عیماد عەلی : بەدەمیەوە نەماوە و پێویستی بە بریاری یەکلاکەرەوەیە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کەس نیە نکوڵی لەوە بکات کە کوردستان لە بارودۆخێکی سیاسی و ئابووری سەختدا دەژێت ، بەڵام بە کورتی و پوختیەکەی ، هەموو کەسێک بیری لای ئەوەیە کە چی بکەین بۆ چارەسەری ریشەیی و لە کوێوە دەست پێدەکرێت بۆ ئەوەی زیاتر تەفروتونا نەبین ؟
لەو باوەرەدام کە یەکەم کاری دڵسۆزانە : دەرخستنی راستیەکانە بۆ میلەت و بە راشکاوی باسکردنی کەموکورتی و گرێکوێرەکانە ( ئەگەر هۆکارەکانی دوابخرێن کێشەیەکی ئەوتۆ نیە ) ئەمەش لە پێناو تێگەیشتنی گەل لە وەی تێکەوتوین و ، ئەویش بە خۆشەویستی و قوربانیدانی بۆ کوردستان دەتوانێت بریاری خۆی بدات و پشتگیری بکات لە هەوڵ و ریگای چارەسەری راستیەقینە .
ئەو پێشهاتانە هەمووی دەرئەنجام و جێ دەستی لایەنە ساسیەکانە و هەر یەکەو بە پێی قورسایی خۆی بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆ . ئەگەر پێشتر بەرژەوەندیە هەمەجۆرەکان نەیهێشتبێت بریاری راست و دروست وەربگیرێت و خەڵکەکە لە قەیران قوتاربێت ، ئەوا ئەمرۆ لە نغرۆبوون نزیک دەبینەوە ، بۆیە پاش گەیشتنمان بە وێستگەی کۆتایی ئەمرۆ دواهەلە و چاوەرێی بریاری یەکلاکەرەوە دەکرێت .
هەموو کوردێکی دڵسۆز هەمیشە سەرمەشقی خۆبەختکردن بووە بە حاڵ و ماڵی خۆی لە پێناو گەلەکەیدا ، بۆیە لەم قۆناغەشدا ، ئەگەر قەناعەت و باوەر بە بەهانەی گەیشتن بەم وەزعە بکات و هەست بە نیازی پاک و راستگۆیی بکات لە چارەسەرکردنەکان ، لە پێش لایەنەکان پابەندی رێنماییە سەختەکان دەبێت ، ئەگەر لە سەر حسابی ژیان و خۆشگوزەرانی خۆیشی بێت . خەڵک پشتگیری لایەنەکان دەکات لە هەنگاوی چارەسەری وەزعە سیاسی و ئابووریەکە ، بە مەرجێک متمانە بگێرێتەوە بۆی ، نەک لایەنەکان لە دۆڵێک بن و خەڵک لە دۆڵێکی تردا گوزەران بکات ، واتە گێرانەوەی متمانە و نزیکبونەوەی میلەت و لایەنەکان لە ئەولەویاتەکانە .
بۆیە قۆناغەکە ئەوەندە ناسکە ، دەبێت بەهەموو لایەک دەست بۆ چارەسەری راستەقینە ببرێت و ئەرکی لایەنە دەسترۆیشتوەکانە یەکەم جار ئاشتەواییەک لەگەڵ گەلی کوردستاندا بکەن و متمانەیان بۆ بگێرنەوە و ئینجا داوایان لێ بکەن یارمەتیان بدەن بۆ دەربازبون لەم حاڵەتە . ئەمەش نە قسەیەکی سۆزداریە و نەش خەیاڵی ، ئەوەی زەمینە ساز یکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەر لەم سەردەمەدا تەنها رازیبونی خەڵک و متمانە کردنێتی بە دەسەڵاتی شەرعی کوردستان ، ئەگینا بەم شێوە مامەڵە کردن و فریودانە هیچ سەوز نابێت .
هەنگاوی کردەییش بە کۆبونەوەی لایەنەکان و وازهێنان لە ملهوری و هاتنەخوارەوەیان لە عەرشی عاجیی دەوێت و ناسکی قۆناغەکە و خیرایی گۆرانکاریەکان بوار بەوە نادەن لایەنەکان بازارگەرمی بکەن و لەکاتەکە بکوژن ، بۆیە هەر کەمتەرخەمیەک و ناجۆریەک یان بە دوولەتبونی کوردستانی باشوور کۆتایی دێت یان قۆناغەکانی پێشوو دووبارە دەبێتەوە و هەموو قورباینەکان بە فیرۆ دەچن ، سەرەرای باوەربونی هەندێک بە جیاوازی قۆناغەکان و دەرهاویشتەکانیان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت