کاوسێن بابەکر : کاک مەلابەختیار قسەی دڵی هەموومانی کرد .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 

لەناوەرۆکی قسەکانیدا خەمێکی گەورە نمایان بو ، بەردەوام پیداگری لە بەرپرسیارەتیەکی گەورەتر دەکرد ، گەورەتر لەڕێکەوتنەکان ، ڕێکەوتنی ستراتیژی یەکێتی پارتی ، گەورەتر لە ڕێککەوتنامەکانی ئۆپزسیۆنی پێشوو ، گەورەتر لە ڕێكەوتنامەی ئەم دواییەی گۆڕان و یەکێتی . بەرپرسیارەتیەک هەموان شانی بدەنەبەر دوور لەڕقی حزبی وتەماحی کەسی ، هەر ئەو بەرپرسیارەتیەش تەبایی و یەکڕیزی دێنێتەدی و ئەو یەکڕیزیەش پێشمەرجی سەرخستنی ئامانجی دوورو نزیکی گەلەکەمانە .

کاک بەختیار پشتیوانی سەرخستنی ڕێکەوتننامەکەیە تاڕادەی تێکەڵبوونەوە ، ئەو خاڵانەی ڕەخنەشی لێگرتن تەنها لەبەر ئەوەیە دەبنە ڕێگر لە وەدیهاتنی ئەم بەرپرسیارەتیە دەستە جەمعیە کە زەرورەتی یەکڕیزیە ، ڕێکەوتنێک دەبێ هەموان خەون و خولیاکانی خۆیانی تێدا ببیننەوە نەک دوور بخرێنەوەو خۆیانی لێ بەنامۆ بزانن ! یان خاڵی کۆسپ ئاسا دابنرێ و ئەوی تر نەتوانێ لێی نزیک بێتەوە ، یان دەستی یەکێتی ببەستێ لە گفتوگۆ و دانوسان لەگەل لایەنە ناکۆکەکان و ئەویش بکەوێتە قۆرتی لێکدابران !

سەرلەنوێ کاراکردنەوەی پەرلەمان پێویستی بەدانیشتن و سەرلەنوێ تەتەڵەکردنی بیرۆکەو پێشنیاری نوێێە نەک سور بوون لەسەر بیرۆکە کۆنەکان ، یەکڕیزی پێویستی بە لێبوردەییە نەک گەورەکردنی هەڵەکانی یەکتر ، هەموان چۆن کاریی باشیان هەیە بێ هەڵەو پەلەش نەبوون ڕێگری پارتی لە سەرۆکی پەرلەمان و ئاودیوکردنەوەی وەزیرەکان هەڵەی یاسایی و گەورەبوون ، بەڵام نابێ بەهەڵەی تر وەڵام بدرێنەوەو پارتیش  نابێ سوور بێ لەسەر ئەم هەڵانە ، دەبێ کاک مەسعود چ کاک نۆشیروان دەستپێشخەری گەورەبکەن مەرجی گەورەیی سەرکردە دەستپێشخەری گەورەیە ، واتا پیاوی مەزن بەدەستپێشخەری گەورە دەناسرێتەوە دەنا بۆ پێی دەڵێن پیاوی گەورە .

کاتێ  جەنابی مام جەلال لەجەنگەی شەڕی ناوخۆدا سەردانی کاک مەسعودی کرد ، کەسی تر نەیکرد ، ئەوە نیشانەی گەورەیی و هەستکردن بە بەرپرسیارەتی مام بوو . دەبێ بەکردەوە بسەلمێنرێ ئەم ڕێکەوتنە نەک دژی هیچ کەس و لایەنێک  نییە بەڵکو تەواوبە پێچەوانەوە لەپێناوی ڕێکخستنەوەی نێوماڵی کوردو کۆکردنەوەی لایەنە سیاسەیەکان هاتۆتە ئارا ، چۆن کێشەکانی نێوان یەکێتی و گۆڕانی چارەسەر کرد ئاواش هەنگاوێکی گەورەو جدیە بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان لایەنەکانیش بەتایبەت پارتی و گۆڕان ئەوەش بەهەڵدانەوەی لاپەڕەی نوێ و خوڵقاندنی زەمینەی سازان دەکرێ نەک خۆبەستنەوە بەپەندی ( بشفڕێ هەر بزنە ) ، بەوە دەکرێ ڕۆڵی ناوبژیوانی لەیەکێتی نەسێنرێتەوە بۆ نزیک خستنەوەی گۆڕان و پارتی و ئەو پڕۆژەیەی یەکێتی داویە بەپارتی بۆ ئەم مەبەستە فەرامۆش نەکرێ . بەم بێخەمیەی پارتی و گۆڕان و تاڕادەیەک پارتەکانی تریش نابێ ئەم  دەرفەتە لەدەست بدەین ، دەرفەتێک دوودەرگای هەیە یەکێکیان سەرکەوتنێکی گەورەیە کەبەرەو دەوڵەتی کوردیمان دەبا و دەرگای دوەمیش دەرگای جەهەننەمی کارەساتەکانی رابردووە دووبارە دەبێتەوە !.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت