نەوزادی موهەندیس : ڕێكەوتنەكەی یەكێتی وگۆڕان لەنێوان تاكتیك و ستراتیژی سیاسیدا .

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕۆژی 17/5/2016 ڕۆژی واژۆكردنی ڕێكەوتنامەكە ڕێك 6 ساڵ و 8 مانگ تێپەڕدەبێت بەسەر جیابونەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە 25/7/2009 دا . لەو ماوەیەدا گرژی و ئاڵۆزیەكی توند و گەرم كەوتە نێوان ئەو دوو هێزەوە كە هەردووكیان سەر بە یەك قوتابخانەی سیاسی و فكری و ئایدۆلۆژین و یەك ناوچە و پێگەی جەماوەری و یەك تێڕوانین و تاكتیك و ستراتیژی سیاسیان هەیە و مێژوویەكی 36 ساڵەی خەباتی شاخ و شاریان پێكەوە هەیە ، سەرەڕای جیاوازی لە بیروبۆچون و نەخشە ڕێگا و كارەكتەرە سیاسیەكانیان . هەرئەم خاڵە كۆك و هاوبەشانە بونەهۆی ئەوەی كە جارێكی تر و لەم ماوە كورتەی دابڕانەدا هەست بە پێویستبونی كاری هاوبەش و لێكنزیكبونەوە و تەنانەت لە ئایندەشدا یەكگرتنەوە و تێكەڵاوبونەوەش بكەن . و بەهەردوولایان بتوانن كە ئەم قۆناغە سەخت و دژوارەی كە بەسەر مەسەلەی كوردا هاتوە و بەتایبەتیش لە باشووری كوردستاندا تێبپەڕینن .
ئاشكرایە ئەم دۆخە سیاسیەی ئێستای باشووری كوردستانی پیادا گوزەر دەكات هیچ مایەی دڵخۆشی نیە ، بەڵكو گەر بەراوورد بكرێت بە گەورەیی و مەترسی تەحەدا سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و سەربازیەكان ئەوا زۆر مەترسیدار و تاریك دەبینرێت ، هەربۆیە وەك وەڵامدانەوەیەكی ووردبینانە و دووربینانە بۆ ئێستا و ئایندەی مەسەلەی كورد لەم بەشەدا دەبوو كاردانەوەیەكی بەهێز و ستراتیژی بنوێنرێت كە وەڵامدەرەوەیەكی ڕاستەقینە و بەهێز بێت بۆ هەموو ئەو تەحەدایانە . كورد لە ڕووی سیاسیەوە ماڵێكی لێكترازاو و دوور لەیەك و دڕدۆنگی سیاسیدایە و هیچ لێكتێگەیشتنێكی سیاسی و هیچ ئیجماعێكی سیاسی نیە لە نێوان سەركردە و پارتە سیاسیەكاندا لەسەر مەسەلە نیشتیمانی و نەتەوایەتیەكان ، لەڕووی ئابوریەوە هەرێم لە دۆخێكی زۆر دژواری دارایی و ئابوری و بێ‌ بازاڕی و بازرگانیدایە . زۆر گەڕاوەتەوە بۆ دواوە و بێكاری و هەژاریەكی توند بەرۆكی تاك بەتاك و خێزان بەخێزانی میلەتەكەمانی گرتوە، هەرئەم هۆكارەش بۆتە هۆی تێكچوونی باری كۆمەڵایەتی و ئاشتی كۆمەڵایەتی خستۆتە مەترسیەوە، ئەمە سەرەڕای مەترسیە گەورەكەی شەڕی تیرۆریستانی داعش و كاریگەریە خراپەكانی لەسەر كۆی ژیان و گوزەرانی میلەتەكەمان . و تێكچوونی پەیوەندیەكانی نێوان هەرێم و بەغداد لەلایەك و لەگەڵ دەرودراوسێكانیشدا لەلایەكی ترەوە و كاریگەری هەموو ئەم دۆخە ئاڵۆزانە و تێڕوانینی زلهێزەكانیش بۆ چارەنوس و ئایندەی هەرێمەكەمان لێڵ و تاریك ببون. ئەم ڕێكەوتنە بۆ خۆی هۆكاری خۆیی و بابەتی هەبوە و هەردوولا لە پلەی یەكەمدا پێویستیان بەم ڕێكەوتنە هەبوە چونكە هەردوولایان لەناوخۆی خۆیاندا لەدۆخێكی سیاسی و ئابوری باشدا نەبون و گیردۆدەی ململانێی سیاسی و باڵباڵێنە ببون وتاڕادەیەك نەیاندەتوانی درێژە بەو دۆخەی خۆیان بدەن هەربۆیە هەردوو لا بە تێگەیشتن و تێڕوانینێكی ستراتیژیانە هاتونەتە پێشەوە نەك وەك تاكتیكێكی سیاسی و یەكتر فریودان و بەدەستهێنانی دەسكەوتی بچوكی حیزبی لەسەر حسابی لایەنەكەی تر .
بۆیە ئەم ڕێكەوتن و نزیكبونەوەیەی ئەم دوو هێزە سیاسیە گەورە و كاریگەرەی هەرێم و عێراق و ناوچەكەش هۆكارێكی باش بوو بۆ تێپەڕاندنی قۆناغەكە و شڵەقاندنی گۆمی مەنگ و چەقبەستوی هەموو دۆخەكان . هەربۆیە ئەم ڕێكەوتنە كاریگەری باشی دەبێت لە ئایندەدا لەسەر هەمو ئاستەكان لەناوخۆی هەرێم و عێراق و ناوچەكە و تێڕوانینی زلهێزەكانیش ، چونكە دابەشبوونی گوتار و كرداری كورد و نەبوونی یەكهەڵوێستی پتەو و بەهێزی ناوخۆیی لەبەرامبەر بەغداد و دەوروجیرانیش پێگەو و گوتاری كوردی لاواز كردبوو ، ئەم ڕێكەوتنە بەدڵنیایی دۆخی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و سەربازی كوردستان دەگۆڕێت و دەیباتە قۆناغێكی هەڵكشاوترەوە و نزیك لە چارەسەریەكان .
ئایندەی ئەم ڕێكەوتنامەیە و سەركەوتنیشی بەندە بە نیەتی ڕاستەقینەی هەردوولاوە بۆ سەرخستنی و ئەمەش پەیوەستە بە متمانە بەیەكتر كردن و هەوڵدانێكی لێبڕوانە و خەمخۆرانە بۆ گەیشتن بەمەبەستە ڕایستەقینەكانی كە هەموو خاڵەكانی ناو ڕێكەوتنەكە لە خزمەتی بەهێزكردنی حكومەت و دەسەڵاتی كوردیدایە لەم هەرێمەدا ، كە حیزب و لایەن و سەركردە سیاسیەكان ئەركیانە كە ئەم دەسەڵاتە تۆكمەتر و بەهێزتر بكەن و درێژە بەمانەوەشی بدەن . ئەم ڕێكەوتنامەیە و ئاینەدەكەشی لە دوو ڕیانێكدایە لەنێوان دژەكان و لایەنگرانیدا، لەناوخۆی دوو حیزبەكە و لەسەر ئاستی هەرێم و ناوچەكەش كە هەریەكەیان بە هۆكارێكەوە نایەنەوێت ئەم ڕێكەوتنامەیە سەركەوتووبێت . هەربۆیە ئەركی هەردوو حیزبە كە هەوڵی جدی و گەرموگوڕ بدەن بۆ تێگەیاندن و ڕوونكردنەوەی مەبەست و نیەتەكانی پشت ڕێكەوتنەكە و بۆئەوەی متمانەی هەموان بەدەستبێنن و لەبەرەی دژەوە بیانكەنە بەرەی لایەنگر و پشتیوانی ڕێكەوتنامەكە و تێیان بگەیەنن كە ئەم ڕێكەوتنامەیە دژی هیچ حیزب و سەركردەیەك نیە و تەنهاوتەنها لە پێناو بەرژەوەندی باڵای میلەت و نیشتیمان و نەتەوەدایە و بریتیە لەستراتیژێكی دووربینانەو كوردانەی ڕاستەقینە نەك تاكتیكێكی ڕۆژانەی سیاسی .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت