دکتۆر محەمەدئەمین عەلی : ڕۆشنبیر بەعەقڵیەتى پاش زەبر ـ بەشى دووەم .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەزنجیرە نووسینى هەموومان نەخۆشین ـ کۆنیشانەى پاش زەبر .

پێش ئەوەى سەرلەنوێ پێناسەى ڕۆشنبیر بکەینەوە وەک ڕێبین هەردى لەچاوپێکەوتنێکى گۆڤارى ڕامان ئەڵێت : کاتێک باسى ڕۆشنبیرو ناڕۆشنبیر ئەکەین پێویستە بچینە سەرو ئەو بەها ئەخلاقیەوە کەکارەکانى مرۆڤ بەسەر دووتەوەرى دژبەیەک ( چاکە و خراپە ) دابەش ئەکات ، واتا ووشەى ڕۆشنبیر بەماناى چاک و ناڕۆشنبیریش بەماناى خراپ نایەت ، ئەکرێت لەناو ڕۆشنبیریش وەک کەسانى دى بەرێژەى جیاواز باش و خراپ بوونى هەبێت ، زۆر جار کاریگەرى ڕۆشنیرى خراپ نزیک دەبێتەوە لەکاریگەرى سیاسى بەدناو خراپ  .

بەشێوەیەکى گشتى ڕۆشنبیر کەسێکى هەڵسوڕاوى بیرکەرەوەى هۆشمەندە لەڕووى فەلسەفى و مەعریفیەوە لەقوڵایى ئایدۆاوجیا دژبەیەکەکاندا دێت و دەچى بەڵام هەردەم لەپرۆسەى بیرکردنەوەدایە بۆگەیشن بەحەقیقەت  ، دنیابینى خۆی تەرح ئەکات نەک فەرزى بکات ، بەنیازى ووروژاندنى پرسیارو کردنەوەى دەرکەمە عریفیەکان ، بەمەرجێک بەرژەوەندییە تایبەتەکانى کارنەکاتە سەردیدو پرۆسەى بیرکردنەوە و هەڵوێستى فەلسەفى و مەعریفی لەپێناو گەیشتن بەحەقیقەت بەومانایەى رەخنەو پرسیارکردنى بەردەوام  شوناسى ڕۆشنبیرە  .

ئەوەى پێى وایە ڕۆشنبیر شتەگەلێکى زۆر جیاوازە لەمرۆڤەکانى دى ، لەهەڵچوون و داچوونى عەقڵى و دەروونى بەدوورەو هەڵە ناکات بێئاگایە لەدونیاى فیکرى فەلسەفى و مەعریفى و زانستى دەروونى مرۆڤایەتى ، ئەوەى  ڕۆشنبیر لەڕۆشنبیرێکى دى جودا ئەکاتەوە  ( رۆشنبیر بەعەقڵیەتێکى تەندروست لەڕۆشنیربەعەقڵیەتى پاش زەبر ) چۆنێتى تێڕوانینێتى بۆ ژیان و چەمکەکانى بەعەقڵیەتێکى کراوە دوورلەعەقڵیەتى کلاسیکى و باوى کۆمەڵگا ، سەر لەنوێ تەرحکردنەوەى بەفۆرمیکى جیاوازتر لە پێشو ، بەمەرجێک لەپێناو بەرژەوەندیەتایبەتیەکانى خۆى سازش لەو حەقیقەتە نەکات کەبەردەوام لەبیرو هۆشیدایە سەبارەت بەژین و ژینگە لەڕووى فەلسەفى و مەعریفیەوە ، واتا پێویستە ڕاستگۆبێت لەگەڵ خود پێش کۆمەڵانى خەڵک ، هەڵبەتە بۆئەم مەبەستە ئەبێت ئاگادارى گشت جوڵە فیکرى زانستیەکانى پێشوى خۆى و سەردەمەکەى بێت و هەردەم لەپێناو گەیشتن بەڕاستیەکان کۆڵ نەدات ، ئەمە بێجگەلەوەى نابێت دیدوتەرحەکانى خۆى فەرزبکات بەسەرکەسدا . 

 لەوەڵامى ئەم پرسیارەدا ئایا رۆشنبیر وەک کۆمەڵانى خەڵک توشى کۆنیشانەى پاش زەبر دەبن ؟

لەوەڵامدا ئەتوانین بڵێین : بەڵێ ڕۆشنبیریش وەک هەمووکەسانى دى توشى تەنگژەى پاش زەبر ( کۆنیشانەى پاش زەبر ) دەبن ، بۆ ڕۆشنبیر ئادەمیزاد نییە ؟  فیسیۆلۆجى جەستەیى و دەروونى لەمرۆڤەکانى دى ناچێت ؟ هەستى جەستەیى و دەروونى لەدەستداوە ؟

 هەڵبەتە وتارەکەى نەبەز گۆران لەژێر ناونیشانى ( سۆرانیە ئاست نزمەکانى ناو پارتى ) لەبرى من وەڵامى ئەم پرسیارە ئەداتەوە ، بێگومان ڕۆشنبیر شتەگەلێکى جیاواز نییە لەئێمەى ئادەمیزاد ، فیسیۆلۆژى جەستەیى و دەروونى لەمرۆڤەکانى دى ئەچێت ، لەدەستنەدانى هەستى جەستەیى و دەروونى وەک مرۆڤ  سەلمێنەرى ئەو راستیەن کەئەشێ رۆشنبیریش بەعەقڵیەتێکى تەندروست  ( عەقڵانى ) یاخود بەعەقڵیەتێکى ناتەندروست ( عەقڵیەتى پاش زەبر ) بیربکاتەوە وەک هەموو تاکێکى گۆمەڵگا ، هەرچەندە بەڕێز ( نەبەز گۆران ) ئەم جۆرە کاردانەوەیە لەبیرکردنەوەو هەڵسوکەوت وەک دیاردەیەکى نێو ڕۆشنبیرە سۆرانیەکانى ناو پارتى دیموکراتى کوردستان دەشتنیشانکردووە  بەڵام دەستنیشانکردنە وهۆکارەکانیشى گشتگیرنین  .

 ئەوە تەنیا ڕۆشنبیرەکانى ناو پارتى و سۆرانییەکانى نین ئاستیان نزمە ، لەناو گشت پارتەکانى کوردستان و عیراق و ناوچەکەش ڕۆشنبیرى لەو جۆرە هەن بەکوردو عەرەب و تورک و فارس و … تاد . سۆران وکرمانج و … تاد . لەناو گشت ئایین و مەزهەبەکان ، ئەمە پەیوەندى بەعەقڵیەت ودەروونەوە هەیە نەک خێڵ و بنەماڵەو نەتەوەو حیزبێکى دیاریکراو  ؟! پەیوەندى بە ستراکتورى عەقلى و مەعریفى کەسایەتیەکان هەیە نەک پیشەو ئاستى زانستى ؟! .

بەڕێز نەبەز گۆران هۆکارى ئەم ئاست نزمانە ئەکات بەسێ تاقمەوە :

تاقمى یەکەم / پێشوتر لەسەردەمى بەعس قەڵەمى بەعس بوون واتا بەعسى بوون .

 تاقمى دووەم  / ئەوانە کوڕەجاش بوون پەروەردەکردنەکەیان پەیوەندى بەڕابردووە هەیە .

 تاقمى سێهەم / ئەوانەن کەلەحیزبێکى ترەوە چونەتە ناو پارتى بۆ پەیداکردنى پارویەک بنکڕى چەوەر ، بەڵام مەرج نییە ئەوەى پێشوتر بەعسى بووبێت ئاستى نزم بێت ؟ ئایا هەموو بەعسیەکانى ڕابردوو ئاستیان نزم بوو ؟ بۆ لە ناو پارتەکانى ترى کوردستان ئاست نزم و بەعسى تێدا نییە ؟ مەرج نییە ئەوەى کوِرەجاش بووبێت ئاستى نزم بێت ؟ کۆرەجاش هەیە زۆر بەڕێزە ، ئاستى فەلسەفى و زانستى لەبەناو شۆڕشگیرەکان بەرزترەو ئێستا لەناو پارتەکانى دى کوردستان خاوەن بڕیارو باوەڕپێکراوە ، مەرج نییە لەپارتێکى تروە چووبێتە ناو پارتی یاخود پارتێکى سیاسى  تر ئاست نزم بیت ؟ ئەوە پەیوەستە بۆ هۆکارى وازهێنانەکە ، بەتایبەتى ئەوانەى لەخەمى سەنگەر گواستنەوەو بەرژەوەندى تایبەت نین ، ئەوە پەیوەندى بەبیروباوەڕو ستراکتۆرى فەلسەفى و مەعریفیەوە هەیە ؟ زۆرێک لەوانەى حیزبەکانیان بەجێهێشتووە کەسانى خاوەن روئیاو بۆچوونى مرۆڤدۆستى کامڵى خۆیانن ، لەو دیدەوە وازیان هێناوە ، مانەوەیان لەشوێنى خۆیان ڕازیبوونە بەو واقیعە دڵتەزین و ئابڕوبەرە لەگەندەڵى سیاسى ، ئابوورى ، کۆمەڵایەتى و بازرگانیکردن بەنیشتمان و مافەکانى مرۆڤ ، تاکە هەڵبژاردە  بۆدەربازبوون لەبەرپرسیارێتى و گەرانەوەى شکۆمەندى وازهێنانە  .

 ئەم ئاست نزمیە لەجنێودان سوکایەتیکردن و پەلاماردانى غەیرى خود کاردانەوەى ئەو کارەساتە یەک لەدواى یەکانەیە کەبەسەر میللەتى کورد هاتوون لەناویشیاندا ڕۆشنبیرەکانن ، ئەمە جۆرێکەلەنەخۆشى ( کۆنیشانەکانى پاش زەبر یاخود تەنگژەى پاش زەبر ) لەناو کۆمەڵانى خەڵک بەڕێژەیەکى کەم هەن ، بەڵام لەناو پارتەسیاسیەکاندا ڕێژەیان زیاترە لەسەر ئەو بنەمایەى ئەمانە هەلپەرست و خۆپەرستن تەنیا لەڕێگەى حیزب و دەستڕیشتووەکانەوە ئەگەنە ئەو ئامانجەى  دەیانەوێت ، تەنانەت لەپێناو بەرژەوەندى خود ئامادەن ڕاستیەکان لنگەوقووچ بکەن ، درۆکان وەک حەقیقەتێکى جوان پشانى کۆمەڵانى خەڵک بدەن ، ئەمانە بەتەنیا فەرهەنگى سیاسى و حیزبیان پۆخڵ نەکردووە ئەوە حیزب و سیاسیەکانن فەرهەنگى سیاسى و حیزبیان پۆخڵ کردووە  .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بەهاوڕێکانت

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت