Hoshiar-Roj

عەتا قەرەداخی : بەڵێ بۆ سەندنەوەى متمانە لە هوشیار زێبارى و دەرکردنی هەموو کورد لە بەغدا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەر متمانە سەندنەوە نا بەڵکو هیوادارم بەرپرسانی کورد لە بەغدا بەرسزاى تووندیش بکەون لەپاى خزمەتکردنی عێراقی عروبە. ئاشکرایە ئەو کوردانەى لەبەغدان پارەى مۆڵ بە شەرعى و ناشەرعی وەردەگرن، بە گشتی لە پێناوى بەرژەوەندییەکانی خۆیان و حیزبەکانیاندا لەوێن و لە دوو رووەوە هیچ سوودێکیان بۆ کوردو کوردستان نیە. یەکەم لە رووى یاساییەوە بە هەموویانەوە نەیانتوانیووە بچووکترین رۆڵیان هەبێت بۆ جێبەجێکردنی بچوکترین خاڵ لە مادەى 140.

بە هەموویانەوە نەیانتوانیووە رۆڵیان هەبێت لەوەى حکومەتی بەغدا کەمترین ئیلتیزاماتی خۆى بەرامبەر بە هێزى پێشمەرگەى کوردستان جێبەجێ بکات. بەهەر هۆو بیانوویەکیشەوە بێت ئەوە زیاتر لە دوو ساڵە بەغدا بودجەى خەڵی کوردستانی بڕیووەو بە هەموو ئەو کوردانەى لە بەغدان لە ئاغاى بە ناو سەرۆک کۆمارو ئاغاى بەناو جێگرى سەرۆکی پەرلەمان و ئاغاى وەزیرى دارایی و کۆى ئاغاکانی تریشەوە نەیانتوانیووە بایی ئەوە قورسییان هەبێت کە بەغدا سەدهەزار دیناریەک لە موچەى خەڵکی کوردستان بنێرێت، کە دیارە بەهاى بە ناو نوێنەرانی کورد ئێستا لە بەغدا بایی ئەو سەد هەزار دینارە نابێت، ئیتر کەواتە سوودى کورد چیە لە بەغدا، رەنگە هەندێ ئەندام پەرلەمان و خەڵکی تریش بۆ پاراستنی بەرژەوەندى خۆیان پاساو بهێننەوە. بەڵام ئەوە ئاشکرایە کە رۆژ لە دواى رۆژ کورد لاى بەغدا سوکترو بێبەهاتر دەبێت، بۆیە چاوەڕوان ناکرێت بوونی ئەو هەموو کوردە لە بەغدا بچووکترین سوودى نەتەوەیی و نیشتیمانی بۆ کورد هەبێت.

بۆیە هیوادارم حکومەتی بەغدا پیاوەتیەکی گەورە لەگەڵ کورددا وەکو نەتەوە بکات و سەرجەم نوێنەرانی کورد لە بەغدا دەربکات و بەجۆرێکیش تەڵاقیان بدات ئاغاى سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەو گەورە موفتی سونەو هیچ مەلایەکی پایەبەرزى کوردیش بۆى چاکنەکرێتەوەو بەشەرعی هەندێ مەلاى تەڵەکەبازیش مارەبەجاشیش نەکرێنەوە .
بەڵێ هیوادارم بەغدا دەرگاى خۆى بە تەواوەتی بە رووى کورددا دابخات لەبەر دووهۆ: یەکەم بۆ ئەوەى کۆى ئەو بەناو نوێنەرانەى کورد دەربکات و ئومێدیان بە بەغدا نەمێنێت. دووەم بۆ ئەوەى بە مارەبەجاشیش ئەو حیزب و کەسانە وەرنەگرێت کە بەهەر هۆیەکەوە بێت گۆرانی بە باڵاى بەغدادا دەڵێن و ئەگەرى ئەوە زۆرە ئەزموونێکی ترى شێوەیەک لە جاشێتی لە کوردستاندا رووبدات. دیارە ئەگەر بەغدا بە تەواوەتی کورد لە حکومەت و پەرلەمانەکەى دەربکات و کورد ئومێدى ئەوەى نەمێنێت بچێتەوە ژێر سێبەرەى ئەو باوکە جەلادە یان ئەو مێردە دڵڕەق و تووندو تیژەى کە هەر رۆژەى بە جۆرێک لاقەى دەکات، رەنگە بە ناچارى بیرێک لە خۆى بکاتەوەو ئەوەش ناچارى بکات بیرێک لە ناوماڵی شێواوى خۆى بکاتەوەو لە ترسی لەناوچوون هەوڵی باشترکردنی ناوماڵەکەى بدات. بۆیە لێرەوە من ئاواتەخوازم نەک تەنیا متمانە لە هوشیار زێبارى بسەندرێتەوە، بەڵکو کۆى بەرپرس و نوێنەرانی کورد لە بەغدا سوارى پشتی لۆرى بکرێن و لەم دیووى زنجیرە چیاى حەمرینەوە هەڵبڕێژرێن و نەهێلن پێبخەنەوە بەغدا، بەڵکو بە ناچارى دەستەبەردارى بەغدا ببن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت