جیهاد موحەمەد: کۆنفرانسی دابڕان.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 

لای من کۆنفرانسی “دابڕان” لە ژێر دروشمی” ئاین بۆ تاک و دیموکراسی بۆ هەمووان “، باشترین هەوڵێکە بۆ دابڕان لە کولتوور و عەقڵیەتی ڕابردوو و بەسەرچوو .

گەورەترین کێشەی خەڵکی کوردستان و وڵاتە رۆژهەڵاتیی، یان ئیسلامیی، یان ئەو وڵاتانەی پێیان دەوترێت جیهانی سێیەم، کێشەی دانەبڕانە لە کولتوور و عەقڵییەتێک کە هەزاران ساڵە خۆی سەپاندووە و هەموو بیرکردنەوە و عەقڵیەتی خەڵکی داخستووە. ڕاستە کێشەی هەنووکەیی زۆرن، ڕاستە ستەمکاری و چەوساندنەوە و داپلۆسین و نەبوونی ئازادی و سیستمی دیموکراسی زۆرن و پێویستیشە ئەمانە بە زووترین کات چارەسەر بکرێن.

ئەوەی من بیری لێدکەمەوە چۆنیەتی چارەسەرکردنی ئەم کێشە ئاڵۆزانەیە بە یەکجارەکی، نەک تەنها قسەکردن لەسەر چارەسەرییەکان بە ڕووکەشیانە، دەیانجار کێشەکان چارەسەر کراون بەڵام چارەسەرێکی بنەبڕ نەبوون، بۆیە زوو سەریانهەڵداوەتەوە بە شێوەیەکی خراپتر و ئاڵۆزتر.

هەرکەسێک ئەگەر تەنها لە مێژووی تەمەنی خۆیدا وردبێتەوە، دەبینێت کە  هەوڵەکان زۆربوون بۆ چارەسەری ئەم کێشانە، پێویستیشبووە هەموو ئەو هەوڵانە بە هەند وەربگیرێن و بەهای خۆیان هەبێت لای خەمخۆران و ئەوانەی بە دوای چارەسەردا دەگەڕێن، بەڵام تا هەنوونکە و سەدان ساڵی تریشی پێوە بێت ئەم چارەسەریانە هیچیان چارەسەری یەکجارەکی نەبوون و نابن.

ئەوەی چارەسەری یەکجارەکییە “دابڕان “ـە، دابڕان لە کولتوور و عەقڵیەتێک کە لە ساییەیدا هەرچی پێشێلکاری مافی مرۆڤ هەیە دەکرێت، هەرچی نادیموکراتی هەیە دەکرێت و دەیان حوکمڕانی یەک لە دوای یەک دێتە ئارەوە بە ناوی چارەسەرییەوە و هیچیشیان چارەسەری ڕاستەقینە نین.

کۆمەڵی کوردستان و هەموو کۆمەڵە ئیسلامییە رۆژهەڵاتییەکان لە خولگەیەکدا دەسوڕێنەوە بە دەوری خۆیاندا و تا هەنووکە دەریچەیەک نەبووە کە ڕزگاریانکات لەو خولگە خنکێنەرە. ئەوەی کە دەریچەی ڕاستەقینەیە لەو بۆگەناو و عەقڵیەت و کولتوورە داخراوە ڕزگاریان کات تەنها “دابڕان”ە لە ڕابردوو.

ئەم کۆنفرانسە کە دەیان توێژەر تیاییدا توێژینەوەی خۆیان خستە ڕوو، دەیان پرسیاری تێدا ورووژێنرا، خانمان زۆر بە جوانی توانیان ڕاوبۆچوونەکانی خۆیان لەسەر فێمینیزمی و کێشەی جێندەر بخەنە ڕوو.

چەند توێژەرێکی بیانی و عەرەبی تێیدا بەشدارییان کرد. زۆربەی هەرە زۆریان قسە و باسەکانیان لەسەر ئەوە بوو کە کێشەی سەرەکی ئەو خولگە خنكێنەرەیە، کە هەزاران ساڵە مرۆڤی کوردیی و شەرقیی گێژ و وێژ کردوە و خنکانوێتی و ناتوانێت عەقڵی خۆی ئازاد بکات. هەتا عەقڵیش ئازاد نەبێت، هەتا ئازادییەکان فەراهەم نەبن، تا “تاکگەرایی” بەرجەستە نەبێت، تا حوکمڕانییەکی دیموکراسییانەی راستەقینە حوکمی خەڵک نەکات و زەوینە خۆشنەکات بۆ یەکسانی و مافی مرۆڤ و ئازادی، مەحاڵە هیچ کێشەیەک لە کێشەکانی کۆمەڵ و تاک چارەسەربکرێت.

ئەوەی کە تێبینیم کرد لەم کۆنفرانسەدا، ئیسلامییەکان بەشدارییان نەکرد تیاییدا، نە وەک توێژەر و باس نە وەک گوێگر و پرسیارکەر و ڕەخنە و گفتوگۆکردن، جگە لەمەش تا رۆژی دووەمی کۆنفرانسەکە لە 73 مزگەوتەوە بە تووندی دژایەتی ئەم کۆنفرانسە کرا و تۆمەتی نابەجێ خرایە پاڵی، نەک هەر قسەکردن و تۆمەت خستنە پاڵ، بەڵکو هەڕەشە و گوڕەشەیەکی زۆریش لەم مزگەوتانەوە لە لایەن کۆمەڵێک مەلای کۆنەپەرستەوە کرا لە بەڕێوەبران و هەڵسوڕاوانی ئەم کۆنفرانسە. لە رۆژی چوارەمدا لە یەکێك لە مزگەوتەکانی چەمچەماڵەوە دیسان هەمان هەرشە لەم کۆنفرانسە کرا. جگە لەمانە کەناڵی ئاسمانی ڕوودا بە شێوەیەکی چەواشەکارانە باسی ئەم کۆنفرانەسی خستە ڕوو. ئەمانە هەموویان بەڵگەن بۆ ئەوەی کە عەقڵیەتێکی داخراو بە ناوی “خوا ” و “دین” و کولتووری ئاینییەوە دژایەتی هەرچ هەوڵێکن بۆ ئازادی عەقلی تاک و کۆمەڵ. جگە لەم کۆنەپەرستانەو ئەم عەقڵداخراوانە، حیزبگەلێکیش لە کوردستاندا هەن کە بە هەمان شێوەی مەلا و مزگەوت و حیزبە ئیسلامییەکان موحافزکارن و دەیانەوێت ڕەوش و بارودۆخە خنکێنراوەکە وەک خۆی بمێنێتەوە و هیچ گۆرانکارییەک نەیەتە ئاراوە، هەڵبەت ئەمەش هۆکاری خۆی هەیە کە لێرەدا جێگەی ئەو باسە نییە. سەرەڕای ئەمانە هەمووی، هەندێک هێزی سیاسی وابیردەکەنەوە کە هەرچ گۆڕانکارییەک، نەک هەر گۆڕانکاری بەڵکو هەرچ چاکسازییەک، هەرچ جوڵە و ورووژاندنێکی بیریی و عەقڵی ئەگەر خۆیان ڕاستەوخۆ نەیکەن و لە ژێر دەسەڵاتی ئەواندا نەبێت نابێت بکرێت و ئەگەر کراش دەیان بەربەستی بۆ دروستدەکەن، دەیان تۆمەت دەدەن پاڵی و مێدیا گۆمانلێکراوەکانیان دەخەنەگەڕ دژی. هەڵبەت ئەمەش لە عەقڵیەتێکی داگیرکاریی و هەژموونکارییەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەمە لە کاتێکدا کە کۆنفرانسەکە هیچ روخسارێکی حیزبیی پێوە دیار نەبوو، لە ژێر ئەجندای حیزبێکی سیاسیی و دەسکەوتی حیزبییدا سازنەکرابوو.

جیاوازییەک کە من تیبینیم کردووە لە نێوان ئەم کۆنفرانسە و ئەو حیزبە ئیسلامیی و هەموو ئەوانەی کە دینین و دژی تیرۆرستانی داعشن! ئەوەیە کە ئەم کۆنفرانسە و توێژەرانی ئەم کۆنفرانسە و هەوڵسوڕاوانی ئەم کۆنفرانسە بە هیچ جۆرێک قسەیان لە سەر دژایەتیکردنی دین نەبوو بەو جۆرەی کە بیانەوێت دین  و ئاینەکان بسڕنەوە و دژایەتی سروتە دینییەکان و بۆنە دینییەکان بکەن. بەڵكو بە عەقڵیکی کراوەوە قسەو باسەکانیان توێژینەوە و ڕەخنەگرتن بووە نەک دژایەتیکردنی دین و ئاینەکان. بەڵام هەموو حیزبە ئیسلامییەکانی کوردستان و هەموو ئەو مەلایانەی کە وای پیشان دەدەن دژی تیرۆرستانی داعشن بە دەمیاندا نەهاتووە بڵێن داعش و تیرۆرستان لە دەرەوەی دین و ئاینەکان کاردەکەن و دینیی نین، بەڵام دین بەکار دەهێنن، لە باشترین حاڵەتدا دەڵێن داعش موسڵمانگەلێکی (هەڵەکارن). سەربڕینی دەیان پێشمەرگە، کوشتن و بڕین و خوێنڕشتنی هەزران لە خودی موسڵمان و ئەو هەموو هێرشە ناڕەوایەیی کرایە سەر ئیزیدیەکان کە بە هەزارانیان لێ کوشتن بە هەزران کچ و ژنیان حاڵکرد بۆ خۆیان و تەعەدای جنیسیان لێکردن و لە بازاڕە ئابڕوبەرەکانی ئیسلامییدا بە ئاشکرا کڕین و فرۆشتنیان پێوەدەکردن، ئەمانە بە (هەڵە) دادەنێن و نایخەنە خانەی هەڕەشە و دڕندایەتیی نامرۆییەوە، بەڵام لەماوی 25 ساڵی حکومڕانی دەسەڵاتی سیاسییدا تاقە کۆنفرانسێکی وەک کۆنفرانسی “دابڕان” سازبکرێت کە باشترین هەوڵێکە بۆ ئازادکردنی عەقڵ، هەڕەشەی لێدەکەن و دەیدەنە بەر جنێودان و هێڕشی ناڕەوا.

ئەمە جیاوازییەکە کە وەڵامی کۆنفرانس و هەڵسوڕاوانی ئەم کۆنفرانسە مەدەنییە بە واتای وشە، ئەوە بوو کە بە عەقڵ وەڵامتان دەدەینەوە نەک بە پەرچەکردارێکی هەمانشێوەی هەڕەشەکانتان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت