Obama_img

بورهان شێخ ڕەئوف : ئۆباما کۆشکى سپى بەجێ دێڵێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەمە جارى دووەمە من لەسەر باراک ئۆباما ى سەرۆکى ولایەتەیەکگرتووەکانى ئەمریکا دەنووسم جارى پێشوو لە ژێر ناونیشانى ئۆباما و کۆبا و ئێران بابەتێکم نووسى وا ئەمجارە کە لە دوا مانگەکانى کۆتایى ولایەتى دووەمى سەرۆکایەتى ئۆبامادایە لە ئەمریکا و بە باشى دەزانم جارێکى تر چاوێک بە سیاسەت و هەڵسووکەوتەکانى ئەو سەرۆکەى ئەمریکادا بخشێنم لە ئاست کێشەو ئاریشەکانى جیهان و ناوچەکە.
ئەگەرچى دیموکراتەکان بەوە ناسراوان زیاتر گرنگى بە سیاسەتى ناوخۆ دەدەن وەکو مافى بەکاربەر و و وەبەرهێنەرو کەمکردنەوەى باج و خزمەتگوزارىو گۆڕینى سوپاى ئەمریکى بۆ دامەزراوەیەکى هاوڕێ ى ژینگە .
بەڵام ئایا هەر ئەو کارانە بەسن بۆ ئەوەى وڵاتێکى وەکو ئەمریکا کە ڕۆڵى سەیدى عالەم دەبینێت و زۆربەى نزیک بە تەواوى ئاوەکانى جیهان لە بندەستیدایە و خاوەنى گەورەترین ئستوولى دەریاییە لە جیهانداجگە لە زۆر دام و دەزگاى ئابوورى و سیاسى گرنگ کەناکرێت لێرەدا هەمووى باسبکەم ؟
من هەروەکو لە وتارى پێشووتردا ئاماژەم پێکردبوو سیاسەتەکانى ئۆبامابوو سەبارەت بە عێراق کە پابەند نەبوون بوو بە ڕێکخستنى کاروبارى عێراق و چارەسەرنەکردنى کێشەکانى و بێدەنگ بوون لە ئاست دەستێوەردانى وڵاتانى ئیقلیمى لە کاروبارى .
بەڵێ لە هەمانکاتدا لە دواى ڕاپەڕین و شۆڕشەکانى بەهارى عەرەبى ئۆباما هەمان سیاسەتى لە گەڵ وڵاتانى عەرەبیدا پەیڕەو کرد هەر لە تونسەوە بگرە کە لە سەرەتادا ئیسلامیەکان دەسەڵاتیان گرتە دەست تاوەکو میسر کە ڕێگەیان خۆشکرد ئیخوانەکان دەسەڵات بگرنە دەست و لە یەمەنیش هەمان سیاسەتى پەیڕەو کرد تەنانەت لە ئاست هاوپەیمانى عەرەبیش لە یەمەن پێ ى باش نەبوو سەبارەت بە لیبیاش ئەگەرچى لە سەرەتاوە بەشداریکرد لە شەڕى ئەو ولاتەدا بەڵام دواجار لەوێش دەسبەردارى بارودۆخەکە بوو ئەو وڵاتەى خستە ژێر ڕەحمەتى میلیشیاکانەوە .
لە سوریاش کە جەنگەکەى لە هەموو شوێنەکانى تر زیاتر درێژەى کێشا وە بێدەنگ بوو لە بەرامبەر کردەوەکانى ڕژێمێک کەچەکى کیمیاوى دژ بە گەلەکەى خۆى بەکارهێنا لەوەش سەیرو سەمەرەتر چۆڵکردنى گۆڕەپانى سوریا بۆ ڕکابەرى دێرینیان ڕوسیا کەوا بە سوپاو ڕاستەوخۆ بێتە ناو سوریا ببێتە یاری کەرێکى ڕاستەوخۆ لە ڕۆژهەڵاتى ناوین .
هەروەها هەر لە سەردەمى ئەم سەرۆکە ڕەش پێستە بەڕچەڵەک ئیسلامە یەکەم جارە ڕێکخراوێکى تیرۆریستى وەکە داعش پانتاییەکى زۆرى خاکى عێراق و سوریاى لە بندەستدابێت و ببێتە یەکێک لە دەوڵەمەندترین هێزە تیرۆریستەکان وخاوەنى ملیارەها دۆلار بێت و لەوێشەوە پەلامارى شارە جوان گرنگەکانى ئەوروپا بدات .
حەزدەکەم جارێکى تریش باسى دۆخى شڵەژاوى عێراق بکەم لە سایەى ئۆبامادا کە دەبوو وەکو یەکێک لە ولایەتەکانى ئەمریکا بووایە کەچە بە پێچەوانەوە ئێستا بە ئاشکرا بووەتە پێگەیەکى گرنگى وڵاتانى ئیقلیمى و میلیشیا تائیفیەکان یارى بە موقەدەراتى گەلەکەى دەکەن .
لەلایەکى ترەوە تورکیاش لە دواى کودەتاکەى 15 تەموزى ئیمساڵەوە بە گومانە لە هەڵوێستى ئیدارەى ئۆباماو ڕووى بۆلاى مۆسکۆ وەرگێڕاوە .
بەڵى هەر لە سایەى ئۆبامادا بزوتنەوەى تالیبان لە ئەفغانستان ماوەو لە جاران بەهێزترە حزبوڵاى لوبنان کارەکتەرێکى گرنگى ناوچەکەیە بە گشتى ڕۆژهەڵاتى ناوین خوێنى لێ دەچۆڕێت بەبێ بوونى هیچ ئومێدێک لە ئاسۆەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت