نیە !! دڵنیام تێچووی 30 ساڵی ئایندەشم ( کە لە خوام داوایە 10 ی تریش تێنەپەڕێنم ! ) ، خەرجی یەک مانگی ئێستای خۆتان نابێت .
من رقم لە هیچ منداڵێک نیە ، هیچ منداڵێک تاوانی نیە کە بابی پارەدار و نەمرود و زیوس و ئاپۆلۆیە ، بەڵام پەست دەبم ، چونکە دەزانم هیچ یەکێک لەم منداڵانە کە لەم ئاستە بەرزەدا خوێندن تەواو دەکەن ، دوواتر بەژیانی ئێرە ڕازی نابن ، چونکە دایک و باوکەکانیشیان بۆ ئەوەیان پێ ناگەیەنن تا لێرە بمێننەوە ، ئەوان ئامادەیان دەکەن بۆ ژیانە ئەوروپاییەکە ، دەی خۆ ئێرە موختەبەر نیە ، تا ئەوان منداڵەکانیان ، بۆ ژیانی پاریس و بەرلین و نیۆرک و ڤییەننا تیا رابهێنن !!
من نایشارمەوە ، تا منداڵی فەقیرێک وەستا بێت ، چاوم بە بەچکەی پارەدارەکاندا هەڵنایەت ، لە نەوەی سەرۆکەوە بۆ مدیر ناحییەیەک ، موحیببەتم بۆی نیە .
دڵنیام ئەوەی ئەوان بۆ منداڵەکانیانی دەکەن ، نیوەیمان لەبەردەستا بووایە ، شکۆ و توانامان سنورەکانی دەبڕی .
من بەباشی تێدەگەم ، واقعەن هەولێر ـ پاریسە ، سلێمانی ـ بەرلینە ، دهۆک ـ ڤییەننایە ، بەڵام من ، تۆ … لە بەشە سۆماڵەکەیدا دەژین .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت