کاوسەین بابەکر: حکومەت بۆ پارتی بەجێبهێڵن وەک بەجێتانهێشتووە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕەنگە کەسانێک هێشتا لەو باوەڕەدابن کە حکومەت، بنکە فراوانە. ئەی ئەوەنییە یەکێتی و یەکگرتوو و کۆمەڵ پشکیان هەیە و وەزیرو گزیریان هێشتا خزمەت دەکەن! ئەگەر ئەوە ڕاست بێ، هەرچەند دیکۆریشە ئەوە نیوەدێڕی ناو و نیشانی بابەتەکەم کاریگەرەو دەڵێم: حکومەتەکە بۆ پارتی بەجێبهێڵن، بەڵام مەبەستی سەرەکیم نیوە دێڕی دووەمی ناو و نیشانی بابەتەکەمە، کە دەڵێم: وەک بەجێتانهێشتووە، بەومانایەی؛ ئەو بەڕێزانەی سەر بەحزبەکانی ترن و بەشدارن لەحکومەتداو هاوبەش نین، جگە لەدیکۆر بۆ پڕوپاگەندە بۆ حکومەتی بنکە فراوان کە بیانوەیەکی جوانە بەدەست حوکمرانی ڕاستەقینەوە کەپارتیە و هەر کە ڕەخنەیەکی لێدەگیرێ هاواردەکات، بۆ هەر رەخنە لەپارتی دەگرن؟ ئەی ئەوە نییە حزبەکانی تریش بەشدارن لەحوکمرانیدا و ئەوانیش وەک پارتی بەرپرسن لە هەموو گەندەڵی و فەشەلێکی ئەم حکومەتە!. ڕاستیش دەکات ڕەنگە بڵێن ئاخر ئێمە جومگە سەرەکیەکانی دەستەڵاتمان لانییەو هەمووی لای پارتیەو پارتیش ئێمە بەشداری پیناکات لەکارە هەستیارو گرنگەکان! دەباشە ئەوە ئێوە بەکردەوە حکومەتتان بۆ پارتی بەجێهێشتووە! ئەگەر وانییە، باشە بۆ قبوڵتان کردووەو ناکشێنەوە؟ڕەنگە بڵێن پارتی گوێی لێنییەو ئێمە بشکشێینەوە ئەو بە بەڕیوەبەرە گشتیەکان شوێنەکانمان پڕدەکاتەوە! ئەوەش ڕاستە بەڵام لەخۆتان پرسیوە بۆچی پارتی بەها بۆ بەشداریتان دانانێ؟بۆچی بەلایەوە گرنگ نییە بەشدار دەبن یان نا؟ زۆر ڕوونە ئەوە دووساڵ زیاترە میللەتی بەقەیرانێکی دەستکرد وەک خۆتان دەڵێن هێناوەتە سەر ساجی عەلی و هێشتا ئێوە هەڵوێستێکی جدیتان وەرنەگرتووە!
ئایا ئەگەر پارتی بزانێ بەجدیتانەو لەوانەیە هەمووتان لەحکومەت بێنەدەرەوەو ئەو دەم قەڵای ڕزیوی حکومەت هاڕەبکات هەروا خۆتان لێگێل دەکات؟! بەڵام پارتی کە بەم شێوەیە ڕەفتاردەکات و گرنگی بۆ هەڕەشەو گوڕەشەی ئێوەدانانێ، لەئێوە رادەبینێ و ئەوە ئێوەن پارتیتان کردۆتە کەڵی گونی و، چی پێخۆش بێ ئەوەدەکات. ئەوە ئێوەن زەمینەی دێوەزمەبوونی پارتیتان ڕەخساندووە، ئەوە میللەتی ڕەزیل و دیکتاتۆر پەرستە دیکتاتۆر دروست دەکات! کەواتا وەرنە دەرەوە لەحکومەت و پارتی ناچار بکەن ڕازی بێ بە پێکه‌نانەوەی حکومەت، بە شەراکەتی راستە قینە، بە بەدامەزراوەیی کردنی دام و دەزگاکان بە پەرلەمانێکی راستەقینەی خەڵک، بەلێکجیاکردنەوەی هەرسێ دەستەڵاتەکان، بەلانی کەمی عەدالەتی کۆمەڵایەتی، وەرنە دەرەوە هیچکە باری قورسی گەندەڵی و فەشەلی حوکمرانی وەستۆمەگرن، هیچکە قبوڵی یاریەکانی وەزیری سامانە گەندەڵەکان مەکەن. دەنا مێژوو بەزەیی بەکەسدا نایەتەوەو، ئێوەش وەک پارتی دەبێ بەرپرسیارێتی ئەم قەیران و گەندەڵستانە هەڵبگرن، گەل هیچکە بیانوەکانتان قبوڵناکات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت