محەمەد بەرزی : بنەماکانی دەوڵەتی سەربەخۆ .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئاشکرایە ئەمڕۆ بە هۆی کێشەکانی کورسی دەسەڵات و سیاسەتی چەوتی حیزب و سەرکردەکانەوە ، کە نەیانتوانیوە نان و کار و ئارامی و ئاسایش بۆ خەڵکەکەیان دابین بکەن ، کۆمەڵگای کوردی گەیشتۆتە لێوارێکی پڕ مەترسیی گەورە و گران ، کەچی کاک مەسعود بارزانی لە ناو گێژاوی ئەو ئاڵۆزیانەدا بەردەوام بانگاشە بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ دەکات . بێگومان ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ناوبراو یان بە تەواوی ئاگاداری بارودۆخی نالەباری کۆمەڵگاکەمان نییە ، یان ئەو دۆزە پیرۆزە بەکاردێنێت بۆ پڕوپاگەندە و خۆڵکردنە چاوی خەڵکی بە مەرامی ئەوەی بە نایاسایی لەسەر کورسی دەسەڵات بەردەوام بێت … ئەوەی شایانی باسە دەوڵەتی سەربەخۆ هەر تەنها بە بانگاشە دانامەزرێت ، بەڵکو بریتییە لە پێناسە و کۆمەڵێک بنەمای زانستیی تایبەت بە خۆی ، کە وا لێرەدا بە کورتی ئاماژەیان بۆ دەکەین ، تا بزانیین کۆمەڵگاکەمان بەم بارودۆخە خراپەی ئێستایەوە تا چ ئەندازەیەک ئەو بنەمایانەی لە خۆگرتووە و تا چ ڕادەیەکیش ئامادەی ئەو قۆناغە گرنگە هەستیارەیە ، کە خواست و ئاواتی بەرز و پیرۆزی هەموو کوردێکی بەشەرەفە و لە پێناویدا فرمێسک و خەم و خوێنی ئێجگار زۆری بۆ ڕژاوە :
دەوڵەتی سەربەخۆ بریتییە لە ڕژێمێکی کۆمەڵایەتی ئارامی خاوەن توانا و داهات ، کە لە ژێر هەژموون و فشار و سێبەری هیچ دەوڵەتێکدا نەبێت و هەر خۆشی بەرپرسیاربێ لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی ناوەوە و دەرەوەی بە شێوەیەک شکۆ و سەروەری وڵاتەکەی بپارێزێت و دەسەڵاتی خۆشی بەسەر دانیشتووانەکانیدا بسەپێنێت ، کە لەسەر ڕووبەرێکی دیاریکراودا دەژین . بە گشتیش بنەما سەرەکییەکانی دەوڵەتی سەربەخۆ بریتیین لە : دانیشتووان ، خاک ، ڕژێم ( نظام ) و سەروەری . هەر دەوڵەتێکیش بە پێی ئەو بنەمایانە دانەمەزرابێت ، ئەوا بێگومان دەوڵەتێکی سەربەخۆ نییە ، سا یان ژێر دەستەیە ، یان پاشکۆیە . جا بۆ زانینی ڕاستییەکان و بەرچاو ڕوونی هەمووان وا چاکە بە خێرایی ڕووناکی بخەینە سەر یەک بە یەکی ئەو بنەما زانستییانە :
1 – سەروەری : ئاشکرایە چەندین ساڵە بە بێ ڕەزامەندی میللەتەکەمان سوپای داگیرکەری تورکی فاشست بارگە و بنەیان لەسەر خاکەکەمان داناوە و بە بەرچاوی خۆمانەوە تەراتێن و سیخوڕیی بە سەرمانەوە دەکەن و بەردەوام وڵاتەکەمان کاول و وێراندەکەن بەبێ ئەوەی ڕێگایان لیێ بگیرێت . بەمەش سەروەری وڵاتمان بە تەواوی لە دەستداوە . جا ئەگەر مەسعود بارزانی بە بوونی ئەو سوپایەوە دەوڵەت دروستدەکات ، ئەوا ئەو دەوڵەتە دەوڵەتێکی بێ شکۆی پاشکۆیە و ناچێتە خانەی دەوڵەتی سەربەخۆوە ، ئاخر ناکرێت لە لایەکەوە لافی سەربەخۆیی لیێ بدەین و لە لایەکی ترەوە هێزی بێگانە بهێنینە وڵاتەکەمانەوە . هەمووش باشدەزانیین ئامانجی هێنانی ئەو هێزانە چین و لە دژی بزوتنەوەی ڕزگاریمان پەیڕەوی چ بەرنامەیەکی مەترسیداردەکەن . جا باشتر وایە بەرلەوەی مەسعود بارزانی بیر لە ریفراندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆ بکاتەوە ، با لە پێشدا بچێت وڵات لە هێزە دەرەکییەکانی تورکی فاشست و عەرەبی داگیرکەر پاکبکاتەوە . تا یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی دەوڵەتی سەربەخۆ ، کە سەروەرییە بە جوانی لە دەوڵەتەکەیدا بدرەوشێتەوە .
2 – دانیشتووان : مەبەست لە دانیشتوان ئەو کەسانە دەگرێتەوە ، کە لە ڕووبەرێکی دیاریکراودا بە بەردەوامی نیشتەجێن و ئاستی کۆمەڵایەتییان گەیشتۆتە ئاستێکی بەرز و تەبای ئەوتۆ یەک هیوا و ئامانجی سیاسی کۆیاندەکاتەوە و دەبن بە پارێزەر و قەڵغانی ڕاستەقینەی شکۆ و سەروەری دەوڵەت ، لە هەمان کاتیشدا ملکەچی یاسا و رێساکانیشی دەبن . بێگومان دانیشتووانی هەرێم لە سایەی سیاسەتی چەوت و خراپی حیزبەکاندا ئەوەندەی ڕۆژگاری ئەمڕۆمان ناکۆک و ناتەبا و برسی و پەرت نەبوون ، بەمەش یەکێکی کە لە بنەما سەرەکییەکانی دەوڵەتە سەربەخۆکەی بارزانی کورت دەهێنیت .
3 – خاک : کاتێک وەک بنەمایەک ئاماژە بۆ خاک دەکەین ، ئەوە مەبەستمان لەو ڕووبەرە جوگرافیا دیاریکراوەیە ، کە خەڵکەکەی تێدا دەژی و یاسا کانی دەوڵەتی تێدا جێبەجێدەکرێت و سنور و کەوشەنی دەبێتە هێڵی جیاکردنەوە لە وڵاتانی دراوسێی و دەوڵەتانی دنیاش دانی پێدا دەنێن ، بەڵام بە داخەوە ئەوە بۆ ٢٦ ساڵدەچێت حکومەتی هەرێم نەیتوانیوە ناوچە دابڕاوەکان بگەڕێنیتەوە سەر خاکی پیرۆزی کوردستان و لەگەڵ ئەو هەموو قوربانییە زۆرانەشدا هەتا ئێستا نەیتوانیوە نەخشە و سنورێک بۆ ئەو دەوڵەتە چاوەڕوانکراوەی خۆی دیاریی بکات .
4 – ڕژێم : پێویستە دەوڵەتی سەربەخۆی ئازاد بۆ ڕاپەراندنی کار و ئەرکەکانی هەموو دامەزراوە گرنگەکان بگرێتە خۆی ، ئەو دامەزراوانەش بریتیین لە هەرسێ دەسەڵاتە سەرەکییەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری ، ئەمە سەرباری دەزگاکانی چاودێری دارایی و دەسەڵات . ئەوەی شایانی باسە لە کاتێکدا مەسعود بارزانی سەرۆکی دەوڵەت نەبووە ، باوەڕی بە هیچ کام لەو دەسەڵاتانە نەبووە و بە ئارەزووی خۆی پەرلەمانی پەک خستووە و ڕێزی لە سەروەری یاسا و بەرژەوەندی گشتی نەگرتووە ، جا ئەو کاتەی بە نایاسایی خۆی دەکات بە سەرۆکی دەوڵەتێکی سەربەخۆ ، دەبێت لە سایەیدا ئەو دەزگایانە چ دەزگایەکی کارتۆنی شەق و شڕی بێ نرخ و بایەخ بن .
لەبەر ڕۆشنایی ئەو خاڵانەی سەرەوەدا ئەمڕۆ هیچ بنەمایەکی بوونی دەوڵەتی سەربەخۆ لە هەرێمەکەماندا نییە ، هۆکارەکەشی دەگەڕیتەوە بۆ ئەو دەسەڵاتە خۆسەپێنەرە نەزانەی ، کە ساڵەهای ساڵە شەیدای پۆست و پارە و کورسییە و بیریی لە دروستکردنی بنەماکانی دەوڵەتی سەربەخۆ نەکردۆتەوە . بێگومان تا ئەو کەموکورتییانەی ئاماژەمان بۆ کردوون بە تەواوی چارەسەرنەکرێن و گشت ئەو بنەمایانە ئامادەییان نەبێت ، ئەوا مەحاڵە دەوڵەتێکی سەربەخۆ و ئازادی خاوەن شکۆ بە چاوی خۆمان ببینیین ، کە باڵای بە قەد باڵای تێکۆشان و قوربانییە زۆرەکانی نەتەوەکەمان بێت . بە مەش فرسەتێکی گەورەی مێژووی لە دەست خۆمان دەدەین ، ئاخر هەموو کاتێک فریشتەی بەخت یاری کورد نابێ … خۆ ئەگەر هاتوو بە بێ ئەو بنەمایانە دەوڵەتمان دامەزراند ، ئەوا بێگومان دەوڵەتێکی پاشکۆی بێ سەروەریی دەبێت و لەژێر هەژمون و فشاری داگیرکەری کۆن ، یان تازەدا ژیانی ژێردەستی دەباتە سەر ، ئەمەش دەرمانی دەردی کێشەی کورد ناکات و لە ئاکامدا ڕووبەڕووی هەرەس و نسکۆی گەورە و گرانمان دەکاتەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت