عیماد عەلی: پارتی باوەری بە رەفتار و شێوە دەسەڵاتی بەعس ئاسا هەیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هاورێیەک ئامۆزایەکیی بەرپرسی دیاری پارتیە، زۆر بە ئاگاییەوە بە ورتەورت بۆی گێراوەتەوە کە چەندین جار لە کۆبونەوە نهێنی و هەندێک جاریش بە ئاشکرا و لەرێگەی باس و خواس و گفتوگۆی سەر چا خواردنەوە، سەرکردەکانی پارتی ئەوەیان گێراوەتەوە، کە ئەگەر ئەمریکا و هاوپەیمانان نەبوایە تا ئێستاش دەسەڵاتی بەعس بەردەوام بوو، هەر بەعس بووە کە زانیوەتی واقعی کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆجی و رەفتار و سیفەتەکانی گەلانی عیراقی بە باشی بخوێنێتەوە و بە وردی لێی تێگەیشتوە، کە چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات و حوکمیان دەکات، کەچی حەقی میلەتی کوردی فەرامۆش کردووە و مامەڵەی گونجاوی لەگەڵدا نەکردووە، بۆیە لەدەرئەنجامدا ئەو کارەساتەیان بەسەردا هاتووە، کە هەمووی لە دەرئەنجامی پێشێلکردنی مافی کوردەوە بووە هەر لە شکستهێنانی شۆرشی ئەیلول و تەنازول کردن بۆ شای ئێران و، ئینجا پەشیمان بونەوە و هەلپەرستی قۆناغی پاش شۆرشی ئیسلامی ئێران و هەوڵدان بۆ گێرانەوەی ئەو شوێنانەی کە لە ریکەوتنەکەی جەزایر لە گەل شادا دۆراندبویان و بەو پێیە تاوەکو گەیشتوە بە داگیرکردنی کوەیت و راپەرین، کە هەموو هۆکارەکەی لە بنەرەتدا پێشێلکردنی مافەکانی کورد بوون کە لەدەرئەنجامیدا بەرپابونی شۆرشەکان لێکەوتۆتەوە، ئەگینا بەعس و جۆر و شێوەی حوکمەکەی لەگەڵ واقع و ناسینی بارودۆخی گەلانی عیراق گونجاوترین رەفتاری کردووە و باشترین سیستم بووە بۆ گەلێکی لەم جۆرە.
ئەمرۆش رۆژ لە دوای رۆژ ئەو بیرکردنەوەیەی پارتی دەردەکەوێت و دەیسەلمێنن کە لەو باوەرەدان بە پیادەکردنی جورە حوکمی بەعس ئاسا بۆ ئەم خەڵکە گونجاوەو، ئەمەش لە بیرکردنەوە و جوڵانەوە و مامەڵە کردنی پارتی لەگەڵ روداوەکاندا دەردەکەوێت و، تەنانەت خەریکە ئەوەش دوپات بکاتەوە کە گەیشتۆتە ئاستی ئەوەی پێناسەی حزب و کەسایەتی رەفتار فاشی بۆ بکەیت و، جگە لە قازانجی تەسکی خۆی و هینانەوەی بەهانە و پاساو بۆ هەموو رەفتارێکی نابەجێ و ناراست و تەنانەت قێزەونی خۆی هیچ هەنگاوێکی راست و سەردەمانە نانێت و رۆچۆتە قوڵایی زۆنگاوی هەڵەی خۆیەوە و، دەبێت لایەنەکان بە وریاییەوە رەفتاری لەگەڵدا بکەن و خەڵک لە زەرەرە هەمەجۆرەکانی بە دوور بگرن .
تۆ وەرە دان بە شکستی تەواوی خۆت نەنێیت و ئەو شوێنەی کە بە موفلیس لە قەڵەم بدەیت و لەرووی داراییەوە خۆت بە دانا بزانیت و بە ئیدعای سەربەخۆیی چەواشەی خەڵک بکەیت و بتەوێت شکستەکانت بەو شێوەیە داپۆشیت، ئێستاش کە لەناخی خۆتدا باش بزانیت فەشەلت هێناوە و پەشیمان بوبیتەوە و وا بەزەلیلی روو بکەیتە ئەو شوێنەی کە تاە دوێنی بە نەیار لەقەڵەمی بدەیت، کەچی بۆ ئیحراجی و روداری و مانەوەی ئاوی ئابروت بڵێیت باسی سەربەخۆیی کوردستانیان لەگەڵدا دەکەم نەک بەپەشیمانیەوە دەگەرێمەوە بۆ باوەشیان و منیش مەمنون .
بۆیە هەر وەک چۆن هەر پێاوێک زاڵم و زۆردار و مامەڵە خراپ بێت لەگەڵ خێزان و بنەماڵەی خۆیدا، لەدەرەوەش هەمیشە ملکەچ و چاولەخوارە، پارتیش لە مامەڵە کردن لەگەڵ نێوخۆی کوردستاندا بەو شێوەیە دەیبینین و لەگەڵ دوێنێ و ئەمرۆ ی تورکیا وئەمرۆی بەغداش هەمیشە دەست لەسەر سینگ و مات و مەلولە و هەر بەو رەفتارەی لەگەڵ وەزعی نێوخۆی کوردستاندا ناجۆرە و لەسەر زوڵم وزۆری بەردەوامە، مەجبورە لە پێگەیەکی لاوازەوە مامەڵە لەگەڵ ناوەندی عیراق و دەرودراوسێ بکات . بۆیە دەپرسم ئایا ملکەچبون بۆ گەلەکەی خۆت سەت جار لەوە ئەشرەفتر نیە کە بۆ دەرەوەی بکەیت ، کەچی بە هەوڵی بەعس ئاسا بتەوێت تاکرەوی بکەیت و زاڵ بیت و حوکمی کوردستان بکەیت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت