ئاکۆ برایم : سەنگەر گواستنەوە یان خۆ هەراج کردن ؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

رۆژانە لێرەو لەوێ گوێبیستى ئەوە دەبین کە فڵان کەس سەنگەرى گواستەوە ، چووە حزبى ( A ) ، ئەوییتر بەپێچەوانەوە هاتە ناو حزبى ( B ) . هەموو کەس ئازادە لەهەڵبژاردنى بیرو راو ، ئایدۆلۆجیا و دید بۆچون ، بەڵام کێشەکەى ئێمە لەوەدایە کە ئەو سەنگەر گواستنەوەو هەڵگەڕانەوەیە ، تەنها و تەنها بۆخاترى بەرژەوەندى و ئیمتیازى تایبەت و پلە وپۆستە ، ئەگەرنا حیکمەت و نهێنى ئەو شتە چى یە کە بەڕێزێک نیوەى تەمەنى و زیاترى لەناوپارتێکدا بەسەر بردووە ، خەبات و قوربانى بۆداوە ، بگرە زۆرجاریش سەنگەرى لەو حزبەى کەئێستا چۆتە ناوى گرتووە و ، زیانیشى لێداون ، کەچى بەکون فەیەکونێک ، لەوپەڕى چەپ و سۆسیالیستەوە ئەبێت بە موحافیزکار و لایەنگرى سەرمایەدارى ، یان لەلوتکەى رۆشنبیرى و پێشکەوتندا ئەچێتە ژێر باڵى لایەنێکى دۆگمام و چەق بەستوى سیاسەت ؟ باشە پێم ناڵێن ئەم مێشک و هزرە چۆن بەدرێژایى چارەکە سەدە و پتر کەبە بیروباوەڕێک گۆشکراوە ، تا ئێستا نەتوانێت ئەوپارتەى کە کردویەتى بەشت ، پلەوپۆستى پێداوە ، لەناو خەڵکیدا ناو و شوهرەتى دەرخستوە بناسێت ، لەبەرنامە و کارى تێ بگات ، نەتوانێت پێ بەپێى هزر وکارى هەنگاو بنێت و ئایدیۆلۆجیاکەى هەرس بکات ، کە بەدێژایى ژیانى لەپێناویدا هەموو گیان بازییەکى بۆکردبێت !! کەچى لەواعەى شەو و رۆژێکدا هەموو پێرەو و بەرنامەو ئایدیۆلۆجیاى پارتەکەى کە سەنگەرى بۆ گواستۆتەوە هەزم کات و بێیت بە ئەندام وتێکۆشەر و ، دەروێشێکى ئەو رێبازەى کە سەدان و هەزاران جار نەفرەتى لێکردووە .

راستى و ئەسڵى سەنگەر گواستنەوەى ئەو کەسانە هیچ لەمەسەلەکە ناگۆڕێت ، لەبەر ئەوەى بەر لەهەر شت ، هیچ کات و ساتێک حزب بە وازهێنان و دورکەوتنەوەى کەسانى لەو شێوەیە ، گورزی بەرناکەوێت ، بۆیان نابێتە کێشەوگرفت و زیان گەیاندن ، بگرە بەدەیان و سەدان کەسایەتى زۆر لەوان گەورەتر و مەزنتر و ناودار کە لەئاستى پلەو پۆستى باڵا و ناسراو و دیار و بیلمەت بوون ،، لەرێى ئەو پارتەدا گیانیان بەخت کردوە ، ، لەگەڵ ئەوەشدا نەبۆتە بەربەرست و رێگر بۆ کارو چالاکى پارتەکەیان ، هەر زۆر بەزوویش شوێنەکەى پڕکراوەتەوە . بەدەر لەوەش ئەو بەڕێزەى کە سەنگەر دەگوازێتەوە ، رێک وەکو ئەوە وایە کە لەماڵى باوکى شت بەرێت و بیدات بەدز ، دووجار دەکەوێتە هەڵەوە ، جارێک ماڵەباوانى هەرگیز لێى خۆشنابن ، بە ناپاک و خیانەتکار تەماشاى دەکەن ، هاوکاتیش کابراى دزەش هەرگیز منەتى پیێ نییەو ، متمانە بەو کەسە ناکات ، چونکە گەر کەسێک وەفا و سۆز و هەستى بۆ ماڵى باوکى نەبێت ، کە لەژێر سایە وسێبەرى ئەواندا گۆش کراوە ، پێیان گەیاندووە ، ئەى چۆن ئەتوانێت باوەڕو متمانەى ئەو دزە بەدەستبێنێت ، کە باکى بەهیچ شتێک نى یە ؟ .
داواکارم لەهەموو لایەک ئەو سەنگەر گواستنەوەیە ، چاکترە بڵێم ئەو پەت پەتێنە ، زیاد لەقەبارەى خۆى گەورە نەکەن ، فووى پێدا نەکەن ، چونکە زۆرێک لەو کەسانەى کە ئەو کارە دەکەن ، یان ئەوەتا بەهۆى کۆمەڵێک هۆکار و بابەتى تایبەت لەلایەن پارتەکەیانەوە پەراوێز خراون و دوورخراونەتەوە ، یان هیچیان پێ نەماوە و خەریکە دەکوژێنەوە ، یان ئەوەتا بۆخۆیان هەر لەسەرەتاوە سیاسەت و پارتایەتیان بەوشێوەیە هەڵبژاردوە کە هەر لایەنێک پلە وپۆستى باشتریان پێبدات ، دەبنە پێڕى ئەشهەدو مابێلاى ئەوان ، و شایەتومان بەدینى ئەوان دێنن .. هەقى خۆشێتى کەپارتەکان شاد و ئاسوودە بن ، کە ئەو کەسە بەرژەوەند خوازانە ، زوو رووى راستیان هەڵدەماڵیرێن و بۆیان ئاشکرا دەبن ، وە ڕیزەکانیان لەو گەندەڵ و خۆبەرەپێشەوانە پاک دەبێتەوە . کە ساڵانێکە بەد نمەکانە لەژێر سایە و سێبەرى ئەولایەنەدا بەدەمامکەوە خۆیان حەشار داوە .
گەر هەر بەڕێزێکیش کە گومان لەخۆى دەکات و لەسەر ئەوە دێتە جواب و کە ئەم نووسینەم تەشهیرە بەئەو ، و پێم دەڵێت : بەئەندازەى تەمەنى تۆ خەباتم کردوە ، یان کاتێک من لەشاخ بووم ئەوە و ئەوەم دەکرد تۆ لەکوێ بویت ؟، ئەوا وەڵامى من بۆ ئەو بەڕێزانە ،

یەکەم : ئەوەکە کە ئەوکاتە من تەمەنم بچووک بوو ، بۆیە بەو تەمەنە کەمەوە نەدەهاتمە شاخ لەوە دەترسام کە بەرێِزانى وەکو ئەوانە ، بۆخاترى مشتێک پارە وەک چۆن ئێستا ویژدان ئەفرۆشن ئەوها منیش بە دوژمن یان نەیارەکانتان بفرۆشتایە ..

دووەم : من وەکو خۆم هەمیشە و بەردەوام بەدواى نوێگەرى و ئایدیۆلۆجیاى مۆدێرن و پێشکەوتودا ئەگەڕێم ، هەرکاتێک زانیم پارتى ( A ) کار وبەرنامە وخەباتى لە پارتى( B ) باشترە و ، بەجددى و پراکتیکى کار بۆ باشترکردنى ژیان و گوزەرانى خەڵکى دەکات . لام زۆر ئاسایى و سەربەرزییە کە سەنگەر بگوازمەوە بچمە ناوى . بەڵام ئەگەر لەبەرخاترى پلەو پۆست و موچەى باشبێت ، ئەوا من وەکو خۆم ئەمجارەش دەیڵێمەوە ( من وەک خۆم ) . تا ماوم خۆم بەشەرمەزارو خەجاڵەتى خوێنى شەهیدان و کوردستان ئەزانم ، هەقى واشە پارتەکەى کە دەچمە ناوى و ، سەنگەرى بۆ دەگوازمەوە ، بەوپەڕى بێ رێزییەوە تەماشام بکات . چونکە گەر باش بوومایەو خێرێکم هەبوایە ، ئەوا بۆ پارتەکەى خۆم دەمبوو ، کە لەسایەى ئەوەوە لەکەسێکى بچووک و گومناو ونەناسراوەوە بووم بەو کەسایەتیەى کە ئێستا گرنگیم پێ دەدەن .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت