دکتۆر سەردار عەزیز : دوفاقی ڕزگاری ـ شۆرشی عەلمانی و دژە شۆرشی دینی .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەی سەرەوە ناونیشانی کتێبێکە که له ساڵی 2015 لەلایەن زانکۆی ێێل له ئەمریکا بڵاوکراوەتەوە . نوسەری کتێبەکە یەکێكە له بیرمەندە ناسراوەکانی ئەمڕۆی ئەمریکا . نوسەرەکە ناوی مایکڵ واڵزەرە . واڵزەر لە سالێ 2013 بابەتی ئەم کتێبەی وەک سیمینار لە ناوەندی هێنری ستێمسۆن پێشکەشکرد لە زانکۆی ێیەڵ .

ڕەنگە دوفاقی بتوانرێت وەک چەمکێک یان کلیلێک بەکاربێت بۆ خوێندنەوەی کتێبەکە ، هەروەها بۆ تێگەیشتن لە ئەو دیاردەیەی کە کتێبەکە باسی ئەکات . دوفاقیەکە بەم شێوەیەیە : ئەو گەلانەی کە لە ناوەڕاستەکانی سەدەی ڕابورودا خەباتیان کرد بۆ رزگاربونیان له دەستی کۆڵۆنیالیزم هەمویان خەڵکانێک بون عەلمانی و هەمو هەوڵێکیان بۆ ئەوەبو که کۆمەڵگایەک بهێننە ئاراوە , که تەبابێت له گەڵ بەهاکانی مۆدێرنە و ڕۆشنگەری . بەڵام دەرئەنجامی ئەوەی بونیادیان نا پاش ماوەیەکی کەم بۆ بە کۆمەڵگایەکی ئاینی دژە عەلمانی ، دژە ڕەوشەنگەری !!
پرسیارەکە یان دوفاقیەکە ئەوەیە بۆچی دەرئەنجامی ئەم رزگاربونە هاتنە ئارای دەوڵەتێک یان کۆمەڵگایەکی کراوەی دامەزراو لە سەر بەهاکانی ڕۆشنگەری نەبو،  بەڵکو پاش ماوەیەکی کەم زۆربەی ئەم کۆمەڵگایانە بونە کۆمەڵگای دینی . والزەر سێ کۆمەڵگای هەڵبژاردوە لە کتێبەکەیدا ، که بریتین له هیند ، ئیسرائیل لەگەڵ جەزائیرد . هەریەکە لەم وڵاتانە خاوەن ئاینی جیاوازن . بەم پێیە کێشەکە تەنها پەیوەست نیە بە ئاینێکەوە بەڵکو ئاینە جیاوازەکان هەمان دەرئەنجامیان بەرهەم هێناوە .
دیارە دەکرێت ئەم دیاردەیە فراوان بکەین بۆ وڵاتانی تری جیهانی سێ ، بۆ نمونە ئێران و تورکیا دو وڵاتانی ئەم نمونەیەن وەک دو وڵات له ناوچەکەدا .
دەکرێت پرسیارەکە بە چەندین شێوە بکرێت ؛ بۆچی عەلمانیەت شکستی هێنا ؟ بۆچی ئاین زاڵبو بە سەر ئەم کۆمەڵگایانەدا که نوخبەی بونیادنەری ئەم وڵاتانە هەرگیز ئامانجیان ئەوەنەبو وڵاتێکی ئاینی دروست بکەن ؟
واڵزەر باس لە کۆمەڵێک کەسایەتی دەکات وەک بن گۆریون ، بن بیلا لەگەڵ لال نەهرۆ . هەمو ئەم کەسایەتیانە کەسایەتی عەلمانی مەیلەو ڕۆژئاوابون . دیارە ئەمانە هەریەکەیان بە شێوازی جیاواز ئاینیان بەکارهێناوە ، بەڵام وەک ئامرازێک نەک وەک ئامانجێک .
یەکێک لە وەڵامەکان که بۆ ئەم دوفاقیە یان پرسیارە بەکاردەبرێت وەڵامی بچوکی و دابڕاوی ئەم نوخبەیەیە له خەڵک . له هەمانکاتدا ئەم نوخبەیە چەندێک دژ بە کەلتوری ڕۆژئاوابون ، له ڕاستیدا بە هیچ شێوەیەک دژ بە کەلتوری رۆژئاوانەبون بەڵکو دژ بە دەسەڵاتی ڕۆژئاوابون ، هێندەش دژ بە کولتور و نەرێتی خۆیان بون .
ئەم جوتە شەڕە ئەگەر ئەمان له شەڕی دژ بە هێزە دەرەکیەکانیان بردەوە ، ئەوا له شەڕی ناوەوەدا دۆڕان . کە لە ڕاستیدا دەکرێت هۆکاری تر باسبکرێت بۆ رزگاربونی ئەم گەلانە ، له نێویاندا کۆتاییهاتنی سەردەمی ئیمپراتۆریەت و سەرهەڵدانی دەوڵەت وەک مۆدێلی بەڕێوەچونی دونیا . دیارە سەدەی نۆزدە لە ئەوروپا بە سەدەی ململانێی نێوان دەوڵەت و ئیمپراتۆریەت دادەنرێت ، بەڵام وەک زۆر دیاردەی تر پێویستی بە سەدەیەک له کات هەبو بۆ ئەوەی بگاتە دەرەوەی ئەوروپا . دیدی تر بونی هەیە بۆ ڕاڤەکردنی ئەم دیاردەیە، بۆ نمونە ئیمانوئێل ڤاڵەرشتاین وەهای دەبینیێت وەک پێداویتسیەک بو بۆ سیستەمی سەرمایەداری . لێرەدا کات نیە باس لە تیورەی سیستەمی جیهانی ئیمانوئێل ڤاڵەرشتاین بکەین ، بەشکم له داهاتودا بتوانین .
شەری نوخبەی رزگاریخواز دژ بە خەڵکی خۆیان ، گەرچی شەڕێکی ڕەوابو ، بەوەی چۆن خەڵکەکانیان له کۆت و بەندی تەقلیدی رزگاربکەن ، بەڵام لە بەر کەمی ژمارەی نوخبە و لاوازیان له گەیشتن بە زۆرینەی خەڵكی ، لەم کارەدا سەرکەوتو نەبون . دیارە هۆکاری تر هەن وەک نەبونی چیرۆک ، سیستی گۆڕانکاری کەلتوری و کۆمەڵایەتی . نەبونی زمانی هاوبەش یەکێکە له هۆکارە سەرەکیەکان ، بۆ نمونە بۆچی ڕۆشنبیرێک چارەکە هێندەی مەلایەک گوێی لێناگیرێت ؟ ئەمە وەهایکردوە کە هەمیشە ڕواڵەتی تەقلیدی بەکاربێت بۆ ئامانجی گەیاندنی پەیامی نوێ ، که هەمیشە دەرئەنجامەی شکست بوە !
لێرەدا پێویستە ئاماژەیەک بە دیاردەیەک بکەین کە ڕەنگە دیوێکی تری ئەم دوفاقیە بێت . رزگاری نیشتمانی هەرگیز لای نوخبەی رزگاریخواز بەمانای ئەوە نەبوە که ئەم خەڵکانە بگەڕێنەوە بۆ سەردەمانی پێش هاتنی ئەوروپاییەکان . بەڵکو هەمیشە ئامانج ئەوەبوە که چۆن ئەوان له ئەوروپیەکان رزگاریان بێت هەتا وەک ئەوروپیەکان بژین ، بە یەکسانی .
ئەمە هەروەها کرۆکی ناسیونالیزمی دونیای سێیە له روی تیوریەوە . ناسیونالیزم لەم چوارچێوەیەدا یانی چۆن بتوانیت له گەڵ ئەوانی تردا یەکسان بیت ، کەمتر نەبیت . بەم پێیە نوخبەی رزگاریخواز نوخبەیەکی ئەوروپایی بون له ناو خەڵکانی خۆیاندا . ئەمەشە جەواهێز لال نەهرۆ بە ئەندرۆ مالرۆ دەڵێت من دوایین پیاوی ئینگلیزم که حوکمی هیند دەکەم ، له کاتێکدا که نەهرۆ ئینگلیز نەبو بەڵکو بەشێک بۆ لە نوخبەی دژە ئینگلیز . دەکرێت ناسیونالیزمی کوردیش بەم شێوە بخوێندرێتەوە . دیارە قسەکردن لە سەر ئەم دیاردەیە بەو جۆرە زمانە کە ئەمڕۆ له دونیای کوردیدا له ئارادایە مەحاڵە .
یەکێکی تر لە لێکدانەوەکان بۆ سەرهەڵدانی ئەم دوفاقیە ئەوەیە کە نوخبەی رزگاریخواز وەها لە ئاینیان ڕوانیوە که بریتیه له بەهای سەردەمانێکی بەسەرچو ، بە گەشەی زانست و شارستانیەت خۆی له ناو دەچێت ، بۆیە پێویست ناکات هێندە گرنگی پێبدەی . ئەمە یەکێکە له دیدەکانی تێگەیشتن له عەلمانیەت ، بە تایبەت لای ئەوانەی که بڕوایان بە بەرەوپێشچون قۆناغبەندی مێژو هەیە . بەڵام ئەم دیدە تەنها وەک تیورە مایەوە .
لێرەدا جێگای خۆیەتی باس له پەیوەندی تیورە لە گەڵ واقیعدا بکەین . بڕێکی زۆر له نوخبەی ڕۆشنبیری دونیای سێ ، خەڵکانێکن که ئاگاییەکی سادەیان هەیە بۆ تیورە ، بەڵام بە باوەڕێکی ئاینیەوە باوەشیان بۆ ئەم تیورانە کردوەتەوە . بە جۆرێک تیورە ، یان ئەو کەمەی کە لێی دەزانن وەک پیرۆز و حەتمی و باڵا مامەڵەی لە گەڵدا دەکەن .
له دونیای کوردیدا ئەمە بە زەقی بونی هەیە . ڕۆشنبیری کوردی بە هەمو ڕەنگ و ڕواڵەتێکیەوە هەتا ئێستا له چوارچێوەی ئایندا چەقیوە ، بە جۆڕێک که باشی باوەڕی ، ڕاستی ئایدەلۆژیای ، باڵایی دیدی ، رێک وەک ئاین وەردەگرێت . له کاتێکدا دواین شت که بیرمەندێک هەیەتی یەقینە . هەمیشە یەقین نیشانەی کەمی و لاوازی زانینە .
ئەم دۆخە که دەکرێت بوترێت زیاتر مێژوی چەپە ، وەهای کردوە ، که دایەلۆگ ، لەیەک گەیشتن ، روبروبونەوی فیکری لەم دونیایانەدا بونی کەم بێت . ئەمەش دەمانباتە ناو دونیایەکی ترەوە کە خەریکە دێتە ناو دونیای کوردیەوە ، لە رێگای کۆمەڵێک خوێندکار که له هیند و ئەوروپا خوێندویانە ئەویش دونیای پۆست کۆلۆنیالیزمە ، یان پاش ئیستعمار .
بەگشتی پۆست کۆلۆنیال خەڵکانێکن که ئەوروپا و رۆژئاوا بە بەرپرسی سەرەکی هەمو نەهامەتیەکان دەزانن . کۆلۆنیال یانی رۆژئاوا. بەلای پۆست – کۆلۆنیالەوە سەختە وینای غەیرە رۆژئاواییەک بکات وەک کۆلۆنیال . ئەمە ئەگەر بۆ جێگایەکی وەک هیند تا ئاستێک ڕاست بێت ، بۆ کوردستان بە هیچ شێوەیەک ڕاست نیە . ئینگلیز کە هاتوەتە کوردستان کەمتر لە دەساڵێک لەوێ بوە . دیارە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقی داڕشتوە بەڵام حوکمڕانی نەکردوە . ئەم دیاردەیە له کوردستانی باکور تا ئاستێک وروژاوە ، ئایا کوردستان کۆلۆنیکراوە . چەپی تورکی بە زۆری کوردستان بە کۆلنی دانانێن چونکە وەهای لێکدەدەنەوە که تورکیا خۆی وڵاتێکی جیهانی سێیە ، ئەمەش بە مانای ئەوەی کە له رێگای هێزە جیهانیەکانەوە بەڕێوەدەبرێت ، کە یانی تورکیا خۆی وڵاتێکی کۆلۆنیالە بۆیە ناکرێت وڵاتێکی کۆلۆنیال وڵاتێکی تر کۆلۆنی بکات ، بۆیە کوردستان کۆلۆنی تورکیا نیە .
دیارە ئەم دیدە نوقمبونە له تیورەدا بۆ ڕەوایی بەخشین بە کارێکی کۆلۆنی . بەڵام هەتا ئێستاش له عێراقدا پرسی ئەوە نەوروژێنراوە ئایا کوردستان له لایەن عێراقەوە کۆلۆنی کراوە . نەوروژانی پرسێکی وەها ئاسانکاری کردوە بۆ عێراقچێتی له ژێر ناو و ناتۆرەی جۆراوجۆردا ، نوێترینیان فرەکەلتوریە . بەو مانایە بۆ ئەوەی کوردستان ببێتە فرە کەلتور دەبێت هەر تەنها کوردی تیا نەبێت بەڵکو دەبێت ئەوانی تریشی تیادابن . ئەم تێڕوانینە داپۆشینی دۆخێکی هەر ترسناکە بە میکیاژێکی سەقەت . ئەم دۆخە هیچ پەیوەندی بە فرە کەلتوریەوە نیە . دیارە یەک تاکە کەس نیە لە کوردستان لێکۆڵینەوەیەکی کردبێت لە سەر چەمکی فرەکەلتوری ، لێگەڕێ لێکۆڵینەوەی ئیمپریکاڵ .
شکستی عەلمانیەت یان دوفاقی رزگاریخوازی هەروەها ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە مێژوی ئەوانەی کە بە عەلمانی ناسراون . لێرەدا لە دۆخی کوردستاندا دو دیاردە شایانی ئاماژە پێدانە :

یەکەم : کێ عەلمانیە ،

دوەم : کێ نەتەوەییە ؟ ئایا ئەو هێزانەی کە لە ژێر ئەم ناوەدا پۆلێن دەکرێن هەڵگری ئەم دیدەن یان هەڵگری ئەم ناوەن دور لە ناوەڕۆک . ئەم دیاردەیە لە زانستی لۆژیکدا پێی دەوترێت پیاوی پوشین . بەو مانایە وێنای کەسێک بکە بە شێوەیەک کە مەرج نیە ئەو وەها بێت بۆئەوەی ئاسانکاریت بۆ بکات هەتا هێرش بکەیتە سەری . دیارە ئەمە ریتۆریکە نەک لۆژیک بەڵام له کێشەکانی لۆژیکە . بەو مانایە بۆ نمونە یەکێتی و پارتی نە عەلمانین نە نەتەوەیی ، بەڵام بۆئەوەی هێرش بکەیتە سەر عەلمانیەت و نەتەوە ئەوا بیانکە بە عەلمانی نەتەوەیی .
کاتێک هێزەکان کە بە ئاستە لە حکومڕانیدا خراپن ، وە لە ڕوانگەی ئەم چەمکانەوە دەبینرێن ئەوا ئاسانکاری دەکات بۆ گەشەی بیری پێچەوانەی ئەمانە . ئەمە بۆ زۆربەی زۆری ناوچەکە ڕاستە . لێرەوە ململانێی نێوان کۆمەڵێک هێز دێتە ئاراوە که هەڵگری ناون بەڵام دورن لە پەیام و مەعریفەی ئەو دیدانەوە . کاتێک ئەم هێزە عەلمانیانە دڕندەن ، ئەوا لە ئەنجامدا وەک پەرچەکردارێک هێزە تەقلیدیەکان دەکەنە دڕندە . ئەم دیدە زۆر لای پۆستکۆلۆنیالەکان جەختی لەسەر دەکرێتەوە ، کە من گومانم لێی هەیە . بەو مانایە ئایا هێزە دیندیەکان کراوە و میانڕەو بون پێش سەرهەڵدانی هێزە عەلمانیەکان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت