زمناکۆ ئیسماعیل : وەدات حوسێن ، شەڕی پانیزمی کوردی و ریسکردنەوە بەخوری . 

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تیرۆرکردنی میدیاکار (وەدات حوسێن)، نە زەنگی مەترسیدارە بۆ سەر رۆژنامەنوسان، نە گەیاندنی پەیامێکە بەمەبەستی چەپاندنی دەنگە ئازادەکان، نە تۆڵەکردنەوەیە لەو قەڵەمانەی کەڕێگرن لەگەندەڵی و چەتەگەری، نە رێگریکردنە لەدروستبونی هێزێکی شۆڕشگێڕی نوێ لەهەرێم، کەبیەوێت لەڕێگای میدیاکارەکانیەوە، تەشەنە بەبیرو ئایدۆلۆژیای خۆی بدات، تاوەکو لەورێچکەیەوە دەسەڵات بگرێتە دەست.

بەڵکو تیرۆرکردنی (وەدات) ی جوانەمەرگ، تیرۆرکردنێکی رێکخراوەییە، سەری ریسەکەیە، بەڕاکێشانی گەرەکیانە، هێزێکی کوردی بکەنەوە بەخوری، ئەو هێزەش بێگومان پارتی کرێکارانی کوردستانە، کە پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک ململانێکاری خۆی دەیبینێت و وەک رکەبەرکاری خۆی مامەڵەی لەگەڵدا دەکات.

ململانێی ئەم دوو هێزە، ململانێی پانیزمبونە، ئەو خەونەیە کە لەسەری سیاسییەکانی ئەو دو هێزەدا دەگوزەرێت، یەکێکیان بەئەخلاقی سیاسی و بەکردار هەنگاوی بۆ دەنێت و پەروەردەی ئایدۆلۆژی و سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ پانیزمکردنی دەسەڵاتی خۆی دەکات، ئەوی دیکەیان بەپارە بەدەنگکڕین لەهەڵبژاردنەکان، بەهێنانی هێزی بێگانە، بەکەتنکردن و بەپاشقولگرتن لەهاونیشتیمانیانی خۆی، لەگەڵ پەروەردەی حیزبی و پێدانی ئازادی و دیموکراتیەکی سنوربۆکراوی چوارچێوەی حیزبەکەی خۆی دەیەوێت، خەونی بەپانیزمکردنی دەسەڵاتداری خۆی لەکوردستان بهێنێتەدی.

پانیزمکردن و پانبونەوەی هەمو هێزێک، کۆمەڵێک خەڵک لەگەڵ خۆی دەبات و دەیکات بە بەرکەوتە (قوربانی)، واتە کەشاڵاوی پانیزمکردو پانبونەوەی هێزێک هاتە ئاراوە، هەندێک کەس لەناو دەبرێت و هەندێک کەسی دیکەش دەهێڵرێتەوەو بەکار دەهێنرێت، هەندێک بچوک دەکرێتەوەو هەندێکی دیکەش گەورە دەکرێت و دەگەیەنرێتە کەشکەلانی فەلەک، هەندێک کەس تیرۆر دەکرێن و کەسانی دیکەش لەو شاڵاوەدا شاربەدەر دەکرێن.

(وەدات) ی جوانەمەرگ تیرۆرکرا، تیرۆرکردنێکی رێکخراوەیی، لەو جۆرە تیرۆرکردنەی کە هەڵگری پەیامێکی سیاسییە، لەهێزو گروپێکی سیاسییەوە، بۆ حیزبێکی سیاسی و خاوەن هێزی دیکە.

ئەگەر تەماشای گرتەی ڤیدۆیی لاشەی شێوێنراوی ئەو میدیاکارە بکرێت، ئەو پەیامە بەقوڵی دەبینرێت، کە (وەدات حوسەین) بەجۆرێک تیرۆرکراوە، ئەشکەنجەی  رێکخراوەیی پێوە دیارە، واتە بەجۆرێک ئەشکەنجە دراوە، کە مرۆڤ هەست بەوە دەکات، کە هێزێک یان گروپ و کەسانێک بەمەبەست، وویستویانە وەها نیشان بدەن، کە ئەو میدیاکارە لەلایەن هێزێکی ئەمنی راهێنراوی ئەشکەنجەدان رفێندراوە، بۆ ئەوەی زانیاری و نهێنی لێدەربهێندرێت، هەرهەمان ئەو هێزە پاش چەند رۆژێک لەتیرۆرکردنی ئەو میدیاکارە، هەنگاوی دوهەمیان دەستپێکرد، کە ئەوەش بریتیبوو لەدروستکردنی دەنگۆی ئەوەی، کە گوایە “ماوەی دە رۆژ بەر لەتیرۆرکردنەکەی، وەدات حوسێن وازی لەدەزگاکەی (رۆژنیوز) ی سەر بەچاپەمەنییەکانی پەکەکە هێناوە، مەبەستیانە پێمان بڵێن “تاوانباری کوشتنی وەدات حوسێنی رۆژنامەنوس (پەکەکە) یە، چونکە وەدات وازی لەو حیزبە هێناوەو زانیاری مەترسیداری لابووە، هەر لەبەر ئەوەش بووە، کە (پەکەکە) کوشتویەتی”. ئیدی ئالێرە بەدواوە، هەنگاوی سێهەمی ئەو گروپە دەستپێدەکات، هەنگاوی خۆشکردنی شەڕی ناوخۆو خستنەوەی دەنگۆی ئەوەی کە پەکەکە هاوڵاتیانی هەرێم تیرۆر دەکات، لەپاش ئەوەش بەرنامەکەیان دەکەوێتە سەرسکەو بەئەقڵی بچوکی ئەو هێزە، ئاگری شەڕی ناوخۆ دەکەوێتەوە، واتە بەرنامە و ئامانجی بکوژانی وەدات حسێن، دەستپێکردنەوەی خولی دوهەمی شەڕی نێوان (پەکەکە و پارتی) یە.

هەرچەندە تا ئێستا رون نییە چ هێزو لایەنیک لەپشت تیرۆرکردنی میدیاکار (وەدات حوسێن)ە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ناوچەی (بەهدینان) باڵادەستەو ئەو رۆژنامەنوسەش لەقوڵایی دەسەڵاتی پارتی تیرۆرکراوە، پەنجەی تاوانباربون بۆ ئەو حیزبە رادەکێشرێت، بەڵام راستییەک هەیە دەبێت بزانین، بەرلەوەی پەنجە بۆ تاوانبارکردنی پارتی دیموکرات رابکێشرێت، هێزی نێو دەوڵەتی و ناوچەیی و ناوخۆیی و کوتلەیی نێو پارتیش هەیە، کە خوازیاری ئەوەیە، پارتی کرێکاران و پارتی دیموکراتی کوردستان بدات بەیەکدا، بەجۆرێک هەمو کوردستان بسوتێنێت، بەلاتانەوە سەیر نەبێت، (وەدات حوسێن) ی رۆژنامەنوس، ئەو دەنکە شقارتەیە کە هێزێکی شاراوە لەپشتیەتی، بەمەبەستی کردنەوەی ئاگری شەڕی ناوخۆ، شەڕێکی وەها لەگەڵ ئەوەی باشورو باکوری کوردستان ئەدات بەیەکدا، لەهەمانکاتدا رۆژئاواو باشور دەکات بەمەیدانی جەنگێکی دیکەی کوردو لەگەڵ کورد.

لێرە بەدواوە دوو گروپ و لایەن خۆیان نمایش دەکەن، کە دەستیان هەبێت لەتیرۆرکردنی ئەو میدیاکارە، یەکەم میتی تورکی و چەند بەکرێگیراوێکی کورد، دوهەم پارتی دیموکراتی کوردستان و گروپێکی توندئاژۆی نێو ئەو حیزبە.

ئەگەر میتی تورکی و بەکرێگیراوە کوردەکان، لەپشت تیرۆرکردنی میدیاکار (وەدات حوسەین) ەوەبن، ئەوا مەبەستیانە ئەم چەند ئامانجە بپێکن.

یەکەم : مەشگوڵکردنی پەکەکە لە قەندیل بەشەڕێکی دیکەی ناوخۆیی، وەک ئەو شەڕە ناوخۆییەی لەنەوەدەکاندا، پەکەکە و پارتی لەلایەک و پەکەکە و یەکێتی لەلایەکی دیکەوە پێوەی خەریککرا، ئەوەش بەئامانجی ئەوەی کە پەکەکە لاواز بکەن و توانای ئەوەی نەبێت چالاکییەکانی لەباکوری کوردستان فراوانتر بکات و لەم ئاستەی ئێستادا بیوەستێنن.

دوهەم : سنوردانان بۆ دەستکراوەیی پەکەکە بەراوبەر بە رۆژئاوای کوردستان و بەوەش پشویەک بەداعش دەدرێت، بەتایبەت لە ئێستادا کە پاش کۆنتڕۆڵکردنەوەی مابوک (مەنبەج) نۆبەی جەرابولس و باب دێت، کەبە رزگارکردنی ئەو ناوچەیەش لەلایەن یەپەگەو یەپەژەوە، پەیوەندی زەمینی نێوان تورکیا داعش دەوەستێنێت، کەواتە ئەو لایەنە هەنگاو دەنێت بۆ ئەوەی کە هاوکارییە سەربازی و لۆجستی و سیاسیەکانی پەکەکە نەگاتە رۆژئاوای کوردستان.

سێهەم : ئامانجیانە بەکردنەوەی شەڕی نێوان پەکەکە و پارتی، جموجوڵی پەکەکە لەباشوری کوردستان بوەستێنن، بەتایبەتی لە چیای شەنگال و لە ناوچەکانی سلێمانی و کەرکوک و گەرمیان.

چوارهەم : پارتی دیموکراتی کوردستان بەتایبەتی و هێزی پێشمەرگە بەگشتی، دەخاتە بەردەم ئەگەری بڕیار هەڵوەشاندنەوەی بەشداریکردن لە پلانی رزگارکردنی موسڵ، کە کورد دەیەوێت لەگرتنەوەی موسڵدا بەشدار بێت، لەم خاڵەشدا تورک مەبەستیەتی پلانی کۆنتڕۆڵکردنەوەی موسڵ پەکبخات.

پێنجەم : ئەگەر لەنێوان پەکەکە و پارتی شەڕی ناوخۆ دروست ببێتەوە ئەوا، خەونی راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی و ریفراندۆم، کە پارتی دیموکرات کردویە بە بنێشتە خۆشەی سەر زومانی، دەوەستێنێت و ئەو بیرکردنەوەی پارتی لەبار دەبات.

جیاواز لەوانەش خۆ ئەگەر گروپێکی توندئاژۆی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەپشت تیرۆرکردنی وەدات حوسەینەوە بێت، ئەوا گەرەکیەتی پەکەکە رابکێشێت بۆ نێو شەڕێک بەمەبەستی ئەوەی ئەم چەند ئامانجە بپێکێت.

یەکەم : رێگریکردن لەزیادبونی رێژەی لایەنگرانی پەکەکە لە بەهدینان، بەتایبەت لەپاش ئەوەی کە ئاوارەیەکی زۆری رۆژئاوای کوردستان، لەناوچەکانی بەهدینان جێگیربون و زۆربەیان ئینتیمای سیاسیان بۆ پەکەکە هەیە، ئەم ئاوارانەو هەندێک لەکادیرانی سیاسی پەکەکە، رژاونەتە نێو بەهدینان و توانیویانە کاری سیاسی خۆیان بکەن و پەروەردەی ئاپۆتچی بە خەڵکی بەهدینان ئاشنا بکەن.

دوهەم : داخستنی کەمپی مەخمور، بە پلانی بەیەکدادانی پەکەکە و پارتی، لەلایەن تورک و میتەوە، تورک هەمیشە لەهەوڵی ئەوەدایە، کە ئەو کەمپە گەورەیەی پەکەکە لەناو ببات و دایبخات، چونکە ئەو کەمپە سومبولی پەکەکەیە لە هەرێمی کوردستان و جێ حەسانەوەی کەسوکاری گەریلایە.

سێهەم : شەڕی نێوان پەکەکە و پارتی، مەبەست لێیی تۆڵەکردنەوەیە بەراوبەر بەکێشەکانی نێوان ئەنەکەسە و پەیەدە لەرۆژئاوای کوردستان، چونکە پارتی دیموکرات، پەکەکە بەکێشەی نێوان ئەنەکەسە و پەیەدەی نزیک لە پەکەکە دەزانێت.

چوارهەم : ئەگەر شەڕی نێوان پەکەکە و پارتی دروست ببێت، ئەوا پارتی مەبەستیەتی کە بەهێز چیای شەنگال بە پەکەکە چۆڵ بکات، چونکە پارتی ستراتیژیەتی چیای شەنگال دەزانێت، نایەوێت ئەو چیایە بکەوێتە دەست پەکەکەو پەکەکەش لەچیای شەنگالەوە بۆ رۆژئاواو، لەرۆژئاواشەوە بۆ باشوری کوردستان و لەوێشەوە بۆ قەندیل و لەوێشەوە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان تەراتێن بکات.

پێنجەم : کۆنترۆلکردنی ئێزیدییەکان لەلایەن پارتییەوە، چونکە لەپاش کارەساتی شەنگال، پارتی دیموکراتی کوردستان درکی بەوەکردوە، کە ئێزیدییەکان ئینتیمایان بۆ پەکەکەی رکەبەرکاری پارتی زیاترە، وەک لەوەی کە بۆ پارتی، بژێوکاری ئێزیدییەکان هەیان بێت، واتە پارتی هەست بەوە دەکات، لەپاش کارەساتی شەنگال، متمانەی لەلای ئێزیدییەکان دۆراندوەو بە پێچەوانەشەوە پەکەکە متمانەی لەلای ئێزیدیەکان بەدەستهێناوە.

شەشەم : شەڕی پارتی و پەکەکە قەتیسکردن و گەمارۆدانی پەکەکەی لە قەندیل لێدەکەوێتەوە، بەوەش پەکەکە ناتوانێت بەئاسانی و بەنێو هەرێمی کوردستان بەرەو رۆژئاوا بپەڕێتەوەو بەپێچەوانەشەوە.

حەوتەم : بەشدارینەکردنی پەکەکە لەگرتن و رزگارکردنی موسڵ، چونکە ئەوە مەرجی سەرەکی تورکیایە بۆ عێراق و بۆ روسیاش کە نابێت پەکەکە و لایەنگرانی، لەگرتنەوەی موسڵدا رۆڵیان هەبێت، چونکە تورکیا دەزانێت ئەگەر پەکەکە بچێتە نێو شاری موسڵ، بەدڵنیاییەوە موسڵ دەکات بەشوێن حەوانەوەی گەریلاکانیان.

هەشتەم : تۆڵەکردنەوەی سیاسی لەپەکەکە بەراوبەر بەکارەساتی شەنگال و ئاشکراکردنی نهێنی چۆڵکردنی شەنگال لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان.

نۆهەم : پارتی دیموکرات لەهەوڵی زیادکردنی رێژەی خۆیەتی لەباکوری کوردستان، بۆ ئەوەش حیزبی دروستکردوە، بەڵام هەدەپە و لایەنگرانی پەکەکە لە باکور، چالاکی ئەو حیزبەیان سنوردار کردوە، بەبیانوی ئەوەی ئەو حیزبە گرێدراوی تورکە، پارتیش مەبەستیەتی لەڕێچکەی فشاری سەربازی بۆ سەر پەکەکە لەقەندیل و باشور، ئەو کێشەیە لەگەڵ پەکەکە چارەسەر بکات و دانوستان بەپەکەکە بکات.

دەیەم : فشار خستنە سەر پەکەکە بۆ ئەوەی نەرمی بنوێنێت بەراوبەر بە (حدکا)  لەسنورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەرێم، کە ئێستا زۆربەی ئەو ناوچانە بەدەست پەکەکە و پەژاکی نزیک لە پەکەکەیە، بۆ ئەوەی پەکەکە رێگری نەکات لەچونی حدکا، بۆ چونە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان.

ئالێرە بەدواوە دەبینین، کە کوژران و تیرۆرکردنی وەدات حوسێنی میدیاکار سەرەتا نییە و درێژەی دەبێت، لێرەوە پلان بە پلان دەبینین کە چۆن بەرپرس و میدیاکار و لایەنگرانی پەکەکە دەکرێنە ئامانج، بەمەبەستی کردنەوەی دەروازەی شەڕی ناوخۆ لەنێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، لەمەش بەدواوە بۆمان دەردەکەوێت کە وەدات حوسینی میدیاکار، قوربانی ئەو ململانێ سیاسیەیە، نەک قوربانی ئازادی رادەربڕین، ئەو قوربانی پانیزمبونی حیزبی کوردییە، ئەو سەری ریسەکەیە و یەکێک لەو دوو گومانە دەیەوێت ئامانجەکانی پەکەکەی پێ بکات بەخوری.

 

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت