بورهان شێخ ڕەئوف : ویکیلیکس .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە دواى ئەوەى لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا جارێکى تر پێگەى ویکیلیکس گۆمى مەنگى ناوچەکەى شەڵەقاند هەزاران دۆکۆمێنت و بەڵگەى گرنگى پارتى دادو گەشەى فەرمانڕەواى تورکیاى بڵاوکردەوە کە گەلێکیان پەیوەندى بە هەرێمى کوردستانیشەوە هەیە بۆیە بە پێویستم زانى قسەوباسێک لە سەر ئەو ڕێکخراوەو پێکهاتەو ئامانج وبەڕێوەبەرانى بکەم .
ویکیلیکس ڕێکخراوێکى نێودەوڵەتى قازانج نەویستە کە هەواڵ و زانیارى و ڕاپۆرتى تایبەت و نهێنى بڵاو دەکاتەوە لە میدیاکاندا لە سەرچاوەى نهێنى و نەناسراوەو و دزە بە هەواڵەکان دەکات .
لە 4 ى ئوکتۆبەرى 2006 بۆ یەکەمجار پێگەى ویکیلیکس ( wikileaks. org ) تۆمارکرا بە شێوەیەکى فراوان ، وە لە مانگى دیسەمبەرى هەمان ساڵدا یەکەم دۆکۆمینتى بڵاوکردەوە هەروەها ڕایانگەیاند کە وا دامەزرێنەرەکانى پێکهاتوون لە هەندێک چالاکوانى چینى و ڕۆژنامەنووسان و وەرزشکاران و تەکنیکارانى سەرەتایى هەندێک کۆمپانیاى ئەمریکى و تایوان و ئەوروپاو و ئوسترالیاو باشوورى ئەفریقیا . دامەزرێنەرانى ویکیلیکس ناسراو نەبوون بە فەرمى تاوەکو لە یەنایەرى 2007 جولیان ئسانج و ئەوانەى لە گەڵیدابوون خۆى ناساند وەکو ئەندامى ئەنجوومەتى ڕاوێژکارى ویکیلیکس دواتر ڕاپۆرتە هەواڵیەکان لە ئوسترالیاوە باسیان لەوەکرد کە جۆلیان ئسانجى ئوسترالى دامەزرێنەرى ویکیلیکسە هەروەکو یەکێک لە خۆبەخشەکانى ویکیلیکس بە گۆڤارى وایردى ڕاگەیاندبوو کە جولیان ئسانج لە یەکێک لە دانیشتنە تایبەتیەکاندا وتوویەتى کە ئەو دامەزرێنەرو و سەرنووسەرو گیان و دڵ و وتەبێژو فەیلەسوف و پلان داڕێژەرو سپۆنسەر و ڕێکخەرو هەموو شتێکى ویکیلیکسە ، هەروەها پێگەکەیان تاوەکو یۆنیۆى 2009 زیاتر لە 1200 خۆبەخشى تۆمارکراو و جۆلیان ئسانج و هەشت کەسى ئەنجوومەنى ڕاوێژکارى پێکهاتبوون .
ئامانج لە دامەزراندنى ویکیلیکس :
ویکیلیکس ڕایگەیاند کە ئەوان ئامانج و ئەرکى سەرەکیان ئابڕوو بردنى ڕژێمە دکتاتۆرو زۆردارەکانە لە ئاسیاو و بلۆکى سۆسیالیستى سۆڤیتى جاران لە ڕۆژهەڵاتى ئەوروپاو وڵاتانى بیابانى باشوور و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ، بۆیە پێشبینى دەکرا کە ئەم پێگەو ڕێکخراوە کۆمەک و پشتیوانى گەورەو گرنگى لێبکرێت لە لایەن زۆر کەس و تاقمى ترەوە بۆ ئابڕوبردنى هەموو ئەو کۆمپانیاو حکومەتانەى کە ڕەفتارى نابەجێ و نەشیاو و دوور لە ڕەوشت ئەنجام دەدەن .
هەر ئەوەش بوو وایکرد لە یەنایرى 2007 دا ببنە خاوەنى زیاتر لە 1.2 ملیۆن دۆکۆمینتى دزەپێکراو و ئامادە بۆ بڵاوکرنەوە .
سەرچاوەى دارایى ویکیلیکس :
ویکیلیکس بەوە ناسراوە کە ڕێکخراوێکى قازانج نەویستەو پشت بە کۆمەک و یارمەتى خەڵک و ڕێکخراوەکان دەبەستێت کە لە ڕێگەى بانکەکان و حسابى ئەنترنێتەوە دەبێت هەروەکو دامەزراوەى واوى هۆڵەندى ڕایگەیاند کە یەکێکە لە کەناڵە بە هێزەکانى کۆمەکى ویکیلیکس کەوا هەرلە ئۆکتۆبەرى 2009 ەوە تاوەکو دیسەمبەرى 2010 زیاتر لە 900 هەزار یۆرۆ ى ئەوروپى کۆمەکیان پێگەیشتووە کە زیاتر لە 370 هەزارى بۆ ویکیلیکس بوو هەروەها ئەوەشى نەشاردۆتەوە کە لە دواى بڵاوکردنەوەى هەر دۆکۆمینتێک یەک شەپۆلى گەورەى کۆمەک دەبارێتە سەر ویکیلیکس زۆرترینیان کاتێک بوو کە دۆکۆمینتەکانى دیبلۆماسى نهێنى ئەمریکا بڵاوکرایەوە .
ڕێکخستنى کارگێڕى :
تیمى بەڕێوەبردنى ویکیلیکس لە 2010 پێکهاتبوو لە پێنج کەس کە بەردەوام لە کاردابوون و نزیکە 800 کەسى ترى خۆبەخش بە نیمچە دەوام بە بێ وەرگرتنى هیچ کۆمەک و پاداشتێک ، هەوروەها ویکیلیکس سەنتەرو بارەگاى فەرمى نیە خەرجى ساڵانەى ویکیلیکس نزیکە 200 هەزار ئۆرۆیە ئەویش بۆ خەرجىخزمەتگوزارى ئەنتەرنێت و بیرۆکراسى کارگێڕیە وە ئەو خەرجیانە دەگاتە 600 هەزار یۆرۆیش ئەگەر مووچەى خۆبەخشەکان دابین بکرێت و پێویستە ئەوەش بڵێین کە کرێ ى پارێزەریش نادرێت هەمووى خۆبەخشانەیە .
هەروەها زۆر خەڵات و کۆمەکى تر پێشکەش بە ویکیلیکس کراوە لە لایەن ئاژانشى ئاسۆشیتدپریس و لوس ئەنجلس تایمز و زۆر شوێنى تریش .
بارى یاسایى ویکیلیکس :
ویکیلیکس لە بارێکى یاسایى زۆر ئاڵۆزدایە جولیان ئسانج لەو بڕوایەدایە کە ئەوان ڕۆڵى قەڵغان دەبینن بۆ ئەوانەى کە هەواڵ و سەرپێچیەکان دەدرکێنن و لە جیاتى ئەوەى خۆیان بخەنە بەر لێپرسینەوە و تۆڵەکردنەوە ئەوا ئەمان لە ویکیلیکس هەواڵەکە بڵاوپەخش دەکەنەوە لە ڕێگەى پەیامنێرەکانیانەوە و لە ڕێگەى وێب و ئیمێڵەکانەوە کە لە ژێر هیچ چاودێریەکدا نیە هەووەها دەڵێت کە بارەگاى ئەو کۆمەڵە لە سویدە چونکە یاساکانى ئەو وڵاتە باشترین پارێزگارى لە سەرچاوەکانى هەواڵ دەکەن .
ئەگەرى لێپێچینەوەى یاسایى لە ویکیلیکس :
وەزارەتى دادى ئەمریکا دۆسییەکى لێکۆڵینەوەى لە سەر ویکیلیکس و دامەزرێنەرەکەى جولیان ئسانج کردەوە لە دواى دزە پێکردنى هەواڵى دیبلۆماسى ئەو وڵاتە . لەلایەکى ترەوە حکومەت و پۆلیسى فیدراڵى ئوسترالیاش نەیانتوانى ئەوە بسەلمێنن کە ویکیلیکس یاساى ئەو وڵاتەى پێشێل کردووە .
لە سویدیش دۆسییەکى لێکۆڵینەوەیان لە سەر جۆلیان ئسانج وەکو ڕێکخەرى گشتى ویکیلیکس کردەوە بە تۆمەتى دەستدرێژى سیکسى بەڵام ئەو هەموو ئەوانەى بە درۆ خستەوەو وتى ئەوە بە ئارەزووى خۆیان بووە زیاتر وتى هەموو ئەوانە ئامانجى سیاسى لە پشتەوەیە و هەوڵێکە بۆ لەکەدارکردنم هەرچەندە دواتر بەهۆى تێپەڕبوونى کاتەوە ئەو دۆسیە خۆى دادەخرێت .
شایانى وتنە جولیان ئسانج داواى مافى پەنابەرى لە وڵاتى ئیکوادۆر کردووە لە ساڵى 2012 ەوە مافى پەنابەرى وەرگرتووەو لە باڵوێزخانەى ئەو وڵاتە لە لە لەندەنى پایتەختى بەریتانیا .
بەدەر لە هەموو ئەمانە جولیان ئسانج لەلایەن زۆرێک لە هەواداران و خۆشەویستانیەوە بە یەکێک لە لێکۆڵەرە تێکۆشەرەکان دادەنرێت کە عەوداڵى گەیشتنە بە ڕاستى و هەوڵى ئابڕووبردنى گەندەڵکاران دەدا بە هەموو هێزوو تواناى خۆیەوە کە ژیانى خۆى بۆ تەرخانکردووە بەڵگەش ئەوەیە کە لە ساڵى 2012 ەوە لە باڵوێزخانەى ئوکوادۆرە لە بەریتانیا ناتوانێت بچێتە دەرەوە ، لە لایەکى ترەوە نەیارانى تۆمەتبارى دەکەن بە کەسێک کە حەزى لەخۆ دەرخستن و ناوبانگە و ژیانى خەڵکانى تر دەخاتە مەترسیەوە . لە ڕێگەى پەخش کردنى ئەو هەموو هەواڵ و وێنانەوە هەرچەندە جولیان ئەوەى ڕاگەیاندوو ئەو بە خۆى پێداگرى دەکات لە ڕاستى و دروستى هەواڵەکان ئنجا بڵاو دەکرێتەوە .
هەروەها ئسانج بەوە ناسراوە لەلایەن ئەوانەى کە کارى لە گەڵدا دەکەن زۆر دڵسۆز و چالاکە گەلێک زیرەکە و خاوەنى توانایەکى بێسنورە لە کردنەوەى شفرەو بەرنامەکانى کۆمپیوتەر .
ماوەتەوە ئەوەى بگەینە ئەو ئەنجامەى کە ئیتر لە دواى هەموو ئەو پێشکەوتنانەى زانست و تکنلۆجیا لە جیهانى پەیوەندییەکان سەرەڕاى بوونى دەیان دەزگاى هەواڵگرى و سەرکوتکەرو سوپاوپۆلیسى ئاشکراو نهێنى و چەکى ئەتۆمى و کۆکوژ ، بوونى دادگاو دام و دەزگاکانى نەزاهەو دەستپاکى و پەرلەمان و چاودێرى دارایى و بازرگانى ئیتر هیچ حکومەت و حزب و کۆمپانیا یەکیش ناتوانن یارى بە موقەدەراتى میللەتان بکەن و بەڵکو زوو یان درەنگ پەردە لە ڕووى هەموو ڕاستیەکان هەڵدەماڵرێن و پێشبینى دەکەم لە داهاتوودا نەک ویکیلیکسێک بەڵکو سەدانى تر سەرهەڵبدەن و ئایندەى زۆر وڵات و حزب و کۆمپانیا دیارى بکەن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت