شێرزاد شێخانی : پارتی و بەعس دو رووی دراوێكی قەڵپ .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

حیزبی بەعس سەرەتا لەسوریا دامەزرا،بەحیسابی ئەوەی حزبێكی نەتەوەییە دروشمەكەی یەكگرتنەوەی ئومەی عەرەبی بو . چەند فەرعێكی لەوڵاتە عەرەبیەكان دامەزراند كە عیراقیش یەكێك بو لەم فەرعانە . دوای 15 ساڵ لەدامەزراندنی بۆ یەكەمجار لەهەردو بەشی سوریاو عیراقدا توانی بەكودەتای عەسكەری دەسەڵات بگرێتەدەست ، بەڵام زۆری پێنەچو دوای هەشت مانگ كودەتایەكی تری عەسكەری بەسەرۆكایەتی عەبدولسەلام عارف لەعیراق كۆتایی بە حوكمی بەعس هێناو ئاشبەتاڵیان كردو زۆربەی سەركردەكانی بەعس خرانە كونجی زیندانەوە ، تا لەساڵی 1968 جارێكیتر لەرێگەی كودەتاییەكی تری عەسكەرییەوە جڵەوی دەسەڵاتیان گرتەوەدەست ، ئەمجارەیان بەپەند وەرگرتن لەشكستەكەی ساڵی 1963 توانییان دەسەڵاتێكی دیكتاتۆریانە بچەسپێنن بەمەش تا نزیكەی 35 ساڵ لەعیراق حوكمیانكرد .
لەسەرەتای قۆناغی دوەمی حوكمڕانییان ، بەشێك لەسەركردەكانی بەعس بەتایبەتی ئەحمەد حەسەن بەكر و سەدام حوسین توانیان كۆنترۆڵی حزب بكەن و دەسەڵاتی عەشیرەتی تكریتیەكانی بەسەردا بسەپینن ، دواتریش سەدام لەكودەتایەكی حزبیدا توانی بەكر لابدات و دەسەڵاتی بنەماڵەكەی و پاشتریش تاكە دەسەڵاتی دیكتاتۆریانەی خۆی بەسەر حزبدا فەرز بكات .
مێژوی پارتی جیاوازییەكی ئەوتۆی نیە لەگەل حیزبی بەعسدا ، لەزۆر بواردا یەكچونن ، بەتایبەت پارتیش سەرەتا خۆی وەكو حزبێكی نەتەوەیی نماكردو ، بەڵام زۆری پێنەچو مەلا مستەفا خۆی فەرز كردە سەر حیزبەكە ، ئەویش هەر لەسەرتاوە هەوڵیدا چەند سەرۆك عەشیرەت و بنەماڵەیەكی خێڵەكی بێنێتە ناو سەركردایەتی حیزب و ، دواتر لەرێگەی كودەتایەكی حیزبیەوە سەركردە رۆشنبیرەكانی ناو مەكتەبی سیاسی وەدەرناو ، ورد وردە دەسەڵاتی عەشرەتەكەی بەسەر حزبدا سەپاند ، دواتریش دەسەڵاتی دیكتاتۆریانەی خۆی كە بەمییرات گەیشتە مەسعود بارزانییەوە .
كارەساتی هەكاری ساڵی 1978 و شەڕی درێژی براكوژی لەشاخ ، دواتریش خۆ سەپاندنی بەتەزویری هەڵبژاردنەكانی یەكەم پەرلەمانی كوردستان ، پارتی هەمیشە لەهەوڵی ئەوەدا بوە حوكمی تاكڕەوی خۆی بسەپێنێت .. شەڕی ناوخۆی ناوەراستی نەوەدەكانیش ئەگەر چی لەمانشێتەكەیدا لەسەر داهاتەكانی گومرگی ئیبراهیم خەلیل بو ، بەڵام ئەویش ئامانجی سەرەكی قۆرخكردنی دەسەڵات بو لەرێگەی داگییركردنی داهاتی هەرێمەكەمان .
لەدوای راپەرینەوە لەبەر بونی هێزێكی گەورەو كاریگەری سیاسی و جەماوەریی كە یەكێتی نیشتمانی كوردستانە ، پارتی نەیتوانی خەونەكانی خۆی بەسەپاندنی دەسەڵاتە تاكڕەوییەكەی بێنێتەدی ، بەڵام هەمیشە لەهەوڵدابو بۆ ئەم مەبەستە .. ئیمزاكردنی رێكەوتنامەی ستراتیژی لەگەل یەكێتی و دواتریش پاڵنانی مام جەلال بەرەو بەغداو داتاشینی پۆستی سەرۆكی هەرێم لەبری پۆستەكەی مام جەلال ، هەمو ئامانجەكەی پارتی ئەوەبو خۆی تاكو تەنها هێزی كاریگەری سەر ساحەی كوردستان بێت ، ئەم رێكەوتنە ستراتیژییەش هەڵەیەكی گەورەی یەكێتی بو خرایە پاڵ هەڵە كوشندەكەی پێشوتری بەرازیبون بە حوكمی فیفتی فیفتی لەگەڵ پارتیدا ، چونكە من پێشترو ئێستاش پێموابو ئەم شێوازی حوكمرانی فیفتی فیفتیە بوە هۆی ماڵوێرانی كورد و ناشرینكردنی پرۆسەی دیموكراسیی لەكوردستاندا ، ئەبوایە یەكێتی وەكو حیزبێكی مۆدێرن و پیشكەوتنخوازو دیموكراتخواز هەر لەسەرتاوە پارتی فێری دیموكراسی و دەستاودەستی دەسەڵات بكردایە بەوەی ببوایەتە ئۆپۆسزیۆنێكی پەرلەمانی و دەسەڵاتەكەی بدایە پارتی بۆ ئەوەی میللەتیش بیزانیایە ئەم حیزبە چی لەباردایە .. ئێستاش گاڵتەم بەم هەمو پروپاگندە سەیرو بێزەلەتەی پارتی و حزبەكانی تریش دێت كە باس لەرێكەوتنی سیاسی ئەكەن بۆ دابەشكردنی دەسەڵات ، یاخود دامەزراندنی حكومەتی بنكەفراوان ، چونكە پارتی هیچكات باوەڕی بە یەكریزی و شەراكەت نیە ، ئەمان دژی دیموكراسی راستەقینەن و ئەم درۆو دەڵەسانەشە ماڵی كوردی وێرانكرد . ئەوەتا بەحیساب ئێستا حكومەتەكەمان بنكە فراوانە ، كەچی رژێمەكەی پارتی بەبڕیاری مەكتەبی سیاسی چوار وەزیری دەركرد لەو حكومەتە .. كاتی خۆیشی زۆربەی بریارەكانی دامەزراندن و لادانی وەزیرەكانی حكومەتی عیراق لەسەركردایەتی حیزبی بەعسەوە دەرئەرچوو بەبریاری سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش ( مجلس قیادە سەورە ) ی سەدام جێبەجی ئەكرا ، ئێستاش بڕیارەكانی حكومەتی هەرێم لەلایەن مەكتەبی سیاسی پارتیەوە دەرئەچێت ، بەناوی سەرۆكی هەرێمی ماوە بەسەرچوش تەسدیق ئەكرێت .
لەسەرەتای حەفتاكان رژێمی بەعس كاری بۆ دامەزراندنی بەرەی پێشكەتنخوازی عیراقی ( جەبهەی وەتەنی ) كرد ، ئەم بەرەیە بەسەرۆكایەتی حیزبی بەعس بو ، حزبەكانی تر هەمویان حزبی گوێرایەڵو لەكارتۆن دروستكراو بون ، ئێستا رژێمی پارتیش هەمان شتی ئەوێت ، ماوەیەك بەر لەئێستا بەنیاز بو بەرەیەكی لەمشێوەیە لەسەر ئاستی هەر چوارپارچەی كوردستان دروست بكات بەناوی ( كۆنگرەی نەتەوەیی كورد ) بەڵام كاتێك حزبەكان رازی نەبون بەبراگەورەیی و سەركردایەتی مەسعود بارزانی پارتیەكان تێكیاندا .
قۆرخكردنی پەیوەندییەكانی دەرەوە لەلایەن رژێمی پارتیەوە ، ئەمەش هاوشێوەی هەبوە لەرژێمی بەعسدا ، چۆن لێرە فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە لەدەست پارتی یە و خودی مەسعود بارزنی سەرپەرشتی ئەكات ، لەرژێمی بەعسیشدا مەكتەبی عەلاقاتی دەرەوە هەبو لەناو حزبدا كە سەدام حوسین خۆی سەرپەرشتی ئەكرد و حكومەت پابەندی بریارەكانی ئەبو .
دژایەتیكردنی حیزبەكانی كوردستان لەگەورەوە بۆ بچوكترینیان ، هەمان سیاسەتی رژێمی بەعسە ، ئەویش خۆی بەحیزبی قائید ئەزانی و هیچ حیسابێكی بۆ حزبەكانی تر نەئەكرد بە هاوپەیمانەكانیشیەوە ، كاتی خۆی حیزبی شیوعی هاوپەیمانی بەعس بو لە جەبهەكەش لەگەڵیدا بو ، بەڵام هیچكات حیزبی بەعس رۆڵێكی پێنەدا ، ئێستاش یەكێتی بەحیساب ساڵانێكە هاوپەیمانی پارتییە ، بەڵام ئەویش هیچ حیسابێكی بۆ نەكراوە .
رژێمی بەعس كاتی لەدەسەڵاتدابو كاری ئەكرد بۆ دروستكردنی حیزبی كارتۆنی بۆ ئەوەی لەدونیای دەرەوە بگەیەنێت كە دیموكراتخوازە ، ئەوە بو چەند حزبێكی لەو بابەتە دروستكرد وەكو حزبەكەی هاشم عەقراوی و مەلا ماتۆر ، ئێستاش رژێمەكەی پارتی هەمان سیاسەت بەڕێوە ئەبات بەدروستكردنی حیزبی توركمانی و مەسیحی كە هەمویان كۆیلەو گوێرایەڵی خۆیانن .
گەورەترین دوژمنی دەسەڵاتەكەی بەعس خەڵكە رۆشنبیرەكان بون ، بۆیە ژمارەیەكی زۆریانی كوشت و خستە زیندانەكانەوە ، ئێستاش گەورەترین دوژمنی پارتی نوسەرو رۆژنامەنوس و خەڵكە رۆشنبیرەكەیە كە رۆژ نیە كەسانێكیان نەكوژرێن و نەخرێنە زیندان و بێسەروشوێن نەكرێن .
بۆ لەناوبردنی نەیارەكانیشی رژێمی بەعس هەمیشە تۆمەتی ئامادەكراوی ئەدایە پاڵ نەیارەكانی ، جارێ بەتۆمەتی جاسوسی كردن بۆ ئیسرائیل ، جارێ بەكرێگیراوی ئێران ، جارێ بە تۆمەتی كودەتاوە تەسفیەی ئەكردن ، هەمان سیاسەت ئێستا پارتی پەیڕەوی ئەكات دژ بەبزوتنەوەی گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامی و حزبە نەیارەكانی بە تۆمەتی كودەتاو تیرۆرو پەیوەندی بەداعش و دژایەتیكردنی سەربەخۆییە درۆزنانەكەی ، هەوڵئەدات كاری سیاسیان لێ حەرام بكات یا ناوی سەركردەكانی بزرێنێ .
لەمومارەسەی سیاسەتدا هیچ جیاوازیەكەك لەنێوان هەردو رژێمەكەی پارتی وبەعسدا نیە ، چونكە هەردوكیان حیزبی بنەماڵەو دیكتاتۆرن ، كاریان بۆ جێگیركرنی دەسەڵاتی ستەمكارانەیە ، یەك جیاوازی لەنێوان بەعس و پارتێدا هەبێت تەنها ئەوەیە ، كە رژێمەكەی سەدام لەتاریكترین رۆژگارەكانیدا پەنای بۆ بێگانەو دوژمنەكانی نەبرد ، كاتێك ئێران لەشەڕی لەگەڵ عیراقدا شاری فاوو بەشێكی زۆری لەخاكی عیراق داگییركرد ، سەدام هانای بۆ هیچ یەكێك لە دوژمنەكانی نەبرد ، خۆی سازدایەوەو بەسوپاكەی خۆی خاكەكەی ئازاد كردەوە ، بەڵام رژێمەكەی مەسعود بارزانی هانای بۆ دوژمنە گەورەكەی بردو بەدەبابەكانی بەعس هەولێری داگییر كردەوە ، كە ئەمەش وەكو كاك قادر عەزیز لەسەرەتادا وەسفی كرد بە ( شازی خیانەت ) ..

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت