ئاکۆ برایم : قەیرانت باش حکومەت .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەرهەڵدانى قیران و گرفتى ئابوورى شتێکى ئاسایى یە و ، بەرۆکى هەموو وڵاتێک دەگرێتەوە ، دووچارى بارى نەخوازراو و کێشە گرفتى دەکات . بەهۆى ئەوەى قەیرانەکە سەرو دڵى حکومەتى گرتوە ، هەر زوو بەزوو بیر لەچارەسەر و دەربازبونى لێدەکەنەوە ، لەماوەیەکى کورت و دیاریکراوا بنبڕ ئەکرێت یان بەسەریدا زاڵ دەبن .
شتێکى بەڵگە نەویستە کە هەر گرفت و قەیرانێکى دارایى و ئابوورى سەرهەڵبدات بەپلەى یەکەم بەرۆکى چینى ناوەند و ، بەتایبەت مووچە خۆر وفەرمانبەران ئەگرێتەوە . زیانمەندى یەکەم ئەوانن . و زۆرترین قورسایى و بارگرانى ئەکەوێتە سەر شانى ئەوان . هەربۆیە کاتێک وڵاتان دووچارى بارێکى هاوشێوەى کوردستان دەبنەوە ، حکومەت و دەزگاو وەزارەتى تایبەت دەکەونە خۆیان تا بەهەر نرخ و هەوڵێک بێت بتوانن بارگرانى لەکۆڵ خەڵکى بکەنەوە . بۆ ئەوەش خەرجى کەمدەکەنەوە ، دەستدەگرتن بە داهاتەوە ، مەسروفاتى زیادە ناهێڵن . بەرێگاى دیکە قەرەبوى خەڵکى دەکەنەوە ، نرخى شمەک و کاڵا دادەبەزێنن ، باج و سومات کەم دەکەنەوە ، زۆر جارانیش بە پسوولە و کارت خۆراک و پێداویستى بەنرخێکى زۆر کەمتردەبەخشنەوە ، هەروابێتەوە خزمەتگوزارییەکان بە کەمترین تێچوو بۆ میللەت دەستەبەر دەکەن . تا بتوانن بەهەر هەوڵ و تەقەلایەک بووە ئەو رەوش و رۆژگارە دژوارە تێبەپەڕێنن .
کەچى لەوڵاتى خۆمان جگەلەوەى قەیران بەدواى قەیران بەر دەرگایان پێگرتوین ، بەڵام هاوکێشەکە سێ سەد و شەست پلە پێچەوانەبۆتەوە . لەم بارودۆخە قورس و گرانەدا ، کە لەنێو دەریایەک قەیرانى سیاسى و کۆمەڵایەتى و ئابوورى دارایى و خزمەتگوزاریى ، خەریکە دەخنکێین . کەچى لایەنى بەرپرس و دەسەڵات بەباى خەیاڵیا نایەت ، تا ئێستا نە بەقسە ، نەبەکردار هەوڵیان بۆ تێپەڕاندنى ئەم قەیرانانە نەداوە ، بەدرۆ و قسەى بێ مانا چەواشەمان دەکەن . لەوەش زیاتر بەرپرسان خوڵقێنەرانى ئەو قەیرانانە ، لەبەزم و کەیف و سەفا و گەشت و بازرگانى خۆیان نەکەوتون . لەجاران زیاتر و خۆشتر رادەبوێرن و . بەئارەزووى خۆیان پارە تەخشان و پەخشان دەکەن ، میللەتیش بەسێ مانگ جارێک بۆچارەکێ مووچە زەققەى چاوى یەت .
قیروسیا لەوە جاڕ بەجەهەننەم ، کە بێخەمن و بیر لەچارەسەر و دەربازبوون لەم قەیرانە ناکەنەوە . هەنگاو بەرەو چاکسازى و باشترکردنى دۆخەکە نانێن ، بەڵکو بەپێچەوانەوە تادێت زیاتر قوڕمان بۆدەگرنەوە ، ئەمان دەخەنە ناو چاڵى لەعنەتەوە . ئەخوازن میللەت ئەو تۆزە هیوایەى هەیەتى ، ئەو تۆزە پولوداهاتەى بۆ رۆژى رەش هەڵیگرتوە ، ئەوەش لەبن چنگى دەربهێنن ، دێن باج و رسومات لەجاران زیاتر دەکەن . شمەکى ناوبازاڕ کەخۆیان خاوەنى ئەو بازاڕە بەناو ئازادەن ، گرانتر دەکەن ، کرێى ئاو و کارەبا دووهێندە زیاد دەکەن ، دواین بڕیاڕیش کە دوێنێ سەرو دڵى گرتین ، دڵنیاشم لەماوەیەکى کورتدا فەرمانگەکانى دیکەش چاوى لێدەکەن ، چونکە بەزیانى چینى هەژار و موچەخۆرانە ، ئەویش گرانکردن و بەرزکردنەوەى نرخى مامەڵەى بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆیە بۆچاوار قات و پتر . ئیتر هەژار و مووچە خۆرى نەگەبت بۆخۆت تاماویت دوعاى خێر بۆ دەستەو دائیرەى حکومەتەکەت بکە ، بڵێ خوایەگیان تازووە فیدراڵى و سەربەخۆیمان بەنسیب بکە ، بۆئەوەى بەجارێ مەحف ببینەوە ، سەروماڵ و ئایە و مایە و ناموسمان بفرۆشین و بیکەین ساقە سەرى دەسەڵات .
ئەرێ تۆ بڵێى لەناو ئەم حکومەتە زرت و زەلامەیا ، ئابووریناسێک ، پلان دانەرێک ، بیرمەندێک ، ژیرێک ، خەمخۆرێک نەبێت ؟ ، پێیان بڵێى جەنابى وەزیر و سەرۆکى حکومەت ، خەڵک نان نییە بیخوات ، گیرفانى عەینى مێشکى زۆرێک بەرپرس خاڵى و بەتاڵە ، لەبرى ئەوەى ئاهێک بەبەریانا بێننەوە ، دێن ئەوەنەى دیکە قوڕکەیان بۆ خەستتر دەکەیتەوە . باشە بڵى ئەگەر ناتوانن و پێتان ناکرێت بارى سەرشانمان سووک کەن ، بەدەم کێشە و گرفتەکانمانەوە بێین ، ئەوا خوا قبوڵناکات ئەوەمان لەگەڵدا ئەکەن . بەعالەمى ئاشکرا ئەمان روتێننەوە ، هەر ئەوە ماوە داواى تەبەڕوع و بەخشینیشمان لێ بکەن بۆکۆشک و ڤێلا خۆش رابواردنەکانى سەرۆک خوا بیپارێزێت .
من بۆخوا پێتان ئەڵێم و هیوادارم یەکێیکان گوێى لێ بێت ، ئەڵێم بەسە بەس ، رەمەزانە و خەڵک بەرۆژووە ، حەوسەڵەى نەماوە ، لەدوعاکانیان بترسن ، لەدوعاى ئەو پیرێژن و بێوەژن و کەم ئەندام ، ئەو نایبنابە ، بترسن کە شەش مانگە فلسیان وەرنەگرتوە ، لەدوعاى ئەو مناڵە باوک شەهیدە بترسن کە لەشەڕى دژى داعش گیانى خۆى بەخشى ، کەچى ئێستا چاوەڕێى خێر و سەرفیترە و زەکاتە ، لەرێى مزگەوتەکانەوە داواى خێر و سەدەقە و زەکاتیان بۆدەکەن توخوا ئەوە شورەیى و نەنگى و شەرمەزارى نى یە ؟! ئەرێ پێم ناڵێن . ئێوە چیتان کرد چیتان بەدیارى بۆهێناین ؟ لەماوەى چارەکەسەدەیەکدا کێوێک قەیران گرفت و نەهامەتیان بۆ خوڵقاندوین . بەدەست و پەنجەى خۆتان لەپێناو ململانێیەکى ناشەریفى حیزبایەتى دروستتان کردوووە . ترسى ئەوەتان هەبێت کە رۆژێک ئەو کێوە هەرەس دێنێت و ، تەڕ وشک پێکەوە رادەماڵێت ، ئەو کاتەش خۆشى و شادى بۆئێمەى گیرفان بەتاڵ و لات ، چونکە خاوەنى هیچ نین و هیچ لەدەست نادەین .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت