دکتۆر جەبار قادر : لێکەوتەکانی ئاشتبوونەوەی تورکیا لە گەڵ ڕووسیا و ئیسرائیل .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 

لە دواییدا ئەردۆگان داوای لێبوردنی لە پوتین کرد و پەیمانی لێکۆڵینەوەیدا ( لە ڕاستیدا پەیمانی سزادانیدا ) لە گەڵ هەموو ئەوانەدا کە بوونە هۆی خستنەخوارەوەی فڕۆکە جەنگییەکەی ڕووسیا و کوشتنی فڕۆکەوانە دیلەکە . بەمەش مەرجی سەرەکی سەرۆکی ڕووسیای بەجێهێنا . بەر لەوەش وتووێژەکانی ئاشتبوونەوە لە گەڵ ئیسرائیلدا دەستی پێکردبوو و قەولە ئەوڕۆ ڕیکەوتننامەی نێوان هەردوولا لە ڕۆما ڕابگەیەنرێت . هەردوو ڕووداوەکە بۆ جارێکی تر شکستی تەواوی سیاسەتەکانی ئەردۆگان لە سەر ئاستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بەرجەستە دەکەن .

لە بەر ئەوەی بیروڕای گشتی تورکیا بەوە ڕاهێنراوە کە تورک قەت نادۆڕێ و هەمیشە لە سەر هەقە ، بۆیە کاربەدەستانی تورک دەیانەوێت پاکانەی جۆراوجۆر بۆ ئەم دوو شکستەی سەرۆکەکەیان بێننەوە ، کە زۆر دوورن لە ڕاستیییەوەو هەوڵی زۆر دەدەن بۆ ئەوی بە خەڵکیان بفرۆشنەوە. کەوتوونەتە پڕوپاگەندەی ئەوەی گوایە سەرۆکی تورکیا داوای لێبوردنی نەکردووە، بەڵکو تەنها غەمگینی خۆی بۆ خستنەخوارەوەی فڕۆکە ڕووسییەکە بۆ پوتین دەربڕیوە . پاشەکشەی لە ناکاوی ئەردۆگان لە هەڵوێستە توندەکانی پێشووی ئەرکی بەبازاڕکردنی ئەم کاڵایایەی قورس کردووە . پاکانەی دەسەڵاتدارانیش بۆ ڕێککەوتن لە گەڵ ئیسرائیلدا ، گوایە پێشکەشکردنی یارمەتییە بە برایانی موسوڵمانی فەلەستینی لە کەرتی غەزە . ئەمەش کەم کەس قایل ئەکات ، چونکە باودۆخی غەزە بە درێژایی ئەو شەش ساڵەی تورکیا ئاڵای دوژمنایەتی ئیسرائیلی تێاندا هەڵگرتبوو لە ئێستا باشتر نەبوو .

 سیاسەتی دەرەوەی ئەحمەد دادئؤگلو کە دەستەواژەی سفر کێشەی لە گەڵ دەوڵەتانی دراوسێدا کردبووە دروشمی سەرەکی خۆی ، لێ لە ناوەڕۆکدا سیاسەتێکی فراوانخواز بوو و هەوڵی ئەوەی دەدا باڵادەستیی مێژوویی تورک بە سەر گەلانی ناوچەکەدا زیندوو بکاتەوە . ئەو سیاسەتەی پرۆفیسۆری زانستە سیاسییەکان و خاوەن کتێبی “قووڵایی سیراتێژی – پێگەی تورکیا و ڕۆڵی لە سەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی “، کە بە سیاسەتی عوسمانی نوێش ناودەبرا ، هیچ یەکێک لە ئامانجەکانی نەپێکا، بەپێچەوانەوە پەیوەندییەکانی تورکیای لە گەڵ هەموو دەوڵەتانی دروسێدا ئاڵۆزتر کرد . بە هۆی ئەو سیاسەتەوە تورکیا خۆی لە پەراوێزی ئاڵوگۆڕە گەورەکاندا بینییەوە و کاریگەری لە سەر ڕەوتی ڕووداوەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە دەستدەدا و لاوازتر دەبوو . هەرچەندە تێزەکانی داودئۆگڵو ختوکەی خەونە خۆشەکانی کاربەدەستان و بەشێکی گرنگی کۆمەڵگەی تورکی دەدا ، بەڵام ئەنجامەکانی سفر کێشە لە گەڵ دراوسێکاندا لە ئاستی سفردا مانەوە .  

خستنەخوارەوەی فڕۆکە سەربازییەکەی ڕووسیا ، پەرەسەندنی شەڕی نێوخۆیی سوریا ، شکستی برایانی موسوڵمان لە میسر و تونس ، هەڵکشانی ڕۆڵی کاریگەری کورد لە شەڕی دژ بە داعش ، ئاشکرابوونی پەیوەندی پڕ لە شەرمەزاری تورکیا لە گەڵ داعش و تیڕۆریستانی تری ئیسلامیدا ، هێڕشەکانی ئەردۆگان بەڕاست و چەپدا ، پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ و بەرتەسککردنەوەی ئازادی بیروڕا دەربڕین و … تاد زیانی گەورەیان گەیاند بە وێنەی تورکیا و سەرۆکە پەلاماردەرەکەی لە دونیادا . لەم بارە پڕ لە ئاڵۆزی و کێشمەکێشەدا داودئؤگڵو کرا بە قۆچی قوربانی و بنئالی یڵدرم کرا بە سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان .

بنئاڵی یڵدرم کە بۆ ماوەیەک ڕاوێژکاری تایبەتی ئەردۆگان بوو ، وادیارە دڵسۆزی خۆی بۆ ئەم پیاوە دەسەڵاتخواز و نەرجسییە ئیسپات کردووە و لە بەرامبەردا ئەویش گوێی بۆ ڕاوێژەکانی شل کردووە . یڵدرم لە هەموو ئەو پۆستانەدا کە گرتوونێ ئەستۆ، دەریخست کە تیکنۆکراتێکی سەرکەوتووە و کاری گرنگی لە بوارەکانی دەریاوانی، ڕێگاوبان و هاتوچۆدا ئەنجامداوە . پیاوە نوێکەی ئەردۆگان تا بڵێی مەراییکەر و پراگماتییە و لە سەر ئاستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا تەنها بەرژەوەندییەکان دەیجوڵێنن ، کۆت و بەندی بیر و بۆچوون و لێکدانەوەی دەقگرتووی برایانی موسوڵمان دەستیان وەک داودئؤغڵو گرێنەداوە . لە یەکەم وتاریدا دوای ئەوەی بوو بە سەرۆک وەزیران و سەرکی پارتی داد و گەشەپێدان ئەوەی ڕایگەیاند کە ئامانج و دروشمی سیاسەتی دەرەوەی حکومەتەکەی زۆرکردنی هاوپەیمانان و کەمکردنی نەیارەکانی تورکیا دەبێت لە ناوچەکەدا . ئەم هەوڵانەی لە گەڵ ڕووسیا و ئیسرائیلدا دەچنە چوارچێوەی ئەو سیاسەتەوە بۆ کەمکردنەوەی نەیاران و زیادکردنی دۆستان و هاوپەیمانان .

ڕەنگبێ زۆربەی هەرە زۆری کورد زۆر دڵخۆش بن بەوەی کەسێکی پەلاماردەر و کەڵەڕەقی وەک ئەردۆگان بەو شێوەیە لوتی بشکێ و ناچار بکرێت لە بەردەم ڕووسیا و ئیسرائیلدا چۆک دابدات . ڕەنگبێ هەندێ کەسیش تروسکێک هیوا ببینن کە ئەم لوتشکاندنە ببێتە هۆی ئەوەی دەست لەو کەلەڕەقییە هەڵبگرێت و واقیعییانەتر لە گەڵ پرس و کێشەکاندا هەڵس و کەوت بکات. ئەگەر ئەم ئەزموونە تاڵەی ئەردۆگان ئەنجامێکی وای لێ بکەوێتەوە، ئەوا لە قازانجی هەموو کەسێک دەبێت لە تورکیا و دەوروبەری .

ئەوەی لێرەدا بۆ کورد گرنگن و دەبێ خوێندنەوەی بۆیان هەبێت و هەوڵی وەڵامدانەوەیان بدات کۆمەڵێ پرسیارن کە ئەم بارودۆخە نوێیە دەیانهێننە ئاراوە :

ئایە ئەم پێشهاتانە چییان لێدەکەوێتەوە ، واتا لێکەوتەکانی چی دەبن ؟

تا چەند کاریگەرییان لە سەر هاوسەنگی هێزەکان دەبێت لە سوریا و عیراق ؟

ئایە دەبینە گەواهی گۆڕانکاری گەورە لە هەڵوێستەکانی ڕووسیا و ئیسرائیل بەرامبەر بە کورد لە باشور و ڕۆژئاوای کوردستان ؟

ئایە ئەم پێشهاتانە بەشێکن لە زنجیرەیەک لێکتێگەیشتن لە نێوان زلهێز و هێزە کاریگەرەکاندا بۆ داڕشتنەوەی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ؟

ئایە لەم هەژانە گەورەیەی ڕۆژهەڵاتی نزیکدا ئەمجارەش کورد بە هۆی خۆخۆری، چاوچنۆکی، گەمژەیی سەردارانێوە وەک هەمیشە بەدەستی بەتاڵ دەردرچێت ؟ 

ئەمانەو چەندین پرسیاری دیکە خۆیان دەسەپێنن بە سەر بڕیاربەدەستانی کوردا بۆ ئەوەی ئامادە بن بۆ هەموو ئەگەر و گۆڕانکارییەکان و نەبا وەک هەمیشە لە گەڵ خۆیاندا لە ناکاو ڕایانماڵن ، لە کاتێکدا خەریکی شتە وردیلەکانی خۆیانن و لە ململانێ و بگرەو بەردەی بێواتادا نوغرۆ بووبن .      

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت