عەتا قەرەداخی : بۆ مەسعود بارزانی ـ ئەگەر دەتوانی فەرموو دەوڵەت ڕابگەیەنە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تەنیا دەوڵەت کورد دەکات بە نەتەوە
بۆ مەسعود بارزانی : ئەگەر دەتوانی فەرموو دەوڵەت رابگەیەنە ، ئەگەر ناشتوانیت واز لە دەستپێشخەرى بهێنە چونکە دەستپێشخەرى و کۆبوونەوە هیچ بەرهەم ناهێنێت !

دەوڵەت نەتەوە درووست دەکات ، ئەمە تێڕوانینی مۆدێرنێتەیە بۆ پەیوەندى نێوان دەوڵەت و نەتەوە . بە بڕواى من ئەم تێڕوانینە بۆ کورد بە تەواوەتی راستە چونکە ئەو پێکهاتە ئیتنیکیەى کە ئێستا ناوى کوردەو وەکو گەورەترین پێکهاتەى بێ دەوڵەت ماوەتەوە لەبەرئەوەیە کە بنەماکانی یەکێتی و یەکبوونی زۆر لاوازە ، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئەم پێکهاتەیە نەبووەتە خاوەنی ناسیونالیزمێکی خاوەن شووناس بەو مانایەى کە هەڵگرى پرۆژەى دەوڵەت بێت . ئێستا کۆمەڵگەى کوردى کۆمەڵگەیەکی لێکترازاو و نیمچە هەڵوەشاوەیە ، هەمان شێوەى سەدەى نۆزدەو نیوەى یەکەمی سەدەى بیست . ئەوسا دابەشبوونی ئەم کۆمەڵگەیە بەهۆى دامەزراوە ناوچەییەکانی خێڵ و عەشیرەتەوە بووە کە بنەماى درووستبوونی ئەم دامەزراوانە خوێن و دەمارەو ، ناسرووشتیبوونی شێوەى پەرەسەندنى ئەم دامەزراوانەو ناسرووشتیبوونی پەرەسەندنی کۆمەڵگەى کوردى نە رێگاى بە درووستبوونی فیدراسیۆنی ئەو دامەزراوە لۆکاڵیانە داوە نە چینی ناوەندى درووستکردووە کە ببێتە هەڵگرە پرۆژەى دەوڵەت .
لە ئێستاشدا حیزبی کوردى کە لە گەوهەردا جێگرەوەى دامەزراوەکانی خێڵ و عەشیرەتەو تەنیا سیماو رووکەشەکەیی گۆڕیووە ، نەک هۆکارى یەکگرتن و یەکبوونی کۆمەڵگەی کوردى نیە بەڵکو هۆکارى دابەشبوون و لێکترازاندنی زیاترە ، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئەم حیزب و رێکخراوانە نە نوێنەرایەتی ناسیونالیستی کوردى دەکەن و نە هەڵگرى پرۆژەى ناسیونالیزمن کە دەوڵەتە ، بەڵکو بەربەست و رێگریشن لەوەى کە لە هەناوى کۆمەڵگەدا بنەماکانی رێنیسانسی نەتەوەیی بخەمڵێت و پرۆژەى دەوڵەت لە دایک ببێت .
لەبارێکی وەهادا ئایا چۆن کرد لەم قۆناغی دابەشبوون و هەڵوەشاندنەوەیەوە دەگوازێتەوە بۆ قۆناغی بوون بە نەتەوە ، بێگومان ئەوە تەنیا بە درووستبوونی دەوڵەتی کوردی دەبێت . دەوڵەتی کوردیش لە شێوەیەکی سرووشتیدا و لە ئەنجامی یەکگرتن و یەکبووندا درووست نابێت چونکە ئەو هێزو حیزبانەى لە گۆڕەپانی کوردستاندا ئامادەییان هەیە ئەهلیەتی ئەو یەکگرتن و یەکبوونەیان نیەو نایشیان بێت . ئێستا تاکە دەروازەیەک کە کورد لێیەوە ئومێدێکی هەبێت بۆ درووستکردنی دەوڵەت بڕیارى سیاسیە ، واتە ئایا کێ لە هەرێمی کوردستان دەتوانێت بڕیارێکی لەوجۆرە بدات ؟ هەر لێرەشەوە من بە بەڕێز مەسعود بارزانی دەڵێم واز لەو دەستپێشخەرى و هەوڵدانانە بێنە بۆ درووستکردنی کۆدەنگی لە کوردستاندا بۆ ریفراندۆم چونکە پێناچێت ئەوە هیچ بەرهەمێکی هەبێت . ئەگەر بەراست کاک مەسعود دەیەوێت دەوڵەتی کوردى درووست ببێت یان درووستی بکات ، با بڕیارێکی بوێرانەو یەکلاکەرەوە بدات و دەوڵەتی کوردى لەسەر ئەو خاکەى ئێستا لە ژێردەستی کورد خۆیدایە رابگەیەنێت . ئەوسا ئەو هێزو حیزبە کوردییانەى دژى ئەو دەوڵەتە بن ریسواو رووزەرد دەبن. لەلایەکی تریشەوە ئەو دەوڵەتە دەتوانێت کورد یەکبخات و لەقۆناغی دابەشبوونی خێڵایەتی و دەسەڵاتی ئەم حیزبە خێڵایەتیانەى ئێستاوە بیگوازێتەوە بۆ قۆناغی بە نەتەوەبوون . واتە دەبێ بزانین مەسەلەى رێککەوتن و رێکخستنی ماڵی کوردى بە دەستپێشخەرى و کۆبوونەوە ناکرێت بەڵکو راگەیاندنی دەوڵەت ئەوە درووست دەکات ، ئەگەرچی جۆرێک لەسەرکێشیشی تێدا بێت بەڵام تاکە رێگایە بۆ راماڵینی بەربەستەکان و گەیاندنی کورد بە ئامانجەکانی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت