شەماڵ عادل سەلیم : هەموتان وەک یەکن‌و نانی یەک تەنورن .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وانەی چوارەم : 
جاریکی دیکە حزبە کوردستانییەکان لەو قۆناخە هەستیارەی کە ناوچەکە بەگشتی ‌و باشوری کوردستان بەتایبەتی پێیدا تێدەپەڕی ، بەکردەووە بۆ هەموو لایەک ئەو ڕاستییەیان سەلماند کە ( دادگاو داواکاری گشتی ) بە یەک فیکەی مەکتەبی سیاسی حزبەکان دەجولێنرێنەوە وئەمرەکانیان جێ بەجێ دەکەن ، خۆ ( یاسا ) ش هەر باس مەکەن ، بەردێکی گەورەتری لەسەر دانێن‌و بۆ دواجار فاتیحایەکی بۆ بخوێنن .
دیرۆک‌و ئەزموونی حزبە کوردستانییەکانی هەرێمی بەتەمای خودا پێماندەڵێت ، هەندێ لە حزبەکانی هەرێمی بەتەمای خودا میژوویان پرە لەخیانەت‌و ملشکاندنی یەکترو شەری خۆکۆژی‌و پەیوەندی ژێربەژێرو سیخوڕیکردن بۆ داگیرکەرانی کوردستان ، بۆیە پێویست بەموزایەدە لەسەر یەکتر ناکات‌و کورد گوتەنی ( هەموتان وەک یەکن ‌و نانی یەک تەنورن )
بەپێی ئەو تۆمەتانەی کە لەسجلی هەندێ لەسەرکردەکانی حزبە کوردستانییەکانی هەرێمی بەتەمای خودا تۆمار کراوە ، ئەگەر بەپێی یاسای سزاکانی عێراقی بێت ، دەبێت بریاری لەسێدارەدانیان بۆ دەربچێت بەتۆمەتی ( ناپاكی گەورە ـ الخیانە العظمی‌ ) و خیانەتکاری نیشتمانی ، ئەوە ئەگەر دادگا سەربەخۆ بیت‌و یاساش سەروەر بێت !
هەروەک دەزانین ، لەدوای ڕاپەڕینەوە تائێستا . هەرێمی بێ ساحێبی کوردستان وەک دیفاکتۆ بەسەر دوو زۆن دابەشکراوە ، لەهەرزۆنێک بریاری سەرکردایەتی حزب نەک تەنها وەک یاسا کاری پێ دەکرێت ، بەڵکو مەکتەبی سیاسی حزبەکان هەموو جۆرە دەسەڵاتێکیان هەیەو دەست واڵاو کول فی کول ‌و سەرجەم بوارەکانی ژیانی خەڵکیان داگیرکردووە و دامودەزگاکانیان حزباندووە ، لەوەش زیاتر ، تابورێک کۆلکە ڕاگەیاندکارو رۆژنامەنووسی بێ سەوادیان پەروەردەکردوە ، لەکاتی پێویست وەک داشی شەترەنج بەکەیف‌و ویستی خۆیان‌و بۆبەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی بەکاریان دەهێنن‌و سەنگەریان پێ لێدەدەن‌و شەریان پێ دەکەن .
بۆیە بەگرینگی دەزانم لەم چەند دێرەدا خاڵێکی گرینگ بەبیر هەموولایەک بهێنمەوەو بڵێم :
شەڕە ڕاگەیاندن‌و تۆمەت بەشینەوەو سکاڵا لەسەریەکتر تۆمارکردن‌و هەڵدانەوەی ڵاپەرەی پڕتاوان‌و شەرمەزاری‌و خیانەتکاری یەکتر نەک تەنها کێشەکان یەکلا ناکاتەوە ، بەڵکو توشی شەرێکی نەخوازراوی دیکەمان دەکاتەوەو ئەوەی هەمانەو نیمانە لەدەستی دەدەین و بەجارێک ماڵوێران دەبین‌و ئەوکاتیش پەشیمانی دادمان نادات .
یان باشتر بڵێم : پەشیمانی دادتان نادات .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت