شێرزاد شێخانی : بانگەوازێكی بەپەلە بۆ پێشمەرگە دێرینەكانی یەكێتی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەمرۆ جەژنی پارتییە ، دو رۆژ دوای یادكردنەوەی گەورترین خییانەتی پارتی لەنەتەوەو نیشتمانەكەی لە31ی ئابدا، ناكۆكییەكانی ناو یەكێتی تەقینەوە، بەشێك لەهەڤاڵانمان دۆخێكی نەخوازراویان خوڵقاند بە راگەیاندنی ناوەندی بریار لەناو یەكێتیدا .. ململانێی باڵەكان لەناو هەر حزبێكدا كارێكی سروشتی و دیاردەیەكی تەندروستیشە، چونكە بیروڕای جیاواز یەكێكە لەبنەماكانی دیموكراسی لەهەر كایەیەكی سیاسیدا بێت، چ جای یەكێتی نیشتمانی كە خۆی لەئەساسدا لەچەند باڵێك پێكهاتوەو، وەكو بەرەیەكی دیموكراتخواز هەر لەسەرەتاوە تا ئەمرۆش خۆی نمایش كردوە. بەڵام كاتێك ململانێی دیموكراسی ئەگاتە سنوری ناكۆكی وملشكاندن لێرەدا پێویستە حەكیمانی ناو حزب دان بەخۆیاندا بگرن وهەڵەیەكی كوشندە نەكەن باجەكەی بكەوێتە سەر حزب بەگشتی.

بەدرێژایی ساتەكانی دوێنی شەو 1/9/2016 كەناڵەكانی راگەیاندنی پارتی بەتایبەتیش میدیاكانی سەر بەبنەماڵەی بارزانی ( ڕووداو ) وەك نمونە شایی و هەڵپەركێیان بو بەبۆنەی تەقینەوەی ئەم دۆخەی یەكێتی و عەرەب وتەنی بە ” شەماتە ” ەوە هەواڵەكانیان ئەگواستەوەو دەستیانكرد بە هەڵرشتنی ناخی ژەهراوی خۆیان. خۆشبەختانە زۆربەی زۆری ئەو خەڵكەی هاتنە بەر زومی كامیرای ئەم كەناڵەشەوە لە هەولێرو سلێمانی و دهۆك و زاخۆو كەلارو سەرجەم ناوچەكانی تر لەگەل تەقیینەوەی ئەم دۆخە نەخوازراوەدا نەبون و، دڵی پارتییان خۆشنەكرد .
یەكێك لەهەوڵەكانی ئەم كەناڵە رووزەردە بڵاوكردنەوەی مانشێتێكی گەورەبو سەبارەت بەوەی گوایە ” پێشمەرگە دێرینەكانی یەكێتی پشتیوانی لە ” ناوەندی بریار” ئەكەن .. من خۆم یەكێكم لەئەندامانی كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی یەكێتی لەگەڵ تەقینەوەی ئەم دۆخەدا نیم و پشتگیری هیچ لایەنەكیشان ناكەم، پێموایە دەیان هەزار پێشمەرگەی وەكو منیش لەگەڵ ئەم بارودۆخەدا نین، ئەگەر سەرۆكی دەزگای پێشمەرگەو كۆمەڵەكەشمان پشتیوانی لایەنێك بكات، زۆربەی هەرە زۆری كوڕانی رۆژانی تەنگانەو قەڵغانەكانی یەكێتی و قارەمانانی رۆژانی بەرگری شەرەفەندی شاخ و دەشت و شارەكانی كوردستان لایەنگیری هیچ لایەك نین، چونكە ئەوان بون یەكێتی و ەزمونی میللەتەكەشمانیان گەیاندە ئەو رۆژەی دەسكەوتی پەرلەمانو حكومەتی هەرێم و دەیان و سەدان دەسكەوتی تر بۆ میللەتەكەمان دەستـەبەر ببێت ، لەدوای راپەڕینیشەوە هەر ئەوان پاسەوانی ئەم دەسكەوتانە بون، ئێستاش لەبەرەكانی جەنگدا لەگەڵ دڕەندەترین تاقمی تیرۆریستیدا لەشەڕدان و پارێزگاری لە شەڕەفی میللەتەكەیان ئەكەن.
پێشمەرگە دێرین و تازەكان پارێزەری میللەتن نەوەك تاقمو گروپێك .. پێشمەرگە رەمزی شەرەفمەندی میللەتەكەمانەو هێزی بەكرێگیراوی كەس نین .. پێشمەرگە ناسنامەی میللەتێكە كە دونیا سەری رێزو نەوازشی بۆ دائەنەوێنێ .. پێشمەرگە رۆڵەی میللەتێكی بەشخوراون نەوەك تاقمێكی بەشخوراو .. بۆیە داوا لەهەمو پێشمەرگەكانی یەكێتی ئەكەم ودەستو دامێنیانم بەهیچ شێوەیەك خۆیان لەم ناكۆكییەدا نەكەن بەلایەنگری هیچ لایەنێك .. ئەم ململانێیە سیاسییەو لەژێر هەر بیان و بەهانەیەكیشدا بێت چارەسەر ئەبێ ، نابێت پێشمەرگە خۆیان بكەنە تەرەف تێیدا ئەبێ سەروەرییەكانیان بپارێزن .. پێشمەرگە زۆر لەوە گەورەترن ببنە ئامرازێك بۆ كوشتنی هەڤاڵانی یەكتر .. ئەمە یەكێتی نیە كە پێشمەرگەكانی چەكداری حزب بن و بۆ كوشتنی كورد بەكار بهێنرێن، چ جای ئەوەی بۆ ترساندن و كوشتنی هەڤاڵانی سەنگەر ببنە ئامرازی دەستی ئەمو ئەو .

كوردستانم شاخ و دەشت و رێوبانت
كوردستانم پێشمەرگەیە داستانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت