عیماد عەلی : کورد وەک خاڵی هاوبەشی گەمەکانی روسیا ئەمریکا لە ناوچەکەدا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئەمرۆش بارودۆخی نوێ و هاوکێشە گرنگەکانی ناوچەکە و تایبەتمەندی کاتەکەیان بە جوانی و زانستیانە وەک خۆی و پێویستیەکانی خۆیان و وڵاتانی پەیوەست بەو هاوکێشانەش ، نەخوێندۆتەوە و ، تەنها لە بیرێکی تەسکی بچوکی ململانێی ناوخۆی خۆیانەوە مامەڵە لەگەڵ ستراتیجیەتی سیاسەتی وڵاتان و بە تایبەتی هەردوو وڵاتی زلهێزی دونیا و تازەگەریەکانیان دەکەن و ، نازانن ئەم حاڵەتە دەگمەنەی لە رەخساندنی زەمینە بۆ بەدیهێنانی ئامانجە گەورەکەی کورد هاتۆتە ئاراوە چۆن قازانجی لێ بکەن ، بە تایبەتی گەر بزانن لە تێکچرژانی پاش بەریەککتەوتنی سەرجەم بەرژەوەندیەکانی ئەوان و دەردانەکانی مامەڵە تازەکەی زلهێزاەکان لەگەڵ رۆژهەڵاتی ناوەراستدا ، کورد هیچ زەرەرێک ناکات و، بگرە زۆر جار بێ ئەوەی ئاگای لێبێت کورد بۆتە فاکتەری هاوسەنگی کارلێکی بەرژەوەندیەکانی زۆرینەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی جیهان و ناوچەکە ، ئەمەش بە تایبەتی لەو بارانەدا زیاتر دەبینرێـت کە پەیوەستن بە مامەڵەکردنی وڵاتان لەگەڵ کێشە سەرەکیەکانی ناوچەکە لە لایەک و لەگەڵ کوردیشدا لە لایەکی ترەوە ، بەتایبەتی گرنگی و پێگەی کوردی رۆژئاوا و باکوور لە ئاست هاوکێشەی ناوچەکە بەگشتی، پلەیەکی زێرینی هەیە .
چۆن ؟
سەرەرای خاڵە ستراتیجیە زەقە جیاوازەکانیان ، کە بە ئاشکرا دیارن ، بەڵام بۆ یەکەم جارە لە مێژووی سەردەمی ئەم ناوچەیە ، روسیا و ئەمریکا لە زۆر بواردا بەیەک دەگەن و بەرژەوەندی و رێرەوی پێداویستی تەکتیکی خۆیان وا بەسەریاندا فەرز دەکات کە ئەگەر بە مەبەستی کاتییش بێت هەماهەنگی بکەن و ئەرکە گرنگەکانیان لەم ناوچەیە بە هاوبەشی و هاوکاری یەکتر رایی بکەن .
ئەگەر تێبینیمان کردبێت ، تەنانەت پابەندبونی خۆیان بەو ئەرک و ئیلتزاماتانەی لەسەریانە لە گەڵ وڵاتە هاوپەیمانەکانیان لە ناوچەکەدا سست بوونەتەوە و زۆرێک لە لایەنە کاریگەریەکانی پەیوەندیەکانیشیان فەرامۆش کردووە ، تەنها لەبەر گەیشتن بە ئامانجێکی دوور مەودای خۆیان . لەم بارەوە ئێوە سەیری مامەڵەی ئەمریکا و سعودیە و تورکیا بکەن و ، لەبەرامبەردا سەیری مامەڵەی روسیا و ئێران و سوریا بکەن ، کە چەندین جار بە پێی پێویستی هاوپەیمانێتیەکانیان کارناکەن ، بە شێوەیەکی جیاواز لەوەی کە لە زەمانی شەری ساردا لە ئارادا بوو بەرێوەدەچێت . بۆیە لە تەکتیکدا کاری هاوبەشیش ئەنجام دەدەن بێ گوێدانە تەنانەت بەرژەوەندی هاوپەیمان و پاشکۆکانیان لەم ناوچەیەدا .
لەمەدا زۆر خەڵک بۆ ئەوە دەچن ، کە دارشتنەوەی هاوپەیمانێتی و هاوکاری و پەیوەندیەکانی وڵاتان ، سەردەمێکی نوێ بەخۆیەوە دەبینێت و دووبارە وڵاتان لەسەر رووبەرێکی نوێ بە مەرج و پێویستی تازەوە بێنە مەیدانی مامەڵە کردن لەگەڵ یەکدا ، ئەمەش لە چەندین رووە هەندێک فاکتەری سەرەکی رێکیدەخات ، کە پێویستە کورد لەبەرچاوی بگرێت :
A – خۆ فەرزکردنی مامەڵەی هاوبەش لە لایەن ئەو دوو زلهێزە لە باری ئابووری و زەرورەتی تەنازولی سیاسی و بە پێچەوانەشەوە راستە ، بە توندی خۆی سەپاندووە ، ئەمەش لە پێناو مانەوەی زاڵبونی خۆیان، کە روویەکی نوێ و کارێکی نوێ یە لە مامەڵە کردنی وڵاتانی زلهێز لەگەڵ یەکتری و لەگەڵ ناوچەکەشدا .
B – پێویستیەکانی گۆرینی پلانە سیاسیەکەی خۆیان لە ناوچەکەی ئێمە و راماڵینی نەخشە دەستکردە کۆنەکەی ئێرەی خۆیان و و چەسپاندنی رووبەرێکی نوێ و گۆڕاو لە ئاست پێکهاتەکانی ناوچەکە لە لایەک و ، هاتنە پێشەوەی کاراکتەری نوێی وەک کورد لەم قۆناغەدا و ، ئەمازیغ و زۆرێک لە نەتەوە و کەمە نەتەوەی تری وەک ئازەر و چەرکەس و دورز لە قۆناغی دواتردا ، لە لایەکی ترەوە .
بۆ یەکەم جارە لە مێژوودا کورد لە یاری و تەکتیکەکانی روسیا و ئەمریکا لەناوچەکەدا ببێتە یاریکەرێکی سەرەکی و جێ متمانەی هەردوو (جەمسەرە گەورە گۆڕاوەکە ) لە کاتێکی هەستیاری وادا کە هەمووان چاوەروانی گۆرانکاری گەورە لە ناوچەکە دەکەن . دیارە ئەمە لە رووی بابەتیەوە قازانجێکی یەکجار گەورەی بە پرسی کورد گیاندووە و، هەر ئەمەش وایکردووە کە تا رادەیەک بە زەقی بە لایەکدا نەشکێتەوە، نەک لەزۆرزانی کورد خۆی بێت و ، تەنانەت لە رێرەوی سیاسەتی دوو هێزە جیهانیەکە پێویست بەوە ناکات کە تەوەربەندیەکە دابەشبونی کوردی بەسەردا فەرز بکرێت ، بەڵام کورد بە تایبەتیش دەسەڵاتی کوردستانی باشوور بە خۆی دەیەوێت سەرجەم هێلکەکانی بخاتە سەبەتەی یەکێکیانەوە وەک چۆن لە کاری دابەشبونی میحوەربەندی ناوچەکەدا ، هەر لایەک سەرجەم هێلکەکانی خۆی خستۆتە سەبەتەی وڵاتێکی ناوچەکەوە ، بێ ئەوەی تاکە باریکەهێڵێکی گەرانەوەیان بۆ خۆیان دانابێت ( کەچی کورد تا ئێستا بە پێوەری زەمانی سارد واقعی نوێی سیاسەت لەم ناوچەدا دەخوێنێتەوە ، ئەمەش دواکەوتویی نزمیی بیری دەسەڵاتی سیاسی و بێچارەیی میلەتەکەمان دەردەخات ، لەوەی کە توشی ئەم عەقڵ و فکر و بۆچونە تەسک بینانە بۆتەوە و تا ئێستا ئەگەری دووبارە شکستهێنانی پرسەکەیان بە زیندویی هێشتۆتەوە ) .
ئەو مامەڵە بەرچاوەی لە رووی ستراتیجیەوە لەگەل رۆژهەڵاتی ناوەراستدا دەکرێت ، هیچ دەردانێکی زەرەرمەندی بۆ کورد تێدا بەدیناکرێت و ، یان وردتر بڵێین لە مەودایەکی بینراودا دەردانە زیانبەخشەکان بەرچاو ناکەون و ، بۆماوەیەکی تر رۆڵی کورد لە ئاست ئەو تازەگەریانەی لە ستراتیج و تەکتیکی هەردوو زلهێزەکەی جیهان و پەیوەندیەکانیان و روانینیان بۆ ئەم ناوچەیە بەردەوام دەبێت و ، لە کرۆکی بەرژەوەندیەکانیانە بیخەنە بازاری کارلێکەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراستەوە و بە تایبەتی لەم چەقی شڵەژان و وروژاندنەی کە وڵاتانی دەروەروبەری کوردستان بە خۆیەوە دەیبینێت . لەمەشدا وا پێشبینی دەکرێت پێگەی کورد بە جێگیری بمێنێتەوە ، کەچی لە بەرامبەردا خۆی سورە لەسەر لەدەستدانی هەلە زێرینەکان و کاتەکە بە فیرۆ دەدات ؛ یان لە شوێنی خۆیدایە و چەفی بەستووە یان بی هیچ پێشکەوتنێکی ستراتیجی پێویست رێدەکات ، یان توشی شکست دەبێت، یان دەگەرێتەوە بۆ قۆناغی پێشتر و قوربانیەکان بە خەساردەدات ، ئەگەر هەر وا بەم شێوەیە سیاسەت و ململانێ و کێبرکێ بکات و لەسەر ناکۆکیە نێوخۆییەکانی بەردەوام بێت .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بەهاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت