ئەحمەد ڕەزا : فۆبیای کانتۆنیس – ناوچەی فیدراڵ – یان خۆبەڕێوەبردن  .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئێمە لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکدا ، گەیشتووین بە جۆرێک لە خۆبەڕێوەبەریی ناوچەیی و تا ئەندازەیەکیش نەتەوەیی .. لە هەمان کاتیشدا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک هزری کلاسیکیی بووینەتەوە ، کە بەردەوام ئامادەییان هەیە لە ڕەواڵەتی سیاسەتی ناوچەکەداو  بە ئێستاشەوە هیچ چارەسەرێکی ئابورییان پێ نییە، بۆ ڕاگرتنی پایەکانی ئەو بەڕێوەبردنە .. ئەوی شک ئەبرێت لەسەر ئابوریناسییەکی پراگماتییەو لە ژێر ئەو کاریگەرێتییەشدا نادیدەڕوونیی بۆ ئایندە ئەبینرێتەوە . ئابوریناسانی هەرێمەکە لەژێر کاریگەرێتیی بیری نیولیبرالیزمدا ئایندە ئەخوێننەوەو دنیایەکی ئەرخەوانیی لە سەردەمی برسێتیی خەڵکەکەیدا ، وێنا ئەکەن ، کە لەڕاستیدا ئەوەی ئێستاش هەروەک پێشبینیی و وێنا کۆنەکان و تێکشکاوتر  دیارە .

گەر سیستمی کانتۆنەکان و فیدرالیزمی ناوچەکان ، بە دیدی تەقلیدیی تەماشا بکەینەوە ، دروست وەک ئەوەی ئێستا ئەگوزەرێ و لە ژێر ناوی لێکترازانی ماڵی کورددا ، چەندین چەشن بیانوو ئەدۆزرێتەوە بۆ لەباربردنی ، لە کاتێکدا لەم سەردەمی جیهانگیرییەدا ، ئەو چەمکە بەم خوێندنەوە تەقلیدییەوە هیچ جێگەیەکی نەماوەتەوە ، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەوە تەنها بیرکردنەوەی تاکپارتییە مەترسیی گەورەی لەم بەڕێوەبردنە هەیەو پێی وایە جومگە گرنگەکانی لەدەست دەرئەچێت و ئیتر ناتوانێت وەکو پێشوتر بەڕێوەبەرەکان دەستنیشان بکات و تەواوی کاروبارە ئابورییەکان لە ڕێگەی ئەوانەوە بگرێتەوە دەست .

خۆبەڕێوەبردن دەرهێنانی ناوچەکانە لەژێر مەترسیی و هەڕەشەی ڕاستەقینەی ناوەندێتیی ، قۆستنەوەو بەدیهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتییە لە ناوچە جیاوازەکاندا . بە پێچەوانەی ئەم دیدە مۆدرێنەوە ، ناوەندگەرایی بزرکردنی تواناو دەسەڵات نەشکانە بەسەر دۆزینەوەی ڕاستەوخۆی بەرهەمهێنان و شارەزایی و چارەسەرەکاندا . ناوەند ئەیەوێ لەڕێگەی دەسەڵاتە قوچکەییە بیرۆکراتەکەیەوە ، دەست بەسەر هەموو جومگەکانی ژیانی ئابوریدا بگرێت ، لەهەر داکشانێکی ئابوریی و سەرهەڵدانی قەیرانێکیشدا ، تاکی تەواوی ناوچەکان ، باجی خراپ بەکارهێنانی سامانی نیشتیمانیی بدەن و لەسەر ژیان و گوزەرانی هەژاران ، کورتهێنانەکە پڕ بکرێتەوە .

لەبەرامبەردا جیابوونەوەی ناوچەکان لە شێوەی لامەرکەزیی بوون ، یان بە کانتۆن بوونیاندا کۆمەڵگە لەو تێکشانە بەردەوامانە ئەپارێزێت ، ئازادیی تەواوی ئابوورییی بۆ تاک مسۆگەر ئەکات ، بە مەرجێک نا / ناوەندگەریی جێی ناوەند نەگرێتەوەو تاکپارتیی بوون سەر هەڵنەدات .. لێبگەڕێن گەل خۆی نوێنەرە ڕاستەقینەکانی خۆی دیاری بکات و سیستمی سەندیکالیزم و هەرەوەزییە فیدرالییەکان بکەونە سەرپێی خۆیان .

یەکڕیزیی نێو ماڵی کورد بیانوویەکی ئاشکرایە بەدەست تۆقیوەکان لە شێوە حوکمی خۆبەڕێوەبەریی ، ئەوان لەژێر ئەم پەردەیەدا ئەیانەوێ درێژە بە تاڵان و بڕۆ بدەن ، تاک سەرچاوەیی داهات ، کە نەوتە بۆ بەرژەوەندی سیستمە هیراریشییەکە بەکاربهێنن و گەلێکی دەست و پێ سپیی بەرهەم بهێنن وەک ئێستا .. لە کاتێکدا لە پیادەکردنی خۆبەڕێوەبردندا ، جوتیاران ئەتوانن لە ڕێگەی هەرەوەزییە فیدراڵەکانەوە بکەونەوە سەرکار ..

مەرجی خۆ بەڕێوەبەریی وەک دانیاڵ گرین ئەڵێت : مه‌رجی سه‌ره‌کی خۆبه‌ڕێوه‌بەریی ئه‌وه‌یه‌ ،  ده‌بێت باڵه‌کانی نه‌قرتێنرێت ، وێنه‌ی هه‌ره‌وه‌زییه‌کانی ١٩٣٦- ١٩٣٧ی ئیسپانیا ، ده‌بێت ئاراستەی دیموکراتیی و ئازادیخوازانە بێت ، تا بپەرژێته‌ سەر ده‌ستخستنی ئابووریی له‌لایه‌ن خودی به‌رهه‌مهێنه‌ران خۆیانه‌وه ‌، ……. هه‌روه‌ها  دژی به‌ هه‌ڕه‌شه‌ی بیرۆکراتی ڕاوه‌ستاوه ‌، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌توانرێت ، ده‌ستووری هه‌تا هه‌تایی مانه‌وه‌ی هه‌ڵبژێراوان باوبکرێت ، ده‌بێت هه‌ڵبژێروان نوێبکرێنه‌وه‌ و ڕاسته‌وخۆش  له‌ به‌رهه‌مهێناندا  ڕۆڵبگێرن …   ئاسۆی داهاتوو ، له‌ وه‌دا خۆی ده‌نوێت ، که‌ شاره‌وانی به‌رده‌وام جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌کاته‌وه ‌، که‌ ده‌بێت کاروباره‌ گشتییه‌کان له‌ ناوه‌ندێتی دووربن ، ته‌نها له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌یی ناوه‌ندێتی  موماره‌سه‌ بکرێت .

بەمجۆرە ئەکرێت لە ئێستای هەرێمدا پەنا ببرێتە بەر خۆبەڕێوەبردن و بە شێوەیەکی ئاشتییانە ، چارەسەری جیوگرافیی و کێشەی گوزەرانی خەڵك و دابەشکردنەوەی سامانی گشتیی بکرێت و تەواوی کەرتەکانی تر بخرێنەوە گەڕ .

سەرچاوە :

  • بەشێک لە کتێبی ” التحرریة من العقیدة الی الممارسة ” / دانییل غرین/ وەرگێڕانی : سامان عارف / دەنگەکان/ ٢٠ی یۆنیۆی ٢٠١٦.
  • الفدرالیة اللبنانیة ورهابها في عهد الشغور / وسام سعادة / القدس العربي ٦ی یۆلیۆی ٢٠١٥.
  • برودون : الحریة اولا واخیرا / دیما شریف / جریدة الاخبار/ العدد ٧٤٢ السبت ٧ شباط ٢٠٠٩.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت