شەماڵ عادل سەلیم  :  هەتا خاوەنی ئێوە بین حاڵمان لەوە باشتر نابێت .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوای ئەوەی نووری مالیكی لە فڕۆكەخانەی سلێمانی لەلایەن  پارێزگاری سلێمانی ، و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پێشوازی گەرمی لێكرا ، زۆنی زەرد دەنگی ناڕەزایی  خۆی بەرامبەر هاتنی  مالیکی  بەرزکردەوە ، و بووە هەراو دۆڵ کوتین و تۆمەت بەشینەوە وهاوار و هاشووهوشێکی  زۆر ، تا کار گەیشتە ئەوەی کە بلێن : ئامانج لە سەردانەکەی مالیکی بۆ شاری سلێمانی دەستوەردانە لە کاروباری نێوخۆی هەرێمی بەتەمای خودا ، و هەوڵێکە بۆ لێکترازنی نێو ماڵی کورد .

من لێرەدا دەمەوی بەکورتی و بەکوردی رووی دەمم ئاڕاستەی ئەو بەریزانە بکەم کە سەردانەکەی ئاغای  مالیکیان بۆ شاری سلێمانی بە دەستوەردان و لێکترازانی نێو ماڵی کورد وەسف کرد ، و پێیان بڵێم : ئێوە وادەزانن کە خەلکی هەرێمی بەتەمای خودا هێندە  کاڵفام و بێ  زاکیرەن هەتا باوەڕ بەم پرۆپاگەندانە بکەن ؟

نا بەرێزان ، خەلکی بەشمەینەتی هەرێمی بەتەمای خودا باش دەزانن ئەوە خۆمان بووین  سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکانی سەر بە بزووتنەوەی گۆڕانمان  ئاودیوی زۆنی سەوز کردو پەرلەمانمان ئیفلیج کرد و سەنگەرەکانمان  جارێکی دیکە ئاوەدان کردەوە .

بەڵێ ، هەموومان باش دەزانیین  ئەوە خۆمانیین ماڵی خۆمانمان وێران کردوە ، و هەرێمی بەتەمای خوداشمان دوای ئەم هەموو ساڵە جاریکی دیکە بەسەر سەنگەرە کۆنەکانی‌ شەڕی‌ ناوخۆدا دابەش کردەوە .

بەڵێ ، ئەوە خۆمانیین کەوتوینەتە گیانی یەکتر، پارتی لە سەنگەرێک  بەتەنیا و چوار حیزبە سەرەکیەکەی دیکەش لە سەنگەری بەرامبەر هەڕەشە ی مان و نەمان لە یەکتر دەکەن  .

ئێ باشە ، مادەم ئەوەیە حاڵمان  بۆ دەستی چەوری خۆمان بە مالیکی  بسڕینه‌وه‌  و کاتی خۆمان بە  شین و ڕۆ ڕۆ و تەخوین کردن و  گومانكردن و بەخائین دانانی ئەویتر بەفیرۆ بدەین ؟

بەرێزانی زۆنی زەرد ، دڵگران مەبەن ، دوێنی سلێمانی بوو، بەیانیش نۆرەی هەولێرە بەفەرشی سور پێشوازی لە مالیکی دەکات ،  لێدوانەکەی کاک نێجیرڤان بارزانیش کە گوتی : ( ئەگەر مالیکی بیویستبا بێتەھەولێر ئێمە پێشوازیمان لێدەکرد )  …!! باشترین بەڵگەو دەلیلە بۆ سەلماندنی ئەم راستییە .

 دووریش مەبینن لەداهاتوەکی نزیکدا ، مالیکی ببێتە کۆتری ئاشتی و چادرێکی پان و بەرین ، ئێوەی شەڕکەر و ناتەبا  بە ( دوعایەک ) کۆبکاتەوە ، و کێشە و ناکۆکییەکانتان بۆ چارەسەربکات ، و ماڵە وێرانەکەشتان  بۆ رێک بخات ، و بزوتنەوەی بەرەو ریفراندۆمیشتان بۆ پێکبهێنێت .

بۆ نا ، مادەم ئیوە بەبێ  بێگانە رێک ناکەون ، و هەتا ئێستا لە ئازاری پێوەدانی مار تێنەگەیشتوون ، یان باشتر بڵێم ناتانەوێ تێبگەن ، با مالیکی  ئەم جارە لەبری ( مادلین ئۆلبرایت  ) تەشریف  بهێنێت و کێشەکانتان بۆ چارەسەر بکات ، هەرنەبێت ئاغای مالیکی  سەرکردەیەکی عەرەبی عێراقە ، ( گۆشتیشتان بخوات ئێسقانەکانتان ناشکێنێت )  ……؟!  (والله اعلم )  .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت