عیماد عەلی : لە نێوان گۆسماو و سەرکردەکانی خۆماندا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە ساڵی 2006 و لە پاش سەربەخۆبونی تەیموری رۆژهەڵات ، شەر و ناکۆکی لە نێوان سوپا و پۆلیسی ئەو وڵاتە لە دەرئەنجامی ناکۆکی هەردوولا لە کاری بەرێوەبردنی وڵاتدا ، روویدا . سەرۆک گۆسماو کە رێژەیەکی گەورەی شانازی سەربەخۆبونی ئەو وڵاتە بۆ خەبات و هەوڵ و ماندوبونی ئەو دەگەرێتەوە ، هەڵوێستی عاقڵانە و جوانی نواند ، ئەو لایەنگیری بۆ لایەک دژ بە لایەکی تر نەکرد ، هەرەشەی لە هیچ لایەک نەکرد ، رێگەی لە هیچ دەزگایەکی شەرعی و یاسایی نەگرت و پەکی نەخست و شەری شەخسی لەگەڵ هیچ کەس و لایەنێکی سیاسی تردا رانەگەیاند ، بنەماڵەکەی ( لە بنەرەتدا هیچ تایبەتمەندیەکی پێ نەبەخشیبون ) و حزب و دەزگا ئەمنی و عەسکەریەکانی نەخستە ئامادەباشیەوە و ، پەنای بۆ شەری راگەیاندن و هێز نەبرد ، حکومەتەکەی دوولەت نەکرد و نیوەی نەناردە ماڵەوە ، پەنای بۆ دادگای حزبی و لایەنگری خۆی نەبرد بۆ هیچ مەسەلەیەک و بە تایبەتی یەکلاکردنەوەی ناکۆکیەکان ، دەستی بەسەر داهات و بژێوی ژیانی خەڵکیدا نەگرت ، سەرەرای کەم داهاتی وڵاتەکەی ، بەڵام لە پاش سەربەخۆیی ، ژیانی خەڵکی تا رادەیەکی باش مەیسەر و مسۆگەر کرد ، خۆی نەبەستەوە بە وڵاتانی دەرو دراوسێی وەک ئوسترالیا و ئەندۆنیسیای داگیرکەری پێشووی ، تەیموری دابەشنەکرد بەسەر دوو زۆندا . ئەم رەفتارانەی لە بنەرەتدا لەسەر ئەوە بنیاتنابوو کە هیچ شانازیەک و منەتێکی بەسەر میلەتەکەیدا نەکرد گوایە بە توانا و هێز و خەباتی ئەو سەربەخۆییان بەدەستهێناوە ، تەنها کردەوەیەک کە پەنای بۆ برد لە کاتی سەرهەڵدانی ناکۆکیەکانی نێوخۆ ؛ هەرەشەی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی کرد لە سەرۆکی وڵات ، ئەگەر سەرەک وەزیرانی وڵات مورعی ئەلکەسیری دەست لەکار نەکێشیتەوە ، چونکە لە ماوەی حوکمداری ئەودا ناکۆکیەکان و شەرەکە روویدابوو . بۆیە سەرۆک وەزیرانیش خۆی نەبەستەوە بە کورسیەکەیەوە و وازی لە دەسەڵات هێناو ناکۆکیەکان بنبرکران .
بۆچی تەنها بە هەڵوێستێکی زارەکی ئەو کێشە گەورەیە کۆتایی هات :
1 – شانانا گۆسماو جێگەیەکی تایبەتی بۆ خۆی لە نێو دڵ و دەرونی خەڵکدا دروست کردبوو و هیچ خۆپەرستی و نەرجسیەتێک و بیرکردنەوەیەکی تەسک زاڵ نەبوو بەسەر بیروباوەریدا و ، منەتی خەبات و گەیشتن بەسەربەخۆیی وڵاتەکەی بەسەر گەلەکەیدا نەکرد و بووە مەرجەعیەتێکی گوێلێگیراو و خاوەن خۆشەویستیەکی گەورەی گەلەکەی و ، هەموو تاکێکی ئەو وڵاتە ئیعتباریان بۆ دادەنا و بە قسەیان دەکرد ، چونکە بە کردەیی دلسۆزی و پاک و بێگەردی و خۆنەویستی خۆی سەلماند .
2 – دامودەزگاکانی وڵاتەکەی بۆ بەرژەوەندی تەسکی خۆی و بنەماڵە و حزب و لایەنگرانی بەکارنەهێناو و تەنها جێگەیەکی مەعنەوی زۆر گەورەی بۆ خۆی لای هەموو کەسێک دروست کردبوو .
3 – دەیتوانی هێز بە کاربێنێت و بە فەرمان سەرۆک وەزیران لەکارەکەی لابدات ، بەڵام تەنها وتی ئەگەر خۆی دەست لەکارنەکێشێتەوە بەخۆم لە سەرۆکی کۆمار واز دێنم . بەڵی بەس بەو ئاگاداریە سەرۆک وەزیرانەکەی کە دەسەڵاتی هەموو کاردانەوەیەکی هەبوو ، دەیتوانی لەناوی ببات ، کەچی بێ زویر بوون ، دەستلەکار کێشانەوەی خۆی پێشکەش کرد .
4 – متمانەی خەڵک بە گۆسماو وای کردبوو کە بێ ئەوەی وەک سەرۆکێکی پر دەسەڵات و لە دەستور دیاریکراو بەڵکو تەنها بە خۆشەویستی خەڵک هەموو دەسەڵاتێکی هەبێت و وردو درشتی خەڵک پشت بە هەڵوێستەکانی ئەو ببەستن .
جا وەرەوە بۆ کوردستان و بەراوردێکی بچوکی ئەم دوو وەزع و مودێلە بکەن ، ئەوجا دەزانین کە رێژەی سەرکەوتنمان لە بەدەستهێنانی ئامانجەکان چەندە و ، بە کوێ دەگەین و دیدی خەڵک بۆ پرسە سەرەکیەکەمان تا چەند لە بەرژەوەندی بەدیهێنانی سەربەخۆیی کوردستانە و ، کێ زامنی سەرهەڵنەدانی شەری ناوخۆی کوردستانی خوێناوی پاش سەربەخۆیی دەکات .
لە وڵاتێکی تازە سەربەخۆ بووی ئاسیایی ، لەرووی پێشکەوتنەوە لەهەموو بوارەکاندا ئەوەندە جیاوازی لەگەڵ تەنانەت کوردستانی خۆشماندا نەبێت ، کەچی لەهەمووی نمونەیی تر ، بە هەڵوێستێکی گەورەی خۆی ، ئەخلاق و نەفس بەرزی و خۆنەویستی و دڵسۆزی بۆ وڵاتەکەی سەلماند ، ئەویش لەوەدا کە سەرەرای خۆشەویستی هاوڵاتیان و مەرجەعیەتبونی و رێز و پێگەی قورسی لە نێو دڵی هەموو لایەک و مسۆگەربونی بەدەستهێنانی زۆرینەی رەهای دەنگەکان ، بەڵام خۆپاڵاوتنی بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی بۆ سەرۆکی وڵات رەتکردەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت