لاوک کونجرینی : ئافەرین پارتی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوێنی وتەبێژی بە ناو حکومەتی هەرێم  ( سەفین دزەیی ) ، کە بە حکومەتەکەی پارتی ناسراوە ، پەیامێکی خستە بەردەم حکومەتی عێراق و وتی : ئێمە وەک حکومەتی هەرێم ، ئامادەین تەواوی داهاتی نەوتەکەمان ڕادەستی بەغداد بکەین لەبەرامبەر یەک ملیار دۆلاری مانگانە . 

ئەم قسەی وتەبێژیی حکومەتی هەرێم ، چەندە پەیام بوو بۆ بەغداد لەڕووی سیاسی و ئابوورییەوە ، بەڵام ناوەڕۆکی پەیامەکە ئاراستەی زۆنی سەوز کرا . ئەویش لەلایەک لە کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ یەکێتی ، پێیان ڕاگەیاندون : ئەگەر بەردەوام بن لە ڕێکەوتنتان لەگەڵ گۆڕان ، هەڕەشەی سیستەمی دوو ئیداریی خستۆتە بەردەمیان . لەولاوە قسە لەسەر ڕێکەوتن دەکات لەگەڵ بەغداد . ئەمە ئەوە دەگەیەنێت ، هەر لەئێستاوە بنەمای ژیانی هاوبەش لە دوو زۆندا بەیەکسانی نەخشەی بۆ کێشراوە ، واتە کاتێک بوو بەدوو ئیداریی ئەوا بەشە زۆرینە بەپێی ژمارەی زۆرینە بۆ خۆیان بەش بکەن .. بەم پێیە کاتێک هەرێم دابەش بوو بەسەر دووئیداریدا ، لە زۆرینە فرۆشتنی نەوت دا ، زۆنی سەوز پشکی زۆرینەی بەردەکەوێت ـ بەشە زۆرینەی فرۆشراو بەر ناوچەی زەرد بکەوێت ، ئۆباڵی نەفرۆشتن و دواکەوتن و نەدانی مووچە بخاتە ئەستۆی زۆنی سەوز .

 چەکی دووەمی پاش ڕێکەتنەکەی یەکێتی و گۆڕان ، ئەویش باسکردنە لەسەر سەربەخۆیی هەرێمی کەرکوک دەکرێت . لەپاش هەوڵەکانی دکتۆر نەجمەدین کەریم ـی پارێزگاریی ئەو شارە بۆ ڕیفراندۆم ـ سەرچاوەکان نهێنی ئەو هەوڵەشیان درکاند . ئەویش پرۆژەی بە هەرێمکردنی کەرکوک لە بنەمادا هی پارتی بووە ، هەروەها پارتییەکان لەسەر پانتایی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەیامی بۆچوونەکانیان پەخش کردووە وەک ڕێگا چارە بۆ گەڕاندنەوەی کەرکوک بۆ سەر هەرێم ، یەکەمین جار بوونیەتی بە هەرێمێکی سەربەخۆ و پاشان بیرکردنەوە لە گەڕاندنەوەی .

ئەم هەوڵەی پارتی بۆ هەرێمکردنی کەرکوک ، واتای تریی لەپشتە ، ئەویش وەک چەکێک بۆ سەر یەکێتی و گۆڕان بەکاریی دێنێت و ڕۆیشتنی دکتۆر نەجمەدین کەریم لەگەڵ نێچیرڤان بەرزانی لەسەردانەکەی دوێنێدا بۆ مۆسکۆ ، گوومانەکە دەڕەوێنێتەوە . دەبێت بپرسین پارتی بۆ دەبێت لەیەک کاتدا دوو دۆسیەی گرنگ ببزوێنێت . دۆسیەی کەرکوک و دۆسیەی ڕیفراندووم ، لەکاتێکدا ئەم دوو دۆسییە جگە لەموزایدەو پاڵەپەستۆی سیاسی بۆ سەر یەکێتی و گۆڕان هیچ واتایەکی تری نییە .

لە گفتوگۆیەکمدا لەگەڵ برادەرێکدا پاش ئەوەی باسی بەهەرێمکردنی کەرکوکی بۆ کردم لەلایەن پارتییەوەو بە سەرکردایەتی دکتۆر نەجمەدین کەریم و پێی ڕاگەیاندم ، کە دکتۆر نەجمەدین لەدوای ئەوەی وازی لەپارتی هێنا ، وازهێنانەکەشی بەپێی پرۆگرامی پارتی بووە ، هەر کاری بۆ پارتی کردووە .

کەواتە بە هەرێمکردنی کەرکوک پاش ئەوەی ڕزگار عەلی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ، بە شێوەیەکی توووڕەئامێز بەرپەرچی ئەو هەوڵەی دایەوە لە دوای کۆبوونەوەکەی یەکێتی و پارتی لە کۆڕە ڕۆژنامەوەناییەکەدا ، ئەوەمان پێدەڵێت : دکتۆر نەجمەدین لەو دیو یەکێتی یەوە هەڵدەسێت بە پرۆژەیەک بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتی یەکێتی یان بەشێوەیەکی تر دابڕانی کەرکوک لەژێر دەسەڵاتی زۆنی سەوز ، پیلان و پرۆگرامێکی کوشندەی پارتییە ، کەلەوەو پێش ئەم ئەگەرەشی خستبۆوە بەرنامەی سیاسی خۆیەوە ، هەروەها لەم ئەگەرشدا  بینینی ستراتیژی هەوڵەکانی پارتی لە دۆسەیەکدا  ، کە هەموی پڕە لە بەرژەوەندی حیزبی و تێکدان و هەڵوەشاندنەوەی پرۆسەیەک بە مێژووەیەکی خوێناوی دا گەیشتۆتە ئەمڕۆ .
دەکرا لەدوای ئەو کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی ، کە کۆبوونەوەکەی گۆڕان و یەکێتی بە دوادا هات ، ژیرانە مامەڵەیان لەسەر گەمە سیاسییەکانی پارتی بکردایە ، وەک هەر حیزبێکی ناسیۆنالی درۆزن ، کە هەمیشە لەساتەوەختەکاندا دروشمی بریقەداریان بەرز کردۆتەوە . ئەمانیش بۆ ئەم کاتە وەک خۆی ، وەک پارتی مامەڵەیان بکردایە چۆن : لە کۆبوونەوەی گۆڕان و یەکێتی پەیامێکیان ئاراستەی پارتی بکردایە وەک ئەوەی پارتی دەخوازێت ، نەک وەک ئەوەی پرۆسەی ریفراندۆم پێویستی پێیەتی ، با پرۆسەی ڕیفراندۆم لە کورتترین ساتدا بخەینە جێبەجێکردنەوە .

ئەم پەیامە دوو لایەنانە وەک چەكێک بەکار دێت :

1 –  ئەو ڕێژە موزایدە سیاسیەی پارتی دادەبەزێنێت و وەک هێزێک لێی دادەماڵرێت لە هەڵگرتنی پرۆسەکە .

2 – گوومانی تیا نییە ، پارتی ئەم دروشمەی وەک موزایدەی سیاسی بەرز کردۆتەوە ، ئەوسا دەبینین ، کە چۆن پاشگەز دەبێتەوەو  ، هەروەها وەک بەرپەچدانەوەشی بۆ ئەوەی فێر نەبێت ، درۆزنانە دورشمە زەقەکان بەئارەزوی خۆی بەکار بهێنێت  .

هەروەها دەکرا گەڕاندنەوەی کەرکوک و پرۆسەی ڕیفراندۆم لەیەک پرۆسەی ڕیفراندۆمدا لە کۆبوونەوەکەی گۆڕان و یەکێتی دا ، بخرایە بەردەم ئێستا نەک داهاتووی پارتی و ، حەکیم ی لە سیاسەت و گلاندنی لە سیاسەتدا و کوردبوون لەم پرۆسەدا یەکلا دەبۆووە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت