عیماد عەلی : مەگەر نەوشیروان موستەفا کێشە نێوخۆییەکانی یەکێتی کپ بکاتەوە .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

هەمیشە هەست بە بەرپرسیارێتی لە کردەوەدا دەردەکەوێت نەک بە قسە و ئیدعاکردن . بۆیە ئەگەر لەسەر قسە بوایە ئێستا کوردستان ئارام و تەبا و لە وەزعێکی دیموکراسی عەیار بیست و چواردا دەژیا و کەس نەبووە کەوا سوری بەر لەشکری دوژمنان و پەیوەندیەکانی نێوخۆی حزبەکان بە شێوەیەکی زۆر جوان وزانستیانە بەرێوەدەچوو .
ئێستا هاوکێشە نێوخۆییەکەی کوردستان لەسەر قاچێک وەستاوە، لەولاوە تاکرەوی و ملنەدان بە پێداویستیەکانی دونیای دیموکراسی و، رۆیشتن لەسەر سکەی خۆ بە حزبی قاید و خاوەن بریار لە لایەکەوە و، لەلایەکی ترەوە کوردستان بە موڵکی سرفی دەستەیەک کە تەنانەت ئازاری کورە شەهیدێکیان نەبینیوە، وەزعەکەی زیاتر ئاڵۆز کردووە و سەرباری قەیرانەکان خەڵکی یەکجار هەراسان کردووە . ئەمەش وای کردووە رۆژانە هەست بە پاشکەوتن و ملدان بۆ داوای ناحەزان و نەیاران و تەنانەت دوژمنان لە لایەن زلهێزەکانەوە بکەین و، باسو قسەی زلی خۆ هەڵخەڵەتاندن بە شیعاری سەربەخۆیی بە شێوەیەکی چەواشەکاری و لەملاشەوە رکابەری و توشبون بە نەخۆشی بێ سەرکردەیی و بێسەری و ملنەدان بۆ یەکتر و تموحی شەخسی و بێ ئەزمونی و بۆشایی سەرکردەی پێویست و گونجاو، تا دێت تەنانەت باردودۆخی کوردستان ئاڵۆزتر دەکات . ئەمەش نەک زەرەری بۆ خودی حزبەکە بەڵکو بۆ کۆی گشتی ئەزمون و ئەو ململانێ هەمەجۆرە دەبێت کە لەم کاتەدا لە نێوخۆی کوردستان و ناوچەکە و عیراقدا دەگوزەرێن و هاوکێشەکان وا تێکەڵ بوون هەڵەیەکی بچوکی حزبی گەورەترین زەرەر بە کۆی پرسەکە دەگەیەنێت .
ئەو ململانێ و ناکۆکیە نا پێویستەی ئێستای ناو یەکێتی، جگە لە بەرژەوەندی تەسک و لێکتێنەگەیشتن و بۆشایی پاش مام جەلال و ژانی شوێنگرتنەوەی و نەبونی جێگرەوەی پێویست و گونجاو لە نێو حزبەکە، هیچ بەرژەوەندیەکی ئەو حزبە و کۆی گشتی راستەرێکردنی ململانێکانی تێدا نیە .
پاش دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆران لە ئان و سات و قۆناغێکی سیاسی کوردستانی پێویستدا، ئەمە کە لەپاش ململانێ و هەڵبژاردنە نێوخۆییەکانی یەکێتی و سەرنەکەوتنی باڵی ریفۆرم لەو حزبەدا هاتەئاراوە، لەسەرەتادا گۆڕان لەسەر ئەرزی واقیع وەک باڵە نارازیەکەی نێو یەکێتی رەفتاری دەکرد و تەنانەت کادرانی گۆران بە روحی نێوخۆی یەکێتیەوە وەک باڵێک رەفتاریان دەکرد و دەجوڵانەوە و ململانێیان لەگەڵ خەڵکی نێوخۆی یەکێتیدا دەکرد، تاوەکو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و سەرکەوتنی گۆران و گۆرینی زیاتری هاوکێشەکان و هاتنە ئارای زلهێزێکی نوێی تر لە کوردستاندا بە ناوی بزوتنەوەی گۆرانەوە .
پێش دامەزراندنی گۆران، لە کاتی ململانێ نێوخۆییەکانی یەکێتیدا دوو کاریزمای باڵا هەبوون و کێبرکێی تا رادەیەک خودپارێزانەی نێوانیان نەیهێشت ملهوری و دەنگەدەنگ و قاڵەقاڵی وەک ئەمرۆ بە یەکێتیەوە دیار بێت . لە دواجاردا لە کۆی گشتی وەزعی کوردستان بە دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆران لە ربَژەیەکی باش و لە سەرجەم بوارەکاندا و بە تایبەتی لە ململانێی نێوان پێشکەوتنخوازی و خودپارێزیدا بە کۆی گشتی و تێکرای هاوکێشەکان قازانجێکی گشتی بە گەلی کوردستان گەیاند .
ئەوەی یەکێتی بەرێوەدەبات لەسەر ئەرزی واقع هەمان ئەو هاورێیانەی نەوشیروان موستەفان کە دوێنی لە یەک حزبدا بوون و ئەمرۆ سۆزداریەکی گەورەیان بۆی هەیە و بە کەسێکی کاریزمای دەزانن، کە گەورەترین فاکتەرە بۆ بەریوەبردنی کاری حزبی لە کوردستاندا، بەم عەقڵیەت و رۆشنبیری سیاسیەی لەسەر ئەرزی واقعی کرودستاندا هەیە، نەک ئیدیعا و خۆ بە رۆشنبیر زانی سەر کاغەز، کە زۆرن، چ لە ناو یەکێتی بێت یان لە کوردستان بە گشتی، یان لە هەر حزبێکی تر، جگە لە کاریزمایەک کەس ناتوانێت کێشە نێوخۆییەکانی یەکێتی بنبر بکات .
بۆیە، ئەگەر قۆناغەکەش بخوێنینیەوە، لە رووی گۆرانی هاوکێشە ناوچەیی و نیۆخۆییەکانی کوردستان و عیراقیشەوە، ئێستا کاتی کۆکردنەوەی توانا و هێزە لێکنزیکەکانە لە کۆمەڵێک رەوتدا کە تێکەڵبون و یەکگرتنیان مەیسەربێت لە بەرامبەر ئەوانی تر کە بواری یەکگترنیان نیە، بەڵکو زۆرێکیان هەموو فاکتەرەکانی یەکگرتنەوەیان لەگەڵ یەکتردا لە ئارادایە .
بۆیە ئەوەی پێویست بکات بۆ چارەسەری کێشەو بێشە نێوخۆییەکانی یەکێتی بونی کاریزمایەکە کە زۆرینەی سەرکردایەتی و بنکردایەتی یەکێتی پەیوەست بن پێوەی کە ئەویش تەنها لە نەوشیروان موستەفادا دەیبیننەوە . لەولاشەوە گۆران ئەرکە هەنوکەیی و قۆناغ بەندیەکەی خۆی جێبەجێکرد و هیچ نەبێت ئۆپۆزسیۆنی هێنایە ئاراوە، بۆیە بۆ لەمەولا کوردستان پێویستی بە چەند لایەنێکی دیاریکراوە بۆ ململانێ . لە پاش هەڵبژاردن بە ئەمری واقیع یەکێک لەم زلهێزانە دەبنە دەسەڵات و ئەویتر ئۆپۆزسیۆن . بۆیە بۆ خۆرێکخستنەوە و خۆئامادەکردن بۆ ئەو قۆناغە، بە یەکگرتنەوەی گۆران و یەکێتی بە بونی نەوشیروان موستەفا کێشەکانیان زۆر کەم دەکاتەوە و تەنانەت بە تەسلیم کردنی یەکێتی بە هێز و عەقڵ و نەوەی نوێ کە لە بیرکردنەوە و بۆچونی نەوشیروان موستەفادا بونی هەیە کێشەکان بە یەکجاری دەسرێنەوە . بۆیە لە پاش گەیشتنی کێشە نێوخۆییەکانی یەکێتی بە مریشکە رەشە، وا پێویست دەکات لەگەڵ گۆراندا بکەونە گفتوگۆی یەکگرتنەوە و خێراکردنی هەنگاوەکانیان و وەک چارەسەرێکی ریشەیی پێویستە، کە هەر هیچ نەبێت نەک تەنها بۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەڵکو لە قازانجی گەلی کوردستان بەگشتی دەکەوێتەوە .