ئاریتما موحەممەدی : سمکۆی مەزن کێ بوو ، چۆن ده‌وڵه‌تی كوردستانی ساز كرد ؟.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سمكۆی مه‌زن ویستی كه‌ ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر زمان و پێناسه‌ی فه‌لسه‌فیی ئه‌حمه‌دی خانی بخاته‌ بوواری كرداره‌وه‌ و ده‌وڵه‌تی كوردیی له‌سه‌ر پێناسه‌ فه‌لسه‌فییه‌كه‌ی ئه‌حمه‌دی خانیی دامه‌زرێنێت .

لەم کورتە وتارەدا هەوڵ ده‌ده‌م کە بەشێک له‌ کەسایەتیی ، ڕۆڵ و پێگەی سمکۆی مەزن لەسەر بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لەڕۆژهەڵاتی کوردستان و هاوپێوەندی لەگەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستان شی بكه‌مه‌وه‌ ، هاوکات بەرپرچی ئەو بێڕێزییانەش بده‌مه‌وه‌ کە ڕاستەخۆ یانخود ناڕاستەخۆ دەکرێتە سەر کەسایەتیی ئەو کەسایەتییە نەتەوەیی و گرینگەی کورد. به‌تاییبه‌ت لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ، لەلایەن کەس یان کەسانێکەوە هێرشی ناڕەوا ده‌كرێته‌ سەر كه‌سایه‌تیی یەکێ لە کەسایەتییە هەرە نەتەوەیی و گرینگەکانی کورد کە لەسەردەمی خۆیدا دەیان سەروەریی مەزنی خوڵقاندووە و تاکوو دوا ساته‌كانی ته‌مه‌نی لەخەبات ، تێکۆشان و بەرخۆدان لەپێناو دەسته‌بەر کردنی مافە نەتەوەییەکانی کورد لەڕۆژهەڵاتی کوردستان وچانی نەداوە . ئەو بێڕێزییکردنەش بەربڵاو بووە، لە کەسانی ئاساییه‌وه‌ دەستی پێکردووە و لە کەسایەتییە سیاسیی و حیزبییەکانی كورد و بێگانه‌وە تێپەڕ بووه‌ . ئەوەی کە جێگای سرنج و تێڕامانە ئەوەیە کە ئەو کەسایەتییانەی کە ڕەخنەیان ئارەستەی سمکۆی مەزن کردووە ، تاکوو ئیستاش هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی و دڵخۆشکەریان لەپێناو سەربەستیی ئەو نەتەوە بندەستەدا هەڵنەناوەتەوە . ته‌نیا به‌و ڕۆڵه‌ی كه‌ له‌سه‌ر بزاڤی كورد هه‌یانبووه‌ بزووتنه‌وه‌ی كوردیان بنكۆڵ و لاواز كردووه‌ و هیچكات هه‌وڵه‌كانیان ته‌ژیی له‌ زانست ، به‌رخۆدانی سه‌رده‌مییانه‌ و پێشكه‌وتوو نه‌بووه‌ .
سمکۆی مەزن یەکێ لە سەرکردە هەرە مەزنه‌كانی کورد لەسەردەمی خۆیدا بووە کە توانیوێتی ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورتیش بوو بێت دەستی بێگانە و داگیرکەرانی کوردستان له‌سه‌ر خاكی كوردستان ببڕێت و کورت بکاتەوە و نەیارانی کورد لەسەر خاکی کوردستان پاشەکشێ پێبکات و هێزەکانیان تێک بشکێنێت . ئەمه‌ش بە یەکێ لە خاڵە هەرە بەهێزەکانی سمکۆی مەزن ئه‌ژمار ده‌كرێت . ئەگەر هۆکاری سەرنەکەوتنی شۆڕشە مەزنەکەی سمکۆی مەزن بخەینە بەرباس و ژێر كۆڵینه‌وه‌ ، بێگومان به‌و ئەنجامە دەگەین کە تاکە هۆکار لەپێوەندی بەڕۆخانی حوكوومه‌ته‌كه‌ی سمکۆ ئەو بارودۆخە نالەبارە بووە کە لەو سەردەمەدا لەلایەن بریتانیی ، فه‌ره‌نسیی و ڕووسەکانەوە باڵی بەسەر کورد و ناوچەکەدا کێشا بووه‌ و ڕای گشتیی كۆمه‌ڵی كورده‌واریش له‌و سه‌رده‌مانه‌دا تێگه‌ییشتنی سیاسیی و نه‌ته‌وه‌ییانه‌ی بۆ كێشه‌ی كورد پێنه‌بووه‌ و دائیم كوردستان له‌به‌ر ده‌وڵه‌مه‌ندیی خاكه‌كه‌ی و هه‌ڵكه‌وته‌ ستراتیژییه‌كانیی به‌رده‌وام چاوی بێگانه‌كانی له‌سه‌ر بووه‌ .
ئەو هێزانەش كه‌ ئاماژه‌م پێكردن بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان ئاڵوگۆڕیان لەناوچەکەدا هێناوه‌ته‌ كایه‌وه‌ و ئەوەی کە ڕەچاو نەدەکرا ڕۆڵ و پێگەی کورد لەڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و چیاكانی زاگرۆس بوو . هۆكاره‌كه‌شی بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ سه‌ركرده‌كانی كورد هیچكات نه‌چوونه‌ته‌ ژێر باڵی هێزه‌ جیهانییه‌كانه‌وه‌ و له‌ به‌رامبه‌ردا داگیركه‌رانی كوردستان به‌ ئاسانی له‌گه‌ڵ وڵاته‌ زلهێزه‌كاندا ڕێكه‌وتوون و ئیزنیان به‌ ڕاماڵكردنی به‌ربوومه‌كانی ناوچه‌كه‌ داوه‌. بێگومان بریتانیی ، فه‌ره‌نسیی ، ڕووسه‌كان ، وڵاتانی داگیركاری ئه‌و سه‌رده‌مه و به‌تاییبه‌ت ئه‌ورووپییه‌كان ئامانجیان له‌ داگیركردنی ناوچه‌كه‌ ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی به‌ربوومه‌كانی ناوچه‌كه‌ و ده‌ست ڕاگه‌ییشتن به‌ كانگاكانی زێڕ ، ئاسن و به‌ردی به‌نرخ بووه‌ . به‌ ڕێكه‌وتنیش له‌گه‌ڵ داگیركه‌رانی كوردستان به‌ ئاسانیی ئامانجه‌كانیان ده‌پێكا . ئه‌وانیش به‌رده‌وام دژی ده‌ستكه‌وتی سیاسیی كورد بوونه‌ ، چونكه‌ له‌ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌دا كه‌ كورد بگه‌ییشتبایه‌ ده‌سه‌ڵات ده‌بوو ئه‌وان ناوچه‌كه‌ چۆڵ بكه‌ن و سمكۆی سه‌ركرده‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نه‌بووه‌ كه‌ سه‌رمایه‌كانی كوردستان له‌لایه‌ن داگیركه‌رانه‌وه‌ ڕاماڵ بكرێت .
ئەو دوو هێزەی کە ئاماژەی پێکرا تەنیا بیر لە بەرژەوەندی خۆیان و دۆستەکانیان دەکردەوە ، درووست بوونی دەوڵەتی نەتەوەیی کورد لەقازانج و بەرژەوەندی بریتانی و ڕووسەکاندا نەبوو ، چونکه‌ نەتەوەیەک بەو مێژووە مەزنەی کە هەیەتی دەیتوانی لە داهاتووی خۆیدا ببێتە یەکێ لە هێزە گرینگەکانی ناوچەکە و تەنانەت جیهانیش . ئەوەش ڕۆلی بریتانی و ڕووسەکانی لاواز دەکرد . وه‌ك ئاماژه‌ ؛ کورد لە شەڕی یەکەمی جیهانیدا لەگەڵ هیچ کام لەو دوو هێزە نەکەوت و تەنیا لە بیری هێز و ڕۆڵی خۆی و ڕێکخستنەوەی پێگەی هێزەکانی لە ناوچەکەدا بوو . لەڕوانگەی ئەو دوو هێزەش کە داگیرکەری ناوچەکە بوون ، ئەگەر لایەنێک له‌ ناوچه‌كه‌ گرینگی بە پێگە و ڕۆڵیان نەدات ئیتر وەک مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان پێناسەیان دەکرد .
سمکۆی مەزن لە مێژووی پڕ لە تێکۆشانی کورد و هاوکات لە ڕەوتی مێژووی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد دەور و ڕۆڵێکی گرینگ و کاریگەری گێڕاوە ، ئەو خەبات و تێکۆشانەی سمکۆی مەزن پێگەی کوردی لە سەردەمی خۆیدا بەهێز کرد و دواتریش ناوی چووە نێو ئەو کەسانەی کە لە مێژووی ئەم نەتەوەییەدا ڕۆڵی مەزنیان بینیوە و سه‌روه‌رییان خووڵقاندووه . سمکۆی مەزن لەو کاتەشدا کە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بەجێ هێشت و ڕووی کردە باکووری کوردستان ، لەو ماوە کورتەدا کە لەوێ بوو هەوڵیدا کە لە گەڵ گەورە پیاوان و دەسەڵاتدارانی تورک و کورد و تەنانەت نەتەوەکانی تریش پێوەندی بگرێت و لە مەڕ پرس و کێشەی کورد گفتوگۆ بکات و هەوڵ بۆ پێگەیەکی نوێ و ڕێكخستنه‌وه‌ی ماڵی كورد بدات ، به‌ڵام له‌و سه‌رده‌مه‌دا كه‌مكه‌س ده‌یتوانیی وه‌ك سمكۆی شۆڕشگێڕ ڕۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بگێڕێت و ته‌نانه‌ت كه‌مكه‌سیش هه‌بوو كه‌ وه‌ك ئه‌و بیر بكاته‌وه‌ . نه‌بوونی ڕاوێژكاری سیاسیی و ئاگاداری ڕووداوه‌كانی جیهان و ناوچه‌كه‌ له‌ ده‌ورووبه‌ری سمكۆ ئاسۆی شۆڕشه‌كه‌ی به‌ره‌و ئاوابوون برد و گیانی خۆشی له‌و ڕێگایه‌دا كرده‌ قوربانی نه‌ته‌وه‌ی كورد ، نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه‌ قه‌د ڕۆڵ، پێگه‌ و خه‌باتی سمكۆی دلاوه‌ر له‌بیر ناكات و خه‌باته‌كه‌ی بووه‌ته‌ چرای ڕووناكیی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد .
شه‌هید سمكۆ لە باری دیپلۆماسی و سیاسیشەوە کەسایەتییەکی مەزن ، لێزان ، بەئەزموون ، زیرەک و تێکۆشەر بوو . دەیان جار هەوڵی داوە کە لە گەڵ بریتانییەکاندا لە ڕێگای جیاجیا و بە شێوازی جیاواز پێوەندی بگرێت ، بەڵام هەوڵەکانی بێکام بوو ، چونکوو بریتانییەکان پلانێکی تاییبەت بە کوردیان پێنەبوو . پتر لەو هێزانە نزیک دەبوونەوە کە به‌ دەسەڵاتی فره‌ سه‌رمه‌ستیان ده‌كردن ، ئەوەش لە لای کورد هێڵی سوور بوو . چونکوو كورد خۆی بە خاوەنی ئەم نیشتیمانە و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بچووک دەزانی و ماڵ و ژین و ژیانیان نەدەدایە دەستی بێگانەکان . ئەوەش یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی شۆڕشی کورد لە مێژووی شەش سەدەی ڕابردوودا بووە .
هەروەک لە سەرەوە ئاماژەی پێکرا سمکۆی مەزن هاوکات پێوەندی لەگەڵ نەتەوەکانی ناوچەکەشدا هەبوو ، پێی وابوو کە پشتیوانی دەرەکیی لەسەر خستنی کێشەی کورد و دەستبەرکردنی مافەکانی پێویستە و دەتوانێت ڕۆڵێکی گرینگ بگێڕێت . سمکۆی مەزن بەپێی بەرژەوەندیی کورد پێوەندی لەگەڵ داگیرکەرانیش دەگرت ، ئەو باوەڕێکی قووڵی بە دیپلۆماسی و چارەسەرکردنی کێشەی کورد بەشێوەی ئاشتییانە و دۆزینەوەی ئەو چارەسەرییە بە رێگای دیالۆگ و گفتوگۆ هەبوو . سمکۆی مەزن کەسایەتییەکی سه‌ربازیی و چەکدارێکی پارتیزان و بەورە بوو کە بەپێی دۆخ و هەلومەرج هێزی کۆ دەکردەوە و بڕیاری شەڕی دەدا ، لە کاتی پێویستیشدا دەستی بە دیالۆگ و گفتوگۆ دەکرد و هەنگاوی ئەرێنیی دەهاوێشت .
سمکۆی مەزن دەیان جار لەو پێناوەشدا گیانی خۆی خستووەتە مەترسیی ، تەنیا بە مەبەستی ئەوەکە بتوانێ چارەسەرێکی بنەڕەتیی بۆ دۆزی ڕەوای کورد بدۆزێتەوە . دواین جار لە ساڵی 1929 ی زایینیدا لە لایەن ڕژیمی ئێرانەوە پێوەندی لەگەڵ گیرا ، سمکۆ لەو هەلومەرجەدا لاواز بوو ، هێزێکی ئەوتۆ و تووکمەی لە دەورووبەردا نەبوو ، بەڵام کاتێک کە ڕژیمی ئێران داوای لێکرد کە بگەڕێتەوە و لەمەڕ کێشەی کورد وتووێژ بکەن ، سمکۆ ئەم داوایەی حوکوومه‌تی ئێرانی بە دەرفەتێکی نوێ بۆ كورد پێناسە کرد ، چونکه‌ لە پڕۆسەی ئاشبوونەوە لەگەڵ ڕژیمدا باسی لە لاپەڕەیەکی نوێ لەنێوانی هه‌ردوولادا كردبوو ، سمکۆش هەوڵیدا کە ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە و هێزێکی تووکمە لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە. بەڵام بەداخەوە لە لایەن ڕژیمەوە پلانی تیرۆرکردنی بۆ دانرابوو ، ئەوە بوو کە هێرشی کرایە سەر و شەهید کرا ، هێرشەکە لە پاش وتووێژێك ئەنجام درا کە ڕژیم ئامادەکاریی بۆی کردبوو. بەو شێوەیە حوکوومەتی ئێران خیانەتی لە سمکۆی مەزن و نەتەوەی کورد کرد . كورد هه‌میشه‌ دۆڕاوی وتووێژه‌كان بووه‌، چونكه‌ كورد ساوێلكانه‌ وتووێژی كردووه‌ و داگیركه‌رانیش زیره‌كانی پیلانی گڵاوی خۆیان داڕشتووه‌ . سمكۆ یه‌كه‌مین و دوایه‌مین سه‌ركرده‌ی كورد نه‌بووه‌ كه‌ له‌ وتووێژ له‌گه‌ڵ ڕژیمی ئێراندا شه‌هید بكرێت . ڕژیمی ئێران هه‌میشه‌ كاتێك پرسی وتووێژی له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی كورددا هێناوه‌ته‌ گۆڕێ كه‌ كورد لاواز بووه‌ ، بۆیه‌ كوردیش بێ كۆڵینه‌وه‌ له‌ ئامانجی ڕژیم ئه‌مه‌ی به‌ده‌رفه‌ت زانیوه‌ بۆ ده‌ستخستنی ده‌ستكه‌وتی سیاسیی . به‌ڵام سه‌ركرده‌كانی كورد بیریان له‌وه‌ نه‌كردووه‌ته‌وه‌ كاتێك كه‌ به‌هێز بوون و ڕژیم لاواز بوو بۆ باسی وتووێژی نه‌كرد ، ئیستا كه‌ پێچه‌وانه‌یه‌ و كورد لاوازه‌ بۆ ڕژیم باسی وتووێژ ده‌كات . پاش شه‌هید كردنی سمكۆ ، پێشه‌وا قازیی ، دکتۆر قاسملوو و دکتۆر شه‌ره‌فكه‌ندی و چه‌ندین سه‌ركرده‌ی دیكه‌ی كورد هه‌مان هه‌ڵه‌یان دووپات كردووه‌ته‌وه‌ . ئه‌مه‌ش بێئه‌زموونیی و باییخنه‌دانی سه‌ركرده‌كانی كورد به‌ ڕووداو و كاره‌ساته‌كانی مێژووی نه‌ته‌وه‌كه‌یان پێشان ده‌دات .
هەروەک ئاماژەی پێکرا ، سمکۆ وەک کەسایەتییەکی سیاسیی و بەئەزموون ئاگاداری کێشەکانی ناوچەکە بووە و زانیاریی تەواوی لە بارەی دیپلۆماسی و پاراستنی بەرژەوەندیی هاوبەشەوە هەبووه‌ . لە ماوەی تەمەنی شۆڕش و حوکوومەتەکەیدا توانی بەشێوەیەکی سەرکەوتوو لە کایە سیاسییەکانی ناوچەکەدا دەور بگیڕێت و پیلانی داگیرکەران تێک بشکێنێت و بزووتنەوەیەکی خۆماڵی کە پاڵی بە هیچ هێز و لایەنێکەوە نه‌دابوو بەرهەم بهێنێت .

شه‌هید سمكۆ ده‌وڵه‌تی كوردستانی ڕاگه‌یاندبوو
یەکێ لە کارە هەرە گرینگ و پڕ باییخانەی کە سمکۆی مەزن ئەنجامی داوە و لە مێژووی سێ سەدەی ڕابردوودا بێوێنە بووە ، ئەوەبوو کە بۆ یەکەمینجار زۆربەی خێڵ و عەشیرەتەکانی کوردی پێکەوە گرێدا و یەکێتییەکی تنوتۆڵی لە نێوانیاندا ساز کرد . بەپێی هندێک سەرچاوەی مێژوویی هێزە چەکدارەکانی حوکوومەتی کوردستان لە سەردەمی سمکۆی مەزندا لەو هێزانەی کە ئەرکی پاراستنی کۆماری کوردستانیان لە ئەستۆدا بووە زۆر بەهێزتر و پڕ چەکتر بوونە. سمکۆ ئەو پەڕی هەوڵی خۆی خستە گەڕ بۆ ئەوەکە بتوانێ هاوپەیمانێتییەکی مەزن لەنێوان خێڵه‌ كوردییه‌كاندا ساز بکات و لەو ڕێگایەوە کاریگەری لەسەر هێزە ناوچەییەکان دابنێت و سرنجی زلهێزەکانیش بۆ لای خۆی و حوکوومەتی کوردستان ڕابکێشێت .
تەمەنی حوکوومەتی کوردستان لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی سمکۆی مەزندا سێ ئەوەندەی تەمەنی کۆماری کوردستان درێژەی کێشاوە و هەموو ناوچەکانی دەورووبەری زەریاچەی ورمێی لەخۆ دەگرت . ئەو حوکوومەتەش لە نێوان ساڵی 1918 تاکوو 1921 ی زایینی بووە ، هەر چەند خەبات و تێکۆشانی ئەو کەسایەتییە نەتەوەییە تاکوو ساڵی 1929 ی زایینی لە ناوچەکە درێژەی کێشا ، بەڵام تەنیا ئەو چوار ساڵە ده‌سه‌ڵاتی بەسەر هەموو ناوچەکاندا هه‌بووه‌ . گرینگییەکی دیکەی شۆڕش و حوکوومەتی سمکۆ لەوە دایە کە ئەو بەهێز و توانای خۆی هەموو ئەو سەرکەوتنانەی بەدەست هێنا و مسۆگەر کرد ، هەر ئەوەش هۆکاری ئەوە بوو کە ئەو شۆڕشە درێژە بکێشێت و درەنگتر بڕۆخێت . بۆ نمونە کۆماری کوردستان لە لایەن یەکێتی سۆڤیەتەوە پشتیوانی لێدەکرا ، کاتێک کە پشتیوانی یەکێتی سۆڤییەتی لە دەست دا ، ئیتر بەنەرمە بایەک ڕۆخا و 11 مانگ دەوامی هێنا .
کەواتا بەو ئەنجامە دەگەین کە شۆڕشەکەی سمکۆ شۆڕشێکی خۆماڵی بوو ، لەسەر بنەمای هێز و وزەی کورد دانرا بوو ، ئەوەش بەخاڵێکی بەهێزی ئەو شۆڕشە مەزنە پێناسە دەکرێت . سمکۆ پێوەندی باشی لەگەڵ هەموو سەرکردە نەتەوەییەکانی کوردستانی گەورەدا هەبووە ، بیری کوردستانێکی مەزن لە مێشکیدا چەکەرەی کردبوو . بەو بیر ، هزر و بڕوایه‌وه‌ هەوڵیدا کە هێزێکی نەتەوەیی لەهەموو بەشەکانی کوردستان پێک بهێنێت و ڕۆڵی خۆی بەشێوەیەکی بەرچاو بگێڕێت و قورسایی مێژوویی خۆی بەدەست بێنێت . لە حوکوومەتی کوردستان لەسەردەمی دەسەڵاتدارێتی سمکۆی مەزندا گرینگی و باییخێکی تاییبەت بەبوواری پەروەردە و خۆپێگەیاندن دراوە ، هاوکات بەشێوەیەکی درووست خەڵکی کوردستانیان لەداخوازییە نەتەوەیی و ڕەواکانی کورد تێگه‌یاندووه‌ و به‌شێوازێكی ڕوون باسی داگیركرانی كوردستانیان كردووه‌ کە چۆن داگیرکەرانی کوردستان مافی مرۆڤایه‌تیی و نەتەوەیی کورد ژێرپێ دەنێن و گرینگی بەژیان، ڕۆڵ و پێگەی کورد لە نیشتیمانی خۆی نادەن .

شه‌هید سمكۆ باییخی به‌ بوواری په‌روه‌رده‌ ، فێركردن و ڕووناكبیریی داوه‌
سمکۆ وەرزنامەیەکی بەناوی “ کورد ” بەزمانی کوردی دەردەکرد کە پتر بابەت و هەواڵەکانی کوردستانی ڕووماڵ دەکرد و پرس و باسی مافەکانی کوردی تێدا دەهاتە گۆڕێ . هاوکات بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا سمکۆ گۆڤارێکی بەناوی “ کوردستانی گەورە “ ش دەرکردووە . ئەوەش بەواتای ئەوە دێت کە لە حوکوومەتی سمکۆدا گرینگی بەڕۆشەنبیریی و هووشیارکردنەوەی خەڵک لەئاستێکی بەرزدا دراوە . سمکۆی مەزن باش دەیزانی و دەیتوانی کە چۆن لەگەڵ دەسەڵاتی ئەو کاتی ئێران کایەی سیاسیی بکات و تاکتیکەکان لەکاتی خۆیدا بگۆڕێت و لەدژی داگیرکەر بەکاری بهێنێت . تەنانەت لەکاتی لاوازبوونیدا باش توانی کە قەناعەت بەحوکوومەتی ئێران بهێنێت و واز لەهێرش کردنە سەری بێنن، هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەکە جارێکی دیکە سمکۆ هێز و دەسەڵاتی خۆی بەدەست بهێنێتەوە .

شه‌هید سمكۆ به‌ كوشتی مارشمعون خه‌ونی سازكردنی ده‌وڵه‌تی ئاشووریی له‌سه‌ر خاكی كوردستان بۆ هه‌میشه‌ له‌نێو برد
سمکۆ بەکوشتنی مارشمعون کارێکی زۆر مەزنی کرد ، مارشمعون کابرایەکی گێرەشێوەنی ئاشووریی بوو کە دەیهەویست لەسەر خاکی کوردستان حوکوومەتێکی ئاشووریی بەهاوکاریی و پشتیوانیی ڕووسەکان و دواتر بریتانییه‌كان دامەرزێنێت ، مارشمعون هێرشی دەکردە سەر شار و گوندەکانی کوردستان و تاڵانی دەکردن و دانیشتووانەکەشی دەکوشتن . ڕووسەکانیش لە ژینۆساید کردنی خەڵکی کورد بەدەستی مارشمعون بەشدار بوون . بەپێی هندێک سەرچاوەی مێژوویی لەو سەردەمەدا پتر لەدەیان هەزار کورد بەدەستی مارشعمون کوژراون ، تەنیا لە ناوچەی ڕەواندز پتر لە پێنج هەزار ژن و منداڵی کوردی فڕێ داوەتە ناو دۆڵی ڕەواندز . دواتر مارشمعون بەدەستی سمکۆ خانی مەزن کوژرا . هه‌رچه‌ند به‌ كوشتنی مارشمعون بزووتنه‌وه‌ی كورد كه‌وته‌به‌ر هێرشی ڕووسه‌كان و ئاشوورییه‌كان ، به‌ڵام تاكه‌ ڕێگاچاره‌ ئه‌وه‌بوو كه‌ ده‌بوو سمكۆ مارشمعون بكوژێت و كۆتایی به‌ خه‌ونی ئاشوورییه‌كان بۆ سازكردنی ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر خاكی كوردستان بهێنێت .
ڕووسه‌كان له‌ ساڵانی 1915 تا 1917 ی زایینی له‌ ناوچه‌كانی ورمێ و مه‌هاباددا بوونیان هه‌بووه‌ ، له‌و ماوه‌یه‌شدا كۆمه‌ڵێكی زۆر له‌ هاوڵاتییانی كوردیان كوشت ، پاش ئه‌وه‌ش ناوچه‌كه‌یان بۆ ئاشووریی و ئه‌رمه‌نییه‌كان چۆڵ كرد ، ئه‌مه‌نیی و ئاشوورییه‌كانیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا ناوچه‌كه‌یان وێران كرد ، ده‌ستیشیان به‌سه‌ر كه‌رتی كشتوكاڵیی ناوچه‌كه‌دا گرت . هه‌روه‌ها به‌شێكی زۆر له‌ هاوڵاوتییانی كوردیان شه‌هید كرد . پاش ئه‌وه‌ش كۆمه‌ڵێكی زۆر هاوڵاتییانی كوردیان له‌و ناوچه‌یه‌ ده‌ركرد و بۆ ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ورمێ ڕایانگواستن . هه‌موو ئه‌م هه‌وڵانه‌ش له‌ژێر كاریگه‌ریی و به‌ سه‌رۆكایه‌تیی مارشمعون به‌ڕێوه‌ ده‌چوون ، بۆیه‌ ڕۆژی سێی مارسی 1918 ی زایینی مارشمعون به‌ده‌ستی سمكۆ كوژرا و كۆتایی به‌ هه‌وڵه‌كانی بۆ سازكردنی ده‌وڵه‌تی ئاشووریی له‌ ناوچه‌كانی ورمێ، مووسڵ و هه‌كاریدا هێنرا .

شه‌هید سمكۆ مه‌هابادی كرده‌ پاییته‌ختی ده‌وڵه‌تی كوردستان
سمکۆی مەزن لەساڵی 1922 ی زایینی بڕیاریدا کە شاری مەهاباد بکاتە پێتەختی کوردستان، ئەو بڕیارە دوای ئەوە هات کە بەتەواوەتیی دەسەڵاتی بەسەر هەموو ناوچەکەدا گرتبوو ، تەنانەت ئازەرییەکانی میاندووئاب و مەراغە و ناوچەكانی دیکەشی لەژێر باڵی خۆیدا کۆ کردبووەوە . سمکۆ شارەزایی لەئابووریی کشتوکاڵیدا هەبووە و خۆی ڕاستەخۆ کارەکانی ئەو وەزارەتەی لە حوکوومەتەکەیدا بەڕێوە بردووە ، ئەوەش بە مەبەستی پێشگیری کردن لە گەندەڵی و ئاسانکاریی بۆ ڕاپەڕاندن و بەرەو پێشەوە بردنی کاری حوکوومەت بووە . سمکۆی مەزن وەک هەموو سیاسەتمەدار و ئابووریناسێک باییخێکی تاییبەتی بەبواری ئابووریی و بووژاندنەوەی ژیانی هاوڵاتیان داوە . له‌به‌رئه‌وه‌ پێی وابووە کە ئابووریی بنەمای ژیان و داهاتووی هاوڵاتیان و هاوکات پێشکەوتن و پێخستنی کوردستان مسۆگەر دەکات . سمکۆ پێی وابووە کە ئابوورییەکی بەهێز حوکوومەتێکی بەهێز و کۆمەڵگایەکی دەوڵەمەند و چاو کراوە بار ده‌هێنێت ، ئەوەش بە کێشەی بنەڕەتیی کۆمەڵگای ئەو کاتی کوردستانی پێناسە کردووە .
شۆڕشی سمکۆی مەزن لەساڵی 1918 تاکوو ساڵی 1929 ی زایینی بەردەوام بوو ، سمکۆ لەپاش ئەوەکە لەسەر داوای حوکوومەتی ئێران لەباشووری کوردستان گەڕایەوە ڕۆژهەڵات ، لەساڵی ١٩٢٩ی زایینی لەبۆسەیەکدا کە لەلایەن هێزەکانی ڕژیمی ڕەزاشا پیلانی بۆ داڕێژرابوو شەهید کرا . ئەو خاڵەی کە لێرەدا جێگای ئاماژە ، سرنج و تێڕامانە ئەوەیە کە پێش ساڵی 1918 شۆڕشی سمکۆی مەزن لەلایەن کەسانی نزیکیەوە سەرکردایەتی کراوە ، بەڵام لەپاش ئەوەکە ئەوان شەهید دەکرێن سمکۆی مەزن ، سمکۆی لاو و بەئەزموون بەدەسەڵات دەگات و پەرە بەشۆڕشەکە دەدات و بە لوتکەی سه‌ركه‌وتنی دەگەیەنێت .
لەکۆتایی ئەم وتارە مێژووییەدا بەپێویستی دەزانم ئاماژە بەوە بکەم کە تاکە هۆکاری سەرنەکەوتنی شۆڕشی سمکۆی مەزن و تێکەڕای شۆڕشەکانی کورد لەسەدەی بیستەمدا بریتانییەکان و ڕووسەکان بوونه‌ . هەروەک لەدەسپێکی ئەم وتارەدا ئاماژەی پێکرا وڵاتە زلهێزەکانی وەک ڕووس و بریتانی و دواتر ئەمریکییەکان ، لەگەڵ درووست بوونی دەوڵەتی کوردی لەناوچەکەدا نەبوونە ، ئەو ڕۆڵ و هەوڵ ، خەبات و تێکۆشانەی کە کورد و ڕۆڵەکانی ئەم نەتەوەیە لەڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بینیویانە و لە خۆیان پێشان داوە ، هیچکام لە نەتەوەکانی دیکەی ناوچەکە ئه‌و ڕۆڵه‌یان نه‌گێڕاوه‌ . ئەگەر وڵاتە زلهێزەکان لەگەڵ بوونی دەوڵەتی کوردیی لەناوچەکە بوونایە ، ئەو ڕۆڵ و تێکۆشانە بەس بوو بۆ ئەوەکە دەوڵەتی کوردی پێک بێت .
کێشەیەکی دیکە کە بزووتنەوەی کورد لەمێژووی خۆیدا هەیبووە و هەنووکەش ئەو بۆشایی ، کێشە و قەیرانە دەبینرێ ئەوەیە کە هەرچەند پێشتر عووسمانییەکان و دواتریش تورکە نوێکان لەگەڵ دەسەڵاتی بنەماڵەی ڕەزاشا کاریگەریی نەرێنییان لەسەر بزووتنەوەی کورد لەهەموو بەشەکانی کوردستان هەبووە ، بەڵام دەسەڵاتدارانی کوردیش زۆر زوو كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر کاریگەری ئەو هێزانە . بەپێی زانیارییە مێژووییەکان بزووتنەوە کوردییەکان هەمیشە کێشە و لەمپەر بوونە لە پێش ڕێی زلهێزەکان ، بەڵام لەڕێگای هێزە ناوچەییەکانەوە ئەو بزووتنەوە کوردییانە سەرکووت کراون . بە بۆچوونی من و بە پێی ئەزموونی مێژوویی کورد ، نابێت پارتە سیاسییەکانی کوردستان پشت ئەستوور و دڵخۆش بن بە بوونی پێوەندیی تاکتیکیی لەگەڵ داگیرکەران . پێویسته‌ ئیتر كورد وەک هێزێکی کاریگەر لەناوچەکەدا خۆی بسەپێنێت و پتر پشتئەستوور بێ به‌ هێز و وزەی خۆی .

سەرچاوەکان ؛ سمکۆ ، نامەکانی شێخ مەحموود نەمر و سمکۆی مەزن ، مێژووی کورد و کوردستان، کوردەکان، کورد و ئاشووری .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت