ئەحمەد ڕەسوڵ : سەرهەڵدانی هێزی کۆمەڵایەتی نوێ .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەڵبەت تاڵانچێتی و چەتەگەریەکەی دەسەلاتە میلیتاریستیەکەی پارتی و یەکێتی بەسەر داهاتی گشتی و سەروەت و سامانی کۆمەڵگاوە لە وێنەی نیە و بەراورد ناکرێ بە هیچ کەس و لایەنێکی تر، بەڵام ئەبێت ئەوە باش بزانین کە هەم ئیسلامیەکان کە ڕەوتێکی کۆنەپەرست و دژە ئازادی و یەکسانین وە هەم گۆڕان، کە کۆمەڵێک موچە خۆری مشەخۆری کۆنسێرڤاتیڤی ئەرستۆکراتین، کە لە جەوهەردا هیچ جیاوازیەکی ئەوتۆیان نیە لەگەڵ یەکێتی، وە ئەم ڕۆژانە لە ئاستانەی یەکگرتنەوە و تێکەڵبوونەوەیە لەگەڵ یەکێتی، بە توندی دژ و ناکۆکن بە ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی ڕادیکاڵ لە کۆمەڵگادا.

گۆڕان و ئیسلامیەکانیش بەرگری لە بارودۆخی باو و وەزعی مەوجود دەکەن. بە هەمان شێوە سۆسیالیست و زەحمەتکێشان و … هتد، لایەنگیری لە مانەوەی هەلومەرجەکە دەکەن وەکو خۆی. بە کورتی حزبە سیاسیەکان دژی هاتنە مایدانی ڕاستەقینەی خەڵکن، ناکۆکن بە گۆڕانکاری ڕیشەیی و ڕادیکاڵ. ئەم حزبانە کە بارێکی قورسن بەسەر شانی کۆمەڵگاوە دژی دەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵکن لە بەڕێوەبردنی کاروبار و ژیان و گوزەرانی خۆی، دژی بڕیاری ڕاستەوخۆ و ئیرادەی سەربەخۆی خەڵکن. نابێت خەڵکی کوردستان لە تەپوتۆزی ناکۆکیەکانی نێوان هێزە تاڵانچیەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی فریو بخوات و ببێتە بەشێک لەو کێشانەی کە هیچ پەیوەندیەکیان بە ماف و ئازادی و بەرژەوەندیەکانی ئەوانەوە نیە. سەرانی هیزەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی 25 ساڵە مودمینی تاڵانچێتین بەسەر داهاتی گشتی و سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی کوردستان، بۆیە گرنگە خەڵک لەوە تێبگات مەعدەنی ڕاستەقینەیان ئەوەیە کە تا ئێستا بینراوە و زانراوە. دروشمی بەتاڵ و بێناوەڕۆکی لە بابەت دەوڵەتی کوردی، ئاسایشی ناوخۆ، تێکچونی ئەزمونەکەمان و … هتد ، جگە لە دروشمی چەواشەکارانە و تا ئەبەد لە چاوەڕوانی و زەلیلی هێشتنەوەی خەڵکدا هیچی تر نیە. هەموو ئەو شیعار و دروشمبازیە بۆ چەواشەکردنی خەڵکە لە مافە بنەڕەتی و ڕاستەقینەکانی خۆی. سروشت و پێکهاتەی ئەعزابی مەوجود لە کوردستان هەر ئەوە بووە کە هەیە و لەوە زیاتر ناتوانن شتێکی تر بن. گرنگە خەڵکی کوردستان ڕەگی لاوازترین و بچوکترین ئومیدیشی لە ئاست ئەم حزبانە بنەبڕ بکات و لە بێخەوە هەڵکەنێت. ئەبێت ئەم ڕۆژانە، ببێتە سەرەتای قۆناغێکی نوێ. ئەبێت لە هەناوی ناڕەزایەتی فراوانی خەڵکەوە هێزێکی کۆمەڵایەتی سیاسی نوێ، بەبەرنامە و فیکری نوێ و بە ئاسۆیەکی ڕۆشنەوە سەرهەڵبدات. ئەبێت بزوتنەوەیەک کە لە هەر ڕەهەندێکەوە بیگریت بزوتنەوەیەکی نوێ بێت، لە فۆڕمیولەبووندا بێت. کۆمەڵگای ئێمە، ڕووداوەکان و قۆناغە مێژووییەکە سکپڕە بە لەدایکبوونی هێزێک یان هێزگەلی نوێ. کۆمەڵگای ئێمە توانای تێپەڕاندنی ئەو حزبە سیاسیانەی هەیە کە 25 ساڵە لە شکستێکەوە بە شکستێکی تری دەسپێرن.

مانگرتنی تەواوی  فەرمانبەران و داخستنی دام و دەزگا و فەرمانگەکان، بایکۆتی مامۆستایان و ڕاوەستاندنی پڕۆسەی خوێندن دەتوانێت ئامرازی کاریگەر بن لە هێنانە ئارای قۆناغێکی نوێی سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتی و دەستپێکردنی خۆپیشاندانی فراوانی جەماوەری و هاوکات بە جۆرەها شیوازی جیاجیا چالاکی بۆ هێزپێدان ئەنجام بدرێن. سەرهەڵدانی هێزێکی نوێی کۆمەڵایەتی سیاسی ئەڵتەرناتیڤ لە هەناوی ناڕيزایەتی و ڕووداوەکانەوە، لە ناوجەرگەی خۆپیشاندانەکانەوە، ئەگەرێکی هەرە بەهێز و واقعی دەبێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت