لەیلا حوسەین: عاشورای بابل.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کردنی بە کوردی: هەورامان عەلی

خۆکوتان ، قورپێوان و جلدڕین وەك دەربرینی دڵتەنگی بۆ مەرگی ( تەموزی مەزڵوم ) نەریتێکە خاوەنی 5000 ساڵ تەمەنە لەو عێراقەدا!
جەژن و بۆنە کۆنەکانی ئەکیتۆ تا شەش هەزار ساڵ لەمەو پێش شەش ڕۆژ بوو ، دواتر کرانە دە ڕۆژ. لە زۆر تێکستی سۆمەری و بابلیدا ، باس لە ئەفسانەی دووبارە گەرانەوەی ( تەموز) دەکەن بۆ ژیان. لە ئەفسانەی ئەفراندنی گەردوونی بابلیەکاندا ، جەژنەکانی سەری ساڵی تازە کە ساڵانە بەهاران ئەوکاتەی شەو و ڕۆژ ماوەکەیان یەکسان دەبێت ، دەستپێدەکات . سەرەتا خوداوەندی بڵ – مەردۆخ ( تەموز ) بە دیلی ڕاپێچی جیهانی ژێرەوەی دەکرێت و دەستبە سەری دەکرێت، بەڵام عەشتار دوای دە ڕۆژ گریان ، خۆکوتان وبەڕێوەبردنی ڕێوە و ڕەسمی دڵتەنگی توانی ئازاد ببێت ، بەمجۆرە هێزە خێرخوازەکان توانیان زاڵبن بەسەر هێزی شەروتاریکیدا!
ڕێوڕەسمی ماتەمگێڕی گشتی مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بەرەبەیانی شارستانیەتەکانی میزۆپۆتامیا نزیکەی 3200 ساڵ پ.ز. ئەوکات لە بابل ساڵانە کەژاوە ئاینیەکان بە شەقامەکاندا تێدەپەرین و ماتەمینی گشتیان بۆ کۆستی خوادەوەندی تەموز (کە خواوەندی بەرەکەت و ڕۆزی بوو ) دوای دەسگیرکردن و دەسبەسەرکردنی وبردنی بۆ جیهانی ژێرەوە، پشێوی باڵی بەسەر گۆی زەویدا کێشا. پیاوە ئاینیەکان ئەو کەژاوانەیان ڕێکدەخسن و خودی پاشای ولاتیش بەشداری تێدا دەکرد. ئەم کەژاوانە بەنێو شاردا دەگەران تا دەگەیشتنە دەرگا بەناوبانگەکەی عەشتار و لەوێدا ڤیستیڤالێکی دوانزە ڕۆژی دەستی پێدەکرد. لە ڕۆژی حەوتەمی ئەو ڤیستیڤاڵانەدا نمایشێکی دڵتەنگیانەی مەرگی خوداوەندی مەردۆخ پێشکەش دەکرا. ئەم ڤیستیڤاڵە ساڵانەیە لە پەرستگای مەردۆخدا کە دەوێتە نزیك ڕوباری فورات ، لەوێدا بە نمایشکردنەوەی چیرۆکی “ئەفراندنی گەردوون” کۆتایی دەهات.
جەژنی سەری ساڵی بابلیەکان لە 21 ئازار واتە جەژنی نەورۆزی خۆماندا دەستی پێدەکرد . لە ڕۆژی پێنجەمی ساڵی نوێدا ، بابلیەکان مەراسیمی هاوسەرگیری پیرۆزیان بەڕێوە دەبرد ، لەو مەراسیمەدا ئەکتەرەکان ڕۆڵی بوك و زاوایان لە دیمەنێکی درامیدا لە شانۆگەری ئەکیتۆدا نمایش دەکرد.
بابلیەکان لەو مەراسیمەدا لە ڕومەتی خۆیان دەدا، جلەکانیان لەبەرخۆیادا دەدڕی ، بەدەنگی بەرز و لاوانەوەی خەمگین مەراسیمەکەیان بەڕیوە دەبرد. لە ڕۆژی حەوتەم و دەیەمی ئەو مەراسیمەدا عەرەبانەکەی خوداوەند مەردۆخ بە خالی بە نێو شەقامەکاندا تێدەپەری وەك ئاماژەیەك بۆ مەرگی مەردۆخ ، کاتێك عەرەبانەکە دەگەشتە ئاستی هەر کەسێك دەنگی گریان و خۆکوتان بەرز دەبویەوە و بەم شێوەیە خەلکی بەشداری نارەحەتیەکانی خوداوەند عەشتاریان دەکرد کە لە دەیەمین ڕۆژی ئەم چیرۆکەدا مەردوخی خۆشەویستی لە دەستداوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت