نەبەز گۆران : نادیە موراد ـ شوناسێكی پڕ لە برین .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چەند ئەم كچەم خۆشدەوێت خودایا

22 – 6 – 2016
ئەو كچە ئێزییدیەی ، وەك گەریدەیەك بە هەموو شاران و وڵاتاندا دەگەرێت ، بۆ ئەوەی ئازاری كوردە ئێزیدییەكان وەرگێرێتە سەر زمانە جیهانییەكان .
لە راستیدا ( مەلالە یوسفی ) لە ئاست ئەم كچە كوردەدا ، چیرۆكەكانی ژیانی ئاساییە .
بەهیوادم رۆژێك بێت ، ئەم كچە كوردە ئێزیدییە خەڵاتی نۆبڵ ببات .
ئەمڕۆ لە كۆنگرێسی ئەمریكا ، لە وتارەكەیدا ، ئەو ئازارانەی باسكرد ، كە كوردە ئێزیدییەكان تووشی چ قڕكرانێك بوون بەدەست فاشیەتی داعشەوە .
ئەشێت زۆر كەس بەخیلی بەم مرۆڤە ناسك و بەدبەختە ببەن ، بەڵام شوناسی كوردبوون لای ئەم كچە ئێزدییە لە پێش شوناسەكانی دیكەوەیە . نزیكەی چوار مانگە چاودێری ئەم كچە ئەكەم . وەك گەریدەیەك خەریكی ناساندنی بەشێكی دیكەی برینەكانی ئێمەی كوردە .
بەهیوام بتوانم لەم نزیكانەدا ، بەوتارێك قسە لەسەر گەریدەیی بوون و خەمەكانی ئەم كچە نازدارە بكەم .

نادیە موراد ـ شوناسێكی پڕ لە برین .
بە پێی سەرچاوە مێژووییەكان ،( ئێزیدی ) یەكان نزیكەی (11) جار قەتلوعام كراون . هەر (11) جارەكەش كورد بەشێك بووە لە قەتلوعامكردنیان . ئەشێت وتنی ئەم راستیانە ، بۆ كەسێكی رەگەز پەرست ، دانپیانانێكی سەخت بێت ، لێ‌ بۆ كەسێك مێژوو وەك خۆی دەبینێت و ، دەتوانێت دیوە تاریك و روونەكەی مێژووی نەتەوەكەی خۆی دەربخات ، دانپیانانێكی سەخت نیە ، بەڵكو وتنی راستیەكە لەسەر ئەو میلەتەی كە خۆی بەردەوام هەرەشەی لەسەر بووە بیسرنەوە ، كەچی لە زۆر وێستگەی مێژوویدا بووەتە هاوكاری ئەو نەتەوە و ئاینانەی نەتەوە و كەمەنەتەوەی دیكەیان سریوەتەوە !
كۆمەڵێك نەتەوە و كەمە نەتەوە لە رۆژهەڵاتدا هەن ، ئەم نەتەوە و كەمە نەتەوانە، شوناسەكەیان پەیوەستە بە ئاینەكەیانەوە . یان ی، شوناسی ئاینییان بووەتە شوناسی نەتەوەییان . بۆ نمونە : نەتەوەیەكی وەك ( جولەكە ) ئەگەرچی خاك ، زمان ، پەیمانی كۆمەڵایەتی ، خۆیانیان هەیە . بەڵام شوناسەكەیان راستەوخۆ پەیوەستە بە ئاینەكەیانەوە . لەگەڵ ئەواندا ، نمونەی ( ئێزیدییەكان ) بەهەمان شێوە ، وەك كەمە نەتەوەیەك ، شوناسەكەیان پەیوەستە بە ئاینەكەیانەوە .
هەرچۆن ئەتوانین ، كوردەكان ، توركەكان ، فارسەكان ، عەرەبەكان و … هتد . لەرێگەی زمانەكەیانەوە بانگیان بكەین و ناویان بهێنین ، واتە زمانەكەیان دەبێتە شوناسی نەتەوەكەیان ، ئاواش ناتوانین بانگی ( جولەكەكان ، ئێزیدییەكان ، كاكەیییەكان ، مەسیحیەكان ) بكەین . چونكە ئەو نەتەوە و كەمە نەتەوەیانە لەم ناوچەیەدا ، ئاینەكەیان پێش زمانەكەیانە ، یاخود شوناسەكەیان لە بەرگێكی ئاینیدا ناوی لێنراوە ، نەك لەبەرگی زماندا .
ئەمە چۆن بۆ ئەوانە راستە ، لە زۆر شوێنی دیكە، بۆ (مەسیحی ) راستە . بە هەمان شێوەش لە رۆژئاواشدا ، بۆ ( موسڵمان ) ێك راستە . ناونانی نەتەوە و كەمە نەتەوەكان ، لە رێگەی ئاینەوە ، نابێتە ناونانێك بۆ دورخستنەوەیان لە زمان . ئێزیدیەكان وەك شوێن ، وەك زمان ، كوردن . لێ‌ ، وەك ئایین ئێزیدین . هەرچۆن كوردێكی جولەكەمان هەیە ، كوردێكی مەسیحیمان هەیە ، كوردێكی موسڵمانمان هەیە ، كوردێكی ئێزیدیشمان هەیە . بۆ ئەوەی شوناسەكان وەك خۆیان كە ناویاندێت بناسین ، گرنگە ئاگامان لەم جۆرە ناونانەبێت . تێكەڵكردنی شوناسی ناو نان لە رێگەی زمان و ئاینەوە ، تێكەڵكردنی دوو دونیای جیاوازە .
دوا قركردنی ئێزردییەكان ، لەلایەن گروپێكی فاشی ئایینی وەك ( داعش ) ـەوە ، لەوانەیە لای هەندێك لەو ئێزیدیانە پەرچەكردارێكیان وەرگرتنبێت ، دژ بە بەشێك لە هێزەكانی كورد . چونكە ئەوە بەشێك لە هێزە حیزبییەكانی كوردبوون ، پشتیان لەو كەمە نەتەوە بەدبەخت و بێ‌ چەك و دەست و پێ‌ سپی و دورلە ژیانە كرد و ، خستنیانە ناو چنگی هێزێكی توندرەوی فاشی ئاینییەوە . گورزی ئەمجارەی هێزێكی حیزب لەو كەمە نەتەوەیە ، بە دیوە سیاسییەكەیدا ، بۆ ئامانجێكی بچوك بوو . ئامانجێك حیزبێك لە پێناو دەستكەوتی بچوكی ئابووری و سەربازی كەمەنەتەوەیەكی خستە بەردەم سڕینەوە و قڕكردندا . حیزبێك لە پێناو هێنانە ناوەوەی سوپا گەورەكانی رۆژ ئاوا و ئەمریكا بۆ هاوكاری خۆی ، نەتەوەیەكی خستە بەردەم خراپترین جۆری قەتڵوعامەوە .
ئەگەر بەشێك لە ئێزییدیەكان لە هێزێكی كوردی توڕەبن ، مافی سروشتی خۆیانە . كەس ناتوانێت نكۆڵی لەوە بكات ، هێزێكی حیزبی بەژدار نەبووە لە سرینەوەی ئێزیدییەكان . هەرچۆن ئەمڕۆ لە زمانی كۆمەڵێك كەسی بیماری سەركردایەتی ئەو حیزبەوە ، باس لەوەدەكرێت قەتلوعام و فرۆشتنی ژنەكانی ئەوان ، بۆ ناساندنیان بوو . پێشتریش كاتێك ئەو حیزبە ئەوانی خستە بەردەم ئەو قەتلوعامە ، بۆ دەستكەوتی بچوكی چەك و هاوكاری بێگانەكان بوو . ویستی كارەساتێك دروست بكات ، بە پشت بەستن بەو كارەساتە ، دەستكەونی بچوكی خۆی بەدەست بهێنێت . هەر ئەوكاتەی لەروی دادگا و كۆمەڵگەی مەدەنیەوە بێدەنگی كرا لەو رووداوە گەورەیە ، ئەو بێدەنگیە وایكرد ، ئەمڕۆ كەسێكی بیماری ئەو حیزبە جەسارەت بكات ، قەتڵوعام بكاتە كەرەستەیەك بۆ ناساندن !
نادیە موردا ، كە ئەمڕۆ یەكێكە لە ئەستێرە درەوشاوەكانی ئێزیدییەكان . وەك شوناسێكی پڕ لەبرین سەیردەكرێت . شوناسێك لەناو فاشیەتی ئاینییەوە رزگاری بووە و ، بووەتە گەریدەیەك بۆ ناساندنی كەمە تەوەكەی خۆی . ئەم خانمە بریندارە ، ( كە یەكێكە لە كاندیدە بەهێزەكانی خەڵاتی نۆبڵ ) بەردەوام سەرقاڵی گەرانە بەجیهاندا ، تا رێگە لەو فاشیەت و قركرانە بگرێت رووبەرووی كەمەنەتەوەكان دەبێتەوە .
بەخیلی بردن بەم خانمە ، ئەوپەری دوركەوتنەوەیە لە مرۆڤ بوون . تەنها ئەوانە ئەتوانن بەخیلی بەم خانمە ببەن ، خۆیان دونیاكەیان هێندە تەسكە ، باكیان بەوە نیە لە پێناو بەدەست هێنانی ناوێك ، نەتەوەكەی خۆیان توشی قركردن بكەنەوە . كەسێك بەخیلی بەم كچە دەبات ، لە پێناو بەدەست هێنانی ناوێك ، ماهیەتی ئاكارەكانی خۆی لەدەستداوە و ، وا وێنای بەرامبەركەشی دەكات ، ئەویش لەو دۆخەدا دەژیت كە ئەم تێیدا دەژی .
( نادیە موردار ) ئەمرۆ دەنگی ئێزیدییەكانە . دەنگی ئەو كەمە نەتەوەیە ، هێزەكانی حیزبێك خستیانە بەردەم قڕكردنەوە . دەنگی ئەو شوناسە بریندارەیە (11) جار لەسەر یەك ، لەبەر ئەوەی ئاینەكەیان جیایە ، هەوڵی سڕینەوەیان دراوە . دەنگی هەموو ئەو ژنانەیە ، لە شەنگال خراپترین جۆری ژیانیان هەبوو ، لێشنەگەران بەو خراپیەوە بژین ، خرانە بەردەم مەترسیدارترین و فاشی ترین هێزی ئاینیەوە ، تا وەك كۆیلە لە بازارەكاندا بیانفرۆشن .
ئەگەر لە قۆناغێك لە قۆناغەكاندا ( نادیە ) یەك نەبووبێت ، ئەنفال و خەمی ژنە ئەنفالەكان بە دونیا بناسێت ، ئەمڕۆ ئەو قۆناغەیە ( نادیە ) یەك هەیە ، شەنگال و خەمی ژنە شەنگالییەكان بە دونیا دەناسێنێت . ناسینی ئەم خەمە ، ناسینی كەمەنەتەوەیەكە ، كە سەر بە یەك خاك و یەك زمانین . من و تۆ و ( نادیە ) سەر بەیەك خاك و زمانین ، تەنها جیاوازییەكی بچوك هەبێت لە نێوانماندا ئایینەكانمانە . بەڵام ئەم شوناسە ئایینە بۆ منێك هەرگیز نابێتە رێگر ، شانازی بە كچێكی وەك ( نادیە ) وە نەكەم . نادییە نوێنەری گەیاندنی شوناسێكە ، شوناسەكە پڕە لەبرین و ، بەداخەوە بەشێكی ئەو برینانەش كوردی هاوزمانی خۆی بەژداربووە لە دروستكردنیان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت