هەورامان عەلی : راستیە شاراوەکانی پشت کودەتاکەی تورکیا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گەرچی زۆربەی ڕوداوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە کودەتاکەی سوپا لە تورکیا شکستی هێناوە ، بەڵام هێشتا زووە ئاکامە دەسبەجێکانی ئەو ڕوداوە ببینین و قسەیان لەسەر بکەین . ئەو ڕوداوە ئاماژەیەکی قوڵە بۆ قەیرانە چەقبەستوەکانی دەولەتی تورکیا کە درەنگ یان زوو دەبێت یەکلا ببنەوە .

چەند ئاماژەی کورت :
یەکەم : کودەتاکەی سوپا نیشانی داین سەرەڕای پێشکەوتنە ڕوکەشیەکان ، دەولەتی تورکیا وەك هەر دەولەتێکی جیهانی سێ ، هێشتا زۆری ماوە دەولەتی دامەزراوە سەربەخۆ و هەیکەلی دەولەتی مۆدرێن بێت و سوپا وەك دامەزراوەیەکی سەرکوتگەر هەرکات فرسەتی بۆ هەڵکەوێت و بەرژەوەندیەکانی بیخوازێت ، نەتوانێت شەقێك لە دەستور و یاسایی وڵات هەڵدا و پرۆسەی سیاسی و حوکمڕای بگێڕێتەوە بۆ خاڵی سفر !
دووەم : دەستوری بنەرەتی تورکیا ، دەستورێکی عەلمانیە ، ڕژێمی حاکم و حکومەتەکەیشی حکومەتێکی ئیسلامیە ! ئەم ناکۆکیە بنەڕەتیە دەمێکە وەك دیاردەیەکی سیاسی تایبەتمەندی تورکیایە . سوپا لە ساڵانی ڕابردودا لە ڕێگەی کودەتا کانیەوە ( سپێ یان سور ) وەڵامی ئەو کێشەیەی داوەتەوە . چیتر ئەمڕۆ ناکرێت بە شێوازی ڕابردوو ئەو کێشەیە یەکلابکرێتەوە . دوو ڕێگە هەیە و سێ یەمیان نیە ! یان دەبێت حیزبە سیاسیەکان لەوانە ئیسلامیەکانیش بە تەواوەتی پشت بکەنە بڕنسیپ و پاشخانە فکریە ئاینیەکانیان و یاسا لایکەکان بەبێ چەندوچون قبوڵبکەن ( کە ئەمە ئەگەرێکی دووەر ، لانی کەم لە ئایندەیەکی نزیکدا ) یان یاسا و دەستورە عەلمانیەکەی دەولەت وەلانرێت ، ئەو شتەی ساڵانێکی حیزبی داد و گەشەپێدا سەرقالیەتی . ئەمەش یانی گەڕانەوە پاشەوپاش بۆ دەولەتی تۆتیالیتاری( شمولی ) خۆرهەڵاتی .
سێیەم : حکومەتی ئاکەپە بە دروشمی چاکسازی بنەرەتی و هێنانەخوارەوەی ناکۆکیە ناوخۆی و ناوچەیەکان بۆ خاڵی سفر ، دەسەلاتی گرتە دەست . بەدرێژای زیاد لە دوو دەورەی دەسەڵاتداریەتی ، نەك هەر نەیتوانی هیچ یەکێك لەو کێشە بنەڕەتیانەی تورکیا چارەسەر بکات ، بەڵکە کۆمەلێك قەیرانی تازەی خولقاند کە تورکیای تا ئاستی هەڵوەشانەوە و تەریک کەوتنەوەی ناوچەیی و جیهانی بردووە . سیاسەتەکانی ئۆردۆگان لەگەڵ دەولەتانی ناوچەکە تائاستی هەڵگیرساندنی جەنگ ڕۆشتووە ، لە ئاستی ناوخۆدا هەڵگیرساندنەوەی جەنگ لە دژی خەلکی کوردستان و سەرکوتی هەر دەنگێکی ئازادیخوازی ، دەولەت و دامەزراوەکانی ئیفلیج کردووە .
چوارەم : سیاسەتی ئینکارکردنی پێکهاتە جیاوازەکانی تورکیا ، شۆڤێنیزمی قەومی و فاشیزمی ئاینی لە تایبەتمەندەکانی دەسەڵاتی ئاکەپە بوون . مەیداندان بە ئیسلامگەراکان ، کۆمەکردن و ئاسانکاری بۆ داعش و هاوشێوەکانی ، دەستێوەردان لە سوریا و عێراق و … هەڵدان بۆ سەپاندنی سیاسەتی تاکڕەوانە ئۆردۆگان و ئاکەپە کۆمەلگەی تورکی توشی لێکترازان و پەشێوی کۆمەڵایەتی کردووە ، بەڕادەیەك جەنگی ناوخۆی لەبەردەم دەرگای تورکیادایە . هەرئێستا پرۆسەی بە سوریا بوونی تورکیا ئەگەرێکی بەهێزە .
پێنجەم : سوپایی تورکیا وەک ئەندامێکی هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی ساڵانێکی درێژە وەك سەگی پاسەوانی بەرژەوەندیەکانی ناتۆ و خۆرئاوا هەڵسوکەوت دەکات ، بۆیە بەبێ پرس و ڕاوێژ بە سەرانی ناتۆ ناتوانێت هەنگاوێکی لەو بابەتە بنێی ، ئەوەش گورزێکی گەورەبوو بۆ بناگوێی ئۆردۆگان وسیاسەتەکانی ، پەیامێكێکی ڕوون ئاشکرابوو کە خۆرئاوا تاسەر ملهوریەکانی ئۆردۆگان قبوڵ ناکات !
شەشەم : تورکیا گەر بیەوێت وەك دەولەتێکی یەکگرتوو بمێنێت و ئایندەیەکی هەبێت ، دەبێت لە پێشدا ، لەگەڵ خۆی و پێك هاتەکانی ( بەتایبەت خەلکی کوردستان ) ، لەگەڵ دراوسێکانی ( بەتایبەت سوریا ) ئاشتبێتەوە و سیاسەتەکانی 180 پلە بگۆڕێت . تورکیا وەك کۆمەلگەیەك دەبێت بە مێژووی خوێناوی خۆیدا بچێتەوە ، رەخنەیەی قوڵ و ڕیشەی لەو ڕابردووەی خوێناویەی بگرێت ، ئەمەش بە هەموو هێزێك بکرێت بە ئاکەپە و کودەتای سەربازی ناکرێت !

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت