شەماڵ عادل سەلیم : مرۆڤ بێ نرخترین بوونەوەرە لە هەرێمی کوردستان .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەهەرێمی کوردستان ، هەموو شتێک نرخ و رێزو بەهایەی خۆی هەیە تەنها مرۆڤ نەبێ ، کە بێ نرخترین سه رمایه و سامانە .
لەسایەی سەربەخۆیی و سێبەری حکومەتی کوردیدا ، ئەوە مرۆڤە برسی دەکرێت ، ئەشکەنجە دەدرێت ، مافە سەرەتاییەکانی لێ زەوت دەکرێت ، کاردەکات و مووچەی پێ نادرێت ، ناڕەزایش دەڕببرێت ، دەڕفێندرێت و بەدڕندەترین شیوە ئەشکەنجە و تیرۆر دەکرێت ، لەوش سەیرو سەمەرەتر ئەوەیە ،جەللادەکان 25 ساڵە دەست و پێی و دەمیان بەستوون و پێشیان دەڵێن : دە قسە بکەن ، ئەی ئەوە نییە ئێوە ئازادن .
دەبێ ئەوەش بڵێم کە لەهەرێمەی ئێمەدا ، ئەوەی مرۆڤی بێ نرخ کردووە حزب و حزب حزبانێیە ، حزبیش گوێ ڕایەڵی کەسی یەکەمە کە بەمیرات کورسی و پلەو پاییەی پۆستی بۆ ماوەتەوە ، هەر بۆیە شەری مان و نەمان دەکات بۆ پاراستنی دەستکەوتە چەورەکان کە ملکی گەلە و بە زۆری لێی زەوت کردووە ، بۆ ئەم زەوتکردن و داپلۆسین و بێ نرخکردنی بەهای مرۆڤەکانیش ، حزبەکان ، حەشاماتێک جەللادیان پەروەردەکردووە بۆ بەردەوام بوونی خۆییان و پاراستنی بەرژەوەندییە حزبییەکانیان .
25 ساڵە لە هەرێمەدا لەژێر سێبەری حکومەتێکی ( ڕەشیدی ) کوردی خۆماڵی ، خۆکردی ، کە پێکهاتوە لە چەند حزبیکی ( ناڕەشید ) ، نەک تەنها بازرگانی بە چارەنووسی خەڵکی کوردستان دەکەن ، بەلکو خاکی نیشتیمانیشیان هەراج کردوەو لەقسانیش گوایە بۆ سەربەخۆیی و جاڕدانی دەولەتی کوردی خەبات دەکەن .
25 ساڵە لەوهەرێمە بێ ناز و بێ ساحێبە دا ، حزب درۆدەکات ،بەدرۆ هەوڵدەدات بۆ جیهان بیسەلمینێت کە ئەوە حزبە هەڵبژێردراوی ڕاستەقینەی گەلەو ، گەلیش حزبی دەوێت و حزبیش سەرۆکی فەرماندەی دەوێت ( خودا بیپارێزێت ) .
25 ساڵە حزب رۆڵەی ئەم هەرێمە بێ نازەی کردۆتە قوربانی بەرژەوەندییەکانی خۆی ، شەڕیان پێ دەکات ، بەکوشتنیان دەدات ، برسیان دەکات ، دەیانچەوسێنێتەوە ، هەر کە گوێشی لە دەنگی نارەزییەکانیان بێت ئەوا بەبێ دواکەوتن بەدڕندەترین شێوە خەفەیان دەکات و پرسەشیان بۆ دادەنێت و بۆشیان دەگرێیت .
ئای چەندە بەبەزەیی و میهرەبانە ئەم ئەکتەرەی ناوی حکومەتی هەرێم ، ئای چەندە دلسۆزە ئەو حکومەتەی هەرێم ، لەوەتەی زانیویەتی ( ویداد) * ی جوانە مەرگ تیرۆرکراوە ، ریشی هێشتیتەوەو یەخەوبەرۆکی دڕاندووەو بە پێ خواسی و پەلەپەل قۆڵی لێ هەڵماڵیوەو کۆڵان بەکۆڵان ، جادە بەجادە ، لەدوای بکوژی ( ویداد دهوکی ) جوانەمەرگ دەگەرێت و بەلێنیشی داوە هەتا بکوژەکەی وەک بکوژی هاوڕێکانی ( سەردەشت عوسمان و سۆران مامە حەمەو کاوە گەرمیانی و عەبدولسەتار تاهیر شەریف ) نەدۆزێتەوەو بەسزای خۆیان نەگەیەنرێن ، ئۆقرە ناگرێت و ناحەسێتەوەو ناخەوێت .
ئێ لۆ تێناگەن و بێدەنگ نابن  ، نازانن حکومەت تازیەبارەو گەنجێکی خێر لەخۆنەدیوی بوێرو بەئەمک و دلسۆزو نیشتیمان پەروەری لەدەست داوە .


(*) کات ژمێر 10 بەیانی رۆژی 13 – 8 – 2016 لەگەڕەکی ماڵتەی شاری دهۆک پەیامنێری ئاژانسی رۆژ نیوز ( ویدات حسێن عەلی ) ناسراو بە ( ویدات دهوکی ) لەلایەن جەللادەکانی قەلەم ڕفێندرا و لە هەمان رۆژ بەبرینداری لەسەر رێگای گشتی ( دهۆک سێمێل ) فرێدار ، تا گەیاندرا نەخۆشخانەی شاری دهۆک گیانی پیرۆزی لەدەست دا و گەیشتە کاروانی سەربەرزی هاوڕێیانی ( سەردەشت و سۆران و کاوەی نازدار ) .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت