عیماد عەلی : سەنگەر پتەوکردن بۆ شەر دژی هیزەکانی تورکیا لەوەی داعش فەرزترە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەوانەیە زۆر کەس لۆمەم نەکەن ، کە بڵێم ئەگەر هەماهەنگی لەگەڵ داعشدا بە ناراستەوخۆ بکرێت ، وەک تەکتیک کارێک بەجێیە و، سیاسەتێکی ئەوەنە قێزەون نەبێت لە ئاست بەگژداچونەوەی بەکرێگیراوانی تورکیا و هێزە درندەکەی . داعش رێکخراوێکی راگوزەرە و تەنانەت دامەزراندنی بۆ قۆناغێکی دیاریکراوە و لەسەر کات وەستاوە ، کە بە تەواوی نەمێنێت و لەناو دەچێت ( باسی گەرانەوەی بە شێواز و ناوێکی ترەوە ناکەم وەک سەرجەم رێکخراوە ئیسللمیەکانی تر ) . بەڵام ئەوەی رەفتار و گوفتار و هەندێک هەماهەنگی و رێکەوتنی نهێنی تورکیا و لایەنەکانی تر بە تایبەتی ئەمریکا ببینێت، کە پێشتر و وەک مەقاشێک بە تایبەتی کوردی بۆ راکێشانی تورکیا بۆ نێو مەسەلەی سوریا بە کارهێناوە، بۆ دەستێوەردان لە نێوخۆی تورکیا و بە تایبەتی وا بەروونی دەرکەوت لە شەری رزگارکردنی مەنبەج تەنها بۆ وروژاندنی تورکیا بووە لەوبارەوە، کە لەو تەکتیکەی ئەمریکا بۆ رزگارکردنی مەنبەج زیاتر لە سێ سەد شەرفانی گەنجی کورد شەهید بوون، دەبێت کورد قەت لە سیاسەتە نا بەجێکانی ئەمریکا لەو رووەوە خۆش نابێت کە بێ ئەخلاقانە لەوەدا مامەڵە دەکات . ئەوا هێزە ئیسلامیە عوسمانیەکانی سەر بە تورکیا سەرەرای زرەرە و زیانی گەورەش بەو هێزەی ناتۆوە پێشرەوی دەکەن و دەگەنە باکووری حەلەب و ئەمرۆ بێ یان سبەی لە سایەی بێ دەنگی و هەماهەنگی و هەڵویست و داواکاری ئەمریکاوە مەنبەجیش داگیر دەکەن .
ئەمەی دەیڵێم بۆچونێکە لەسەر واقعبینی بیناتنراوە نەک ورەبەردان و رەشبینی، ئەوەی لەسەر هێزە کوردستانیەکانی کوردستانی رۆژئاوا فەرزە بە کچ و کورە نازدارەکانی کوردی سەربەرزەوە، ئەوەیە : بە شێوەیەکی واقعی رەفتار بکەن، ئەوەی لە کۆبانی رووی دا بەڵێ بە گیانفیدایی و خۆبەختکردن و ئازایەتی و قوربانیدان و چاونەترسی بوو، بەڵام لەشەرەکەدا هەڵوێست و بومبارانەکانی هێزی ئاسمانی هاوپەیمانانانیش لەبەرچاومان بێت کە ئێستا لە ئاست شەری رۆژئاوای فورات پاشەکشەیان کردووە و بێ دەنگن و بەڵکو بە ناراستەوخۆ لەگەڵ پێشرەوی هێزەکانی تورکا و بەکرێگیراوەکانیاندان .
بۆیە، لەم ئان وساتەدا، دەبێت کورد لای خۆیەوە تەکتیکی خۆی بگۆرێت و لەهیچ لایەکەوە وەک پێشتر رەفتار نەکات و، لە ئاستی شەر دژە داعش ئەوەی لەقازانجی تورکیا و بەکرێگیراوەکانی دەکەوێتەوە خۆی لەقەرەی نەدات و، لەو نێوەشدا دەبێت ئیستێک لە سەر پێشرەوی رووە و رەقە بکات و بە خێرایی کوری خۆی نەکاتە قوربانی هاوپەیمانان و تورکیا . خۆپاراستنی کورد لەم رۆژەدا، تاوەکو هەموو شتەکان روون دەبێتەوە و ئەوانەی ژێر بەرەش دەرەکەون لە رێکەوتنە ژێر بەژێرەکانی دوور لە کورد و خەریک بوون بە هەڵسەنگاندنێک بۆ خۆی و وچانیکی جەنگاوەرانەی شەری پێویستە . بۆیە، خۆ ئامادەکردن لە پێناو شەری دژ بە بەکرێگیراوانی تورکیا لە دواجاردا خۆی فەرز دەکات و بەفیرۆدانی خوێنی گەنج لە شەری داعش لەم کاتەدا زەرەری لە قازانجی زیاترە . بۆیە لەم کاتەدا سەنگەر قایم کردن و تودوتۆڵی لە ئاست هێزەکانی تورکیا و بەکرێگیراوە ئیسلامیەکانیان کارێکی بەجێ و واقعیانەی هێزی شەرفانانی رۆژئاوایە لەم قۆناغە و لەم ئان وساتەدا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت