گۆران هەڵەبجەیی: بۆ خاتوو کەژاڵ علی، ژنبوونی هێرۆخان بەس نیە بۆئەوەی داکۆکی لێبکەیت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بە ڕێکەوتی 6.9.2016 لە ماڵپەڕی وتاریکورددا نووسینێکی خاتوون [ کەژاڵ علی ] م لەژێر ناونیشانی { هێرۆ خان لە نێوان شەڕی ژنبوون و دەسەڵاتدا } خوێندەوە، هێندەی هەستم پێکرد، وتارەکە داکۆکیکردن بوو لە هێرۆخان، هاوسەری مام جەلال.
لەسەرتاوە بە کۆمەڵێک گووزارشت دەستی پێکردوە، کە سەرتاپای بابەتەکە تایبەتە بە مەسەلەی چەوساندنەوەو زوڵم و ستەم بەرامبەر بە ڕەگەزی مێینە. من تاسەر ئێسقان لەگەڵ ئەو دێرانەدام سەرجەمی بەڕاست دەزانم . بۆیە لەو بارەوە هیچ نانووسم، بەڵکو سەرنجەکانم لەو بڕگەیەوە دەستپێدەکەم کە باس لە هێرۆخان دەکات.
کەژاڵ خان لەوێندەرێدا تا کۆتایی بابەتەکە داکۆکیەکی سەرسەختانە لە هێرۆخان دەکات. وای نیشان داوە کە ئەو دژایەتیەی باڵی [ ناوەندی بڕیار ] یا هەرکەس و لایەنێکی دیکە، بۆ هێرۆخان تەنها لەبەر ژنبوونییەتی .
شروڤەیەکی وا هەڵەی بۆ کردووە، بەجۆرێک گەر کەسێک شارەزایی لە مەنتەلیتێتی هیرۆخاندا نەبێت ، واهەست دەکات ئەم ژنە غەدرێکی گەورەی لێدەکرێت.
سەرەتا با بێین ئەوە ڕوونبکەینەوە کە ئایا هێرۆخان بە هۆی لێهاتوویی و تواناو زیرەکیەوە و لە ڕێگەی دڵسۆزی و سەرکەوتنی بە پەیژەی حیزبی و ئیستحقاقی ڕێکخراوەییدا گەیشتووەتە ئەو پۆستە؟ یاخود نەخێر کارەکان بە جۆرێکی ترن.
لەدونیای مۆدێرندا و لەو وڵاتانەدا کە وەرگرتنی پۆست و دەستاو دەستکردنی دەسەڵات بووەتە کەلتوور، دەبینین چەندین ژن بە چەندین پۆستی باڵا گەیشتوون. وەک مارگرێت تاتشەر لە ئینگلترا، دیلما ڕۆسیڤ لە بەرازیل، خالیدە زیا لە بەنغلادیش، تانسۆ چیلەر لە تورکیا، ئەنجیلا مێرگل ئەڵمانیا، وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا [ ئۆڵبرایت و هیلەری کلینتۆن گۆندالیزا ]. هەروەها چەندین فۆرمان و سکرتێری حیزبەکانی وڵاتانی ئەوروپا . یانژی وەرگرتنی پۆستی وەزیری بەرگری چەند وڵاتێکی ئەورپی لەلایەن ژنەوە . بۆزیاتر بەرچاو ڕوونی، هەر لە دانمارک کە من تێیدا نیشتەجێیم ، تا ئیستا [5] لە سەرۆکی پارتەکانی دانمارک ژن بوون.
ئەمانە کە ئەو پۆستانەیان وەرگرت، بەهۆی ئەوەوە نەبوو کە مێردەکانیان یا باوکیان یا کەسانی نزیکیان، کەسی یەکەمی وڵات یا سەرۆکی حیزبەکان بوون، بەڵکو بەهۆی لێهاتوویی و شایستەییان بووە گەشتوونەتە ئەو پۆستانە.
خۆزگە هێرۆخانیش هێندە بەتواناو لێهاتوو بوایە، کورد واتەنی [ بە ڕەنجی شانی خۆی بگەشتایەتە ئەو پۆستە ]. بەڵام هەموو دەزانین گەر هاوسەری مام جەلال نەبوایە، وەک هەر ژنێکی ئاسایی کەس ناوی نەدەزانی . خۆ گەر کەژاڵ خان تێکۆشانی شاخ بکاتە پێوەر، ئەوە پێی دەڵێم سەداها ژنی دیکە لە شاخ لەو زیاتر تێکۆشاون و ناڕەحەتیان چەشتووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی پشتوپەنایان نیە، لە ئێستادا فەرامۆش کراون، کە لەوانیە بڕێکیان لەڕووی سیاسەت و ڕۆشنبیریەوە زۆر لە هێرۆخان بەتواناتر بن.
جگە لەمانە بە کەژاڵ خان دەڵێم : ئایا قۆرخکردنی چەندین جومگەی هەستیاری یەکێتی لەلایەن هێرۆ خانەوە ئازایەتیە یا خەرقی کاری حیزبایەتیەو پێچەوانەی پرەنسیپەکانی حیزبە؟ ئایا تۆ پشتگیری لە کەسێک دەکەیت بە تۆپزی و دوور لە بڕیاری زۆرینە کۆنترۆڵی زۆرێک لە جومگەکانی حیزبەکەی بکات؟
لەکوێی دونیای سیاسەتدا ڕوویداوە جێگرانی سکرتێرو سەرجەم ئەندامانی سەرکردایەتی نەزانن دارایی یەکێتی چەندە و لەکوێیەو چۆن خەرج دەکرێت؟ ئەمە قسەی من نیە بەڵکو هی بڕێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتیە. یاخود بە چ یاسایەک سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندنی بۆ خۆی کۆنترۆڵ کردووە؟ یاخود بە ئارەزووی خۆی بەرپرسە حیزبی و ئیداریەکانی دەڤەری سەوز دادەنێت و لایاندەبات. ئایا ناکرێت ئەم کارانە بە ئسوڵی حیزبی و لەڕێگەی کەناڵە ڕێکخراوەیەکانەوە ئەنجام بدرێن؟
ئەمە لە کاتێکدایە هێرۆ خان تەنها ئەندامی مەکتەبی سیاسیە، وەک زۆرێک لە ئەندام مەکتەب سیاسیەکانی دیکە. ئەی بۆ ئەوان وەک هێرۆ خان تەجاوەزی شەرعەتی حیزبی ناکەن؟
خۆزگە خۆزگە هیرۆخان بیتوانیایە بە ڕێگای شەرعی حیزبی و لە پای لێهاتویی خۆیدا ئەو پۆستانەی وەربگرتایە، ئەو دەمە هەموو پشتگیریمان لێدەکرد.
بەداخەوە وانیە، تەنها هۆکار ئەوەیە کە هاوسەری مام جەلالە، کە دیارە خودی مام جەلال بەر لە نەخۆشیەکەی ئەو ڕێگەیەی بۆ خۆش کرد. ئاخر من بەش بە حاڵی خۆم تا ئیستا لە هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندنا گوێم لە هێرۆخان نەبووە [ ڕستەیەکی بەکەڵک بڵێت ] لەو باوەڕەدانیم توانای نووسنینی وتارێکی هەبێت چ جای بەڕیوەبردنی حیزبێکی وەک یەکێتی.
جا بۆیە دڵێم دژایەتی کردنی هیرۆخان بۆئەوە نیە کە ژنە، بەڵکو بۆ ئەوەیە کە بەڕای ئەوان [ ناوەندی بڕیار ] لە شەرعەتی حیزبی لایداوە و حساب بۆ کەس ناکات، وە بە مەزاجی خۆی کاردەکات، ئەمەش لە ژیانی حیزبایەتیدا کارێکی مەترسیدار و قەبوڵنەکراوە. کەژاڵ خان بڕوات بێت گەر کەسێکی دیکە [ پیاو ] لە جێگەی هێرۆخان بوایە و ئەو کارانەی بکردایە دەبوو هەمان هەڵوێستی بەرامبەر وەربگیرایە.
بۆئەوەی بەهەڵە لە من تێنگەیت کە گوایە پشتگیری لە باڵی ناوەندی بڕیار دەکەم، پێت دەڵێم من یەکێتی نیم و زۆریش دژی سیاسەتی یەکێتیم و پێم وایە ئەو سیاسەتە چەوت و وێرانکاریەی ئەوان { بە باڵی ناوەندی بڕیاریشەوە } و پارتی، کوردستانیان گەیاندە ئەم دۆخە مەترسیدارە. کەواتە ئەوانەی ناکۆکن لەگەڵ هێرۆخان فریشتە و پاک و بێگەردن نین، هەموویان گەندەڵن و ناپاکن بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان، بەڵام من باسی سیستەمی حیزبایەتی دەکەم کە هێرۆخان پێشێلی کردوە. گرنگە ئاماژە بەوەش بکەم کە ئەم ململانێیە لە پێناو بەرژەوەندی خەڵکدا نیە، بەڵکو تەنهاو تەنها لە پێناوی هێزو پۆست و پارەدایە.
جا بە کەژاڵ خان دەڵێم کە دفاعکردنت لە هێرۆخان لە شوێنی خۆیدا نیە، چونکە درووست نیەو لۆژیکیش قەبوڵی ناکات هەرکەس ژن بوو ، هەرچی کاری چەوتی کرد ئیدی کویرانە داکۆکی لێبکەین. بەڵکو دەبێ پێوەرمان بۆ داکۆکی هەڵسەنگاندی دڵسۆزی و پاکی و کارو تواناکانی بێت. ئیدی ژن بێت یا پیاو. چونکە دەشێ ئەو ژنەی کە بەڕێزت داکۆکی لێدەکەیت یاسا شکێن و گەندەڵ بێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت