Obama-Erdogan

بەکر ئیسماعیل : پەیوەندیەکانی تورکیا و ئەمریکا دوای هەوڵی کودەتا بەرەو چ ئاقارێک گوزەردەکات ؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئایا پەیوەندیەکانی ئەم دەوڵەتە کاریگەری لەسەر کورد چی دەبێت ؟

پەیوەندیەکانی تورکیا و ئەمریکا بە درێژایی مێژوو هەلبەزودابەزی زۆری بەخۆی بینیوە ، بەڵام هەمیشە ئەم دوو دەوڵەتە وەکو هاوپەیمانی سەرەکی یەکتر ماونەتەوە ، ئەرگەرچی جاربەجار ساردیش لە پەیوەندیەکانیان بەدیکرا بێت ، بەڵام نەبۆتە هۆی پچڕانی تەواو لە پەیوەندی هەردوو لایەن . لە هەموو کاتێکدا ، هەردوو دەوڵەت لە ئاستی باڵا پابەندبوونیان بۆ هاوپەیمانی یەکتر دووپاتکردۆتەوە . بەڵام ڕەوتی ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی دوای هەوڵی کودەتاکەی 15 تیرمەهێ شتێکی جیاوازترمان پێ دەڵێن و دەرئەنجامی هەوڵی کودەتاکە هەر وا بە ئاسانی گوزەر نەکات ، بە تایبەتی دوای تۆمەتبارکردنی ئەمریکا بە دەست هەبوونی لە هەوڵی کودەتاکەی مانگی ڕابردووی تورکیا .
لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا ، گەورە بڕیار بەدەستانی تورکیا ـ ئەمریکیان بە دەست هەبوون لە هەوڵی کودەتا تۆمەتبار کرد . ئەمەش جۆرێک لە ساردی لە پەیوەندیەکانی نێوان هەردوو وڵاتی بەدوای خۆیدا هێناوە ، ئەگەرچی لە پێشووتردا هەست بە جۆرێک لە ساردی لە پەیوەندی نێوان هەردوو لایەن لە بارەی چەند پرسێکی تایبەت بە ناوچەکە دەکرا . ئەم هەستکردن بە ساردیە لە پەیوەندیەکاندا کاتێک کەوتە ڕۆژەڤەوە ، کە سەرۆکی ئەمریکا باراک ئۆباما ئامادە نەبوو دیدار لەگەڵ سەرۆکی کۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆگان سازبکات لە دواین سەردانی بۆ ئەمریکا . هەروەها ڕێگا نەدان بە ئەردۆگان بۆ پێشکەشکردنی وتارێک لە ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرمی یاریزانی کینگ بۆکسێن مەحمەد عەلی کلایی . هەموو ئەمانە وای کرد جۆرێک لە دوورکەوتنەوە لە نێوان هەردوو دەوڵەتدا بەدی بکرێت .
لە دواین پێشهاتدا ، وەزیری کاری تورکیا سلێمان سۆیلو زۆر بە توندی هێرشی کردە سەر ئەمریکا و بە دەست هەبوون لە هەوڵی کودەتاکەی 15 مانگی ڕابردوو تۆمەتباری کرد . هەرچەندە ئەمریکا بە فەرمی ڕەتیکردەوە کە هیج پەیوەندی بەو ڕووداوە هەبێت . بەڵام ئەم ڕووداوە ناکۆکیەکی قولی خستۆتە نێوان هەردوو وڵاتەوە . تورکیا گومانی لە جموجۆلەکانی ئەمریکا کردوە لە بنکەی ئنجەرلیک ، بە تایبەتی لە شەوی ڕووداوەکە بە هۆی پچڕانی کارەبا لەو بنکەیە . هەروەها بە گوێرەی میدیاکانی تورکیا هەشت فرۆکەی کارگۆیی لەو بنکەیە هەڵفڕیوون بە گوێری تۆماری ڕادارەکان بۆ پاڵپشتی کودەچیەکان ، بەڵام دواتر لە شاری ماڵاتیا نیشتوونەتەوە . بۆیە حکومەتی تورکیا لە کاتی ئێستادا ، ئەم بنکەیەی داخستووە و بە زیاتر لە ( 15 ) هەزار پۆلیس دەورە دراوە .
لە هەمانکاتدا ، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا حکومەتی تورکیا لە ڕێگای پارێزەر مەرت ئەرلیڵماز بە گومانی پشتگیریکردن لە هەوڵی کودەتاکەی مانگی ڕابردوو ، سکاڵای یاسای دژی جۆزیف دنفۆرد ، سەرۆکی ئەرکانی سوپا و جمیس کلاپیر بەرپرسی هەوڵگری نیشتمانی و جۆزیف ڤۆتیل فەرماندەی هێزەکانی ناوەندی ئەمریکا لە لای داواکاری گشتی ئەستەبوڵی ناوچەی بەکرکۆی تۆمارکرد . لە سکاڵاکەدا ڕوون کراوەتەوە ، بەڵگەی تەواو بەردەستن کە سەربازانی سەر بەخزمەت لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی ئەمریکا لەو بنکەیدا هەوڵی کودەتاکە دراوە .
لە خالێکی دیکەدا ، ئەمریکا و تورکیا لەسەر ڕادەستکردنەوەی ڕێبەری گروپی خزمەت فەتحوڵا گوڵەن ناکۆکن ، بە جۆرێک ئەمریکا داوای بەڵگەی یاسای لە تورکیا دەکات لەسەر تێوەگڵانی فتحوڵا گوڵەن لە هەوڵی کودەتاکەی ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو . لەبەرانبەردا ، تورکیا سوورە لەسەر ڕادەستکردنەوەی گوڵەن بە تورکیا . هەروەها گەنگەشەکردنی گەڕانەوەی سزای لەسێدارەدان ئەمریکا و وڵاتانی ئەوڕوپای نیگەران کردووە . هەموو ئەمانە و چەندان خاڵی دیکە پەیوەندیەکانی تورکیا و ئەمریکایان بەرەو ئاقارێکی نادیار ئاڕاستە کردووە ، بەجۆرێک بە ئاستەم دەبینرێت پەیوەندیەکان ئاسایی ببێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ قۆناخەکانی بەر لە هەوڵی کودەتاکە .
لێرەدا ، پرسیارێک خۆی نمایش دەکات . ئایا تێکچوونی پەیوەندیەکانی ئەمریکا و تورکیا کاریگەری چی دەبێت لەسەر داهاتووی کورد ؟ بێگومان هەر گۆڕانگاریەک لە پەیوەندی ئەمریکا لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کوردیان بەسەردا دابەش کراوە ، ڕەنگدانەوەی بەسەر کوردا هەبووە . بە جۆرێک هەر کاتێک پەیوەندی ئەمریکا لەگەڵ ئەو دەوڵەتانە باش بوو بێ ، ئەوا دۆزی کورد قۆناخێک چۆتە دواوە وە هەروەها بە پێچەوانەوە . بۆیە لە کاتی ئێستادا ، ئەمریکا بە هۆی نالەباری پەیوەندی لەگەڵ تورکیادا بەدوای جێگرەوە دەگەڕێت ، بە تایبەت بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆی و ڕووبەڕوو بوونەوەی بیری توندڕەوی لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا . بۆیە دەکرێت کورد وەکو نزیکترین جێگرەوەی تورکیا سەیر بکرێت بە تایبەتی کوردانی ڕۆژئاوا بەهۆی سەرکەوتنەکانیان لەدژی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش . دوورنیە لە داهاتوو پەیوەندیەکانی ئەمریکا و کورد بۆ ئاستێکی باڵاتر هەڵکشێ و ، ئەمریکا وەکو دۆستێکی هەمیشە و پارێزەی بەرژەوەندیەکانی لە کورد بڕوانێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوین هاوشێوەی ئیسڕائیل .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت