کاردۆ محەمەد : بێ دەنگییەکی کوشندە هەستی پێدەکرێت .

دەرکەوتنی ( ئا – که – پە ) وەک ڕەوت و شێوازێکی نوێی کاری سیاسی ، بە سود وەرگرتن لەو پاشخانە ئیسلامییەی هەیبوو ، بەدەرفەت وەرگرتن لە سیستم و شێوازی حوکمڕانی تورکیا ، توانی لەماوەیەکی کەمدا زنجیرەیەک سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستبێنێت و پاشەکشە بە کەمالیزمی تورکی بکات . خۆی وەک فریادڕەسی هاوڵاتیان و خۆ نمایشاکاریی ڕەوتی ئیسلامی میانڕەو نمایش بکات .
هەر لەو سۆنگەشەوە پرۆسەی ئاشتەوایی کرانەوە بەڕووی کیشەی کورددا یەکێک بوو لە درووشم و ئامانجەکانی کارکردنی سیاسی لە گۆڕەپانەکەدا ، بەڵام پاش ئەو زنجیرە سەرکەوتنە و پتەوکردنی بنەماکانی حوکمڕانی خۆیان لە زۆرێک لە جومگە سیاسی و ئیدارییەکانی ئەو وڵاتەدا ، زۆری نەبرد خواست و خەونی سوڵتانیزم بەرۆکی ئەردۆگانی گرت و ئیدی هەنگاوەکانی بۆ تاکڕەویی و گۆرینی سیستەمی حکومرانی تورکیا دەستپێکرد .
ئەمەش بە ئیستغلالکردنی پێگەی تورکیا لە جەمسەرگیریەکانی ناوچەکە و گەڕانەوە بۆ خەونی خەلافەت . ئەم دیدە ڕۆژهەڵاتییە خویندنەوەیەکی هەڵەی بەخشیە ( ئاردۆگان و ئاک پارتی ) و تیۆری بە سفرکردنی کێشەکان لەناوچەکە زۆر بڕی نەکرد و بە پێچەوانەوە هەڵگەڕایەوە و لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە و دراوسێ ، لەبری سیاسەتی ( سفر کێشە ) کەوتە ململانێ و کێشەی قوڵەوە . بەتایبەتیش پشتیوانی کردنی ڕەوتە تیرۆریستیەکان بۆ پاراستنی پێگەی تورکیا لە ناوچەکە ، تا گەیشتە گوشار دروستکردن لە سەر ئەوروپا بە دەرگاکردنەوە بۆ کۆچبەران .
لەئاستی ناوخۆشدا دوای سەرکەوتنی بەرچاوی ( هەدەپە ) لە هەڵبژاردنەکاندا ئیتر ئەو حیزبە نەیتوانی سیاسەتی دەمامکدارانە درێژە پێ بدات ، تا گەیشتە سیناریۆی دوبارە هەڵبژاردنەکان و دواتریش بە بیانوی جۆراجۆر کەوتە پەلاماردانی ناوچە کوردنیشینەکان و تیرۆرو کوشتنی هاوڵاتی و خەڵکی سڤیلی ئەو ناوچانەو خاپورکردنی دەیان گوند و ناوچەی کوردنشین . لە دوای ئەم کردەوە سەربازییە نامرۆییانەی تورکیا بەرامبەر هاوڵاتیانی کورد ، ئەگەر دونیا لەبەر بەرژەوەندی خۆیان بێدەنگیان لە ئاست ئەم جینۆسایدەی تورکیا هەڵبژاردبێت ، هەروەک چۆن پێشتر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبەرامبەر ڕوداوەکانی بەعس لە پرۆسەی بەدناوی ئەنفال و هەڵەبجە لە باشور بێدەنگییان هەڵبژارد ، بەڵام سەرەنجام ئەم بێ دەنگییە درێژە ناکێشێت و لە ئێستادا ڕۆژ بەڕۆژ ئاردۆگان و تورکیا لە ناوچەکە بەرەو گۆشەگیریی و دەرکەوتنی ڕوخساری ڕاستەقینەی دەڕوات .
ئەو شێوازە فەرمانڕەواییەش بەرەو کۆتایی دەچێت ، بەتایبەتیش دوای پەرەسەندنی ڕووداوەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا و پشتیوانی هاوپەیمانان لە ( پەیەدە ) دەرگایەکی تر بەڕووی ستەمکاری تورکیا داخست و پرسی نەتەوەیی کوردی بردە ئاستیکی باڵاتر ، بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانییە سەرەڕای ڕەوشی پڕ ئاڵۆز و تەنگەژەکانی هەرێمی کوردستان ، کە دەرەتانی چارەسەریی کێشەکانی خۆی نییە ، کەچی لە ئاستی فەرمی و تاڕادەیەکیش جەماوەریدا بێدەگییەکی نا ئاسایی لەبەرامبەر جینۆسایدکردنی گەلی باکور هەست پێدەکرێت ، ئەگەر ئەم بێ دەنگییە بۆ بێ باکی ئەم دەسەڵاتەی باشور بگەڕێتەوە ، بەڵام ڕەوا نییە لە ئاستی خەبات جەماوەریدا لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بێ دەنگییەکی کوشندە هەستی پێ دەکرێت .