رەزا شوان: گۆڤاری دێرشپیگل ی ئەڵمانی : ئەردۆگان دیکتاتۆر و ستەمکارە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گۆڤاری دێـرشپیگل ، کە گۆڤارێکی هەفتانەی گاڵتاجڕئامێز و رەخنەگری بە ناوبانگی ئەڵمانییە .. لە رۆژی سێ شەممە (13 ی/ سێپتەمبەر/ 2016 ) دا، ژمارەیەکی تایبەتی تەرخان کردووە کە بەرگ و هەموو بابەتەکانی دەربارەی تورکیان .. لە بەرگی یەکەمی ئەم ژمارە تایبەتییەی دێرشپیگلدا وەکو سوکایەتیکردنێک وێنەیەکی سەرۆکی تورکیا ( رەجەب تەیب ئەردۆگـان ) ی بڵاوکردۆتەوە، کە دەموچاوی کرژ و مۆنە و چاوێلکەی خۆری لە چاودایە .. لە بەکگراوندەکەشیدا، وێنەی دوو منارەی دوو مزگەوتی شاری ئەستەمبوڵی وێنەکردووە، کە لە شێوەی دوو رۆکێتدان و هەڵدانن و ئاگریان بە دواوەیە .. رەنگە بۆ وێرانکردنی شارێک یا شارۆچکەیەکی باکووری کوردستان ئاراستە کرابن .
ئەم ژمارە تایبەتییەی دێرشپیگل لە ژێر ناونیشانی ( تورکیا ناوەندی کارەساتە ) .. یەکێکیش لە ناونیشانەکانی تری ( تورکیا دەوڵەتێکە ئازادی لە دەست داوە ) دێرشپیگل لەم ژمارەیەیدا ئەردۆگانی بە دیکتاتۆر و بە ستەمکار ناوبردووە .. بەوەش تاوانباری کردووە کە هەموو سنوورەکانی سیاسەتی بەزاندووە .
هەر دێرشپیگل لە ژمارەکانی پێشووتریشیدا، ئەردۆگانی بەوە تاوانبارکردووە، کە پێشێلی مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی منداڵانی کردووە، شەڕیشی لە دژی گەلەکەی راگەیاندووە و، ژمارەیەکی زۆری پۆلیس و سەرباز و دادوەر و رۆژنامەنووس و مامۆستایانی زانکۆی گرتوون و، تورکیا لە سایەی دەسەڵاتی ئەردۆگاندا ئازادییەکانی لە دەست داون و کوشتوونی .. رەخنەشی لە سیاسەتی تورکیا گرتووە کە شەڕێکی ناڕەوایان لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان پەرپا کردووە .. ئۆپەراسیۆنی بە ناو ( قەڵغانی فورات ) یشی بە داگیرکردن ناوبردووە .
دێرشپیگل لە پێشەکی ئەم ژمارە تایبەتییەشدا وتوویەتی : چی لە تورکیادا روودەدات ؟ رۆژیک نییە کە بە هەواڵێکی خراپـدا تێنەپەڕێ … سەرۆک رەجەب ئەردۆگان لە چاکسازخوازییەوە بۆ دیکتـاتۆری دەگـۆڕێ .
ئەردۆگان کودەتایەکی ئیداری و سیاسیشی بەسەر گەلی کورد لە باکووری کوردستاندا کردووە، بە هەزار مامۆستا و فەرمانبەر و پارێزەر و کرێکار و سەرۆک شارەوانییە کوردەکانی سەر بە پارتی دیموکراتی گەلان ـ لەسەر کارەکانیان لاداون و، بەشێکیشیان بە توومەتی هەڵبەستراو و بێبنەمای پشتگیریکردن لە پارتی کرێکارانی کوردستان، خراونەتە زیندانییە ترسناکەکانی تورکیاوە .. سەرەرای هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەڕلەمانتارە کوردەکانی سەر بە پارتی گەلانی دیموکرات .
ئەم ژمارە تایبەتییەی دێرشپیگل تورکیای ئەردۆگانی تووڕە و دڵتەنگ کرد ( تانجۆ بلیکتیش ) ی قسەکەر بە ناوی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، لە رۆژی چوارشەممە ( 14 ی / سێپتەمبەر/ 2016 ) لە بەیانێکدا بە ناوی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، بە توندی رەخنەیان لە دێرشپیگل گرتوو و، ژمارە تایبەتییەکەشیان بە گاڵتەپێکردن بە تورکیا و سوکایەتیکردن بە ئەردۆگان زانیوە و .. کارەکەشیان بە ئستیفزازی ناوبردووە .. بە تایبەتیش لەوەی کە بڵاوکردنەوەی ئەم ژمارەیە تایبەتییە هاوکات بوو لە گەڵ جەژنی قورباندا.
ئەمەش شتێکی تازە نییە، دێرشپیگل مێژوویەکی درێژی لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیادا هەیە .. هەر لەم ساڵەدا دێرشپیگل پەیامنێرەکەی لە ئەستەمبوڵدا کێشایەوە بە هۆی ئەوەی کە حکوومەتی تورکیا رووخسەتی فەرمیی ساڵانەیان بۆ درێژەدان بە کارەکەی بۆ تازە نەکردەوە .
لە ئەم ساڵیشدا بوو، کە تورکیا دەستی بەسەر ئەو شریتە ڤیدیۆیەدا گرت، کە بریتییە لە دیمانەیەکی رۆژنامەنووسێکی ئەڵمانی لە ئیستگەی ( دۆیتشە ڤیلە ) کە لەگەڵ وەزیـری وەرزشی تورکیادا ئەنجامی داوە .
ئەمانە و دەنگدانی ( پەرلەمانی ئەڵمانیا ) بە زۆرینەی دەنگەکان پەرلەمانتار، بە فەرمی ناساندنی تاوانی ( ژینۆسایدی ئەرمەنییەکان ) لە جەنگی جیهانی یەکەمدا ، کە لە لایەن عوسمانییە تاوانبار و خوێنڕێژەکانی باپیرانی ئەردۆگانەوە زیاتر لە ( ملیون و نیوێک ) ئەرمەنی بێتاوانیان سەربڕی و کوشتیانیان .. پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان تورکیا و ئەڵمانیا ئاڵۆزتر بوون .. چونکە تورکیا تا ئەمڕۆش دان بەم تاوانە قێزەوەنەیان نانێن و، وەکو هەموو تاوانەکانی کەشیان بەرانبەر بە گەلی بێتاوانی کوردمان کە کردوویان و دەیکەن، نکووڵی لێدەکەن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت