عه‌تا قه‌ره‌داخی : ناسیونالیزمی خاوه‌ن پرۆژه‌ى ده‌وڵه‌ت یەکێتی نه‌ته‌وه‌یی پێکده‌هێنێت .

بێگومان درووستکردنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی پرۆژه‌ى ناسیونالیزمێکی خاوه‌ن شووناسه‌ ، له‌ پرۆژه‌یه‌کی له‌م جۆره‌دا ناسیۆنالیزمی کوردی ده‌بێته‌ بزووتنه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی ، له‌ بارێکی وه‌هاشدا هه‌موو به‌ربه‌سته‌ ناوخۆییه‌کانی که‌ رێگرن له‌به‌رده‌م پێکهاتنی یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یدا هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه‌و نه‌ته‌وه‌ ده‌بێته‌ یه‌که‌یه‌کی یه‌کگرتوو ، چیتر جیاوازی‌ خێڵایه‌تی‌و عه‌شیره‌تایه‌تی‌و زاری قسه‌کردن‌و ئایین‌و مه‌زهه‌ب‌و رێبازى ته‌سه‌وف و جیاوازی‌ حیزبایه‌تی‌و ئایدیۆلۆرجیاو ناوچه‌و شارو هه‌رێم‌و … ناتوانن رێگربن له‌به‌رده‌م هێزی ئه‌و بزووتنه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌دا که‌ بزو‌وێنه‌ری جوڵاندنیان بڵندبوونی رۆحی گشتی کۆمه‌ڵگایه‌ به‌ ئاڕاسته‌ی گه‌یشتن به‌ به‌رزترین پله‌و ئاستێک که‌ تیایدا به‌ ئازادی گوزارشت له‌ خۆی بکات که‌ ئه‌ویش ته‌نیا له‌ ده‌وڵه‌تدا ده‌بێت ، چونکه‌ مرۆڤ ته‌نیا له‌ ده‌وڵه‌تدا بوونێکی عه‌قڵانی ده‌بێت ، بوونێک که‌ تیایداعه‌قڵ ئازاد بێت .
هه‌روه‌ک رۆح هیچ خاسێتێکی نابێت ته‌نیا ‌ به‌ هۆی ئازادییه‌وه‌ نه‌بێت . که‌واته‌ ئازادبوونی عه‌قڵی مرۆڤی کورد له‌ ده‌وڵه‌تی کوردیدا ده‌بێت . بۆ به‌ ئه‌نجام گه‌یاندنی پرۆژه‌یه‌کی له‌وجۆره‌ش ده‌بێ وه‌ها سه‌یر بکرێت که‌ کورد یه‌ک پێکهاته‌یه‌و یه‌که‌یه‌کی یه‌کگرتووه‌و پێویسته‌ هه‌موو بوونی کورد به‌ پێکهاته‌ی مرۆیی‌و نامرۆییه‌وه‌ بخرێته‌ کارو ئه‌وه‌ش کورد له‌ مێژووی دوورو درێژی تێکشکاندن‌و به‌رکاربوون‌و پاشکۆبوونه‌‌وه‌ بگوازرێته‌وه‌ بۆ بکه‌رێکی کاراو خاوه‌ن که‌سێتی‌و خاوه‌ن شوناس که‌ بگاته‌ ئاستێک له‌سه‌ر بنه‌مای ئاماده‌بوون‌و خۆسه‌لماندن نه‌ک هه‌ر خۆی بڵێت ئه‌مه‌ منم ، به‌ڵکو ئه‌وانی تر بڵێن ئه‌وه‌ کورده‌ له‌ ریزی ئه‌وانی خاوه‌ن بوون‌و شووناسدایه‌‌و ئاماده‌بوونی هه‌یه‌ . ئه‌وه‌ش ته‌نیا له‌ رێنیسانسی نه‌ته‌وه‌یی‌و له‌ دروستکردنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردستاندا ده‌گاته‌ ئه‌نجام .
ئه‌گه‌ر چی ئێستا گوێمان له‌وه‌ ده‌بێت که‌ به‌شێک له‌ نوخبه‌ى سیاسی و حیزبی کوردى باسی ئه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ ده‌وڵه‌تی کوردى ئه‌گه‌ر دیموکراسی نه‌بێت نه‌بوونی باشتره‌ ، دیاره‌ ئه‌وه‌ش به‌رهه‌می عه‌قڵێکه‌ که‌ ناتوانێت خوێندنه‌وه‌ى درووست بۆ کۆمه‌ڵگه‌ى کوردى و کێشه‌کانی بکات .
راسته‌ دیموکراسی ئامانجێکی سه‌ره‌کی خه‌باتی رزگاریخوازى کوردبووه‌ به‌ڵام ده‌وڵه‌ت چه‌تره‌که‌یه‌ بێ بوونی ده‌وڵه‌ت نه‌ ئازادى و نه‌ دیموکراسی مانایه‌کی ئه‌وتۆیان نیه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر کورد ده‌وڵه‌ت و سه‌روه‌ى خۆى هه‌بێت ده‌توانێت له‌ چوارچێوه‌ى ده‌وڵه‌ته‌که‌ى خۆیدا خه‌بات بکات بۆ بنیادنانی باشترین سیستێمی فه‌رمانڕه‌وایی و بنیادنانی باشترین نموونه‌ى دیموکراسی و ئازادى . بیریشمان نه‌چێت هیچ ده‌وڵه‌تێک به‌ دیموکراسی دانه‌مه‌زراوه‌ ، به‌ڵکو دواتر خه‌باتی جه‌ماوه‌ر دیموکراتی و ئازادى به‌رهه‌مهێناوه‌و ده‌وڵه‌ته‌که‌ى کردووه‌ به‌ ده‌وڵه‌تی یاساو ده‌وڵه‌تی هاووڵاتی .

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies