عیماد عەلی : دەوڵەت نەتەوە دروست ناکات بەڵکو دەیپارێزیت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر رووە سیاسیەکەی لێ دەرکەین و ، خەڵک داوای دامەزراندنی دەوڵەت بە ململانێی سیاسی رووت نەزانێت لە کوردستان دا ، تاکە هاوڵاتیەکی ئەم کوردستانە نادۆزیتەوە ئامانجی گەورەی بنیاتنانی دەوڵەتی کرودستان نەبێت ، بەڵام کە زۆرینە دەبینێت دامەزراندنی دەوڵەت بووەتە ئامرازێکی زۆر هەرزان بەدەست دەسەڵاتەوە ، لەپاڵ ئەوەی رۆژانە کەموکورتیەکان زیاد دەکەن ، نەک بنەما سەرەکیەکانی بنیاتنانی دەوڵەت لە ئارادا بێت ، واخەریکە خەڵک بێز لە باسکردنی دەوڵەتیش دەکاتەوە .
پێش ئەوەی دەوڵەت هەبێت ، نەتەوە لە دەرئەنجامی کۆی گشتی لێکنزیکبونەوە و پێویستبونی گردبونەوە و جێگیربونی تاقم و عەشیرەت و خێزانەکان و هاتنە ئارای کشتوکاڵ هاتۆتە بوون ، بەڵام وەک ناو و خۆفەرزکردن ، دەوڵەت هەندێک نەتەوەی جێگیر کردووە و ئەویتری خستۆتە خزمەت ئەوانەوە تا رادەی توانەوە ، ئەمە لە زۆرینەی تاقیکردنەوەکانی دروستبونی دەوڵەتاندا دیارە ، بۆیە زۆرێک لە نەتەوەکان لەناوچون یان گۆرانکاری گەورە بەسەریاندا هاتووە ، تا حاڵەتی کزبون و نەمانی هیچ بنەمایەکی رەسەنی خۆیان و ئاوێتەبوون بە نەتەوەی سەردەستەوە ، تەنانەت لە وڵاتانی ئەوروپاش دا .
سەدەی نۆزدە و بیست نمونەی زۆرمان بۆ دەردەخەن کە دەوڵەت چۆن توندوتیژی بەکارهێناوە بۆ لەقاڵبدانی چەندین نەتەوە و ، هەر دەوڵەت بۆتە هۆکاری سەرەکی پلەبەندی نەتەوەکان بۆ نەتەوەی پلە یەک و دوو لە سەر ئەرزی واقیع و ، هەندێک نەتەوە وای لێهاتووە کە خۆی بە زاڵتر و رەسەنتر بزانێت، بێ ئەوەی باس لەوە بکرێت یان بە ناراستەوخۆ دانی پێدا ناوە وەک نەتەوەی ئەڵمان . بێگومان دروستبونی ئامرازی توندوتیژی لە هاتنەئارای دەوڵەتەوە زەقبۆتەوە و تەنانەت زوڵم و زۆر و دەستخستنە نێوکاروباری هاوڵاتیان لە دامەزراندنی دەوڵەتەوە هاتۆتە ئاراوە ، بەڵکو جەنگی گەورە و بچوکیشی بەرهەم هێناوە .
بۆیە تەنانەت ئەگەر بۆ دەوڵەتی کوردی ، کە حزب و کەسایەتی لە پێش هاوڵاتی و نەتەوە و میلەت ئیدیعای دەکات ، نەبێتە موسیبەت و مالوێرانی لەگەڵ خۆیدا نەهێنێتە ئاراوە و پێشبینی ئەگەری شەری قورسیشی لێ نەکرێت ، وەک زۆرینەی دەوڵەتانی جیهان ، ئەوە ئەگەری نەمانەوەی بە هۆکارە کەڵەکەبوەکانی نێوخۆیی و دەرەکی زیاترە .
کۆمەڵێک پێش ئەویتر و بنەماڵەیەک یان خەڵکانێک بێ ئەوەی کۆدەنگی لە ئارادابێت یان نێو ماڵی کوردی رێکخرابێت و ، بەبێ داواکاری هەمەلایەن و بێ ئەوەی بە دەنگی بەرز هاتبێتە ئاراوە ، بێگومان لەپاش جێگیربونی سنورەکانی دەڵەتیش ئاڵۆزیەکان زیاتر دەبن و ئەگەری شەری نێوخۆ وەک زۆرێک لە وڵاتانی تری سەرەتای سەربەخۆبونیان لە کوردستان سەختتر دەبێت ، بەڵکو لەبەر هەبونی دوژمنێکی زۆری دەوروبەر ئەگەری لەبارچونی بە ساوایی زۆر زیاتر دەبێت .
لەم وەزعەی کوردستاندا کە تەنها حزب و سەرکردە و بنەماڵەیەک خۆی کردۆتە نوێنەری هەموو خەڵک ، بێ ئەوەی راوبۆچونی ئەوانیتر لەبەرچاو بگرێت و بیەوێت بۆچون و رای ئەوان فەرامۆش بکات، بێگومان هەمووان دەزانن لەم حاڵەتەدا هەموو لایەک بیر لە بەرژەوەندی خۆی دەکاتەوە ، بۆیە ئەو ئەگەرە زۆر بە زەقی دەخاتەروو کە بێ کۆدەنگی دەست بردن بۆ ئامانجێکی گەورە بە مەبەستی حزبی و شەخسی تەسک چ ماڵوێرانیەک دێنێتە ئاراوە و ، دەبێت تەنانەت چاوەرێی جەنگی قورسیشی لێ بکرێت ، ئەمە ئەگەر تەنانەت سەریش بگرێت و ، بە خاترانەوە دەستوەردانە دەرەکیەکانیش حساب نەکەین .
بەڵێ لەم دوو دەیەدا دەرفەتێکی گەورە هەبوو بۆ توندکردن و پتەوکردنی ماڵی کوردی و بنیاتنانی بنەماو ئامرازەکانی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان ، بەڵام ناکۆکی و ململانێ و شەری نێوخۆ و دابەشبونی میلەت بەسەر چەندین راوبۆچون و شیعاردا ، ئەو دەرفەتەی لەدەستدا و ناتوانرێت لەم کاتەدا چاورەێی ئەوە بین کە بە ئاسانی دەوڵەت دابمەزرێت و بە ئاسانترین هۆکار شسکت نەهێنێت ، با بارودۆخە بابەتیەکەش یارمەتیدەر بێت ، بە تایبەتی کوردستانی باشوور لە حاڵەتیکی سیاسی و ئابووری ئەوەندە ئاڵۆز و قورسدایە کە خەڵک لە بیری نەتەوایەتی و قوربانیدان شۆردۆتەوە . ئەگەر لە دەرئەنجامی شەری داعش هەندێک دەرفەت هاتبێتە ئاراوە ، بەڵام پشتگیری دەرەکی تا ئێستا بە تەواوی مەیسەر نیە و ناتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت .
بۆیە تۆیەک تا ئێستا نەتوانیت برایانە کۆبیتەوە و کوردستانت بە کردەیی دابەش کردبێت و وەزعی ئابووریت لەم حاڵەتەدا بێت و خەڵک بێ ورە و برسی و بێ تاقەت ، بە چی ؛ یەکەم بەردی بناغەی دەوڵەت دادەنێیت ، تۆیەک براگەورەیەک یان سەرکردەیەکی کاریزما و مەرجەعیەتێکت نەبێت خەڵک بە گشتی باوەری پێ بکات بۆ کۆدەنگی و کۆکردنەوەی میلەت ، تۆیەک کە دروستبونی دەوڵەتت کردۆتە کارێکی حزبی و رقەبەری رکابەری و ، تۆیەک کە تەنانەت رکەبەرەکانت وا لێکردووە نەفرەت لە دەوڵەتێک بکەن بە دەستی تۆوە دروست بێت ، تۆیەک کە هەزار شەقت لە یاسا و رێسا دابێت ، چۆن باوەرت پێ بکرێت کە بێ یاسایی بەو دەوڵەتەوە ناکەیت و خەڵک لە نەبونی دەوڵەت زیاتر زنهار و هەراسان ناکەیت ، ئیتر باسی دەوڵەتی چی دەکەیت .
دەوڵەت ئامانجێکی پیرۆزی هەموو گەلی کوردستانە و خەڵکانێک دروستی دەکەن کە هەر نەبێت زۆرینە قەناعتیان پێی هەبێت و بەرژەوەندی دەوڵەتەکە بخاتە پێش حزب وئەڵقە و بنەماڵە و کەسەکانەوە ، نەک باوەریان بەوە بێت کە تەنانەت دەوڵەتەکەش بۆ ئەو ئەڵقە تەسکانە بەکاردێنێت و سەرجەم گەلی کوردستان دەکاتە قوربانیان و لە بەرهەمەکەی بێ بەشیان دەکات ، بۆیە پشتگیری مانەوەی بەدەست ناهێنێت .
دەکرێت ئەم جارە بڵێین ، لەم وەزعەی کوردستاندا ؛ هۆکاری خودی زیاترە لە هۆکارە بابەتیەکە بۆ شکستهێنانی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان و ، ئەمە یەکەم جارە کە هۆکارەکانی شکستهێنانی دەوڵەتی کوردستان پێچەوانە ببنەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت