ئەحمەد ڕەزا: لە نێوان هابیتوس و ئیرۆسدا، مانایەک.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە سیما دیارەکانی هابیتوس وەک پیێر بۆردیۆ دیاری ئەکا: بەردەوام بوون و گشتگیریی و توانای گونجاندن و گۆڕانکارییە.. Transposable – کاتێ هابیتوس لە قۆناغە جیاوازەکاندا وەک ” بەردەوام بوون ” وەزیفەی خۆی پیادە ئەکا – مانای کاردانەوە زەینیی و سۆزیی و هەستییەکان ئەگەیەنێت، کە بەردەوامیی پێوە دیارە. بەڵام بەو پێیە گشتگیرە، کە هیچ جێکەوتەو پێدراوێک جێناهێڵێت لە لۆژیکی ناوەکیی خۆی دەربچێت، بەو مانایەی کە ناهێڵێت هیچ لۆژیکێک لە خولگەی گشتیی زەمەنیی خۆی بترازێت. ئەوەندەی پەیوەندیی بە گۆڕانکاریشەوە هەیە، هابیتۆس ئەتوانێ چەند ڕۆڵێک ببینێت لە چەندین وێستگەی کۆمەڵایەتی جیاوازو کەرتە پێکهاتووە کۆمەڵایەتییە دژ بە یەکەکاندا.. کەواتە “ سیمای نەستیی”چەمکی هابیتوسی بۆردیۆ پێک ئەهێنێ، بە پێی ئەم تایبەتمەندێتییە نەستییەش سیستمی پێدەرە زەینییەکان پێکهێنەری مومارەسە کردنی ژیاویی مرۆڤە، هەروک پێکهێنەری ئەو وێنا کردنانەیە، کە وەک بنەڕەت لەگەڵ ئامانجەکانی تاکدا ئەگونجێت.

هابیتوس بریتییە لە هەموو ئەو دال و ڕەفتارو ئاماژەو سیمبۆلانەی، بە درێژایی ژیانی مرۆڤ هەر لە منداڵیەوە سەرەتاو دواتر لە ژینگەکەیەوە پێی ئەگات، بەو پێیەش ڕەفتارو کرداری ئەو دەرئەکەوێت. ئەتوانین بە کورتی ئەم زاراوەیە کورت بکەینەوە بۆ مۆرک دەرکەوتن، یان ئەو مێنتەلێتییەی مرۆڤ لەخۆوە ئاراستە ئەکات.
قەسیدەی ” دوای مردنم” دەقێکی ترە، بە دیدێکی نوێ و دوور لە فشارخستنە سەر وێنە شیعرییەکان و ئامرازە زمانەوانییەکان، نوسراوەتەوە.. لەم دەقەدا ئەوی پێویستە وەک دێڕبەندییەکان بۆ ئەوەی کۆی گوتارەکەمان پێ بگەیەنێت، واتە بنەڕەتی مەبەستگەرایی دەقەکە لە بەرهەمهێنانەوەی مانادا، کێشەی مردنە.
ئەم کێشەیە وەک لای سۆفیستەکان جۆرێکە لە ئیرۆسیەتێکی یۆتۆپیی، بۆ بەدیهاتنی نەمریی، بە هەمان شێوەی لای گنۆسیزمەکانیش، بەدیهێنانی گەڕانەوەیە بۆ بوونەوە بە بەشێک لە یەزدان. بەڵام لای حەکیم میرزا، بوونەوەیە بە ئەوی تەواوکار، ئەوی ئامادە لە وردەکارییەکانی ژیانکردن.
وێناکردنی مەرگ لای میرزا وێنایەکی راستەقینە نییە بۆ مردن، هەرچەند کۆی گوتارەکە لە ڕەواڵەتدا خۆبەدەستەوەدانەو وێناکردنەوەیە لە نەبوون ” عدم”ەوە. بونیادی دەق لەسەر پایەکانی مردن داڕێژراوە، کە لە بنەڕەتدا خۆی لە شێوەی وەسێتنامەیەکدا ئەبینێتەوە، نەک لێگەڕان لە ژیان.. ئەو کۆدانەی لە دەقی میرزادا بەدی ئەکرێ، کۆدگەلێکن بەرەو کرانەوەو ئازادی، لەبەرئەوە ناشێ والێکی بدینەوە کە میرزا بیەوێت دەست بەسەر دیزاینی ژیانی ئەویتردا بگرێت و خۆی نەخشەڕێی ژیانی دوای ئەوی بکێشێ، ئەم پارادۆکسە، تەنها لێکدانەوەیەک بۆ وەرگر ئەهێڵێتەوە، ئەویش وێنانەکردنی ئەسڵی مردنە، بەڵکو تێڕامانێکی سەرەتاییە لە نائامادەیی خۆیدا، ئەو پێی وائەبێ، کە ڕەنگە بەمجۆرە بگوزەرێ، وەک ئەوەی دوای مردنی زۆرێکی تر، ئەو ئەگەرانە کراوەترن.
ئەو دالانەی لەم دەقەدا هەن، وەک ” ڕەنگ، ڕیتم، شوێن، زەینییەکان” هیچیان دەلالەت لە هەستی مردن ناکەن، تەواو بە پێچەوانەوە ڕێنوێنی ژیانێکی ئازادو دەستپێکردنەوەی نوێ ئەکەن.. بۆ نمونە دالی ڕیتم زۆر هێمن و ڕەوانە، لەسەر ئاستی جیاواز خۆشڕەویی دروست ئەکات، کە چ جۆرە نیگەرانییەکی پێوە دیار نییە.. رەنگەکان لە جێگۆڕکێدان:

” ئەو مێزەی بەیانیان قاوەمان لەسەر دەخواردەوە, لایدەبەیت
كوپی قاوەكەی من فڕێدەدەی
كورسیەكەی من دەبەخشیتە پیاوەكەی دراوسێمان
ڕەنگی ژووری نوستنەكەمان دەگۆڕی”

تا کۆتایی لە هەردوو بەشی قسەیدەکەدا هەر بەوجۆرە گۆڕانکارییەکان بەردەوام ئەبن.
شوێن بەردەوام لە جوڵەدایە، وەک ئەوەی نیازێک بۆ گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی هەبێت، نەک بەرەو عەدەم ڕۆشتن. دالە زەینییەکانیش بە هەمان شێوە:

” كە من ڕۆشتم
چەكمەجەی مەكتەبەكەم دەكەیتەوەو
شیعرەكانم
دەردەهێنیت و
یەكە یەكە بڵاویان دەكەیتەوە
هەر شەوەی یەكێكیان دەسوتێنی
دوایش سوتووەكەی
دەدەی بەدەم باوە”

ئەمە لە تێڕوانینێکی پوچگەرایانە زیاتر نییە بۆ شیعر، نە وەسیەتەو نە وێناکردن.. لە جیهانبینی میرزادا وەزیفەی شیعرو مانەوەی وەک تێزی زیندوو، تەنها لەوێدایە کە بڵاونەکراوەتەوە، ئیتر دوای بڵاوکردنەوە ئەبێت بە بەشێک لە هەموو ئەو پێکهێنەرانەی تری بوون، کە پەیوەندییە ئۆرگانیەکانی لەدەست ئەدات و تێکەڵ بە کۆیەکی گشتگیرکراوی تر.
ئەو مانایەی لەم دەقەدا لە نێوانی هابیتۆس و ئیرۆسدا بەرهەم دێت، پێچەوانەیە، بە ماوەی نێوان زەینیەتی هابیتۆس و تاناتۆسدا، پێشتر دووری مەودای نێوان مەرگدۆستیی/ تاناتۆس و ئەم دەقەم شیکردەوە،پەیوەندییە بە ڕۆشنایی ژیاندۆستیی/ئیرۆس بەرهەمهاتووە،لەگەڵ خەسڵەتی بنەڕەتیی هابیتۆسدا.

(( دوای مردنم ))

كەمن ڕۆشتم
تۆش دەگەڕێیتەوە بۆ ئێرەو
ئەو مێزەی بەیانیان قاوەمان لەسەر دەخواردەوە
لایدەبەیت
كوپی قاوەكەی من فڕێدەدەی
كورسیەكەی من دەبەخشیتە
پیاوەكەی دراوسێمان
ڕەنگی ژووری نوستنەكەمان دەگۆڕی
جێگە دوو كەسیەكەمان دەگۆڕی بەیەك
پەردەی پەنجەرەكان دادەگری و
تۆزی سەر دیوارەكانی پێدەسڕی
ئەو چرایەی بەسوچێكی ژوورەكەمدا هەڵمواسیبوو
دوور لە ماڵەكەی خۆمان.
دەینێژی

ئەوكاتەی كە من دیار نامێنم
تۆ ئازاد دەبی
هێلانەی ئەو چۆلەكانە دەڕوخێنی
كە من لە گەڵای شیعرو
فرمێسكی چرا بۆم دروست كردبوون و
لقی ئەو باوەشانە دەشكێنیتەوە
كە لەبەر دەرگاكە بۆم كردبوونە جۆلانەو
شەوانە لەسەری دەنوستن
كە من ڕۆشتم
چەكمەجەی مەكتەبەكەم دەكەیتەوەو
شیعرەكانم
دەردەهێنیت و
یەكە یەكە بڵاویان دەكەیتەوە
هەر شەوەی یەكێكیان دەسوتێنی
دوایش سوتووەكەی
دەدەی بەدەم باوە

من دەڕۆم و
تۆش دەگەڕێیتەوە بۆئێرەو
دەستێكیش بەسەر وەسێتنامەكەما
ناهێنیت و
لەسەر سوچی هیچ كۆڵانی ووشەیەكم
ڕاناوەستی
دوای من
تۆ ئازادی ئازاد
ئەتوانی ماڵەكەت بگوێزیتەوەو
ئەدرێسەكەشت بگۆڕی

سەرچاوەکان:
بصدد ” جمالیات الموت في شعر محمود درویش”/ عبداللطیف الوراري/ موقع ایلاف ٤/٩/٢٠٠٩
هاجس الموت في شعر کاظم اسماعیل الکاطع/ شهید الحلفي/مۆسسة النور في ٢٤/١/٢٠١٣
نظریة الهابیتوس والرأسمالرمزي/ د. زهیر الخویلدي/ arab times blogs
الهابیتوس في سوسیولوجیا بوردیو/ ت: د. علي اسعد وطفة/ مجلة مصر المدنیة/ ١٩/٣/ ٢٠١٢

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت