ئەحمەد ڕەزا : کۆمەڵگەی ووشیارو ڕەواڵەتیی سیاسەتکردن لە هەرێمدا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوی پێی وابێ کاتێ کۆمەڵگە وشیار ئەبێتەوە ، هەموو تاکەکانی ڕۆشنبیر ئەبن . بە هەڵەدا چووە ” ئەمە دیدی باکۆنینە سەبارەت بە کۆمەڵگەی وشیارو وشیارکردنەوەی کۆمەڵایەتی . بانگەشەی وشیارکردنەوەی کۆمەڵایەتیی ، جگە لەوەی قۆرخ نەکردنی زانست لەلایەن بێرۆکراتەکانەوە ، دەرخستنی ئامانجی گشتیشە بۆ تاک و گەیشتنی بە زانیاریی دەربارەی مافەکان و ئازادیی ڕەهای کۆمەڵایەتیی و ئابوریی .

 ئەمە بنەڕەتێکی سەرەکی پرەنسیپی ئەنارکیزمە ، لەبەر ئەم هۆیە گرنگەش ئەبینین بۆ پەکخستنی بەشداریی کردنی هەمووان لە بونیادنان و گەشەکردنی مرۆڤایەتییدا ، تەگەرەو گرفت لە نەیارانی ئەنارکیزمەوە ، بە لێشاو لە ڕێگەی تاکتیکەوە دروست ئەکرێت .. گرنگترینیان ڕەواڵەتی سیاسەتکردنە .

 سیاسەتکردن لە ڕەواڵەتدا ، لە مێژە مرۆڤایەتیی ناسیویەتی و لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا نەبێت ئەرزشێکی نەماوە . لەبەرئەوەی لەسەر بنچینەی فێڵکردن و تەفرەدان پایەکانی خۆی قایم ئەکات و دۆخە ڕاستەقینەکەش لە هەمووان حەشار ئەدرێت .

 لە هەرێمدا جگە لەوەی کۆمەڵە چەمکێکی بەسەرچوو ، ئێستەش نەک هەر ئەژی ، بەڵکو لە برەودایەو لە باشترین باردا ئەگوزەرێ ، کە هیچ پەیوەندییەکیان بە باری ژیان و گوزەران و ئایندنەی کۆمەڵگەی کوردییەوە نییە . ئەو چەمکانە بۆ لە خشتەبردن و لێڵایی داهێنانی تاکی کورد بە بەربڵاوی پەخش ئەکرێت ، تا بە هۆیەوە سیاسەتکردن بکرێت بە سیاسەتی ڕەواڵەتکاریی و تاکی کورد وابزانێت ، دیمۆکراسییەک بەرقەرارە هەمووان ئەتوانن بەشداری تیا بکەن . لە کاتێکدا دۆخی  ڕاستەقینە کەسێک ئاگاداری نییەو وەک هەر سیستمێکی بێرۆکراتی تر ، تەنها چەند کەسێک لەسەرەوەی هەڕەمی دەسەڵات بڕیاری لەسەر ئەدەن ، تەنانەت پەرلەمانتارەکانیشیان پێ لە خشتە بردووە ، کە نەک هەر دەسەڵات بۆ پیادەکردنی بڕیارەکانی ناگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان، بەڵکو بە یەکجاریی پەک خراون و دەرگایان بە ڕوودا داخراوە . بۆ تێپەڕاندنی ئەم تاک تەریک کردنەش ، ماکینەی گەورەی ڕاگەیاندن لە کاردان و پەخشکەرەوەی ئەو تەفرەدان و دروشمە هەڵخەڵەتێنەرانەن ، کە چەند کەسێکی بڕیار بەدەست کۆمەڵگەی پێ فریو ئەدەن .

 ڕەواڵەتی سیاسەتکردن ئافاتێکی گەورەیە ، بۆ دوور خستنەوەی تاک لە بڕیاردان . لە ڕووی دەروونیشەوە بە جۆرێک کۆنترۆڵی هەستەکانی تاک ئەکا ، بە هیچ جۆرێک بیر لە ئایندەو ڕێڕەوی سیاسەتکردن نەکاتەوە . بۆ نمونە ڕێککەوتن لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتیی و وڵاتە پیشەسازییە گەورەکان ، کارەساتی یەکەمینی ئەم وڵاتەیە ، کە زیان بە کۆمەڵگە ئەگەیەنێت بەلانی کەمەوە بۆ 30 ساڵی ئایندە .. بەڵام کەشێکی ئەوتۆ خوڵقێنراوە ، کە ڕاستەوخۆ ئاخاوتنی لەگەڵ تاکدایە ، بە لەبیربردنەوەی ئەو ڕێککەوتنەو فەرامۆشکردنی . خەڵک بە شەڕێکی دروستکراوی ڕەواڵەتی سیاسەتکردنەوە سەرقاڵ کراوەو بە هیچ جۆرێ لە ڕاگەیاندنەکاندا تیشک ناخرێتە سەر ڕێککەوتنە شوومەکەی 30 ی ئایار ، کە ژیان و گوزەرانی هەموو تاکێکی هەرێمی پێوە بەندە .

ڕەواڵەتی سیاسەتکردن ئەوی لە هەرێمدا ئەخرێتە بەرچاوی خەڵک ، تەنها بەکاربردنێکی لۆکاڵییە ” استهلاک محلي ” هەرچی ستراتیژە ، بەردەوام بە ئاڵۆزیی و ناڕۆشنییەوە لاقرتێ قسەیەکی تیائەکرێ .. موزایەدەی حزبیی لەسەر هەموو ئاستەکان بە ئاشکرا ئەبینرێتەوە ، لە بواری فیکریدا نەبێت .. تەواوی کەناڵەکان پێشبڕکێیانە لەسەر نیشاندانی مەهزەلەترین دیمەنی بازاڕیی ، حزب و دەسەڵات دەسگیرۆیی تەواوی نوخبەی ماوەبەسەرچوو ئەکەن بۆ زیاتر گەوج کردنی گەلەکەیان .

ئەمە ستراتیژی ڕاستەقینەی حزب و دەسەڵاتە فریودەرەکەی هەرێمە .. لە هەموو کۆمەڵگەیەکیشدا سیاسەت بەم ئاقارەدا ئەبرێت ، بەڵام لە کۆمەڵگەیەکی وشیاردا ، تاک دەسخەڕۆ ناکرێت و لەو دیوی شەڕو قسە سواوەکانەوە کاری خۆی ئەکا .. بۆ نمونە دەسکاری کردنی یاسای کار لە فەرەنسا و بەلجیکاو یاسای خانەنشینیی لە مەغریب و یاسای فەرمانبەران لە میسر و … هتد ، بووە مایەی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانی گەورەو هەڵوێست وەرگرتنی گشتیی .

 گردبوونەوە لە حزب و ڕێکخراوەکاندا ، ڕای گەورەکان زاڵ ئەکات و تاکێکی ملکەچ بەرهەم ئەهێنێ .. ئیرادەی تاک ئەپرۆی و کۆمەڵگەیەکی بێدەنگ و بێهێزی وەکو ئەوەی لای ئێمە ئەخاتەوە .. هەموو کایەکان لە خزمەتی گەورەکاندا ئەجوڵێن و تاک لە ژیانکردنێکی ئاسایی بێبەریی ئەکرێ . گەر بڕوانینە کۆی ئەو بانانەی تاکیان چنیوەتەوە ، لە ئێستادا یان خۆیان بەنگ کردووە ، یاخود لە خزمەتی سەرەوەی سێ قوچکەییەکەدا لە فریودانی تاکدا کارئەکەن ، شاردنەوەی ستراتیژی بنەڕەتیی و خڵەفاندن بە پڕوپووچییەکانەوە .. نمونەش : تەواوی سەندیکاو ڕێکخراو و یەکێتییەکان و سۆشیال میدیاو کەناڵەکان و یەکە تەشریعییەکان ، جگە لە حزبە بێدەسەڵات و  دەسەڵاتدارەکان .

چارەسەری واقیعییانەی ئەم دۆخەو لە ڕیشە هەڵکێشانی جەورو ستەم لە ئێستاو بۆ داهاتووش ، بەدیهێنانی ئازادییەکی ڕاستەقینەو ڕەهایە بۆ تاک ، لە ڕێگەی وشیارکردنەوەیان بە بیری ئەنارکیزم و ڕێکخستنی ئابورییەکەی لەو چوارچێوەیەدا ، ئەویش بە پەیڕەو کردنی فیدرالی دیمۆکراتیک لە ناوچە جۆربەجۆرەکانداو دەستهەڵگرتن لەو وەهمانەی دەسەڵات بڵاوی ئەکاتەوە ، ئەیکا بە حەقیقەت بۆ زەلیلکردنی تاکی کورد .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت