هاودین مەحمود: رۆڵی ئەنجومەنی ناوەندی لە بارودۆخی ناوخۆی یەکێتی.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە لە 1ی حوزەیرانی 1975 لەسەر سێ ئاڕاستە و بۆچونی جیاواز دروست بووە. ئەم تایپە وای لە یەکێتی کردووە جۆرە تایبەتمەندییەک بداتە حزبەکە، جیای بکاتەوە لە حزبەکانیتر. ئەم فۆرمە کاریگەری نەرێنی لەسەر پێکهاتەی حیزبکە دروست کردوە و، چەند جارێک جیابونەوە ڕویداوە. باڵی بزوتنەوەی سۆشیالیست لە ساڵی 1979 و، هەروەها ئاڵای شۆرش لەناوەراستی هەشتاکان، هەروەها دروستکردنی باڵی ریفۆرم و جیابونەوەی بزوتنەوەی گۆران لە 2009 ، کاریگەری نێگەتیڤیان لە پێگە و سقلی یەکێتی داوە. لەماوەی ڕابردودا بەشێک لەو هەڤاڵانەی کە جیابونەتەوە وەک حزب و وەک شەخس گەڕانەوە سەر ڕێبازەکەو هەرچی بزوتنەوەی گۆرانیشە ڕێکەوتنی سیاسی لەگەڵ یەکێتیدا هەیە.

سەرکردەیەکی کاریزمی وەکو تاڵەبانی سکرتێری گشتی حزبەکە بە رۆڵە حەکیمییەکانی خۆی توانیبوی جەمسەرەکان لەسەرجەم قۆناغ و کات و ساتەکان کۆبکاتەوە، بەڵام لەدوای نەخۆش کەوتنی ئەم رابەرە، رێبەرانی یەکێتی نەیانتوانی سود لە ئەزمونی چەند ساڵەی رابەرەکەیان ببینن و، ئەزمونی چەندین ساڵەی ئەو فریادرەسە دوبارە بکەنەوە. دورکەوتنەوەی ئەو ( صمام الامان ) عێراق و کوردستان و یەکێتی لە مەیدانی سیاسەت کاریگەری زۆری بەجێهێشتوە و تائیستا ئەو بۆشاییە هەر ماوتەوە و جگەلەخۆی بەکەسی تر پڕ نابێتەوە. لەم سەروبەندەدا مەسەلەی باڵباڵێن و تەکەتول لەناو یەکێتی زۆر رەنگی داییەوە و، چارەسەرنەکردنی کێشە کەڵەکەبوەکان (ترکمات) هەڤاڵە ناکۆکەکانی حزبەکەی بەو ئەنجامە گەیاند و، لە 1ی ئەیلولى 2016 وە دۆخی حزبەکە بۆ دوو جەمسەر دابەش بوو، هەوڵەکان لەناوخۆ و دەرەوەی یەکێتی بە ئاراستەی پاراستنی یەکریزی ناو یەکێتی. ئەو دۆخەی کە سەرەتا رویدا هێور بوەوە هەنگاوەکان بە ئیجابی چونە پێشەوە ، ئەوەی جێی نیگەرانی ئەندامان و دۆستانی یەکێتیە هەندێک لە هەڤاڵان لەکەناڵەکانی راگەیاندنەوە لێدوانی توند بە زمانی زبر و دور لە هەموو بەرپرسیاریەتیەک دەدوان و، بێئاگا لەوەی چەند کەناڵێک بە پیلان و بەرنامە ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی یەکێتیان خستە ئەجێندای بەرنامەکانیانەوەو، تائێستاش چەندین لێدوان و بەرنامەی تایبەت و چاوپێکەوتنیان بەمەبەستی گەیشتن بە مەرامەکانیان ئەنجام داوە.

رۆڵی ئەنجومەنی ناوەندی
ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئۆرگانێکی شەرعی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە بەپێی پەیرەو پەرلەمانی حزبەکەیەو ئەندامەکانی لە کۆنگرە هەڵبژێردراون.
ئەم ئۆرگانە کۆنتاکتی راستەوخۆی بە هەڤاڵ مام جەلالەوە هەبووە، تاڵەبانی پێشبینی ئەم رۆژگارەی کردبوو، کە یەکێتی رووبەروی بارودۆخێکی لەم جۆرە دەبێتەوە و پێویستى بەم ئەنجومەنەیە.
پێشتر و چەند جارێک، کە کێشە لەناو هەڤاڵانی سەرەوە واتە جێگرانی سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی، کە رویاندا، ئەنجومەنی ناوەندی وەک هەستکردن بەبەرپرسیاریەتیەکی مێژووی وەفدێکی باڵا بەسەرۆکایەتی هەڤاڵ عادل موراد سکرتێر و هەڤاڵانی سکرتارییەت و ژمارەک لە ئەندامانی ئەنجومەن پێکهێنرا و، هەوڵی نێوەندگیری زۆریاندا کە کێشەکانیان بە دانیشتن و گفتوگۆ چارەسەربکەن و چەندین سەردان و کۆبونەوەیان لەگەڵ جێگرانی سکرتێری گشتی و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی کرد و لەو کۆبونەوانەدا زۆر بەراشکاوانە بیروبۆچونەکان دەخرانەروو، تەنانەت هەندێک جار دەنگ بەرزکردنەوەیش بەڕووی یەکدا کە بۆ دەست خستنە سەر برینەکان و سارێژبون بوون بوو، هەموو هەوڵەکانی ئەنجومەنەکە بۆ نزیکردنەوەی هەڤاڵە ناکۆکەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان و پاراستنی یەکێتی ناو یەکێتی بوو، بە شاهیدی هەموو لایەک ئەنجومەنی ناوەندی رۆڵێکی ئیکجار مەزنی بینی کە جارێکیتر ئینشیقاق لەناو یەکێتی روونەدات.
لەچوارچێوەی ئەو دەنگۆیانەی کە بڵاو دەکرایەوە بۆ دروستکردنی مینبەرێک لەناو یەکێتی ، ئەنجومەنی ناوەندی لە کۆبونەوەی فراوانی خۆیدا لە لە 1ی ئەیلولی 2016 لیژنەیەکی راسپێردراوی پێکهێنا کە پێکهاتون لە ژمارەییەک لە هەڤاڵە دێرین و بە ئەزمونەکانی ئەنجومەنەکە، هەر ئەو رۆژە بەرنامەی کارییان بۆ لیژنەکە و ئامانج و ئەجێندا و میکانیزمی کارکردنیان بۆ کۆبونەوە لەگەڵ هەڤاڵانی پەیوەندیداری ناو یەکێتی دیاریکرد، دۆخەکە گۆرا و هەڤاڵانی ناکۆکی یەکێتی بەسەر دوو جەمسەردا دابەشبوون ، کاری ئەنجومەنەکە زۆر قورستر بوو هەڤاڵ عادل موراد وەک کەسایەتیەک و ئەزمونی سیاسی خۆی کە ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتیە و خاوەنی مێژوویەک لە خەبات و تێکۆشانە بەهۆی نەخۆشیەوە لەدەروەی وڵات بوو بەو بارودۆخەشیەوە لەگەڵ هەڤاڵانی ناکۆک لەسەر خەت بوو، گەرانەوەی هەڤاڵ عادل موراد لە ئەڵمانیاوە بۆ سلێمانی دیدار و چاوپێکەوتنی لەگەڵ هەڤاڵانی هەردولا ئەنجامدا تەریب لەگەڵ لیژنەی راسپێردراوی ئەنجومەنی ناوەندی هەوڵی بێووچانیدا لە پێناو پاراستنی یەکێتی ناو یەکێتی و نزیکردنەوەی بیروبۆچونە جیاوازەکان کە هەمووان پێکەوە چەپکە گوڵەکەی مام پێکبهێنن.
لیژنە راسپێردراوەکەی ئەنجومەن پاش ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبونەوە لەگەڵ جێگرانی سکرتێر و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و لێپرسراو ئەندامانی دەستەی کارگێر و مەکتەبی سیاسی ئەنجامدا و تێگەیشتنی هاوبەش بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکان گەڵاڵە بوو، هەوڵەکان تائێستایش بەردەوامە و گەیشتونەتە چەند دەرئەنجامێک و لەکاتی خۆیدا رادەگەیەندرێت.

پەیامەکەی ئەنجومەنی ناوەندی بۆ راگراتنی لێدوانی دژبەیەک
ئەنجومەنی ناوەندی لەرۆژی 5ی ئەیلولی 2016 پەیامێکی ئاراستەی سەرجەم هەڤاڵانی یەکێتی کرد کە لێدوانی دژبەیەک رابگرن و بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە هەستیارەی یەکێتیدا بکەن ، پابەند بوونی هەڤاڵان بەو پەیامەوە گەیشتن بە چارەسەری کێشەکانی نزیکتر دەکاتەوە و گیانی پاکی شەهیدان شاد و ئەندامان و دۆستانی یەکێتی ئاسودە دەکات.
ئەوەی جێی تێرامانە ئەوەیە ئایا ئەنجومەنی ناوەندی ئەو ئەرکە مێژووەییەی پێی هەستاوە و دەتوانێت مەهامەکەی بهێنێتە دی؟ ئەمەیش دوو لایەنە :
یەکەمیان بەڵێ ئەنجومەنی ناوەندی ئۆرگانێکی شەرعی یەکێتیە و لە ئاست ئەو بەرپرسیارییەتیە مێژووییە کە خستویەتیە سەرشانی بەئەرکێکی زۆر بەرپرسیارانە هەستاوە، پێویستە سەرجەم هەوڵ و تواناکان ببنە پاڵپشت بۆ پشتگیریکردن لە هەوڵەکانی ئەنجومەنی ناوەندی و هەڤاڵانی ناکۆک کێشەکان چارەسەر بکەن.
دووەم نەخێر ئەنجومەن ناتوانێت مەهامەکەی خۆی بگەیەنێتە مەنزڵگە جێگرانی سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی خۆیان لە ئەنجومەنی ناوەندی بە گەورەتر و بەدەسەڵاتر دەزانن ، کە چەندین ساڵە ئەنجومەن داوا دەکات کار بەپەیڕەوی ناوخۆ بکرێت و بەشێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ئۆرگانەکان کاریان بە پەیرەو نەکردوە بۆ ئەوەی دەسەڵاتەکانیان لە چوارچێوەی پەیرەودا قەتیس نەبێ و فراوانتر بێ.
ئەگەر خاڵی یەکەم جێبەجێنەکرا و کێشەکان بەبنبەست گەیشت پێویستە ئۆپشنی بەستنی کۆنگرە کاری لەسەر بکرێت .
ئەنجومەنی ناوەندی هەتا ئێستا لەهەوڵەکانی بەردەوامە و فشار گەلێکیشی لەسەر بوە، خۆی بۆ هیچ لایەک یەکلا نەکردتەوە و نێوەندگیرە لە نێوان هەڤاڵە ناکۆکەکان بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکان و ئەو بەرپرسیاریەتیە مێژووییەی لەسەر شانیەتی.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت