رەزا شوان : فرمێسکەکـانی میـنا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چیرۆک بۆ منداڵان

مینا کچێکی جوانکیلەی رووخۆش و زیرەکە، لە شاری ( بێرگن ) لە وڵاتـی ( نەرویج ) لە دایکبووە .. لە ماڵەوە زۆر بە باشی فێری زمانی کوردی بووە .
لە ساڵی 2014 دا، کە تەمەنی مینا شەش ساڵان بوو .. لە پۆلی یەکەم لە قوتابخانەی بنەڕەتیدا بوو .. مینا قوتوویەکی پاشەکەوتکردنی پارەی هەبوو، رۆژی 15 کرۆن ـ لەو ساڵەدا دەیکرد بە دوو دۆلار ـ دەخستە ناو قوتووەکەیەوە .
دایک و باوکی مینا، رۆژانە لە کاتژمێری (5 بۆ 6) ی ئێواران سەیری کەناڵە کوردییەکانی تەلەفزیۆنەکانیان دەکرد و، گوێیان لە هەواڵەکانی کوردستان و جیهان دەگرت .. وەرزی زستان بوو، رۆژێک وێنەگری یەکێک لە کەناڵە کوردییەکانمان بە ڤیدیۆ وێنەی چەند دیمەنێکی ( ئاوارەکانی کەمپی عەرەبەت ) ی نزیک شاری ( سلێمانی ) لە باشووری کوردستان گرتبوو .. لە هەواڵەکانی ئێوارەی ئەو رۆژەدا ئەو دیمەنانە پیشاندران .. پەیامنێری تەلەفزیۆنەکەش باسی ژیانی ناخۆشی ئاوارەکانی ئەو کەمپەی دەکرد .. یەکێک لە دیمەنەکان، کە دیمەنێکی سەرنجڕاکێش و دڵتەزێن بوو، کۆمەڵێک لە منداڵە چاوگەشە بێنازەکانی خۆشک و برا لێقەوماوەکانی رۆژئاوای کوردستان بوو، کە لە ترسی تاوانەکانی چەتەکانی داعشی دڕندە، ماڵ و شوێنی خۆیان جێهێشتبوون و، روویان لە باشووری کوردستان کردبوو .. بەشێک لە منداڵەکان پێیان پەتی بوون، جل و بەرگەکانیان کۆن بوون .. لە ناو ئەو منداڵانەدا، کچێکی جوانکیلەی تێدا بوو، کە لە تەمەنی مینادا بوو، پێڵاوی لە پێدا نەبوو، کراسێکی کۆن و تەنکی لەبەردابوو .. لە سەرما سورەرەوە ببوو، دەلەرزی و دەگریا .
دایکی مینا کە ئەو منداڵە کوردانەمانی بەو شێوەیە بینی، سوێ چوە دڵيەوە و، خۆی پێنەگیرا و، دەستی بە گریان کرد .. مینا رایکرد و دەستی کردە ملی دایکی .
مینا : دایکە گیان بۆ دەگری .. ؟ کوێت دێـشێ .. ؟
دایکی : کچە جوانەکەم، هێچ کوێم نایەشێ .
مینا : ئەی بۆ دەگری ؟!
دایکی : مینا گیان سەیری تەلەفزیۆنەکە بکە .. بۆ ئەو منداڵە هەژارە بێناز و بەدبەخت و بێتاوانانەمان دەگریم .
مینا ( کە منداڵەکانی بینی .. خەم دایگرت .. ) : دایکە گیان ئەوانە منداڵی کێن ؟ ئەی بۆ جلی گەرم و جوانیان لە بەردا نییە ؟ ئەی بۆ وەکو ئێمە لە خانوودا نین ؟! ئەی بۆ پێڵاویان لەپێ نییە ؟ ئەو کچە جوانە بۆ دەلەزێ و دەگری ؟
دایکی بە شێوازێکی ئاسان و ساکار وەڵامی هەموو پرسیارەکانی مینای دایەوە .. تێشی گەیاند کە ئەوانە منداڵانی کوردن و کەس و کاری ئێمەن، لە رۆژئاوای کوردستانەوە هاتوون .. باوکیان بێ ئیشە، پارەیان نییە تا پێڵاو و جل و بەرگی زستانەیان بۆ بکڕن .
مینا بەم قسانەی دایکی هێندەی تر خەم چووە دڵیەوە، بە تایبەتیش دیمەنی ئەو کچەی کە پێڵا و قەمسەڵەی لە بەردا نەبوو، لە سەرما دەلەرزی و دەگریا .. زۆر کاری لە مینا کرد، زۆریش بەزەیی بە هەموو منداڵەکاندانی کەشدا هاتەوە .. چاوە گەشەکانی پڕبوون لە ئەسرین و .. هۆن هۆن فرمێسکی گەش بە روومەتە ناسکەکانیدا دەهاتنە خوارەوە .
لەم کاتەدا، ئەولیژنەیەی کە لە شاری بێرگن، لە دوو خوشک و برایەک پێکهێنرابوو، بۆ ئەوەی پارە بۆ ئەو خوشک و برا لێقەوماوانەمان کۆبکەنەوە .. لە دەرگای ماڵی مینایان دا .. دایکی مینا دەرگای لێکردنەوە و ، بەگەرمی بەخێرهاتنی لیژنەکەی کرد و، فەرمووی دانیشتنی لێکردن و، چای بۆ دانان .
چنوور خان ( ئەندامێکی لیژنەکە ) : مینا گیان ئەوە بۆ گریاوی؟ ئەی بۆ ناڵێی پووری بەخێربێی ؟!
مینا حەپەسابوو .. وەڵامی بۆ نەدرایـەوە و .. فرمێسکەکانی زیاتر دەچۆڕانەوە .
دایکی مینا چوو 200 دۆلاری هێنا و دای بە لیژنەکە .. ئینجا هات بۆ لای مینا .
دایکی ( فرمێسکەکانی بۆ سڕینەوە ) : مینا گیان، کچە شیرینەکەم، خەم مەخۆ .. بەو پارانە، جل و پێڵاو بۆ ئەو منداڵانە دەکڕن، کە لە تەلەفزیۆنەکەدا بینیانت . کە مینا گوێی لەم قسەیەی دایکی بوو .. زۆر گەشایەوە .. یەکسەر هەڵسا و رایکرد بۆ ژوورەکەی خۆی .. دایکی و ئەندامانی لـیژنەکە، سەریان سوڕما، کە بۆ مینا رایکرد بۆ ژوورەکەی ..؟! زۆری پێنەچوو، مینا گەڕایەوە، قوتووی پاشەکەوتکردنەکەی و، جووتە پێڵاوە تازەکەی و قەمسەڵە تازەکەی و کراسێکی تازەی جوانی خۆشی هێنان، کە هێشتا لە پـێ و لەبـەری نەکردبوون .. بە خۆشییەوە دایانی بە دەست چنوور خان .
مینا : پوورە چنوور قوتووەکەم سەد دۆلاری تێدایە، ئەو سەد دۆلارەم و، ئەم پێڵاوانەم و، ئەم قەمسەڵە تازەیەم و، ئەم کراسە جوانەشم بدەن بەو کچە قژ زەردەی، کە لە تەلەفزیۆنەکەماندا لە سەرما دەگریا .
چنوور خان و هەردوو ئەندامەکەی تری لیژنەکە و، تەنانەت دایکیشی، بەم هەڵوێستە جوانە و، بەم هەست و سۆزە پاکەی مینا، زۆر سەرسام بوون .. تێر تێر ماچیان کرد و، زۆریش هەر بژی و ئافەرینیان کرد .
بۆ رۆژی دوایش، لیژنەکە سوپاسنامەیەکی تایبەتیان بۆ مینا نارد، کە تێدا زۆر سوپاسیان کردبوو، بۆ ئەم سۆز و هەست و هەڵوێستە جوانەی، بەرا نبەر بە منداڵە هـەژار و لیقەوماوەکانی گەلەکەمان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت