ڕەزا شوان: چیرۆک بۆ منداڵان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بووکە سەماکەرە 

لالۆ وەیسی لە نزیک دێیەکەی خۆیاندا، رەزێکی گەورەی هەبوو، ترێیەکی رەش و گەش و شیرینی دەگرت.. بێجگە لە خواردنی خۆیان، هەموو ساڵێ زیاتر لە چوار هەزار کیلۆگرام ترێی لێدەفرۆشت.
لە کاتی پێگەیینی هێشووە ترێکاندا.. چۆلەکەیەکی زۆر دەچوونە ناو رەزەکەوە و، ترێیان دەخوارد.
لالۆ وەیسی ئەمساڵ بیری لەوە کردەوە، گەر رەزەکەی لە چۆلەکەکان پاس نەکات، لەوانەیە هەموو ترێکەی بخۆن و هیچی بۆ نەمێنێتەوە.. لالۆ وەیسی بیری کردەوە و لە قامیش و لە پەڕۆ و لە پەت، بووکە سەماکەرەیەکی ( داوەڵێکی ) باڵابەرزی دروست کرد. کراسێکی تەنکی کچانەی لەبەرکرد و، دەسماڵێکی تەنکیشی لە کۆڵ کرد و، بردی و لە ناوەڕاستی رەزەکەیدا چەقاندی. بـا بەبێ وەسـتان بووکە سەماکەرەکەیان بۆ پێشەوە و بۆ دواوە دەلەراندنەوە و. دەسماڵەکەشیان دەشەکـاندەوە.
چۆلەکەکان وایان زانی کە بووکێکی راستییەوە و سەما دەکا. بۆیە نەیان وێرا بچنە ناو رەزەکەوە، نەک بووکە سەماکەرەکە بۆیان بێت و بیان گرێت. لەسەر دار تووەکانی نزیک رەزەکە دەنیشتنەوە. دوای سێ رۆژی روانین و سەرنجدان، چۆلەکەکان لە راستیی بووکە سەماکەرەکە کەوتنە گومانەوە.
چـۆلەکەیەک : “ئەری هاوڕێکانم، ئێوە تێبینی ئەوەتان کردووە، کە ئەم بووکە سەماکەرە لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا، نە ئاوی خواردەوە و، نە هیچیشی خوارد.. زۆرم پێم سەیرە کە نە توینی و نە برسی دەبێ.. چۆن دەژی؟
چـۆلەکەیەکی تر: “ئەی ئەوەش سەیر نییە، کە هەر لەو شوێنەدا سەما دەکا و، نە جێی دەهێڵێ و، نە ئاوڕیش لە ئەم لاو ئەولا داتەوە..؟!”
چـۆلەکەیەکی تر: “لە بەیانیشەوە تا ئێوارە، ناوەستی و سەما دەکا.. هیچ پشوویەکیش نادا..؟!”
چـۆلەکەیەکی تر: “ورتەشی لیوە نایا و، گوێم لە دەنگی نەبووە.. وا دیارە بووکێکی کەڕ و لاڵە”
چـۆلەکەیەکی تر: “من ئێستا لە نزیکییەوە، بە بەردەمیدا دەفـڕم و، دەچمە ناو رەزەکەوە.. ئێوە وریابن.. بزانن بۆم دێت یا نا ؟”
چـۆلەکەکە بە بەردەمیدا هەڵفڕی و، لەسەر لقی دارمێوێکدا نیشتەوە و، دەستی بە ترێ خواردن کرد.. بووکە سەماکەرەکە، هەر ئاوڕیشی لێنەدایەوە.
چـۆلەکەیەکی تری ئازا و چاونەترس: هەڵفـڕی و، چوو لەسەر بووکە سەماکەرەکەدا نیشتەوە، بە وریاییەوە سەرنجی دا و لێی وردبۆوە.. هەستی کرد کە هەناسە نادا و، بووکێکی راستی نییە و، بووکە پەڕۆیـە.. لالۆ وەیسی بۆ ترساندنی چۆلەکەکان لە ناو رەزەکەیدا دایناوە.
کە چۆلەکەکان ئەمەیان زانی، ترسیان نەما و، هەڵفڕین و چوونە سەر دارمێوەکان و، تێروپڕ ترێیان خوارد.. لەم کاتەدا، لالۆ وەیسی هات و.. کردی بە هەرا و کش كشی لە چۆلەکەکان کرد.. هەموویان هەڵفڕین و چوونەوە سەر دارتووەکان.
لالۆ وەیسی زانی، کە فێڵەکەی ئاشکرا بووە و، چۆلەکەکان ترسیان لە بووکە سەماکەرە نەماوە.
بیری لە رێگاچەرەیەکی تر کردەوە.. بۆ بەیانی پشـیلە سپییە گەورەکەی هێـنا و، بە بەرچـاوی چۆلەکەکانەوە، لەسەر تاشەبەردێکی گەورەی ناو رەزەکەدا داینا.. پشیلەکە زۆر وریا و بزێو بوو، دەی میاواند و، چاوی بە هەموو لایەکدا دەگـێڕا.. جار و باریش بۆ راوە مشک بن دارمێوەکـان دەگەڕا.. سەیرێکی لای دارتووەکانیشی دەکرد.
گەورەی چـۆلەکەکـان: هاوڕێکانم، ئەم پشیلەیە، پشیلە پەڕۆ نییە و، پشیلەیەکی راستییە.. بـڕوانن چۆن دێت و دەچێت و دەمیاوێنێت، تەنانەت مشکەکانیش ناوێرن لە کونەکانیان بێنەدەرەوە.. نەکەن بچنە ناو رەزەکەوە، ئەگینا دەتانگڕێت و، حەپەلۆشتان دەکـات” چـۆلەکەکان لە ترسی پشیلەکە، لە رەزەکە دوورکەوتنە.
کە لالۆ وەیسی دوابەری رەزەکەی چنی.. هەشت نۆ هێـشووە ترێـی گەورەی لەبن دارتووەکـان بۆ چۆلەکەکان هەڵوەراند.
لالۆ وەیسی ( بە زەدەخـەنەیەکەوە ): چـۆلەکە وریـا و جوانەکـان، ئەم ترێیانەش بەشی ئێوەیە.. بە دارمێوەکانیشەوە کەم کەم ترێێان پێوە ماوە.. مەترس وەرن بیانخۆن .
لالۆ وەیسی بە بەرچاوی چۆلەکەکـانەوە، پشیلە سپییەکەی لە باوەش کرد و، بەرەو ماڵ کەوتەڕێ.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت