Barzani-u-Newshirwan

نەبەز گۆران : نەوشیروان مستەفا – دێوەكەی پارتی ..

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەموو ئەو وێنە ئاوەژوانەی لەلایەن ستایشكەرانی حیزبی پارتییەوە ، بۆ ئەو پیاوە دەكرێن ، واتاییەكیان نیە ، جگە لە دروستكردنی فەزاییەكی ناتەندروست ، بۆ هێشتنەوەی دەسەڵاتێكی خێڵەكی شكستخواردوو . ئیشكالی گەورەی پارتی ، لاوازی تێگەیشتنە . ئەم حیزبە لە دۆخێكدایە ئاستی بینینی ، تەواو كزبووە . ناتوانێت دیمەنەكان وەك خۆی ببینێت ، ناشتوانێت ئەم لاوازیی بینینەی لەشوێنێك رابگرێت ، لەبری وەستان و كەمێك وەرگرتنی تێگەیشتن ، خەریكی رەنگركردن و دورستكردنی وێنەی دێوییە بۆ ئەوانی كە . هەڵبەتە بە بروا ( لاوازەكەی خۆی ) پێی وایە ، دروستكردنی ئەم وێنانە دەبنە دینەمۆیەك بۆ بەهێز كردنی ! راستیەكەشی ئەوەیە ، دەبنە دینەمۆیەك بۆ خۆكۆمیدیی كردنی .

ئەشێت بپرسین : نەوشیروان مستەفا ئەو دێوەیە ، پارتی شەوان خەونی پێوە دەبینێت ؟
ئایا نەوشیروان مستەفا ، یان ئەوانەی كە ، ئەو دوژمنەن ئەم حیزبە بە گوتارێكی فاشیانەوە ، بەردەوام لەسەریان دەوەستێت ؟
ئایا پرۆژەكانی نەوشیروان مستەفا ، پرۆژەن بۆ دروستكردنی سیستەمێكی تەندروست ، یان پرۆژەن بۆ وێرانكردنی سیستەم ؟
ترسی پارتی لەم پیاوە چییە ؟
سیستەمێك لەم دۆخە تێكشكاوەدا ، كە هەرسێ‌ سەرۆكایەتیەكەی توشی هاڕەبوون ، بە عەقڵێكی سەلیم بونیات دەنرێنەوە ، یان بەو لاوازی عەقڵیەی پارتی دونیای كوردی پێدەخوێنێتەوە ؟
ئەی پەكەكە بۆ بووەتە دێو لای پارتی ؟
ئەی كۆمەڵی ئیسلامی بۆ خەریكە دەخرێتە قۆناغی دێوبوونەوە ؟
ئەی یەكێتی نیشتیمانی ( باڵە پتەوەكەی ماڵی ئیبراهیم ئەحمەد ) بۆ وەك دێو سەیردەكرێن ؟
ئەمانە هەموو ئەو پرسیارانەن ، وەك دڕك دەچن بە گیانی پارتیدا .
نەوشیروان مستەفا ، دەكەمە چەقی وەڵامدانەوە ، بۆ ئەو پرسیارانە ، وەڵامدانەوەكەش واتای وەڵامی ئەو گوتارە فاشییەیە ، پارتی لەناویدا كینگڵدەدات و ، عەقڵێك نیە لەو خۆ تلاندەوەیە بیهێنێتە دەرەوە . برێكجار هێندە خراپ خۆی دەكوتێت ، مرۆڤ ( عاشورا ) ی بیردێتەوە بە مۆدێلی دەسەڵاتی كۆمیدیی خێڵەیكەوە .
پرۆژەكانی نەوشیروان مستەفا ئەمانەن .

یەكەم : گۆڕینی سیستەمی حوكمرانی ، بۆ سیستەمێكی پەرلەمانی ، تاكو لە ئێستا و لە ئایندەدا ، هیچ بكەرێك نەتوانێت ببێتە بكەرێكی ستەمكار و سیستەمەكە رێگربێت لە دروستبوونی ستەمكاری .
دووهەم : نووسینەوەی دەستوورێكی مەدەنی ، كە خاڵ لەسەر چەمكی ( هاوڵاتی بوون ) دابنرێت و ، ببێتە دەستوورێك نەوەكانی ئێستا شەرمەزار نەبن لەبەردەم نەوەی ئایندەدا .
سێهەم : بونیاتنانی هێزێكی تۆكمەی سەربازی . لەسەر بنەمای ( ئینتیما بۆ نیشتیمان ) ئەم هێزە دور لە دیدگای حیزبییەوە ، بكرێتە پاسەوانێكی بەهێزی نەخشەی جوگرافیەكەمان .
چوارەم : سەرلەنوێ‌ بونیادنانەوەی دەسەڵاتەكانی ( یاسایی و جێبەجێكرد ) چاكسازیكردن لە وەزارەتەكاندا و ، پشت بەستن بە داهاتی ناوخۆ و ، دروستكردنی فەزایەكی ئابووری ، هاونیشتیمانیان لەبری بكەری بەرخۆر ، ببنە بكەری بەرهەم هێنەر .

پێنجەم : كاركردنی بۆ نەهێشتنی گەندەڵی ، دروستكردنی بازاری ئازاد ، فراوانكردنی فەزای ئازادی، سەربەخۆی یاسا . خۆبونیاتنان ، لە پێناو دروستكردنی دەوڵەتدا .
ئەم پێنج خاڵە كرۆكی سەرجەم بیركردنەوە و ، جوڵەكان و رێككەوتنەكانی نەوشیروان مستەفا بووە ، لەتەك حیزبە سیاسییەكاندا . پارتی وەك تاقانەترین حیزب دژی ئەم پێنج خاڵە هەرێمی كوردستانی خستە بەردەم ئەم قۆناغەی ئێستا تێیكەوتووین . ئەشێت زۆر ئاسایی بێت ئەو حیزبە دژی ئەو پیاوەبێت ، چونكە هەریەك لەم خاڵانە هەڵتەكاندنەوەی كۆی جیهانە خێڵەكی و حیزبیەكەی پارتییە . بیانوگرتنی ئەو حیزبە ، بە هەر كارەكتەرێكی سیاسیی ، یان هەر حیزبێكی سیاسیی ، لەسەر جێبەجێكردنی ئەو خاڵانەیە .
ئەو دێوەی كە خەونی پارتی زراندووە ، لەگەڵ هاورێكانی و گەنجەكانی دەوروبەری و ، نووسەر و رۆشنبیران ، سەرقاڵی ئەو پێنج خاڵەن . هەریەك لەو پێنج خاڵەش كۆڵەكەی پتەوی دروستكردنی كیانێكی سەربەخۆن . سەربەخۆبوونی ئەم كیانە تێكشكاوەی ئێمە ، بە بونیاتنانی ئەو پێنج خاڵە دروستدەبێت ، نەك بە گوتاری فاشیانەی حیزبێك ، كە خۆی لە بنەوانەوە دژی هەر پێنج خاڵەكەیە و ، لە گوتاریشدا تەنها ( جەماوەرەكەی خۆی ) پێ‌ فریوبدات .
ئێستا لە ( رۆژئاوای كوردستان ) پرۆژەكەی سەرۆك ( ئاپۆ ) خەریكی بونیادنانە . زۆرێك لە موفەكیر و رۆژهەڵات ناسەكان ، بەوردی چاودێری دەكەن و قسەی لەسەر دەكەن . ئەو پرۆژەیە لەهەر رەهەندێكەوە سەیری دەكەیت ، بریتیە لەم پێنج خاڵەی كە لەم هەرێمە كاری لەسەر دەكرێ‌ . لێ‌ ، لێرە گەورەترین كۆسپ بۆ بونیادنانی پێنج خاڵەكە حیزبی پارتییە ، لە رۆژئاوای كوردستانیش توركیاییە . لەنێوان حیزبی پارتی و دەسەڵاتی ئێستای توركیادا ، خاڵێك هەیە ، خاڵەكە لەو دژبوونەدا دەبینرێتەوە ، كە ناهێڵرێت خۆمان بونیاد بنێین بۆ دەوڵەتێك كە بنەماكانی دەوڵەتی تێدا بێت . بەڵكو كاردەكرێت بۆ فریودانێك كە كۆتاییەكەی ، بە دولەتبوونێكی راستەقینە دەكەوێتەوە .
ترسی پارتی ، لە پەكەكە و ، لە نەوشیروان مستەفا و كۆی حیزبەكانی دیكە ، لەم خاڵانەدا كۆدەكرێتەوە ، نەك لە دیدێكی تاكە كەسییەوە . هەركەسێك و هەر حیزبێكی كە لە كوردستان ببێتە خاوەنی ئەم پێنج خاڵە، راستەوخۆ لای پارتی دەبێتە دێوێك . ئەو لەشكرە ستایشكەرەی كە زۆرتر لە ( سەگەكەی پاڤلۆڤ ) دەچن ، ئیشیان وێرانكردنی شتە بونیادییەكان و ، بەروكەشكردنی دونیای كوردییە .
ئەو لەشكرە ئەشێت حەقی خۆیان بێت ئاڵابن لەو گوتارە فریودەرانەیە ، چونكە كە ( زەنگەكە ) لێدرا ، ئیدی ( لیكەكە ) دێتە خوارەوە و پێویستە دەنگیان لێوەبێت ، تا خواردنەكەیان بۆ دێت . كتومت هەمان میتۆدەكەی ( پاڤلۆڤ ) .
بەرگریكردن لەو پێنج خاڵە ، بەرگریكردنە لە ئاییندەیەكی روون . بەرگریكردنە لەو چاوەروانییەی ، كە مرۆڤی كورد سەدەیەكە ژیانی لەسەرداناوە . بە دێوكردنی پیاوێك كە دەیەوێت لەگەڵ هاوبیرەكانی ئەو پێنج خاڵە بهێنێتە دی ، هێندەی ترسە لەو ئایندەیە ، ترس نیە لە خۆی . پارتی لەئایندەیەك دەترسێت خێڵ و گوتاری فاشییەت تێدا مانای نەمێنێت . لە ئایندەیەك دەرسێت سیستەم و یاسا تێیدا سەروەر بن . نەوشیروان مستەفا و پەكەكە و هێزەكانی كەش، خەریكی ئەو ئایندەیەن كە پارتی لێی دەترسێت ، بۆیە بوونەتە دێو لەبەر چاوە كزەكانی . ئەو حیزبانەی لەلایەن پارتییەوە هەمان وێنەی دێویان بۆ دروست دەكرێت ، هۆكاری دروستكردنی وێنەكە بۆئەوەیە ، ئەوانیش خەونی بونیادنانی ئەو پێنج خاڵەیان هەیە . تەنها حیزبی پارتییە ترسی لەو بونیادە هەیە ، چونكە دەزانێت گەر ئەو پێنج خاڵە ببنە واقیعێك و لەناو سیستەمەكدا جێبەجێبكرێت ، ئیتر ئەو ناتوانێت بە عەقڵی خێڵ و خۆسەپێنی و ، یاریكردن بە چارەنووسی میلەتێكەوە بمێنێتەوە .
بۆیە هەتا پێیبكرێت لە دژی خاوەنانی ئەو بیرۆكەیە دەوەستنەوە . بەرگریكردنەكەشیان لە خۆیان ، بەرگریكردنە لەو عەقڵە ناتەندروستە كۆنەی لە جیهانی ئەمڕۆدا نامۆییە و ، لە نامۆبوونی خۆیەوە، ناچارە سوود لەگوتارێكی فاشیانە وەربگرێت ، بۆ پاراستنی فەزای دیوەخان . ترۆپكی دژ بوونەكەش ، خودی بارزانی و كوڕەكەیەتی . ئەو دوو بكەرە نامۆیە ، نەخشە دارێژەری فەزای وێرانەن .

سەرچاو – لڤین

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت