عەتا قەرەداخی: هەژموونی تێکشکاندنی کەسێتی کوردی بەسەر ئێستامانەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کەسێتی چییە؟ ئەم پرسیارە بەلایەنی کەمەوە چەند رەهەندێکی ئاشکراى هەیە، لەوانەش رەهەندى دەروونی، کۆمەڵایەتی و ئەنتۆلۆجی. بەڵام دەکرێت کۆى ئەم رەهەندانەى کەسێتی لە پێناسەیەکی گشتی یان گشتگردا کۆبکرێنەوە. لەپێناسەیەکی بەرفراواندا، کەسێتی بریتیە لە بوونی ” کەسی” یان شوناسی کەسێتی یان خودی خاوەن بوون و شووناس یان کۆی خاسێتە جیاکەرەوە تاکەکەسیەکان یان بەرجەستەکردنی کۆی ئەو خاسێتە فیکریء رەفتاری هوشیاری و کۆمەڵایەتیانەى کە تاکە کەس یان پێکهاتەیەک والێدەکەن بوویەکی دیارو جیاوازو ناسراوى هەبێت لەنێو ئەوانیترداو بتوانێت ئامادەبوونی خۆی بسەلمێنێت. کەسێتی تاکەکەس لە مێژوودا دەکەوێتە پێش کەسێتی نەتەوایەتیەوە هەرچەندە لە بنەڕەتدا کەسێتی نەتەوەیی پەیوەندییەکی راستەخۆی بە کەسێتی تاکەکەسەوە هەیەو ئەگەر تاکەکەس نەبێتە کەسێکی خاوەن کەسێتی ئەوا ناشێت کەسێتی نەتەوەیی پێکبێت.
ئەوە ئاشکرایە هەر رەگەزو پێکهاتەیەکی ئیتنیکی یان کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵایەتیبوونیدا بەجۆرێک بنیادی کەسێتی تاکەکانی دەنێت، کۆی ئەو بنیادەش وەکو کەسێتیەکی فراوانترو گشتگرتر دەردەکەوێت کە کەسێتی نەتەوەیی یان رەگەزیە، هەرچەندە بۆ ئەو قۆناغە مەسەلەى نەتەوایەتی بوونی نەبووە بەو مانایەى کە دواتر وەکو بەرهەمی مۆدێرنێتە دەرکەوتووە.
ئێمە نازانین کەسێتی کوردی لەسەرەتادا چۆن بووە بەڵام گومانمان لەوە نییە لە رابردوویەکی دووردا لە ئەنجامی داگیرکردن و سەرکوتکردن و تێکشکاندنی ئایین و کەلتوورو کەلەپوورو زمان و داب و نەریتی ئەم نەتەوەیەدا لەلایەن داگیرکەرانەوە ئەم کەسێتیە تێکشکێنراوەو بوویەکی لاوازى نائامادەو پەراوێزی لێدەرچووە کە هەمیشەو تاکو ئێستاش لەبەرامبەر کەسێتی ئەوانی داگیرکەری وڵاتەکەیدا لە بارێکی لاوازدایەو هەمیشە هەست بە بچووکی خۆی دەکات و ئەوانی تریش لە ئاستێکی بەرزتردا دەبینێت. ئەم کەسێتیە بە درێژایى مێژوو هەلی ئەوەى بۆ رێنەکەوتووە کە ئەو کەسێتیە تێکشکاوەى خۆی بینابکاتەوەو ئامادەبوونی خۆی لەنێو گەل و پێکهاتەکانی تردا بسەلمێنێت. دیارە خۆسەلماندیش بەبێ بنەماو ئامادەبوون لە زۆر بواری جۆراوجۆردا بەدینایەت کە سەرەکی ترینی ئەو بنەمایانەش گواستنەوەى ئەم کەسێتەیەیە لەباری بەرکار بوونیەوە بۆ باری بە بکەربوون، واتە لە بارێکەوە کە کاری لەسەر دەکرێت و مامەڵەى پێوە دەکرێت و لەدەرەوەى خۆی بڕیاری بۆ دەدرێت بۆ بارێک کە خۆی کاربکات و لەسەر جوگرافیای خۆی خاوەنی هەموو بڕیارێکی پەیوەست بەخۆی بێت و خۆی چارەنووسی خۆی دیاری بکات.
لاوازى کورد لەبەرامبەر ئەوى عەرەب و تورک و فارسدا وەکو نەتەوەى دەوڵەتانی داگیرکەرى کوردستان و لاوازى کورد بە گشتی لەبەرامبەر هەموو ئەوانی تردا، ئەنجام و دەرهاوێشتەى ئەو بارى تێکشکاندن و نائامادەبوونەى کەسێتی کوردییە، کە سەرئەنجام ئەو تێکشکاندن و لاوازیە فڕێی داوەتە پەراوێزى مێژووەوە. هەروەک فڕێیشی داوەتە دەرەوەى هەموو بڕیارو ئامادەبوونێک و بەردەوام لە خەمی ئەوەدا بووە کە باوکێکی هەبێت و ئەو باوکە کە گومانی تێدانیە تووندوتیژترین دەسەڵاتی باوکسالارى بەسەر ئەمدا پیادەکردووە، ئەم زۆربەى کات لەبەر لاوازیی کەسێتی خۆى بۆى ملکەچ بووەو داگیرکردن و دابەشکردنی کوردستان لەسەر ئاستی ناوەوە یان یان خودى کورد لێرەوە سەرچاوە دەگرێت. ئێستاش لە رەفتارى رووبەرێکی فراوان لە کورد وەکو پاشکۆى داگیرکەرانی کوردستان و دەرکەوتنیان بە بچووکی و بستەباڵایی بەرئەنجامی ئەو تێکشکاندنەى کەسێتی کوردییە. دیارە دەبێ ئەوە بزانین کە هۆکارى دەرکی هەرگیز باڵادەست نەدەبوو ئەگەر بارى خودیی کورد لەباربووایەوە خاوەنی کەسێتیەکی تەواو لەسەرپێی خۆ راوەستاو بوایە.
ئەوە ئاشکرایە کەسێتی کوردى لە رووى پەرەسەندنەوە، لە رووى بوون بە خاوەنی شووناسی تاکەکەسیەوە لە جوڵەیەکی زۆر خاودایەو، بەجۆرێک کۆنەستی کۆمەڵایەتی لەلایەن ئەوانی داگیرکەرو تێکشکێنەری کەسێتیەکەیەوە داگیرکراوە بەئاسانی ناگەڕێتەوە بۆ ئەسڵی خۆی و لە پلەى یەکەمدا وای لێبێت بە کوردی بیربکاتەوەو هەست بکات و بڕوانێت و جیاواز لەوانی داگیرکەرو تێکشکێنەری کەسێتیەکەى هەنگاو بنێت و هەوڵبدات تایبەتمەنییەکانی خۆی لە هەموو ئاستەکاندا جیابکاتەوەو بگاتە ئاستێک لە هەژموونی ترس لەوانی داگیرکەر رزگاری ببێت و بتوانێت بڵێت: ئەمە منم هاوشانی ئێوەم و لەسەر قاچی خۆم راوەستاوم و منیش وەکو هەموو ئەوانیتر دەبێ خاوەنی تێکڕای مافە سرووشتیەکانی خۆم بم و دەبێ خۆم بکەری سەرجوگرافیای خۆم بم. ئەمەش مانای گەیشتنی کەسێتی کوردییە لەسەر ئاستی تاکەکەس و لەسەر ئاستی نەتەوایەتیش بەو ئاستەى کە بوونی خۆی دەسەلمێنێت و ئامادەدەبێت بۆ بە جێگەیاندنی پرۆژەى رێنیسانسی نەتەوەیی کوردی کە ئەو پرۆژەیە تەنیا کاتێک بەدی دێت کە کەسێتی کوردی لە باری تێکشکاندن دەرباز ببێت و بتوانێت لەسەر جوگرافیای خۆی ببێتە بکەری رووداو درووستکەر، مەبەست لەمەش خۆسەلماندن و خۆبیناکردنەوەو دەسەڵاتکردنە بەسەر هەموو جوگرافیای مادی و مەعنەوی نەتەوەداو بیناکردنی کەسێتیەکی کەلتووری و سیاسی و ئیداری و ئابووری لەسەرپێی خۆڕاوەستاوەو لەسەرووى هەمووشیانەوە بەرهەمهێنانی شارستانی و بەشداریکردنە لە بیناکردنی شارستانێتی مرۆڤایەتیدا بەو مانایەى کە کورد کاتێک دەبێتە کەسێتیەکی خاوەن شووناس کە لەسەر ئاستی ناوخۆ و لەسەرئاستی مرۆڤایەتیش بوونی خۆی بەشێوەیەکی شارستانیانە بسەلمێنێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت