عیماد عەلی: حزبەکان بەدەم بانگەوازەکەی حکومەتەوە بچن ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەم کاتەدا، کە هەموان دەزانن جامی توڕەیی خەڵک پر بووە و لێی دەرژێت، بە رێنوێنی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەناوی حکومەتەکەی کوردستانەوە، داوا لە حزبەکان دەکات کۆبونەوە بکەن بۆ رونکردنەوەی وەزعەکە و پیشاندانی داتاکان و دۆزینەوەی چارەسەر .
حزبێک بە تەنها خۆی حکومەت بەرێوە ببات و پەرلەمانی پەک خستبێت و گاڵتەی بە دیموکراتی و حوکمی فرەیی و یاسا و رێسا بێت و لە هەموو کردەوەیەکی زیانبەخش بە میلەت و دوارۆژەکەی سڵ نەکاتەوە، کە گەیشتە حاڵەتی زەلیلی و فشارەکان لە گۆشەیەکدا گیریخواردبێت و هیچ چارەسەرێکی بۆ دەرئەنجامی کاری دەستی خۆی پێ نەبێت و، تا ئێستاش نەیەوێت راستیەکان بدرکێنێت، ئێستا بە دوای دەرچەیەک دەگەرێت بۆ ئەوەی خۆی قوتار بکات . ئەمرۆش پارتی لەبەر شەرمەزاری خۆی بە ناوی حکومەتەوە دەیەوێت قینی جۆشخواردوی خەڵک بە کۆبونەوەی حزبەکان و بەشداریکردنیان لە وەستان دژی داواکاری خەڵکەکە، هەڵمەتی نارەزاییان دامرکێنێتەوە .
بێگومان حزبەکان هەریەکەو هەڵوێستی خۆی دەبێت ، کە دیارە کێ ئامادە دەبێت و کێ رارا و دودڵە و، کێ باوەر بە چەواشەکاریەکانی پارتی و لە رێی حکومەتەوە لەم ساتەوەختەدا ناکات و، دەپرسێت :
* بۆ لەم ماوەدوورو درێژەی پێشودا کە زەرەری قەیرانەکا نەگەیشتبووە بیناقاقای خەڵک، دەستپێشخەریەکی پارتیانەی وا دەرنەچو ؟ بۆچی پێش ئەم داوایە کاریە باسکردن و گفتوگۆ لەسەر حەقی پێویستر هەیە و، جێگەی راستر و یاسایی تر هەیە بۆ ئەم جۆرە باسانە، بۆچی ئەمە فەراهەم ناکات ؟ بۆچی پەرلەمان ئەکتیف ناکرێتەوە و باسی کورسیەکەی سەرۆکایەتی هەرێم ناکات کە گرێ کوێرەی سەرجەم کێشەکانن؟ بۆچی کەسی یەکەمی دەسترۆیشتوی پارتی لە نێو حزبەکە و لە هەرێمیشدا پێشنیاری ئاوا ناکات و ئەجێندای کۆبونەوەیەک دەرناخات کە چارەسەری ئەو کێشە سەرەکیانە و پرسە گرنگەکەی تێدا بێت و، دەیەوێت لەر ێی حکومەتەوە رووسوری خۆی بهێڵیتەوە و حزبەکانیش لەخشتەبەرێت و بە هەموویان خەڵکەکە لە داواکردنی مافەکانی خۆیان سارد بکەنەوە ؟
* بە رای زۆرینەی چاودێران هەڵوێستی راست و دروست ئەوەیە کە هیچ حزبێک بەدەم بانگەوازەکەی پارتیەوە لە رێگەی حکومەتە لەنگ و گۆجەکەوە نەچێت و داوا بکەن :
1 – یەکەم خاڵ: باسکردنی هۆکاری ئەم هەموو قەیرانانە بێت و کورسی سەرۆکایەتی و سیستمی حوکمرانی و پابەندبون بە دیموکراسی و ئازادی لە رێگەی گەرانەوەی حەقەکان و ئەکتیڤکردنی پەرلەمان و حکومەت و بە شەفافیەت و کارکردنی ئاشکرا کەیسەکان یەک یەک بخرێنە بەر باس و ریکبخرێنەوە و چارەسەر بکرێن، ئەمەش بە چاودێری خەڵک .
2 – ئەولەویات لە هەر کۆبونەوەیکدا، چارەسەرکردنی قەیرانی ئابووری و وەزعی نالەباری خەڵک بێت کە کار گەیشتۆتە حاڵەتێک، بە هیچ شێوەیەک جێگەی قبول نیە .
3 – بە داتا و کاری کردەیی قەناعەت بە خەڵک بکەن کە بە راستی حکومەت موفلیسە نەک پارەکە لەلای حزب کۆبۆتەوە و پارەی نەوت لە بەنقەکاندا بەناوی کەس و حزبەکانە، ئەوجا هەموو خەڵک دەزانێت میلەت چەند قوربانیدەرە و ئەگەر باوەر بکات و متمانەی بۆ بگەرێتەوە، هەموو نەهامەتیەک لە پێناو بەدیهێنانی ئامانجەکان هەڵدەگرێت .
4 – واتە، بە کورتی و پوختی، دەستبردن بۆ کاری کردەیی و باوەر پێکراو و چارەسەری ریشەیی نەک کات بەرێکردن بە کۆبونەوە و باس کردنی خاڵی لاوەکی و چەواشەکاری، پێویست بە کۆبونەوەی حزب و سەرکردەکان دەکات نەک بەم شێوەیە .
بۆیە لەم کاتەدا ئەرکی سەرجەم حزبەکانە کە هەڵوێستیان لەمەر ئامادەبون لەم کۆبونەوەیە و بەم شێوە بێ پێشەکیە نەرێنی بێت و تاوەکو لەم بارانەوە پارتی نەیەتە ژێر بار نە ئامادەی کۆبونەوەی پارتی لە رێگەی حکومەتەوە بن و هیچ کۆبونەوەیەکیش لەگەڵ پارتیدا نەکەن، بێ دیاریکردنی ئەجندای کاری کۆبونەوە بە شەفافیەت و ئاگاداری رای خەڵک و باس کردن لە پرسە گرنگە تایبەتمەندەکە بە خەڵک و دوارۆژەکەی و ژیان وگوزەرانی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت