ڕەسوڵ بۆسکێنى : پەیمانى سیڤەر لەنێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

پەیمانى سیڤەر ( Sevres ) پەیمانێکى ئاشتى بوو لەنێوان دەوڵەتانى فەڕەنسا ، بەریتانیا ، ئیتالیا و هاوپەیمانان لەلایەک و دەوڵەتى عوسمانى لەلایەکى تر لە کۆتایى شەڕى یەکەمى جیهانى لە 10ى ئابى 1920 لە گەرمەى بەڕێوەچوونى کۆبوونەوەکانى کۆنگرەى ئاشتى پاریس بەسترا کە تایبەت بوو بە ڕێکخستنەوەى سیاسەتى جیهان دواى کۆتایى هاتنى جەنگى یەکەمى جیهان ، کورد هەوڵى دا دەنگى خۆى بگەیەنێتە ئەو کۆنگرەیە بەمەبەستى دامەزراندنى دەوڵەتێکى سەربەخۆ نوێنەرى کورد بۆ کۆنگرەى ئاشتى پاریس شەریف پاشا بوو، هەرچەندە هەندێک نووسین باس لە هەندێک خاڵى لاوازى پەیمانى سیڤەر دەکەن ، هەندێک ناوچەى کوردستان لەوانە ئەرزڕوم و قارس بەشێک لە دانیشتوانى ئەرمەنیان تێدایە دراوە بە ئەرمەنەکان . لەگەڵ ئەوەشدا ئەم پەیمانە گرنگیەکى تایبەتى بۆ کورد هەبوو ، چونکە یەکەم پەیمانى نێودەوڵەتى بوو دانى نا بەبوونى کورد و دەوڵەتى سەربەخۆ بۆکورد .

گرنگى پەیمانى سیڤەر بۆ کورد
پەیمانى سیڤەر بەیەکێک لە ڕووداوە گرنگەکانى مێژووى کورد دەژمێردرێت ، گرنگى لەوە دایە بۆ یەکەمجار مافى چارەنووسى نەتەوەى کورد لە پەیمانێکى نێودەوڵەتى دیارى کرا، بۆ یەکەمجار بوو دوکۆمێنێکى نێودەوڵەتان ناوى نەتەوەى کورد ببات و باسى مافى کورد و دامەزراندنى حکومەتێکى کوردى لەباکوورى کوردستان و ڕێگادان بە کوردى باشوور ( ویلایەتى موسڵ ) لەگەڵ ئەو حکومەتەى کورد دا یەک بگرێت، بەگوێرەى ئەو پەیمانە بەریتانیا دەیویست کوردستانى باکوور لە تورکیا جیا بکاتەوە ویلایەتى موسڵیشى بخاتەسەر و دەوڵەتێکى سەربەخۆ بۆ کورد لەژێر سەرپەرشتى خۆى دابمەزرێنێت. هەندێک لەتوێژەرانى بوارى کێشەى کورد لەو سەردەمەدا بانگەشەى ئەوە دەکەن پەیمانەکە تائێستاش بەفەرمى لەڕێگاى دەرکردنى هیچ بڕیارێکەوە هەڵنەوەشێنراوەتەوە ، بەڵکو تەنیا پەیمانى لۆزان کرا بەجێگرەوەى ، ئەمەش بابەتێکى هەستیارە و بەپێى شیکردنەوەکانى ئەوان بێت ، نەتەوەى کورد لەئێستا و داهاتووشدا دەتوانێت مافەکانى ئەم پەیمانە زیندوو بکاتەوە .
کورد و پەیمانى سیڤەر
ڕۆشنبیر و سیاسەتمەدارانى کورد هەوڵى زۆریان دا بۆ هاتنەدى مافەکانى نەتەوەى کورد لە پەیمانى سیڤەردا تا ئەو کاتەى تێکنەچوو بوون و نەبوون بەدوو بەشەوە لە چالاکى دابوون بۆ چەسپاندنى مافى کورد لەسەرووى هەموویانەوە شەریف پاشاى خەندان کە لەلایەن کۆمەڵ و ڕێکخراوەکان بڕیاریان دابوو وەکو نوێنەرى کورد لە گفتوگۆکردنى پەیمانى سیڤەردا کار بکات . دواتر بەهۆى کێشە و ناڕەزاییەکانى نێوان تاقمەکەى شێخ عەبدولقادر شەمزینى و بەدرخانیەکان هاتە ئاراوە ، هەر لایەکیان تێڕوانینى سەبارەت بە مافى کورد و عوسمانیەکان جیاواز بوو . لەلایەکى تر ڕێکەوتنى شەریف پاشا و بوغوێ نوبار پاشاى ئەرمەن لە کۆنگرەى ئاشتى تورکەکان سودى زۆریان لەو ڕێکەوتنە وەرگرت بۆ تێکدانى نێوان سەرۆکە کوردەکان، گوایە ئەرمەن دەیەوێت خاکى کورد داگیر بکات .
ڕۆڵى شەریف پاشا لە پەیمانى سیڤەردا
شەریف پاشا کوڕى سەعید پاشا کوڕى حسین پاشا کوڕى ئەحمەد پاشاى خەندان خەڵکى سلێمانى و خۆى و باب و باپیرى ئەفسەرى پایەبەرزى دەوڵەتى عوسمانى بوون ، چەندین پۆستى بەرزى لەدەوڵەتى عوسمانى وەرگرتووە ، لەسەردەمى شەڕى یەکەمى جیهانى دا کرا بوو بە باڵوێزى عوسمانیەکان لە سوێد ، لەدوایدا ڕۆیشتە فەڕەنسا ، خۆى تەرخان کرد بۆ کوردایەتى و خزمەت بەنەتەوەى کورد ، سوودى لەبارودۆخى جەنگ وەرگرت و لە ڕێگاى دیپلۆماتیەوە هەوڵى دا بۆ دروست کردنى دەوڵەتێکى کوردى، بەسوود وەرگرتن لە سیاسەتى ئەو ڕۆژگارەى دواى جەنگ شەریف پاشا بەشدارى کرد لە کۆنفراسى ئاشتى و توانى هاوپەیمانان ڕازى بکات بۆ دامەزراندنى دەوڵەتێکى کوردى ، ئەگەر بچوکیش بێت دوایى ویلایەتى موسڵ بخرێتەسەر ئەو دەوڵەتەى لە ئەنجامى پەیمانى سیڤەر دروست دەکرێت . ڕۆڵى شەریف لە پەیمانى سیڤەردا ڕۆڵێکى بەرچاوە ، بەهەوڵە دیبلۆماسیەکەى و بەستنى پەیماننامە لەگەڵ نۆبار پاشاى نوێنەرى ئەرمەنەکان لەسەر و بەندى کۆبوونەوەکانى ئاشتى لەپاریس، توانى سەرنجى وڵاتانى کۆنگرە بەرامبەر ڕووى ئاشتیخوازانەى گەلى کورد ڕابکێشێت و ئەو ماددانە لە قازانجى گەلى کورد بخرێنە ناو پەیمانى سیڤەرەوە .
پەیمانى سیڤەر دەربارەى کورد
لە کۆنگرەى ئاشتى پاریس لە 10ى ئابى 1920 پەیمانى سیڤەر لەنێوان وڵاتانى هاوپەیمانى براوەى جەنگى یەکەمى جیهانى و دەوڵەتى عوسمانى، بەئامادەبوونى وەفدى کوردى بەسەرۆکایەتى ( شەریف پاشا ) مۆر کرا ،  بڕیاردرا لەسەر دابەش کردنى میراتى دەوڵەتى عوسمانى ( پیاوە نەخۆشەکە )، پەیمانەکە بەگشتى لە (433) ماددە پێکهاتبوو ، کۆمەڵێک مەرجى قورس دەربارەى گەرووە ئاوییەکان و مافى وڵاتانى بیانى و کاروبارى دارایى دەوڵەتى عوسمانى و چارەنووسى گەلانى ترى ناو دەوڵەتى عوسمانى وەکو کورد و عەرەب و ئەرمەن…هتد، بەسەر دەوڵەتى عوسمانى دا سەپێنرا. لە پەیمانى سیڤەردا (3) ماددەى بۆ بارودۆخى کوردستان تەرخان کرابوو، پێکهاتبوون لە ماددەکانى (62، 63، 64) ئەو مافە بەکورد ڕەوا بینرا دەوڵەتى سەربەخۆى خۆیان پێک بێنن، مادەى 62 تایبەت بوو بە لیژنەى بەریتانى و فەڕەنسى و ئیتالیا بڕیار بوو بێنە کوردستان بۆ دیارى کردنى سنوورى ئەو ناوچانەى زۆربەى دانیشتوانەکەى کوردن، تا بگەن بە مافى ئۆتۆنۆمى خۆیان. ماددەى 63 ئاماژە بە ڕازى بوونى دەوڵەتى عوسمانى دەکات بەو ئەنجامەى لیژنەکە پێى دەگات، ماددەى 64 باسى ئایندەى ئەو ناوچەیە دەکات بەپێى ماددەى 62 دیارى کراوە، ئەگەر دانیشتوانى ئەو ناوچەیە خواستى جیابوونەوەیان لە دەوڵەتى عوسمانى هەبێت، دواى ساڵێک دەتوانن داواکارى بۆ ئەو مەبەستە بۆ کۆمەڵەى گەلان بەرز بکەنەوە.
لە پەیمانەکەدا ئاماژە درا ئەگەر نەتەوەى کورد بڕیار بدات دەوڵەتى کوردى پێک بهێنرێ، لیژنەى تایبەت دروست کرا و بڕیار درا لەماوەى شەش مانگ دا لیژنەکە ڕاپۆرتى خۆى لەو بارەیەوە پێشکەش بکات، بەڵام ئەمە زۆرى نەخایاند ئەو بەندانەى پەیمانى سیڤەر تایبەت بوون بە کورد جێبەجێ نەکران، لەمانگى 7ى ساڵى 1923 تورکەکان توانیان لەگەڵ بەریتانیا و فەڕەنسا و وڵاتانى تر بگەنە ڕێکەوتن و پەیمانى لۆزان بەسترا، سەرجەم بەندەکانى پەیمانى سیڤەرى تایبەت بەکورد پوچەڵ کرانەوە و کوردستان کرایە چوار پارچە، لەنێوان ئێران و عیراق و سوریا و باکووریش لە ژێر دەسەڵاتى تورکیا مایەوە.
شکستى پەیمانى سیڤەر
دواى ئەوەى دەوڵەتى عوسمانى لەشەڕ شکستى هێنا سوپاى هاوپەیمانان ڕژانە ئەستەمبوڵى پایتەختەوە، ئەمە بۆ هەندێ لە ئەفسەران و کاربەدەستان سەخت و مایەى قبوڵ کردن نەبوو، لەبەرئەوە بڕیاریان دا خەبات و بزوتنەوە دەست پێ بکەن بۆ هەستانەوەى تورکیا، ئەوان دڵنیا بوون ناتوانن لە ئەستەمبوڵ ئەو کارە بکەن، چونکە سوپاى زۆرى هاوپەیمانان لەناو پایتەخت دا ئەو ئاواتەى بڕیبوون لەبەرئەوە بیریان کردەوە باشترین شوێن بۆ دەست پێکردنى بزوتنەوە ئەنادۆڵە، بۆ ئەم مەبەستە مستەفا کەمال کە ئەفسەرێکى پایەبەرزى عوسمانى بوو، بەڵێنى دا بچێتە ئەنادۆڵ و لە 15ى مایسى 1919 ئەستەمبوڵى بەجێ هێشت و چووە ئەنادۆڵ، ئەفسەران و کەسانى دڵسۆزى بۆ ئەم کارە لەخۆى کۆکردەوە، کەمالیەکان وەک بزوتنەوەیەکى تۆرانى بەسەرکردایەتى مستەفا کەمال کەوتە جموجۆڵ بۆ ئەوەى دەست بەسەر کاروبارى وڵات دا بگرێت، سەرەتا بۆ خەڵەتاندنى خەڵک وا خۆى پیشان دەدا دڵسۆز و سەرگەرمى ئاینى ئیسلام و لایەنگر و دڵسۆزى سوڵتانە، بەڵام هەموو هاوکارەکانى پەروەردەى (اتحاد و ترقى) بوون، وەکو عیێمەت ئینونو، تەلعەت پاشا، ئەنوەر پاشا، جەمال پاشاى سەفاح(خوێنڕێژ) بەئاشکرا دۆست و هاوکارى زایۆنیزمەکان بوون، بۆ ڕازى کردنیان بەئاشکرا دژى ئیسلام و ئەرمەنى و ئاسوریەکان بوون. ئینگلیزەکان هاوکارى مستەفا کەمال بوون پێیان وابوو تاقە کەسێکى لێوەشاوە بووە بتوانێت خواستەکانى بەریتانیا بەجێ بێنێت و شیرازەى دەوڵەتى عوسمانى و خەلافەت هەڵوەشێنێتەوە. دواى ئەوەى تورکە کەمالیەکان خۆیان بەهێز کردو بەسەر یۆنانى و ئەرمەنیەکاندا سەرکەوتن، چاویان بڕیە هەڵوەشاندنەوەى ئەو ماددانەى پەیمانى سیڤەر باسى کوردى کردبوو، لەبنەڕەتدا ئەوان دانیان پێدا نەنابوو، لەوکاتەى شەریف پاشا هەوڵ و تەقەلاى دەدا بۆ بەدیهێنانى دەوڵەتێکى کوردى، هەندێک لە ئەفسەرە کوردە تورک خوازەکان، هەوڵى کۆکردنەوەى دەنگى کوردیان دەدا بۆ پشتگیرى ئەتاتورک بۆ دروست کردنى دەوڵەتى تورکیا. یەکێک لەوانە (عیسمەت ئینونو) ئەفسەرێکى باب کورد و دایک تورک بوو دۆستى نزیکى مستەفا کەمال ئەتاتورک بوو، وەک کوردێکى خائین و خۆفرۆش دەستى کرد بەپەیوەندى کردن بە شێخ و ئاغا کوردە پاتاڵ خۆرەکان ئەوانەى ملکەچ و گوێ لەمستى فەرمانەکانى تورک بوون ، پێى وتبوون دەبێ کورد دژى شەریف پاشا و دەوڵەتەکەى ڕابووەستێ و پشتیوانى لە مستەفا کەمال ئەتاتورک بکەین بۆ دروست کردنى دەوڵەتێکى تورک و کوردى، نامەى لە یەک بەیەکیان وەرگرت بوو بۆ دژایەتى شەریف پاشا و پشتیوانى لە ئەتاتورک، بۆ چاوبەستەکێ بەشێکى لەو ئاغا کوردانە بردە کۆنفراسى تورک و کوردەکان بۆ خەڵەتاندنیان بۆ بەرژەوەندى تورک.
بەو هۆیەوە نوێنەرى وڵاتانى بەریتانیا و فەڕەنسا و ئیتالیا و ژاپۆن و یۆنان و ڕۆمانیا و سرب و کروات لە ڕۆژى 23 جوڵاى 1923 لەشارى لۆزان دانیشتنێک پێک دێنن لەگەڵ نوێنەرى مستەقا کەمال ئەتاتورک، لەو کاتەدا کەس باوەڕى بەدەوڵەتى تورکیا و دەسەڵاتى ئەتاتورک نەهێنا بوو عیسمەت و هاوڕێکانى نەبێت بەدڵسۆزیەوە خزمەتى تورکیان دەکرد، هاوپەیمانان باسى کوردیان لەگەڵ ئەتاتورک کرد لەبەر ئەوە ئەتاتورک عیسمەت ئینونوى بۆ ئەو کارە ڕاسپارد، عیسمەت ئینونوش دوو کوردى ناو ئەنجومەنەکەى تورک کە بریتى بوون لە (برنجیزادە فەوزى بەگ- نوێنەرى دیاربەکر) و (زلفیزادە) زلفى بەگى ئەندامى ئەنجومەن هەردووکیانى لەگەڵ خۆى بردبوو بۆ کۆبوونەوە لەوێ هەردووکیان گوتبوویان: ئێمە و تورک براین و هیچ جیاوازیەک نێوانماندا نیە و نامانەوێ لەیەکتر جیا ببینەوە. بەم جۆرە ئەم دوو کوردە خیانەتێکى گەورەیان لە نەتەوەکەى خۆیان کرد. گوایە گوتویانە نەیانزایوە ئەو پیاوەکەڕە(مەبەست عیسمەت ئینونو بووە) ئەوەندە ناپاک دەردەچێت بەرامبەر بەکورد. کۆنگرە داواکەى عیسمەت ئینونوى پەسند کرد و پەیمانى لۆزان شوێنى پەیمانى سیڤەرى گرتەوە. مستەفاکەمال ئەتاتورک بەهۆى دڵنیا بوونى لە دڵسۆزى بۆ تورک عیسمەت ئینونوى نیشتمان فرۆش کە خزمەتى باشى تورکەکانى کرد، پلەى عیسمەت ئینونویان بەرز کردەوە تاگەیشتە سەرۆک وەزیرانى تورکیا، گوایە عیسمەت ئینونو ئاغایەکى کوردى بردووە بۆ گۆنگرە بەجلى کوردیەوە ئەو کوردە بێ ئاگا لەسیاسەتى ئینونوى کوردفرۆش جلى کوردى پۆشى بوو بۆ تەفرەدانى وڵاتانى بەشدار لە کۆبوونەوەى لۆزان، دواتر ئەو لەلایەن تورک لەسێدارە درا بەتاوانى ئەوەى جلى کوردى پۆشیبوو. ئیتر بەپشتیوانى ئینونو و کوردە نیشتمان فرۆشەکان تورکەکان دەستیان وەشاند و توانیان پەیمانی لۆزان لەجیاتى پەیمانى سیڤەر بهێننە ئاراوە .
چارەنووسى پەیمانى سیڤەر بەهۆى چەند هۆکارێکەوە شکستى هێنا و نەچووە بوارى جێبەجێ کردنەوە، لەوانە: پشتگوێ خستنى پەیمانى سیڤەر لەلایەن بەریتانیا، لەبەرامبەر وازهێنانى تورک لە داواکردنەوەى ویلایەتى موسڵ و پاشگەزبوونەوەى ئەتاتورک لەو دۆستایەتیەى لەگەڵ سۆڤیەتیەکان هەیانبوو. هەوڵە دوژمنکاریەکانى تورکە کامالیەکان کوردیان بەوە دەترساند کە پەیمانەکە سەربگرێت بەشێکى زۆرى خاکى کوردستان دەچێتە چوارچێوەى دەوڵەتى ئەرمەنى. دژایەتى کردنى یەکیەتى سۆڤیەت، چونکە یەکێتى سۆڤیەت پەیمانى سیڤەرى بە پەیمانى ئیستعمارى دادەنا.دەرکەوتنى ئەمریکا وەک هێزێکى نوێ بۆ بەرژەوەندى خۆى هانى تورکیاى دا بەرەو بەستنى پەیمانى لۆزان .
سەرەڕاى هۆکارە دەرەکیەکان چەندین هۆکارى ناوخۆیى بوونە هۆى شکستى پەیمانى سیڤەر یەکێک لەوانە هۆکارى یەک نەبوونى گوتارى کوردى و ناکۆکى و تێکچوونى نێوان کوردەکانى باکوور بووە هۆى ئەوەى کورد نەگات بەو ئامانجە پیرۆزە، ئەمە ڕۆلێکى خراپى گێڕا لەسەرنەکەوتنى پەیمانى سیڤەر، بەتایبەت لەنێوان سەرکردەکانى کوردى وەکو شێخ عەبدولقادرى شەمزینى بانگەشەى مانەوەیان دەکرد لەناو خەلافەتى عوسمانى و دژایەتى کردنى هەوڵەکانى شەریف پاشاى خەندان لە کۆنگرەى ئاشتى پاریس و تەنانەت مەزبەتەشیان کۆکردەوە و ڕایانگەیاند شەریف پاشا نوێنەرى کورد نیە لە کۆنگرەى ئاشتى پاریس، پەیمانەکە بەکاریگەرى ئەم هۆکارانەوە لەئەنجامدا سەرى نەگرت و تەنیا بەشێوەى مەرەکەبى سەرکاغەز مایەوە، دواتریش پەیمانى لۆزان شوێنى کرتەوە، ئەو ئاواتەى لە منداڵدانى سیڤەردا چەکەرەى کورد بوو لەبار چوو لە گۆڕستانى لۆزاندا زیندەبەچاڵ کرا .
ڕۆژگار چەند سەیرە لەم سەردەمەش بەرپرسانى ئەم هەرێمە سەرەتا هەر نەبێت بەهەڵبژاردن و گفتوگۆ کێشەکانیان چارەسەر دەکرد، ئێستا بوونە چەند بەرەو دوو بەرەى دژ بەیەک، پێویستە نەتەوەى کورد لەم سەردەمەدا پەند لە پەیمانى سیڤەر وەربگرێت، سەرەڕاى پشت بەستن بە سیاسەتى نێودەوڵەتى دەبێت لە پێشدا کورد خۆى ماف و سنوورى خۆى دیارى بکات، نەک لەدەرەوەى ئیرادەى خۆى بەسەرى دا بسەپێنرێت .
سەرچاوەکان :
1- محەمەد ڕەسوڵ هاوار، کورد و باکوورى کوردستان، بەرگى دووەم، سلێمانى 2006.
2- ڕەفیق حیلمى، یاداشت، چاپى سێیەم، سابَمانى 2003.
3- سەردار پشدەرى، لەندەن 22 – 7 – 2011 net www.kurd-oil.
4- لە ئینسایکڵۆپیدیاى ئازادى ویکیپدیاوە.