عیماد عەلی : لۆمەی پارتی و بارزانی مەکەن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەرپرسێک پێی راگەیاندم کە ئەوەی ئێوە تێگەیشتون لە ناوەخندا وا نیە . وتم چۆن ، وتی ؛ تا ئێستا لە کۆبونەوە نهێنیەکاندا ، سەرجەم حزبەکان وەک خۆی و بە هەمان هەڵوێست و ریتم قسەیان لەگەڵ پارتیدا نەکردووە . وتم ؛ ئەی چۆن قسە دەکەن، وتی؛ بە لارێدا دەرۆن و لە رێگە راستەکە لادەدەن ، وتم بۆچی ، وتی ؛ هەریەکە و لەم حزبانەی ئێمە بە گۆرانیشەوە شتێکمان لای پارتیە ، نامانەوێت بە تەواوەتی بیدۆرێنین . وتم شتی وەک چی ؛ وتی با ئێستا لە بنی نۆکاوەکە هەمووی نەدەین باشترە ، وتم یەعنی چی ، وتی ؛ هەر یەکەمان ئێمەی حزبی و ئێوەی رۆشنبیر و نوسەران بە تایبەتی ، لایەکی پێچەوانەی بابەتەکان دەخوێنینەوە . وتم ئەوە چیە ، وتی ؛ بەڵی حزب ئەگەر پێش هەموو شتێک بەرژەوەندی خۆی نەخوێنێتەوە و وەک بەزارەکی باشی دەکەین ئامراز بێت و بۆ ئامانجی گشتی دروست بێت ، بە رۆژی نێوەرۆ وەک پۆری سەربراو دەخورێیت و ، تەنانەت ئەو پارتیە وەک گورگ بەردەبێتە گیانی و ناتوانێت هیچی لەدەست بێت ، لەبەر ئەوەی وەک تۆش باش دەزانیت سەرکردایەتی پارتی قەت حزبەکەیان وەک ئامراز بەکارنەهێناوە و هەمیشە بنەماڵە و حزبەکە ئامانج بوون نەک میلەت . ئەوە لە راپەرینەوە کە بە رێکخستن و پێشمەرگەیەکی یەکجار کەمەوە و ، بە بەکارهێنانی خەڵکی زەدە و پیاوی بەعس و جاش و خەڵکی نا شۆرشگێر ، خۆی سەپاند و تەنانەت بووە حزبی یەکەم ، بۆ نمونە یەکێتیش هەر لە دوای راپەرین بە هەمان رەفتارەکەی شاخ جوڵایەوە و حسابی بۆ دەنگ و دیموکراسی و سەلبیاتیەکانی نەکرد و بە ناکۆکیەکانی نێوخۆی خۆیەوە یارمەتیدەری باڵابونی پارتی بوو . پارتی ئەم کۆمەڵگەیەی خوێندۆتەوە و زۆری پێ خوش بوو گۆڕان دروست بوو ، کە بە یەکجاری ساحەکەی خستە ژێر رکێفی خۆیەوە و یەکێتی و گۆرانیش لە حاڵەتی ناکۆکیدا مۆریان بۆ دەکرد و تا دواجار لە هەموو لا یەکەوە لە بنی هەمبانەکەوە دەرچون . ئەوەی لێرەدا کرا و دەڤەری ئەودیوی نەگرتەوە گەورەترین قازانجی بە پارتی گەیاند و زەرەری دا لە سەرجەم خەڵکی کوردستان . گوایە ئێستا هەستیان کردووە و گەیشتون بە خۆیاندا ، بەڵام پارتی تا ئێستاش کارتی زۆری بەدەستەوەیە ، هەرچەند تادێت هەڵوێست و پێگەی روو لە کزیە ، کەچی ترسمان لەوەیە تاوەکو ناچاردەبێت بۆ ملدان بۆ داواکاری گەل کاتەکە بەدەمیەوە نەمابێت و هەلەکە لەدەست بچێت و دەرفەتی جێبەجێکردنی ئەرکەکان کۆتایی هاتبێت .
بەڵام ئەگەر باسی رەفتار و هەلوێستی خەڵکیشت بۆ بکەم کە هەلپەرست و ماستاوچی و بەرژەوەنخواز و لاواز و بێ مێژوو و ، یان خاوەن خاڵی رەش ، ئەگەر بڵێم لە کوردستاندا لە پاکەکان زۆرترە ، باوەربکە ، بۆیە بۆ پۆستێکی زۆر زۆر بچوک و قازانجێکی مادی کەم ، هەزار و یەک تەنازول دەکرێت بە هەموو جۆرەکانیەوە و پارتیش ئیستغلالی ئەوەی کردووە و بە تەرغیب زیاتر خەڵکی کریوە و، ئەوەی بۆی نەکرێت رەفتاری تری لەگەڵدا دەکات ئەگەر بزانێت زەرەری بۆ پەزەگانی دەبێت . بۆیە تۆ تەماشای ئەو هەڵوێستە راست و رەوان و راستەخۆیانە بکە لەبەرامبەر پارتی هەیە ناگاتە ژمارەیەکی زۆر زۆر کەم لە ئاست ئەوانەی لە ژێرەوە کرنوشی بۆدەبەن لەسەرجەم چین و توێژەکاندا ، لە جەماعەتی ئێوەی رۆشنبیر چەند هەزار کەس ئیمزای مانەوەی بەرزانی کرد و لێیان بوو شەرمەزاربوو ، کە چی تا رۆژی ئەمرۆش بە رەسمی ئیمزاکەی رەتنەکردۆتەوە ، بۆت باس بکەم چەند خەڵکی دووفاقیمان هەیە و چی دەکەن لە نێوان یەکێتی و گۆران و پارتیدا بە رەسمی خۆیان یەکلایی نەکردۆتەوە ، سەرت سپی دەبێت .
وتی ؛ بۆیە دەڵێم تا ئێستا من لۆمەی پارتی ناکەم بە پلەی یەک ، بەڵکو بارودۆخ و ئاستی رۆشنبیری خەڵک و بەرژەوەندیەکانیان و بەکارهێنانی کارتی ئابووری لە لایەن پارتیەوە گەورەترین فاکتەرە بەدەستیە وە ، بۆیە دەتوانێت بەم جۆرە واقعەوە ملهوری بکات . وڵاتانی دەوروبەر و جیهانیش یەکێکیان دەوێت کە بە پلەی یەکەم لە قازانجی ئەواندا بێت نەک میلەتەکە .
بەڵام ، ئەوەی ئەمرۆ دلخۆشم دەکات، ئەگەر کاتەکە وا بە ئاسانی بەم شێوەیە نەروات کە هەموو شتێک بدۆرێین، پارتی لە حاڵەتێکدا دەبینینەوە کە تەواو زەلیل و کوشتەی دەستی هەڵەکانی خۆی بێت و مێژووش ئەمەی سەلماندووە ، کە زوڵم و زۆری تا سەر بەسەر کەسەوە ناروات و ئەگەر دەرفەتمان بمێنێت و وەزعی ناوچەکە هەموو شتێک نەگۆرێت ، کوردستان دەگەرێتەوە سەر سکەی خۆی ، بۆیە تا ئێستا من لۆمەی پارتی ناکەم ، چونکو بارودۆخی نێوخۆ و وەزع و بیرکردنەوە و رەفتاری رێژەیەکی گەورەی خەڵک ئەم بوارەی بۆ پارتی هێشتۆتەوە . بۆیە دەڵێم خەڵک و حزبەکانی تریش هۆکاری سەرەکی ئەم بیرکردنەوە و رەفتارەی پارتین .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت